۱۳۹۰ بهمن ۱۶, یکشنبه

پێناسەی ماف و مافی مرۆڤ

چیا عەبدوڵلاپوور
ماف
وشەی ماف Droit لە زمانی فەرەنسی، Right لە زمانی ئینگلیزی، Recht لە زمانی ئاڵمانی و Dirritio لە زمانی ئیتالیایی و هتد. وەک خوازە (میتافۆر) یان شێوەیەکی ئەندازیاری‌یە کە واتایەکی ئاکاری و دوایی یاسایی بەخۆوە گرتووە. Le Droit واتە هێلێکی راست لە بەرامبەر هێڵگەلێی چەماوە بە واتایەکی درووستتر، راشکاوی و راستی و یەک روویی لە پێوەندیە مرۆییەکاندا بەکار دێت. (١)
لە زمانی چینیدا وشەی مافیان بە "دەسەڵات" (Power - Quan) وەرگێراوەتەوە کە لەوانەیە مەبەستیان لەو وتەیە بێت کە "دەسەڵات مافت دەداتێ"یە کە وتەیەکە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا باوە.



سەبارەت بە ماف پێناسەیەکی گشتگیر کە هەموو زاناکا لەسەری کۆک بن بوونی نیە چوونکە ئەم وشەیە لە شوێنێکەوە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێت لە هەندێک شوێن لەوانەیە رێساو بنەمایەکی تایبەت بە ماف بدرێ و بەڵام هەر لەو کاتەدا هەمان رێساو بنەما لە شوێنێکی تر بە ماف نەزاندرێ. بەڵام "دوکتور خامۆش عومەر عەبدوڵڵا" مامۆستای زانکۆ ئاوا پێناسەی ماف دەکات.

"ماف بریتیە لەو پێگە یاساییەی کە بە خاوەنەکەی دەدرێت بە هۆی دەست بەسەر داگرتنی ئەو شتەوە لە بەرامبەر خەڵکێکی تر".(٢)

پێناسەی مافی مرۆڤ

سەبارەت بە پێناسەی مافی مرۆڤ زانایانی بواری یاسایی جیهان بە گشتی لەسەر پێناسەیەک ساغ نەبوونەتەوە چوونکە بەراستی قسە کردن سەبارەت بە مافی مرۆڤ کارێکی ئاسان نیە.

پێناسەی مافی مرۆڤ لە رووی ئەدەبی‌یەوە:

مافی مرۆڤ لە رووی ئەدەبی‌یەوە واتە "Renquan" یانی "دەسەڵاتی مرۆڤ" بەم هۆیە وڵاتە کۆمۆنیستەکان و وڵاتە دیکتاتۆڕەکان مافی مرۆڤیان بە هەرەشەیەک لەسەر دەسەڵاتی خۆیان دەزانی و دەزانن.
پرۆفیسۆر "هۆی فیڵد" ئاوا پێناسەی مافی مرۆڤ دەکات:
مافی مرۆڤ بریتیە لە :

١. بوونی شتێکە کە تاک لەبەرامبەر کەسێکی تردا شایانیەتی

٢. کەسێک بە مەبەستی پاراستنی لە لایەن یاساوە شایانیەتی
٣. جیاوک

٤. دەسەڵات بە مەبەستی پێوەندی یاسایی

بەشێکی تر لە توێژەرانی یاسایی ئاوا پێناسەی مافی مرۆڤیان کردووە "دەتوانین بڵێین مافی مرۆڤ و ئازادیەکان، هەبوونی بەرژەوەندیەکن کە لە رێگای بایەخە پەسەند کراوە هاوچەرخەکان، تەواوی مرۆڤەکان بتوانن دوای بکەون و ئەم مافە بنەڕەتیانە سرووشتین. بە واتایەکی تر، هەموو تاکەکان لەم رووەوە کە مرۆڤن ئەم مافانەیان هەیە و هیچ پەیوەندی بە وڵات، ئایین، رەگەز، و نەتەوەوە نیە. (٣)

هەروەها لە پێناسەیەکی دیکەدا خالید شێخ ئەحمەد بەم شیوەیە پێناسەی کردووە: مافەکانی مرۆڤ بە سەرجەمی ئەو یاساو رێوشوێنانە دەگوترێ کە دەبێ دەوڵەت بە گوێرەی ئەوان هەڵسوکەوت لەگەڵ تاکەکەس و دەستەو تاقمە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگا بکات. بە شێوەیەکی گشتی مافەکان ئەو یاسایانەن کە لە پێوەندی لەگەڵ بەرامبەرەکەمان، جیاوکمان دەدەنێ و بە قازانجی ئێمەن و لەبەرژەوەندی ئێمە کار دەکەن، کەواتە مافەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر دەوڵەت دا جیاوک بە ئێمە دەدەن تەنیا و تەنیا لەبەر ئەوەی کە مرۆڤین و شیاوی ئەو ماف و ئازادیانەین، ئێمە مرۆڤەکان هەموومان خاوەنی ماف و ئازادی وەکو یەکین و ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ، هەموومان بێ لەبەر چاوگرتنی هەر چەشنە جیاوازیەک دەگرنەوە.(٤)

پێناسەی ئازادیە گشتیەکان یان ئازادی:

ئازادی بە زۆر شێوەی تر پێناسە کراوە و هەر یەکە هەوڵی داوە لە روانگەی خۆیەوە پێناسەیەکی وا بۆ ئازادی بدۆزێتەوە کە پێی بگوتریت ئازادی و لە هەموو پێناسەکانی تر زیاتر لە کرۆکی ئازادی نزیک بێت. بۆیە پێناسەکان بۆ ئازادی زۆر جیاوازن، بە گوێرەی روانگەو بۆچونە فەلسەفی، سایکۆلۆژی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لەگەڵ یەکتر دا دەگۆرێت، تەنانەت لە نێو کەسێک و کەسێکی تر دا، جیاوازی لە چەمکی ئازادی دا بەدی دەکرێت، ئازادی یەکێک لە پڕ بایەخترین وشەکانە کە تاکوو ئەمرۆکانە لە هزری مرۆڤەکاندا چەسپاوە، و تەنانەت هێمای بایەخە مرۆییەکان لە وڵاتانی ئازاد هەڵدراوە، تاکوو وڵامێک بێت بۆ ئەوانەی کە ئەندێشەی تاریکیان لە مێشک دایە کە بە شێوەیەک دەیان هەوێ ئازادیە کەسەکیەکان لە مرۆڤەکان بستێنن. ئازادی رەوتیکی فیکری‌یە کە هەر مرۆڤێک بۆ سەڵماندنی مرۆڤ بوونی خۆی و ئازاد بوونی خۆی هەوڵی بۆ دەدات ئازادی هەبێ، تاکوو بتوانێ لەو شوێنەی کە ژیانی تێدا دەکات بایەخ و ناسنامەی پێببەخشێت.(٥)

ئازادی دۆخێکی مرۆییە کە پێوەندی بە هیچ ئاغاو سەروەرێکەوە نیە و یان هەبوونی دەسەڵات و توانای کردنی کارێک یان نەکردنی کارێک.(٦)

بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانری دوو جۆر ئازادی لە یەکتری جیا بکەینەوە، ئازادی جێبەجێ کردن و ئازادی هەڵبژاردن. مەبەستێش لە ئازادی جی بەجێ کردن هەبوونی توانای ئەنجامدانی کارێک یان ئەنجامنەدانی کارێکە، بە بێ ئەوەی مل بۆ هیچ جەختێکی دەرەکی کەچ بکرێت واتە بە بێ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەری هێزێکی دەرەکی لێرەدا ئێمە رووبەرووی ئازادیەکی سرووشتی دەبینەوە، کە ئاماژە بە سەربەخۆ بوونی بوونەوەرێک دەکات.

ئەمەش ئەو واتایەیە کە یاسا بە شێوەیەکی ئاسایی رێز بۆ ئازادی دادەنێت. کەواتە ئازادی بەم واتایەوە بریتیە لە هەبوونی توانایەک لەگەڵ نەمانی هیچ بەزۆر پێکردنێکی دەرەکی. هەرچی ئازادی هەڵبژاردنە واتا هەبوونی توانای ئەنجامدانی کارێک بە بێ ئەوەی مل بۆ کاریگەری هێزێکی ناوەخۆ کەچ بکرێت. جا ئەگەر هاتوو ئەو هێزانە سیمایەکی ئەقڵمەندانەیان پێوە دیار بوو، وەکوو هاندەرو پاساو بۆ هێنانەوە یان سیمایەکی ویژدانەیان پێوە لکابوو، وەکوو پاڵ پێوەنەر و هەواو هەوەسەکان ئەوا بەرامبەر ئازادیەکی سایکۆلۆژیانە دەبینەوە ئاماژەیە بە لە نەمانی هیچ جۆرە جەختێکی سایکۆلۆژی.(٧)

١.حقوق خصوصی، سید ابولبضل قازی

٢.جهان شمولی حقوق، حقوق

٣.مافی مرۆڤ، د.خامۆش عمر عەبدوڵڵا

٤.مافەکانی مرۆڤ چین؟ مەحەممەد ئەحمەد خالید
٥.ئازادی چیە؟ روشان داوی
٦.آزادی های عمومی و حقوق بشر، و.نیکی یارسا
٧.ئازادی لەنێوان فەلسەفەو یاسادا، کامەران مەنتک

۱۰ نظر:

  1. SLAW U HORMAT BO EWI BAREZ U XOSHE VIST KAKA CHIYA,
    HIWADARM BERDWAM BIYT , KAREKANT JWANEN VA JEGAY SHANAZIN,

    پاسخحذف
  2. زۆر سپاس برای بەرێزم، سپاس لەوەی کە سەردانی وێبلاگەکەت کردم. هیوادارم کە بتوانین لەو رێگایەوە خزمەتێک بەوڵاتەکەمان و شارەکەمان بکەین . دەتوانم بەرێزتان بناسم ؟
    لەگەڵ رێزمدا

    پاسخحذف
  3. تکایە ئەمە بۆ ڕاپۆڕت دەبێ بۆپۆلی ۷

    پاسخحذف