۱۳۹۲ مهر ۹, سه‌شنبه

یەکیەتی نیشتمانی و هەڵوێستێکی دەگمەن!


لەم رۆژانەدا ئاکامی هەڵبژاردنی ئەندامانی پارڵمانی کوردستان ڕاگەیەندرا کە ئاکامەکەی هەرچیەک بێت خواستی خەڵکە و دەبێ رێزی لێ بگیردرێت، لەبەر ئەوەی کە رێز گرتن لە ئاکامی هەڵبژاردن رێزگرتنە لە دێموکڕاسی ویستی خەڵک.
هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەریمی کوردستان بە بێ جیاوازی و بێ بەربەستی یاسایی کاندیدی خۆیان هەبوو لە هەڵبژاردن و  خەڵکی هەریمی کوردستانیش ئازادانە دەنگی خۆیان خستە ناو سندوقەکانی دەنگدانەو لە ژێر چاوەدێری وردی چاوەدێرانی نێودەولەتی و هەروەها لایەنەکان هەڵبژاردنێکی زۆر باش بەرێوە چوو کە وڵاتانی دەوروبەر و راگەیەنە گرینگەکانی جیهانیش باسیان لەم ئەزمونی دێموکراسیەی هەریم کرد کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا زۆر کەم دەبیندرێت. ئەگەر ئێران لەم بوارەدا بە نمونە بێنینەوە ئەوا هەم کاندیداکان و هەمیش خەڵک وەکوو خەڵکی هەریمی کوردستان ناتوانن ئازادانە خۆیان بپاڵێون یان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.

لە پێوەندی لەگەڵ مافی و ئازادیەکانی هاوڵاتیان و پرسی دێموکراسی دا هەریمی کوردستان چەندین هەنگاو لە پێش وڵاتانی دیکەوەیە هەرچەند کە هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نیە و وڵاتانی دراوسێ لە ژێر پەردەوە بەردەوام لە هەوڵی تێکدان و لە باربردنی ئەو حکومەتە دان  لە هەر رێگایەکەوە کە بۆیان بگونجێت.
شایانی باسە کە لە هەر هەڵبژاردنێک دا لایەنێکی سیاسی دەیباتەوە لایەنێکی دیکە دەیدۆڕێنێ و ئەوە شتێکی سروشتیە و ئاکامی هەموو هەڵبژاردنێک هەر ئەوەیە بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیەکە لە وڵاتانی پێشکەوتوو دا دوای ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردن هەموو لایەنەکان رێز لە ئاکامی هەڵبژاردن دەگرن و پیرۆزباییش لە یەکتری و لایەنی سەکەوتوو لە هەڵبژاردن دا دەکەن. هەڵوێستێکی ئاوا باش و دروست نە لەناو خۆی رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان داو لە بە گشتی لە هەڵوێستی حیزبەکانی کوردستان دا تاکوو ئەم دوایانە جێگایەکی نەبوو.
بەڵام دوای راگەیاندنی ئاکامە بەرایەکانی هەڵبژاردن و دوای ئەوەی کە یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دیتی لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەندامانی پاڕڵمانی کوردستان دا سەرکەوتوو نەبووە و دەنگەکانی کەمی کردووە لە چاو خولەکانی ڕابردوو دا لە هەڵوێستێکی دروست و دەگمەن دا وتی رێز لە ویستی خەڵکی هەریمی کوردستان دەگرین و بە کارو کردەوەکانی خۆمان دا دەچینەوە و وەک هەمیشە نوێبوونەوە دەکەین.
هەڵوێستێک کە بە لای منە زۆر گرینگ و مێژوویی بوو یەکەم جارە حیزبێکی کوردی وەها بە ڕاشکاوانە دان بە سەرنەوتنی دا بنێت خۆی لە دەنگ و ویستی خەڵک نەدزێتەوە و سەرنەکەوتنی بە هۆکاری نابەجێ پاساو نەدات. بە دڵنیایەوە ئەو هەڵوێستە و هەروەها بڕیاری پێداچوونەوە بە سیاسەت و کارو کردەوەکانیان نەتەنیا نابنە هۆی لاوازی یەکیەتی نیشتمانی بەڵکوو ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئەو حیزبە بەدی دێنێت و بەرەو هەڵکشان و سەرکەوتنی دەبات لە قۆناخەکانی دیکەدا چوونکە نە سەرکەوتنەکان تاکوو سەرن و نە شکست و سەرنەکەوتنەکان.
ئەم هەڵوێستە خەڵکی هەریمی کوردستان زیاتر یەکگرتووتر دەکات و هەروەها زیاتر متمانەیان بە هەڵبژاردن و دەنگەکانی خۆیان دەکەن و دڵسارد نابنەوە لەدەنگدان و هەنگاونان بەرەو دێموکراسی و ماف و ئازادیەکانیان.
ئەوەی کە لێرەدا زۆر گرینگە کە ئاماژە پێبکەم ئەوەیە کە دەبێ خەڵکی کوردستان و حیزبەکانیش کار بۆ ئەوە بکەن هەوڵ بدەن کە سیستمێک بێننە کایەوە کە هیچ حیزب و ئایدیایەکی تایبەتی نەتوانێ دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات، ئەوا دەسەڵات پاوان بکات و بەرەو دیکتاتۆڕی ببات.



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر