۱۳۹۲ بهمن ۲۴, پنجشنبه

هەوتویەک بۆ قسەکردن بە باشی لە پشت سەری یەکتر


لەو خوێندنگەی کە من کۆرسی زمانی لێ دەخوێنم واتە "پاسیکیڤی ـ ئۆپیستۆ" (Paasikivi-opisto) هەوتویە بۆ ئەوە تەرخان کرابوو کە لە پشت سەری دۆستان وهاورێیانمان بە باشی قسە بکەین ئەویش بە نوسین لە سەر تابلۆیەکی گەورە کە لە سالۆنی خوێندگەکە بە دیوارەوە هەڵواسرابوو بۆ ماوەی هەوتویەک منیش پێم سەرنجراکێش بوو، بۆیە بەشداریم کرد و رستەیەکی کورتم نوسی لە سەر یەکێک لە مامۆستاکانی خوێندنگەکە.

ئەوەش ئەوەی دەردەخست کە لە کۆمەلگای فینلاندیش ئەوە هەیە کە خەڵک لە پشت سەری یەکتر قسە بکەن (هەڵبەت بە خراپ)، و ئەو رێگایەشم پێ باش بوو کەوا هەوتویەک لەو خوێندنگەی ئێمە داندرابوو کەوا خوێندکارەکان و مامۆستاکان بە باشی لە پشت سەری بەرانبەرەکانیان قسە بکەن.
زۆر خو و خوخدەی ناشیرین لە ناو کۆمەڵگادا هەن کە پێویستیان بە ئاوڕ لێدانەوە هەیە یەکێک لەو خووە ناشیرینانە ئەوەیە کە لە پشت سەری یەکتر بە خراپی قسە دەکەین و ئەوش زۆر جار بۆتە هۆی کێشەی جۆراوجۆر لە نێوان کەسەکاندا بەتایبەت ئەوانەی کە دۆست و کەس و کاری یەکترن و بەردەوام پێوەندیان بە یەکەوە هەیە، زۆر جار لەو نێوەدا لەوانەیە گلەیی و گازندە و رخنە بێتە کایەوە کە بەداخەوە لە بڕی ئەوەی کە راستەوخۆ گلەیی و گازندە و رخنەی خۆیان روبەرو بێننە بەر باس ئەوا لە پشت سەری ئەو دۆست یان هەر کەسێک کە پێوەندیان لە گەڵ هەیە قسە دەکەن.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە وا دەکات مرۆڤ لە پشت سەری بەرانبەرەکەی قسە بکات ئەوەیە کە بەرامبەرەکەی رخنە قبول ناکات و هەر گلەیی و گازندەیەک بە دژایەتی لە هەمبەر خۆی دەزانێت بۆیە کەسەکان بۆ  کە دڵی لایەنی بەرانبەریان نەیەشێنن و خۆیان روبەروی تەنانەت دژایەتی و دوژمنایەتی لایەنی بەرامبەریان نەکەنەوە ئەوا لە پشت سەری ئەو کەسانە قسە دەکەن  و ئەوەش دەبێتە خویەکی خراپ و ناشیرین و هەروەها دەبێ هۆی دو ڕویی و زۆر خوخدەی ناشیرینی دیکە لە ناو کۆمەڵگادا.


کەس بێ بەری نیە لە کەموکوڕتی یان کەس نیە کە هەڵە نەکات، بەڵام چی بکەین کە بتوانین لایەنی بەرامبەرمان لە هەڵە و کەموکورتی ئاگادار بکەینەوە بەبێ ئەوەی کە واهەست بکات دۆستەکەی یان ئەو کەسەی کە رخنەی لێ دەگرێ رقی لێیەتی یان ناخۆشی دەوێت، بۆ ئەوی کە بتوانین روبەرو و راستەوخۆ رخنە لە کەسێک (لێرەدا مەبەس دۆست و رەفیق و کەسی نزیکە کە لە ناو کۆمەڵگادا پێوەندیمان لە گەڵ هەیە) بگرین ئەوا دەبێ هەوڵ بدەین بە زمانێکی دۆستانە و دڵسۆزانە رخنە بگرین و بەر لەوەی کە باس لە کەموو کورتیەکانی بەرانبەرەکەشمان بکەین ئەوا چەند خاڵی ئەرێنی بەرامبەرەکەمان  بەر لە رخنە کە باس بکەین کە بە دڵنیایەوە ئەو خالە زۆرن. بەو شێوەیە ئەگەر باس لە کەموکورتی و هەلەی بەرانبەرەکەشمان بکەین ئەوا بە دلسۆزی وەردەگرێت و لێمان ناڕەنجێت.  




هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر