۱۳۹۲ مهر ۷, یکشنبه

بیردۆزی الهیون

لە پۆلێنێکی گشتی دا لایەنگرانی بیردۆزی ئیلاهی حیکمەتی ئیلاهی و ویستی خوا بە سەرچاوەی دەوڵەت دەزانن و دەڵێن کە کارگێڕی کاروبارەکان لە لایەن خواوە دەنێردرێن و بە نوێنەرایەتی ئەو کۆمەڵگاو خەڵک بەڕێوەدەبەن. بیردۆزی ئیلاهی لە هێزی گەڕان بە دوای خوا لە لایەن مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە لە وڵاتە کۆنەکاندا وەکوو میسر، چین، ئاشور و تەنانەت لە یونان و ئێران و رومدا باوبووە.

لە دوای دەرکەوتنی مەسیحیەت لە ماوەی سەدەکانی ناوەراست دا سەرچاوەی باوەڕە ئایینەکان لە سەر بنەمای دەرئەنجامەکانی کلیسایە. "سەنت گۆستێن" [1] یەکێک لەو بیرمەندە مەسیحیانەیە کە دەوڵەتی لە سەر بنەمای رێکخستنێکی سروشتی دادەنا کە خوا بەڕێوەی بردووە. هەر دەسەڵات و حکومەتێک کە پێک دێت دەبێ پشت ئەستوو بێ بە قەدەرەکانی خواوەو لە کلیساوە سەرچاوە بگرێت. هیچ شایەک یان ئیمپڕاتۆڕێک ناتوانێ بە دەسەڵات بگات تاکوو لە لایەن کلیساوە پەسەند نەکرێت، سەنت گۆستین لەسەر ئەو بڕوایەیە کە پێکهاتەو رێکخستنی کلیسا لەسەروو دەوڵەتەوەیە و ملکەچی پاشاکانیش لە سیستەمی ئایینی بابەتێکی پێویستە و وەکوو ملکەچی بۆ خودایە.
"سێنت ماداکن"[2] یەکێک لە بیرمەندانی دیکەی مەسیحی لە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دا لە گۆشەیەکی دیکەوە بیردۆزی ئیلاهی شی دەکاتەوە، ناوبراو دەوڵەت وەک بابەتێکی پێویست دەزانێت و دەڵیت کە دەوڵەت لە ویستی خواوە سەرچاوەی گرتووە بۆ بەردەوامی ژیانی مرۆڤ لە سەر زەوی. بە باوەڕی ئەو هێزی دەوڵەت وەک ئەسپێکی سەربزێوە کە ئەگەر لەغاوی نەکەن بەرەو گەندەڵی دەڕواتە پێش. ئەگەر دەسەڵاتداران دادپەروەر نەبن ویستی سروشتی یەکایەتی پێشێل دەکەن.
هەر لەم سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست ئیسلام لە شێوە دوورگەی عەرەبستان دەردەکەوێ رێنوێنەیەکانی ئیسلام بە ناوەندیەتی قورئان بە خێرایی پەرەی سەند پەیامبەری ئیسلام یەکەم دەوڵەتی ئیسلامی لە مەدینە پێک دێنێ و لەدوای ئەوە موسڵمانانە بارهاتووەکان بە باوەڕی پتەوی ئاینی دەست بەسەر بەشێکی گەورە لە جیهانی ئەو کات دادەگرن. بزووتنەوەی فەلسەفی موسڵمانان لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیان بە "ئەلکەندی" دەست پێ دەکات. بیردۆزان و  بیرمەندانی ئیسلامی لە زۆرێک لە پرسەکان و یەکێک لەوان دەوڵەت و سەرچاوەکانی دەوڵەت بۆچوونی خۆیان دەر   دەبڕن.
"ئیبنی سینا" سەرچاوەی دەوڵەت بۆ خوا دەگەڕێنێتەوەو باوەڕی وایە یاسادانەران دەبێ لە لایەن خواوە دابندرێن. ناوبراو لە بابەتی دەیەم لە  بەشی ئیلاهیاتی کتێبی "شەفا" دا دەنووسێ جیاوازی مرۆڤ لەگەڵ گیانلەبەرەکانی تری سەر زەوی لەمەدایە کە مرۆڤ ناتوانێ بە تەنیایی ژیان بکات و پیداویستیەکانی خۆی دابین بکات تاکەکانی مرۆڤ پێویستیان بە هاریکاری و یەکیەتی و ژیان لە کۆمەڵدا هەیە و بە هۆی ژیان لە ناو کۆمەڵدا دەتوانن هۆکارەکانی بەختەوەری خۆیان دابین بکەن. بە باوەڕی ئەبوعەلی سینا بوون و بەردەوامی مانەوەی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە، ژیانی کۆمەڵایەتی بەبێ پێوەندی و مامەلەی نێوان تاکەکانی پێک نایەت و پێوەندیەکان و مامەلەکانیش پێویستیان بە یاسا و دادپەروەری هەیە و یاسا و دادپەروەریش بەستراوەتەوە بە بوونی ئەو کەسەوە کە یاسا دادەنێت و دادوەری جێ بەجێ دەکات و بە باوەڕی ئەبوعەلی سینا دانانی یاسا و جێ بەجێ کردنی دادوەری ناوتوانی بسپێرین بە ئارەزو و ویستی خەڵکەوە لەبەر ئەوەی هەر کەس چ بە قازانجی خۆی بزانێ ئەوە بە دادپەروەری دەزانێ و ئەوەی کە بە زیانی ئەوە بە زوڵم دەزانێ لە لایەک یاسادانەر دەبێ مرۆڤ بێت و بتوانێ لەگەڵ خەڵک بەڕەوروو بێتەوە و ئەوان بانگ بکات بۆ رێزگرتن لە یاسا و جیێ بەجێ کردنی دادپەروەری. خوا وەها کەسێک دادەنێ تاکوو بۆ هاوشێوەکانی خۆی یاسا دابنێ و دادپەروەری لەنێوان ئەوان جێ بەجێ بکات و ئەم کەسەش پەیامبەرە کە لە سەر داواکاری و ویستی خوا خەڵک بەرەو خۆشگوزەرانی و ئاسایش رێنوێنی دەکات.
لە ڕوانگەی ئیسلام دا دەبێ چەمکی دەوڵەت، لە ناو پەرتووکی ئاسمانی و سوننەتی پەیامبەری ئیسلام هەڵێنجین و وەربگرین. قورئان پێکهاتەی سەرەکی رێبازی ئیسلامی پێک دێنێ. لە ڕوانگەی قورئانەوە دەسەڵات تایبەتمەندە بە سرووشتی خوای تاک و تەنیا، خوا ئافرێنەری ئاسمانەکان و زەوی و خاوەنی سەروەت و سامانە و هیچ هاوبەش و شەرێکێکی نیە.
ئەگەر ئەو بیهەوێت و بە پێویستی بزانێ دەسەڵاتی حکومەت دەداتە دەست خەڵکی دیکە و بە دەست هەرکەسێکیش بێت ئەگەر بیهەوێ دووبارە لێی دەستێنێتەوە و هەموو شتێک لەدەستی بەهێزی ئەو دایە. کەواتە حاکم و دەسەڵاتداری ڕەها خوادای تاک و تەنیایە. دوایین پەیامبەر لە ڕێگای وەحیەوە گشت بنەماو ڕێساکانی گواستۆتەوە بۆ مرۆڤ و ئەوانی بۆ رێگای راست بانگ کردوە لەگەڵ رەساڵەتی پەیامبەری ئیسلام، دەوڵەتی ئیسلامی پێک هاتووە.
لە ئیسلامدا ئۆمەت جێگای چەمکی نەتەوە دەگرێتەوە، چەمکی نەتەوە کە لەسەر بنەمای هابەشی‌یە مێژوویی، کولتووری نەژادی و زمانی پێک دێت، بەڵام ئۆمەت کە تەنیا پێوەندی بە لایەنی باوەڕەوە هەیە و سنووری نێوان ئۆمەتەکان جوگرافیایی نیە، بەڵکوو سنووری بیروباوەڕە هەرکەس ئیمانی بە تاک وتەنیایی خواو پەیامبەری موسڵمانان محەممەد هەبوو و باوەڕی بە ڕێوشوێنەکانی قورئان و سوننەتی پەیامبەر هەبوو ئەندامی ئۆمەتی ئیسلامیە. ئۆمەتی ئیسلامی هەموو عەبدی خودان. دەوڵەتی ئیسلامی کە بەم تایبەتمەندیانە لە سەردەمی ژیانی پەیامبەر دا پێک هات لە دوایی کۆچی دوایی پەیامبەری موسڵمانان، لەسەر جێگرەوەی پەیامبەر ناکۆکی دروست بوو گرووپێک لە سەقیفە بنی ساعدە ئەبوبەکریان بۆ خەلافەت هەڵبژارد و بەیعەتیان پێ کرد و گرووپێکی دیکە عەلیان بە وەسی و جێگری پەیامبەر دانا و وەک یەکەمین ئیمامی موسڵمانانیان ناساند. بە باوەڕی سونیەکان خەلافەت و ئیمامەت بە پێی هەڵبژاردنە، بەڵام بە بۆچوونی شیعە ئیمامەت وتەزایەکی جیایە لە خەلافەت، دەسەڵاتی ئیلاهی وەکوو راسپێدراوێکە لە لایەن پەیامبەر بە ئیمامی یەکەم گەیشتووە بە خواستی ئیلاهی و تاکوو ئیمامی دوازدەیەم ئەم ئیمامەتە درێژەی کێشاوە و ئیمامی دوازدەیەم بە پێی ویستی خوا نادیارە و هەر کاتێک کە خوا بیهەوێت دەردەکەوێ و حکومەتی جیهانی ئیسلامی لە سەر بنەمای دادپەروەری پێک دێنێت، بەم شێوەیە ئیمامەت شتێک نیە کە بە ئارەزوو ویست خەڵک و بە پێی هەڵبژاردن پێک بێت ئیمام خاوەن پەسنێكی داوێن پاکی و خۆپارێزیە و بە پێچەوانەی پێرەوانی سوننی کە ئیمامەت لە ریزی خەلافەت دا دادەنێن بە پێی بۆچوونی شیعە ئیمامەت بەتەواوی لایەنی ئیلاهی هەیە و دەسەڵات و حکومەتی خولەفا و ئەمیرەکان لە گەڵ ئەو بەراورد ناکرێت.
ئەبو نەسر فاڕابی لە فەیلەسووفانی ئیسلامی لایەنگری مەکتەبی ئیلاهی بە شێوەیەکی قوڵ چۆتە ناو باسە سیاسیەکانەوە خاوەنی نووسراوە گەڵێکی گرینگە. ناوبراو مرۆڤ بە بەختەوەری خواز و خاوەن سروشتێکی مەدەنی دەزانێ و گەیشتن بە بەختەوەری لە ژیانی کۆمەڵایەتی دا دەبێنێتەوە. فاڕابی سەرچاوەی هەموو شتێک دەگەڕێنێتەوە بۆ ویستی خوا بە بڕوای فاڕابی کۆمەڵگای مرۆیی دابەش دەبێ بەسەر دوو گرووپ دا کۆمەڵی تەواو و کۆمەڵی ناتەوا. کۆمەڵی تەواوی لە سەر بنەمای دانیشتوان  بەسەر سێ جۆر دا دابەش دەکرد. یەکەم: کۆمەڵی گەورە کە لە ئۆمەتێکی زۆر پێک دێن، دووهەم کۆمەڵی نێونجی کە لە یەک ئۆمەت پێک دێت و سێهەم کۆمەڵی بچووک کە لە خەڵکی شارێک پێک دێت و دەتوانێ ببێتە مەدینە فازڵە. فارابی کۆمەڵی کەمتر لە شاری بە کۆمەڵی ناتەواو دادەنا. کۆمەڵی بنەماڵە، کۆمەڵی گەرەک، کۆمەڵی دێ لە کۆمەڵە ناتەواوەکانن.
سەبارەت بە سەرۆکایەتی مەدینەش مەرج گەڵێک باس دەکات کە کۆکردنەوەیان لە کەسێک دا قورسە و ئەگەر کەسێک هەموو مەرجەکانی تێ دابێت لە ئاستی پەیامبەرە و دەتوانێ حاکمی ڕەهای کۆمەڵگا بێت ناوبراو بە هەبوونی شەش مەرج کە نیوەی مەرجەکانی حاکمی ڕەهایە، سەرۆکایەتی بەسەر شاردا دەستەبەر دەکات و بەم شێوەیە  ڕێگا بۆ حکومەتی پاشایان و خولەفا دەکاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگا بە حکمڕانی فرەیی دەسەڵاتداران دەدات بۆ کوبوونەوەی مەرجەکان و بە ئاسایی دەزانێت.
هەروەکوو پێشتر ئاماژەمان پێ کرد ئیبنی سینا لە فەیلەسۆفە خاوەن ڕاکانی ئیسلامیە، ناوبراو لە کتێبی ''شەفا'' دا ئاوڕی لە پرسی سیاسی داوەتەوەو ئاماژە بەوە دەکات کە ژیانی مرۆڤ تەنیا لە کۆمەڵ دا ئیمکانی هەیە و بە دەربڕێنێکی تر ئەویش باس لە سرووشتی مەدەنی بوونی مرۆڤ دەکات و وەکوو فاڕابی باوەڕی وایە کە مرۆڤ لە ژێر سێبەری کۆمەڵ دەگاتە بەختەوەری دڵخوازی خۆی، بەڵام سەرچاوەی کۆمەڵگای سیاسی دەگەڕێنێتەوە بۆ خواو خوا بە ئافەرێنەری زەوی دەزانێ و سەرچاوەی ڕێساکانیش بۆ خوا دەگەڕێنیتەوە کە لە ڕێگای پەیام بۆ پەیامبەر نێردراوە. ئیبن سینا باوەڕی وایە کە ئەگەر مرۆڤ یاسا دابنێ لە ژێر کاڕێگەری ئاوات و ئارەزوە خراپەکان بە پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەری دەبن. دانەری هەموو یاساکان خودایە و کەس جیا لە خودا ناتوانێ سەرچاوەی نوسینی یاسا بێت، خودا لە ڕێگای پەیامبەر یاساکان بە مرۆڤ رادەگەیەنێت و هەر ئەویشە کە خەڵک بۆ لای بەختەوەری رێنوێنی دەکات. ئیبنی سینا چەند جۆر حکومەتی لە ناو بیرو هزری دابوون و تاوتوێی دەکردن. حکومەتێک کە سەرۆکەکەی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرا، حکومەتێک کە خەڵکانی هیچ و پوچ پێکی دێنن، حکومەتێک بە حاکمێکی ڕەها و بێ بەربەست کە ئامانجی حاکمەکەی ملکەچ کردنی بێ ئەملاو ئەولای خەڵکە، حکومەتی زاناکان کە زاناترن لە خەڵک لە رووی زانستەوە و حکومەت دەکات، ناوبراو لە نێوان ئەو جۆرانەی کە باس کران حکومەتی ڕەهای بێ بەربەست بە باش دەزانێ.
لە سەدەکانی ناوەڕاست دا لە سەر بنەمای  بیردۆزی ئیلاهی پێکهاتنی دەوڵەت، پاشاکان خۆیان بە نوێنەری خوا دەزانی و زۆرێک لە نووسەرانی مەسیحی و نا مەسیحی پاساویان بۆ ئەم نوێنەرایەتیە دێنایەوە. بەپێێ باوەڕی ئەم نوسەرانە پاشاکان تەنیا لە هەمبەر خودادا بەرپرسیارن و ناتوانن دەسەڵاتە بی سنوورەکان ڕادەستی کەس یان گروپێک لە خەڵک یان تەواوی نەتەوە بکەن. بەم پاساوە پاشا نوێنەری خودا و حاکمی ڕەهای سەر زەویە و خەڵک لە لایەن خواوە بەڕێوە دەبات و خەڵکیش لەسەریانە کە بێ ئەملاو ئەولا ملکەچی ئەم حکومەتە بن ئەم بیردۆزە بوو بە هۆی بەهێزی هەرچی زیاتری پاشایەکان و نەتەنیا لە سەدەکانی ناوەڕاست، بەڵکوو تاکوو سەدەی ١٧و ١٨ش بڕەوی هەبوو و لە زۆرێک لە شوێنەکانی جیهان تاکوو ئەمرۆکانەش درێژەی کێشاوە هەنووکەش لە مەراسمی تاج دانان ڕێوشوێنی ئایینی ساز دەکرێت. لە ئێرانیشدا تەنانەت دوو بنەماڵەی قاجار و پەهلەوی هەوڵیان دەدا بەردەوام خۆیان بە سێبەری خودا بزانن و دەسەڵاتی خۆیان بە سەڵمێنەری ویستی خوا بناسێنن.



[1] . سەنت ئەگۆستین (St. Augustin) کە لە سەدەی ٤ و ٥ی زایینی ژیاوە...
[2]

ن. سید جلال الدین حسینی
و. چیا

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر