۱۳۹۷ مهر ۳۰, دوشنبه

بۆ ڕۆلەی شیرینم


و. لە زمانی فینلاندیەوە: چیا
ئێمە یەکتر دەناسین، ئەگەر چی تۆ لەوێی لە ژوورەوە و منیش لێرە لای زگی دایکت. من ئەو کەسەم کە گۆرانی و سروودی نیشتمانیم بۆ گوتویی. کەسێک کە ئیزنی لە دایکت وەرگرتوە ئەزمونت بکەم و دەستت لێدەم، ئەو شوێنەت ناز بکەم  کە وا هەست دەکەم ناوچاوانتە. خۆشم دەوێی، ئەگەرچی  تەنانەت نەمبینیوی.
تۆ من بە ناوی باوک دەناسی. من ناوی خۆشم هەیە، بەڵام قەت پێویستت بەوە نیە، لەبەر تۆ فێری ئەو ناوە تازەش دەبم. تۆ تەنیا پێویستە هاوار بکەی، "بابە"، لەو کاتەدا لە ناو هەموو مرۆڤەکانی دنیا دا من گوێم لە هاوارت دەبێ و بەرەو پیرت هەڵدێم. کاتێک کە دڵگرانی یان خەمێکت هەبوو؟ بەڵێم پێبدە هەمیشە بێیە باوەشم، ئەگەر بریبدار بووی یان کەوتی من ئارامت دەکەمەوە، بابەکان هەموو خراپەکان دوور دەکەنەوە. بابەکان ئارامی و تەناهی دێنن.

کاتێکیش کە هەموو شتێک باشە، هەر وەرە بۆ باوەشم؟ کاتێک کە ئێوارەی بەهاران جوانە یان ئەگەر لە تاقی کردنەوەی خوێندنگە خاڵی باش دێنی، بە یەکەوە دادەنیشین و پێدەکەنین. کاتێک کە ئاشق بووی؟ بوێر بەو پێم بلێ.  ئەوکاتە وڵامت دەدەمەوە، کە ئاشق بوون ئاسانە، بەڵام خۆشویستن کاری زیاتری دەوێ. زۆرم رێنوێنی هەن بۆت، بەڵام نازانم، کارت پێ دەبن یان نا. ژیان هەمیشە بەرێکی ناروات، کە وا باش بێت بۆ کەسێکی دیکە پلان دابرێژی. بەڵام بەڵێنی ئەوەت پێ دەدەم، کە هەر شتێک هزرو بیری ئالۆز کردی، بەیەکەوە رێگاچارەی بۆ بدۆزینەوە. هیچ شتێک نیە، کە نەتوانی بە منی بڵێی. من دەمهەوێ گوێم لە هەموو وشەکانت بێت. هەرگیز رووت لێوەرناگێڕم، باب بوونیش کۆتایی پێناهێنم. پارێزەری تۆم هەتا دوایین رۆژی ژیانم. زیاتر لەوەش.
بەدزی دایکت ئەو نامەیە دەنووسم، دەنا وا دەزانن تێکچووم. ئەوە لە ناو پاکەتی نامەکەی داوێم و ئەو ناوانەیان لەسەر دەنووسم، کە بیرمان لێکردنەوە کە بۆت هەڵبژێرین. نازانم ئاخۆ تا ئەوکات کە فێری خوێندنەوە دەبی نامەکە دەمێنێتەوە یان نا. لەوانەیە هەموو شتێک هەر وەکوو بیری لێدەکەیەوە بە باشی برواتە پێش و بۆخۆشم ئەو نامەیە لەبیر بکەم و کاخەزەکە لە ناو گوشاری گۆرانی ژیاندا ون بێت. دەمانتوانی ناوێکی دیکەت لێ بنێین و جاروبار پێمان سەیر بێت کە پۆستێکی نەناسراو لە ماڵەکەماندا دەدۆزراوەتەوە. بەڵام دەکرێ هەموو شتێک باش برواتە پێش: لەوانەیە پاکەتی نامەکە لە مابەینی کتێبەکانی کتێبخانەدا بپارێزریت و رۆژێک لە رۆژان بە گەورە ساڵی لە ناکاو چاوت پێی بکەوێ. لەوانەیە تاکوو ئەوکات چەندین جۆر لە نامانە نوسرابن. ئەگەری هەیە هەر ساڵێک کە ساڵرۆژی لە دایک بوونت بوو نامەیەکی تازە پێبدەم. ئێمە ساڵانێکی زۆر کاتمان هەیە کە لە یەکتر فێر بین.
دەکرێ زوو بێی. یاری و جلو بەرگەکان چاوەروانی تۆن. لە لای من جێگات بۆ گیردراوەتەوە.
تێبینی: ئەو تێکستە کە لە ئەسڵ دا بە زمانی فینلاندی نوسراوە زۆر لەگەڵ هەست و دەرونی من دەگونجا(بە دڵنیایەوە لەگەڵ نزیک بە تەواوی باوکان) و کاتێک کە یەکەم جار خوێندمەوە بۆ خۆم وام هەست کرد کە خۆم نوسیومە، بۆیە کردمە کوردی تاکوو خوێنەری کوریش بیخوێنێتەوە و ببێت بە سەرەتایەک بۆ نوسینی نامەی دیکە بۆ ڕۆلەکەی خۆم.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر