۱۳۹۸ فروردین ۱۰, شنبه

خەباتی مەدەنی ، شێوازێکی کاریگەری خەبات

چیا عەبدوڵڵاپوور
لەو کاتەوە کە حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ناو خاکی باشووری کوردستان جێگیر بوون، سیاسەتی چاوەروانیان گرتە بەر، بە تایبەتی دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق ئەو سیاسەتە گەیشتە ئەو پەری خۆی و بە داخەوە لەو دەرفەتە کە هەموو ئەو ساڵانە بۆ پەروەردە کردنی ئەندامەکانیان و بەهێزکردنی  لایەنی ئابووریان بۆ خەباتێکی کاریگەر هەیانبوو لەدەستیان داو  لە بری ئەوە تووشی کێشەی ناوخۆیی و لێکدابران و جیا بوونەوە و بوون و تەنانەت لە رووی مادیشەوە تارادەیەکی زۆر وابەستە بوون بە حکومەتی هەریمی کوردستان. دواتریش  ئەگەر چی دروست بوونی قەیرانی دارایی لە هەریمی کوردستان و هەرەشەی داعش و کێشەکانی دیکەی باشووری کوردستان لە ناو خۆو لە گەڵ حکومەتی عێراق و بە گشتی کۆی ئەو کێشانە تووشی شۆکی کردن، بەڵام بە داخەوە ئەو شۆکە و گیرو گرفتانەی کە ئەوانیش تووشی هاتن نەبوونە هۆی ئەوەی کە ئەو حیزبانە ئاوڕێکی جیددی لە خۆیان بدەنەوە و بەدوای چارەسەرێکی بنەرەتی دا بکەون، بەڵکوو لە رێگای گرتنەبەری هەندێ سیاسەت وەک "رۆژهەڵات تەوەری"، "ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ شاخ" و "ڕاسان" هەوڵیان دا بارودۆخەکە کۆنترۆل بکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەو سیاسەتانە (ئەگەر چی لە نەفسی خۆیان دا باش بوون) بە پەلە، بێ پلان و بەرنامەی درێژماوە دارێژرابوون بەشێکیان سەرکەوتوو نەبوون و بەشێکیش بە هۆی ئەو تەوەهۆمەی کە ساڵانێکی زۆرە تووشی بوون و هەنووکە گەیشتۆتە لوتکە، سەرەرای شکستە یەک لە دوای یەکەکان نایانهەوێ دان بە سەرنەکەوتوویی و بێ ئەنجامی سیاسەتەکەیان دا بنێن و لە سەر رێچکەی پێشوو بەردەوامن!؟