۱۳۹۸ فروردین ۱۰, شنبه

خەباتی مەدەنی ، شێوازێکی کاریگەری خەبات

چیا عەبدوڵڵاپوور
لەو کاتەوە کە حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ناو خاکی باشووری کوردستان جێگیر بوون، سیاسەتی چاوەروانیان گرتە بەر، بە تایبەتی دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێراق ئەو سیاسەتە گەیشتە ئەو پەری خۆی و بە داخەوە لەو دەرفەتە کە هەموو ئەو ساڵانە بۆ پەروەردە کردنی ئەندامەکانیان و بەهێزکردنی  لایەنی ئابووریان بۆ خەباتێکی کاریگەر هەیانبوو لەدەستیان داو  لە بری ئەوە تووشی کێشەی ناوخۆیی و لێکدابران و جیا بوونەوە و بوون و تەنانەت لە رووی مادیشەوە تارادەیەکی زۆر وابەستە بوون بە حکومەتی هەریمی کوردستان. دواتریش  ئەگەر چی دروست بوونی قەیرانی دارایی لە هەریمی کوردستان و هەرەشەی داعش و کێشەکانی دیکەی باشووری کوردستان لە ناو خۆو لە گەڵ حکومەتی عێراق و بە گشتی کۆی ئەو کێشانە تووشی شۆکی کردن، بەڵام بە داخەوە ئەو شۆکە و گیرو گرفتانەی کە ئەوانیش تووشی هاتن نەبوونە هۆی ئەوەی کە ئەو حیزبانە ئاوڕێکی جیددی لە خۆیان بدەنەوە و بەدوای چارەسەرێکی بنەرەتی دا بکەون، بەڵکوو لە رێگای گرتنەبەری هەندێ سیاسەت وەک "رۆژهەڵات تەوەری"، "ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ شاخ" و "ڕاسان" هەوڵیان دا بارودۆخەکە کۆنترۆل بکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەو سیاسەتانە (ئەگەر چی لە نەفسی خۆیان دا باش بوون) بە پەلە، بێ پلان و بەرنامەی درێژماوە دارێژرابوون بەشێکیان سەرکەوتوو نەبوون و بەشێکیش بە هۆی ئەو تەوەهۆمەی کە ساڵانێکی زۆرە تووشی بوون و هەنووکە گەیشتۆتە لوتکە، سەرەرای شکستە یەک لە دوای یەکەکان نایانهەوێ دان بە سەرنەکەوتوویی و بێ ئەنجامی سیاسەتەکەیان دا بنێن و لە سەر رێچکەی پێشوو بەردەوامن!؟

ئاخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە کە حیزبەکان دوای نزیک چەند دەیە  بیر لە شێوازێکی دیکەی خەبات، بۆ نمونە بیر لە خەباتی مەدەنی بکەنەوەو ئەو خەباتە بکەنە ئەولەویەتی خەبات و تێکۆشانی خۆیان، بەراستی زیاتر لە سێ دەیە خەباتی چەکداری نەیگەیاندونەتە ئەو ئاکامەی کە ئەو خەباتە سەڕەرای هەزینەو تێچووی گیانی، دەرونی و مادی زۆر، نەیتوانیوە ئامانجەکانیان وەدی بێنێت و دەبێ رێگە و شێوازێکی دیکە بۆ وەدیهێنانی مافەکانی گەڵی کورد لە رۆژهەڵات بگرنە بەر، یا هەر لە سەر ئەو رێگا و سیاسەتە تاقیکراونەی پێشوو بەردەوام دەبن و  لە بڕی تێرامان و بەخۆداچوونەوە و گرتنە بەری رێگا وسیاسەتێکی نوێ، ئەوا  کارەسات و شکستەکان، بە شێعر، پەخشان و هۆنراوە لەبیر خۆیان و خەڵک دەبەنەوە و وادەکەن خەڵک هیوایان لە سەر بنەمایەکی بۆش هەڵچنن.
لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی کوردستانیش لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوەوە گۆرانکاریەکی زۆری بەسەردا هاتووە و دیارترین و بەرچاوترینی ئەو گۆرانکاریانەش زیاد بوونی رێژەی شار نشینی و هەروەها زیاد بوونی رێژەی چینی ناوەندە. کە ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە کۆمەڵگەی کوردستان لە چاو چەند دەیەی ڕابردوو زۆر ئاگاتر بێت و ئەوەشی بە کردەوە لە رێگای چالاکیە جۆراوجۆرەکان و دامەزراندنی رێکخراوە ناحکومیەکان و ئەو هەموو رۆژنامە و گۆڤارانەی کە لەرۆژهەڵات دەردەچن و هەروەها هەڵوێست گرتن لە سەر پرسەکانی بەشەکانی کوردستان و چالاکیە مەدەنیەکان نیشان داوە کە وەک دوا نمونە و دیارترین نمونە دەتوانین ئاماژە بکەم بە مانگرتنی سەراسەری وەک بزاوتێکی مەدەنی بە دژی هێرشی موشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگای دێموکرات لە قەلا و ئیعدامی زیندانیانی سیاسی کورد بکەین، کە دەنگدانەوەیەکی بەرینیشی لە هەموو ئێران لێکەوتەوە.
ئەو نموونە و دەیان نمونەی دیکە ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵین کە کۆمەڵگەی کوردستان ئامادەگی و تەنانەت بەستێنی خەباتی مەدەنی زیاتر لە هەموو کاتێک تێدا لەبارەو ئەو بەستێنەش کە هەر لە پەرەسەندن دایە، نابێ بە چالاکی چەکداری لەبار ببردرێت.

 کۆماری ئیسلامی، خەبات و بەرگری چەکداری
کۆماری ئیسلامی ئێران  لە چاو چەند دەهەی رابردوو هەنووکە لە ناوچەدا بۆتە هێزێک کە نکۆڵی لێ ناکرێت و رووبەرووبوونەوەی رژیمێکی ئاواش لە رووی چەکداریەوە  لە لایەن کوردی بێ پشتیوانەوە ئەگەر نەڵێین نا مومکین، بەڵام زۆر ئەستەمە. و بە نیسبەت کوردەوە هەرچەند خەباتی چەکداری زۆرتر لایەنی بەرگری هەبووە و ئەو خەباتەی بە سەردا سەپێندراوە، چوونکە دەسەڵات ئەوەی باش زانیوە کە دەتوانێ بە هێزی نیزامی (کە لە هەموو روویەکەوە نابەرابەرە) دەتوانێ رووبەرووی ئازادیخوازانی کورد بێتەوە، لەو لایەنەشەوە تاکوو ئێستا سەرکەوتوو بووە.
لە لایەکی دیکە خەباتی چەکداری پشت جەبهە و پشتیوانی ڕاستەقینەی وڵاتێکی بەهێزی دەوێ و بە بێ ئەوانە مەحالە بزوتنەوەیەکی چەکداری بتوانێ بە سەر حکومەت یان داگیرکەردا زاڵ بێت هەرچەند لەو حالەتەشدا کە پشتیوانی دەرەکیشی هەبێت، دەرسەدی سەرکەتنی زۆر لە خوارێیە. لەوانەیە ئەو پرسیارە بێتە پێشێ کە ئەی بۆ شۆڕشی کوباو و ڤیەتنام سەرکەتوو بوو؟ سەبارەت بە شۆڕشانە سەرەرای ئازایەتی و لە خۆبردویی شۆڕگێرەکانیان(کە بە شەهامەتەوە دەڵێم کە شۆڕشگێڕەکانی کورد ئەگەر زیاتر لەوان نەبن ئەوا کەمتر نین) کە من نامهەوێ بە کەمی بگرم، بەڵام کەمتر ئاور لە پشتیوانی وڵاتانی بەهێز و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لەسەرکەتنی ئەو شۆڕشانەدا دراوەتەوە. لە لایەکی دیکە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵات ئەو جۆرە خەباتەی تاقی کردۆتەوە وهەڵکەوتەی کوردستان و دابەش بوونی بەسەر چوار وڵات دا و  فاکتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیش وای کردوە کورد پشتیوان و پشت جەبهەی نەبێ ئەوەش وا دەکات کە شانس و ئەگەری سەرکەوتنی خەباتی چەکداری زۆر زۆر کەم بێت.
بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە دەبێ بزووتنەوەی کورد لە روویەکەوە روبەرووی کۆماری ئیسلامی بێتەوە کە خاڵی لاوازی رژیمە، (لە کێبەرکێیەکان دا کە دوو لایەن یان گروپ رووبەرووی یەک دەبنەوە ئەو لایەنەکان بۆ سەرکەوتن بە سەر بەرانبەریاندا سەرەتا خاڵی لاوازی بەرامبەر دیاری دەکەن و بە بەردەوام لە لایەنی لاوازی بەرامبەر دەدەن تاکوو شکستی دەدەن) خاڵی لاوازی رژیمیش ئەوەیە کە پشتیوانی ڕاستەقینەی خەڵکی نیە،  چوونکە رژیم دوای ٤٠ ساڵ لەهاتنە سەرکاری، ئەگەرچی لە ناوچەدا وەک هێزیک دەرکەوتووە، بەڵام بەهۆی دیکتاتۆری و سەرەرۆیی لە ناوخۆدا تووشی قەیرانی گەورە  بۆتەوە و تەنانەت لە  دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی خەڵک دا دەستەوەستانە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بەشی زۆری خەڵک ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی ئەو رژیمەیان قبوڵ نەبێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە هێزی نیزامی و خوڵقاندنی کەشی بێهیوایی، دردونگی، ترس و توقاندن زاڵ بووە بە سەر خەڵک دا. 

خەباتی مەدەنی
خەباتی مەدەنی شێوازێکی خەباتە کە لە رێگای ناتوندوتیژ  بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی خەڵک وەک رێپێوان و بایکۆت و مانگرتن هەوڵدەدا گۆرانکاری لە کۆمەڵگا دا پێک بێنێ، دژایەتی سیاسەتێکی نادادپەروەرانە بکاو هەوڵی گۆرینی بدات وەک خەباتی مەدەنی رەشپێستەکانی ئەمریکا بە رێبەرایەتی مارتین لۆتێرکینگ و بە چۆکداهێنانی رژیمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور بە رێبەرایەتی نێلسۆن ماندێلا.  یان دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر ناچار بکا کە واز لە دەسەڵات بێنێ وەک خەباتی مەدەنی لە سێربێستان و فیلیپین و شیلی. یان نەتەوەیەک و وڵاتێک لە ژێر دەستەیی رزگار بکات وەک بزووتنەوەی سەربەخۆیی هیندوستان بە رابەرایەتی ماهاتما گاندی.
خەباتی مەدەنی پێویستی بە بەشداری بەرچاوی خەڵکە، بەڵام تەنیا بەشداری بەرچاوی خەڵک تەواو نیە. دەبێ خاوەن تاکتیک و ستراتیژی دیاری کراو بێ و هەروەها سیستماتیک بێت.

بەکەم سەیرکردنی خەباتی مەدەنی
بە گشتی ئەگەر سەرنج بدەین خەباتی مەدەنی و کاریگەریەکانی لە چاو خەباتی چەکداری بەکەم سەیر کراوە. لە کوردستانیش هەنووکەش زۆر کەس و لایەن خەباتی مەدەنی و تەسلیم بوون، وەک یەک دەبینن و هەر کە باسی خەباتی مەدەنی دەکرێ ئەوا لە باشترین حالەت دا پێت دەڵێن ''ئیسلاح تەلەب'' و تەنیا رێگای گەیشتن بە ئامانجەکان لە خەباتی چەکداری دا دەبیننەوە، بێ ئاگا لەوەی کە رژیمە دیکتاتۆر و سەرەرۆکان بە ئانقەست و مەبەستدار وادەکەن نارەزایەتی و بزووتنەوەکان توندوتیژی بنوێنن تاکوو بەوشێوەیە رەوایەتی سەرکوت کردنیان بە هێزی چەک بەدەست بێنن، چوونکە سیستمی نیزامی وڵاتانیش لە سەر بنەمای رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی دامەزراوە.
 یان بیانووی ئەوە دێننەوە کە خەباتی مەدەنی تەنیا لە ناو رژیمێکی دێموکرات یان نیمچە دێموکرات ئیمکانی هەیە و لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئیمکانی وەها خەباتێک نیە. بەڵام سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی بەسەر دیکتاتۆرە خوێنرێژەکان لە وڵاتانی وەک شیلی، ئارژانتین و سێربێستان شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن.

سەرکەوتووتر بوونی خەباتی مەدەنی
خەباتی مەدەنی بەراورد بە دەسکەوتەکانی و وەک ئەوەی کە تاکوو ئێستان نیشان دراوە زۆر لە خەباتی چەکداری کاریگەرتر و دەرسەدی سەرکەوتووییشی زۆر لەسەرترە.  بۆ ئەوەش دەتوانم ئاماژە بە لێکێۆلینەوەیەک بکەم بەناوی '' why civil resistance works'' کە لە لایەن ''Erica Chenoweth" و Maria Stephen کراوە ئەوان لێکۆڵینەوەیان لە هەموو ئەو کەمپەین و  بزووتنەوە مەدەنی و چەکداریانە کردووە لە لە ماوەی ساڵانی ١٩٠٠ بۆ ٢٠٠٦ روویانداوە. کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە نەک هەر بۆ کەسانی دیکەش جێگای سەرسورمان بووە بگرە خۆشیان سەریان لە ئەنجامەکە سوورماوە. بە پێی ئەنجامەکان ٥٣ لە سەدی بزووتنەوە مەدەنیەکان ئامانجەکانیان وەدیهێناون، بەڵام بزووتنەوە چەکداریەکان ٢٠ لە سەدیان ئامانجەکانیان وەدیهێناون. سەبارەت بە سەرنەکەوتنی و شکستی بزووتنەوەکانیش بەشی بزووتنەوە مەدەنیەکان ٢٠ لە سەد بووە و بەڵام بزووتنەوە چەکداریەکان ٦٠ لە سەدیان سەرکەوتوو نەبوون.  و هەروەها لە ماوەی پەنجا ساڵی رابردوودا رێژەی بزووتنەوە مەدەنییەکان و سەرکەوتنیان زیاتر بووە و بە پێچەوانەشەوە رێژەی بزووتنەوە چەکداریەکان کەمتر و هەروەها سەرکەوتنیشیان زۆر کەمتر بووە.
بۆچی  بزووتنەوە مەدەنیەکان لە چاو بزووتنەوە چەکداریەکان سەرکەوتووتر بوون؟ سەرکەوتوویی یان ئاستی بەرزی سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی لە هێزی خەڵک دا خۆی نیشان دەدات، هەر بە پێی لێکۆڵینەوەی لێکۆلەران هیچ حکومەتێک ناتوانێ لە بەرابەر ڕاپەڕینی ٥ لە سەدی خەڵکی دا خۆرابگرێت، جیا لەوە هەر بزووتنەوەیەک کە توانیویەتی بەشداری بەردەوام و چالاکی سێ و نیو دەرسەدی خەڵک بەدەست بێنێت ئەوا سەرکەتوو بووە و لە زۆرێک لە بزووتنەوەکانیش دا بە کەمتر لەوەش سەرکەوتوو بوون. ئەو رێژەیەش رێژەیەکی کەم نیە و بۆ نمونە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دە میلیۆن لە بەرچاو بگرێن ئەو رێژەیە دەکاتە سێسەدو پەنجا هەزار کەس. بەشداری پێکردنی ئەو رێژەیەش و لەوەش زیاتر تەنیا لە رێگای خەباتی مەدەنیەوە ئیمکانی هەیە و هەر  وەک نوسەری کتێبی  '' why civil resistance works'' ئاماژەی پێ کردووە هەموو ئەو بزووتنەوانەی کە توانیوانە زیاتر لەو رێژەیە واتە ٣.٥٪ بەشداری پێ بکەن بزووتنەوە مەدەنیەکان بوون و لە لایەکی دیکە بەشێوەی نێونجی بزووتنەوە مەدەنیەکان چواربەرابەر گەورەتر لە بزووتنەوە چەکداریەکان بوون.
 بزووتنەوە مەدەنی توانای سەرنج راکێشانی هەموو لایەنێکی کۆمەڵگا لە رووی رەگەز، نیژاد، حیزبی سیاسی، چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هەیەو هەروەها بەشداری کردن تێدا ئاسانترە، چوونکە ئیمکانی بەشداری بە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە توانای جۆراوجۆرەوە دەدات و ئەوەش تەنانەت ژنان، بەساڵداچوان، کەمئەندامان و منداڵان و هەرکەسێک کە بیهەوێ بەشدار بێت، دەگرێتەوە. لە بەرامبەر دا بەشداری کردن لە بزووتنەوەی چەکداری دا پێویستی بە توانای جەستەیی لەبار هەیە و ئەوەش وا دەکات کە رێژەیەکی کەمتر خەڵک بتوانێ بەشداری تێدا بکات.
لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی مەدەنی هەموو کات و لە هەموو وەرزێکی ساڵ دا توانای چالاکی هەیە و لە رووی بەرفراوانی تاکتیک و رێوشوێنەکانیش زۆر زۆر بەرفراوانە و پێویستی بە ئامرازگەلێکی وا نیە کە خەڵک و بزووتنەوە توانای دابین کردنیان نەبێت،  بەڵام بە پێچەوانەی بزووتنەوەی چەکداری لە هەموو کات و وەرزێکی ساڵ دا توانای چالاکی نیە و هەروەها تاکتیکەکانی سنووردارن، دابین کردنی کەلوپەلی هێزی نیزامیش بە پێ پشتیوانی وڵاتێکی دیکە زۆر ئاستەمە.
 هەر وەک باسمان کرد خەباتی مەدەنی  هەم لە رووی بەشداری خەڵک و بەرفراوانیەوە کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەتوانن بەشداری تێدابکەن، ئەو لە لایەک و لە لەیەکی دیکەوە بە هۆی ناتوندوتیژ بوونیەوە رووبەروبوونەوەو سەرکوتی سەخترە و تەنانەت پشتیوانیش لە ناو ڕای گشتی نەتەوەی بەرامبەر دا دروست دەکات بۆ نمونە لە سێدارە دانی زیندانیانی سیاسی نە تەنیا لە کوردستان لە ئێرانیش دەنگدانەوەی هەبووه لە لایەکی دیکەش سەرکوتی توندوتیژانەی ئەو خەباتە دوو دەستەی لە ناو دەسەلاتداران دا دروست دەکات، هەروەها بە هۆی سرووشتی خەباتەکە لە رووی نێودەوڵەتیەوە هەم ئاشکراتر و هەمیش زیاتر پشتیوانی لێ دەکرێت و حکومەت ناتوانێ بە ئاسانی سەرکوتی بکات لە لایەکی دیکەشەوە رووبەروو بوونەوەی و لێدان و کوشتنی کەسانی بێ چەک لە لایەن سەرباز و سەرکوت کەرانیش ئەگەر سەرەتا و لە کورتماوەداش نەبێ لە درێژماوەدا لە رووی ئەخلاقیەوە سەخترە. بەڵام بە پێچەوانەی خەباتی توندوتیژ و چەکداری دەسەڵات سورتر و پێداگرتر دەکات لە سەرکوت کردن و تەنانەت بە تیرۆریست ناساندنی ئەو خەباتە و هەروەها بەهێزتر کردنی دەسترویشتووی لایەنی نیزامی ئەو هێزە   و سوورتر بوونی دەسەڵات بۆ سەرکوتی خەباتەکە و  هەروەها زۆربەری هەرە  زۆری ڕای گشتی نەتەوەی بالادەست پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای لە سەرکووتی خەباتەکە دەکات و ئەوەش وادەکات ئەگەری شکستی خەباتەکە زۆر زیاتر بێت.
لە خەباتی مەدەنیدایە کە خەڵک هەستی باوە بەخۆبوونی بۆ دەگەرێتەوە  بە سەر ئەو ترس و کەش پر لە تۆقان و خەوفەی کە بۆی دروست کراوە دا زاڵ دەبێت  و لە هەمووی گرینگتر خەڵک خۆی خاوەنداریەتی لە داواکانی دەکات و هێزی ڕاستەقینەی خۆشی باشتر بۆ دەردەکەوێت. چوونکە بزوتنەوە خۆیان وەک رزگاریدەر بە کۆمەڵگا ناسانبوو و خەڵک هەمیشە چاوەرێی حیزبەکان بوون کە رزگاریان بکەن، بەڵام لە خەباتی مەدەنی دا بزووتنەوەکە رۆڵی رێکخەر و بەرنامەدارێژ و پەروەردەکاری هەیە و خەڵک خۆی لە مەیدان دا دەبێت.
خەباتی مەدەنی هاوشان لەگەڵ بەرەو پێش چوون و گەیشتن بە ئامانجەکان کۆماڵگایەکی ناتوندوتیژ  و وشیار دروست دەکات کە دواتر حیزب و لایەنێکی دیاریکراوی خاوەن هێزی چەکداریش (کە لەو حالەتەدا میلیشیایە) تەنیا بە بیانووی خەباتی شاخ و رابردوو ناتوانێ خۆی بەسەر خەڵک دا بسەپێنێت و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دیکە دروست بکات، بە پێی توێژینەوەکانیش رێژەی ئەو بزووتنەوە مەدەنیانەی بە ئامانجەکانیان گەیشتوون و دواتر سیستمێکی دێموکراتیک و خەڵکیان دامەزراندوە زۆر زیاترە بە پێچەوانەشەوە سەرکەوتنی بزووتنەوە چەکداری و توندوتیژەکان زیاتر سیستمێکی دیکتاتۆریان لێ کەوتۆەوە.
لە کۆتایی دا دەمهەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە باسکردنی لایەنە ئەرێنیەکانی خەباتی مەدەنی و سەرکەوتنی لە وڵاتانی جۆراوجۆردا بۆ ئەوە نیە کە بمانهەوێ مۆدێلی ئەو خەباتە کە لە ولاتانێک  وەک سێربێستان، شیلی، ئارژانتین، هیند وەڵامدەر بووە لای خۆمان کۆپی بکەین، بەڵام بە بەرچاو روونی سەرکەتنی ئەو خەباتە لەو وڵاتانەدا و لە بەرچاوگرتنی بارودوخی ئێران بە گشتی و رۆژهەڵات بەتایبەتی و هەروەها ئەو پوتانسیەلانەی لە کوردستان هەن بۆ خەباتی مەدەنی کەڵکیان لێوەربگیردرێت. ئەوەش سەڕەڕای ئامادەگی و بەرز بوونوەی ووشیاری کۆمەڵگا لە ماوەی چەند دەیەدا، پێویستی بە پلان، بەرنامە و کاری بەردەوام و سیستماتیکی هەمەلایەنە هەیە.
هەروەها سەبارەت بە ئامانج خەباتی مەدەنیش، ئەو ئەو خەباتە دەتوانێ ستراتیژ و ئامانجی جۆراوجۆر و دیاریکراوی هەبێ، هەروەک چۆن حیزبی دێموکڕات سەردەمانێک خەباتی چەکداری بۆ ناچار کردنی کۆماری ئیسلامی بۆ وتووێژ دەکرد تاکوو لە رێگای وتووێژەوە کێشەی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکات، ئەوا خەباتی مەدەنیش دەتوانێ ئامانج و ستراتیژی بۆ نمونە ئەوە بێ کە  بە کردەوە زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت(چونکە  بە پێی ئەسلی ١٥ ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی  خوێندنی زمانی دایکی لە پەنا زمانی فارسی دا لە لە قوتابخانەکاندا دانی پێدانراوە) یان ئامانجی مافی دیاری کردنی چارەنوس یان  ئامانجی سەربەخۆیی بێت.

سەرچاوەکان:
١. خەباتی ناتوندوتیژی  ن. جێنێ شارپ
٢. why civil resistance works, Erica Chenoweth
٣. VÄKIVALLATTOMUUS ON TODELLINEN VAIHTOEHTO, Juho Matinlauri
٤. Väkivallaton toimintamuoto on toimiva muutoksen väline,


۱ نظر: