۱۳۹۱ آذر ۲۱, سه‌شنبه

ناسینی مافە بنەڕەتیەکان



١ـ پێناسەی مافە بنەڕەتیەکان

مافە بنەڕەتیەکان بەشێکە لە یاسای گشتی ناوخۆیی کە رێکخراوو شێوەی حکومەت، ئەرک و بەرپرسایەتیەکان سێ دەسەڵاتە باڵاکە، ماف و ئەرکی تاکەکان لە بەرامبەر دەوڵەت و هەروەها ئەرکەکانی دەوڵەت سەبارەت بە پاراستنی ماف و ئازادیەکانی تاکەکان دیاری دەکات.


٢ـ شوێن و پێگەی مافە بنەڕەتیەکان
هەروەکوو لە پێناسەکەدا ئاماژەی پێ کرا، مافە بنەڕەتیەکان، بەشێکن لە یاسای گشتی ناوخۆیی. لقەکانی یاسا لە رووی بابەتیەوە بە سەر دوو گروپ دا دابەش دەبن، یاسای تایبەت و یاسای گشتی، لە یاسای تایبەتدا ڕێسا و رێوشوێنی زاڵ بەسەر پێوەندی تاکەکان جێگای باس  و سەرەنجە وەکوو یاسای مەدەنی، لە یاسای گشتیدا ڕێساو رێوشوێنی زاڵ بە سەر پێوەندیەکانی دەوڵەت لە گەڵ تاکەکان یان دەوڵەت لە گەڵ دەوڵەت جێگای سەرەنجە وەکوو یاسای بەرێوەبەری. مافە بنەڕەتیەکان لقێکن لە یاسای گشتی لە بەر ئەوەی کە دەوڵەت، حکومەت، دەسەڵاتە باڵاکانی وڵات، ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی هاوڵاتیان کە دەبێ لە لایەن دەوڵەتەوە بپارێزرێن، باسیان لەسەر دەکرێت. لقەکانی یاساش لە رووی هەرێمەوە دابەش دەبن بە سەر دوو بەش دا یاسای ناوخۆیی و یاسای نێودەوڵەتی، هێزی جێبەجێکاری یاسای ناوخۆیی، لەناوخۆیی سنوورەکانی وڵاتدایە تاکوو ئەو شوێنەیە کە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەردا هەیە وەکوو یاسای سزادان.
مافە بنەڕيتیەکان لقێکن لە یاسا ناوخۆیی لە بەر ئەوەی کە دەسەڵاتی جێبەجێ کردنی تەنیا لە ناوخۆی سنوورەکانی وڵات دایە. یاسای دەرەکی یان یاسای نێودەوڵەتی بەرفراوانتر لە سنوورەکانە، زاڵە بەسەر پێوەندی وڵاتاندا. هەر دوو بەشی یاسای نێودەوڵەتی گشتی و یاسای نێودەوڵەتی تایبەتی لقێکن لە یاسا کە پێوەندی وڵاتان رێک دەخەن هەڵبەت یەکەمیان لە چوارچیوەی یاسای گشتی و دووهەمیان لە چوارچیوەی یاسای تایبەت بە رێگاو شێوازی تایبەت بە خۆیان.

٣ـ تایبەتمەندیەکانی مافە بنەڕەتیەکان
ئەفلاتون، (افلاطون)
مافە بنەڕەتیەکانمان لە ریزی بەشەکانی یاسای گشتی و ناوخۆییدا ناساند، بەڵام هەر لەو کاتەدا لە گەڵ تەواوی ئەو بەشانە جیاوازی گرینگ و دیاری هەیە. مافە بنەڕەتیەکان چوارچێوەیەکە کە هەموو بەشەکانی یاسای وڵاتێک دەبێ دۆخ و شێوەی خۆیان لە گەڵ مافە بنەڕەتیەکان بگونجێنن. گەشە و بەرەوپێشڤەچوونی هەر کام لە بەشەکانی یاسا بەستراوەتەوە بە توانای نەرمی نواندنی مافە بنەڕەتیەکانەوە. لە مافە بنەڕەتیەکاندا ئێمە لە گەڵ پرسگەڵیک وەک کۆمەڵگا، دەوڵەت، دەسەڵاتی دەسەڵاتە باڵاکان، ئازادیە بنەڕەتیەکان، لێک جیا کردنەوەی دەسەڵاتەکان، و بە شێوەی گشتی سیستەمی دەسەڵاتداری لە پێوەندی دایین مافە بنەڕەتیەکان نزیکە لە سیاسەت تاکوو ئەو شوێنەی کە سەردەمێک ناوی مافە سیاسیەکانی هەبوو. پانتایی مافە بنەڕەتیەکان  باڵی کێشاوە بەسەر ڕێکخستن و دامەزراوەکان، تانوپۆو رەگەزی سەرەکی کۆمەڵگاو  ئەو ماف و ئەرکەکانەی کە لێی دەکەونەوە.

٤ـ پێشینەی مافە بنەڕەتیەکان
سوقرات (سقرات)
ناوەرۆک و پرسەکانی مافە بنەڕەتیەکان پێشینەیەکی دورو درێژی چەند هەزار ساڵەی هەیە و دەتوانین یەکەمین باسەکان لەم پێوەندیەدا لە پەیامی (رسالت) پەیامبەرەکان وەرگرین کە بەرپرسایەتی رێنوێنی کردنی مرۆڤیان لە ئەستۆ بووە. دەسەڵاتداران، فەیلەسوفان و بیرمەندان لە مێژوودا بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵیانداوە کە باشترین جۆری دەسەڵاتداریەتی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بدۆزنەوە لە سوقرات، ئەفلاتوون و ئەرەستوو بەر لە زایین و تاکوو ئیبن سینا، غەزالی و فاڕابی لە سەردەمی ئیسلام و تاکوو گرۆسیوس، منتسکیۆ، کانت، ژان ژاک رۆسۆ و هەموو بنیاتنەرانی گۆرانکاری سەدەی هەژدەیەمی ئەورووپا و دەیان بیرمەند و نوسەر کە تاکوو ئەمرۆ باسەکانی تایبەت بە دەسەڵات، کۆمەڵگای مرۆڤ، ئازادی و یاسایان خستۆتە ژێر سەرەنجی خۆیانەوە. دەرخەری ئەم پێشینە پڕ لە هەوڵ و دورو درێژەن، بەڵام واژەی ''مافە بنەڕەتیەکان'' وەک لقێک لە یاسا زیاتر لە دوو سەدە لە دانانی تێناپەڕێت. فێرکردن و خویندنی مافە بنەڕەتیەکان بە هەوڵی ''فرانسوا گیزۆ'' لە ساڵی ١٨٣٤ سەرەتا لە کۆلێژی یاسای پاریس دەست پێکرا.
ژان ژاک رۆسۆ(ژان ژاک روسو)
لە ئێراندا لە دوای شۆڕشی مەشروتە و رووخانی رێژیمی سەرەڕۆی قاجاریە هێدی هێدی بیرمەندان و هزرڤانان لەگەڵ ئەم لقە لە یاسا ئاشنا بوون لە ساڵێ ١٢٩٢ی هەتاوی واتە هەوت ساڵ دوای رێکخستنی دەستوور و هاوپێچکراوەکەی خوێندنی مافە بنەڕەتیەکان لە قوتابخانەی زانستە سیاسیەکان دەستی پێکرد و بە دامەزراندنی کۆلێژی یاسا لە ساڵی ١٣١٣ی هەتاوی مافە بنەڕەتیەکان بە فەڕمی بوو بە بەشێک لە بەرنامەی وانەکانی ئەم کۆلێژە.

٥ـ بابەتی مافە بنەڕەتیەکان
مافە بنەڕەتیەکان لە رەوتی گەشەکردنی خۆیدا لە رووی بابەتەوە گەشەی کردووە. لەم لقە لە یاسادا ئازادی تاک لە بەرامبەر دەسەڵاتی دەوڵەت خۆی دەنوێنێت. سنووری دەسەڵاتەکانی تاک و کۆمەڵگاو ماف و ئەرکەکانی تاک و دەوڵەت ، جێگای باس و سەرەنجە. دامەزراوە سیاسیەکان لە گرینگترین بابەتەکانی مافە بنەڕەتیەکانن. ئەرکەکانی سێ ناوەندی یاسادانان، بەڕێوەبەری و دادوەری جێگای باس و سەرەنجە.
سیسڕۆن (سیرون)
ناوەرۆکی مافە بنەڕەتیەکان، لەو شوێنەی کە ئازادی و مافەکانی تاک دێنێتە بەر باس، لە باساسەکانی تیۆری مافە سروشتیەکان نزیک دەبێتەوە. مەبەست لە مافە سروشتیەکان ئەو کۆمەڵە ڕێسایەن کە لە لایەن سروشتەوە هاتوونەتە کایەوە و لە بەرامبەری دا ماف و دەسەڵات و ئەرکەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا دیاری دەکرێت. ئازادی تاکەکەسی، مافی خاوەنداریەتی ماڵی گوازراو و نەگوازراو، یەکسانی لە بەرمبەر یاسا، ئازادی بیرۆ بۆچوونی سیاسی، ئاینی و فەلسەفی، مافی بەرگری کردن لە هەمبەر زوڵم و دەست درێژی، ئازادی ڕادەربڕین و نووسین وەک نموونەگەڵێک لە مافە سروشتیەکان ناسراون. لایەنگرانی مافە سروشتیەکان یاساکانی سروشت بە بەردەوام و گشتی دەزانن واتە یەکەم هەموو قەوم، تایفە و نەتەوەیەک دەگرێتەوە، دووهەم لە هەموو کات و سەردەمێک دا کاریگەریان هەیەو کاریان پێ دەکرێت.
فەیلەسوفە گەورەکانی یونان بۆ نموونە سوقرات، ئەفلاتون و ئەرەستوو زانیاریان لەسەر مافە سروشتیەکانیان هەبووە و بە تەواو و بێ کەموکوڕی و دروستیان داناون لە بەرمبەردا مافە داندراوەکان کە دروست کراوی مرۆڤەکانن و هەموو کات پێویستیان بە چاکسازی و گۆرانکاری هەیە هیچ کات ناتوانین بە تەواو و بێ کەموکوڕی دابندرێن.

٦ـ دۆزینەوەی سەرچاوەی مافە بنەڕەتیەکان
بە لێکدانەوەیەکی ورد و مێژوویی و ڕوانینێکی قوڵ لە ناوەرۆکی مافە بنەڕەتیەکان بۆمان دەردەکەوێت کە کورتەی هەموو باسەکانی مافە بنەڕەتیەکان، ماف و ئازادیە مرۆییەکانە کە بۆ تێپەرکردنی قۆناغەکانی گەشەکردن و کەڵک وەرگرتن لە ژیانی شیاوی مرۆڤەکان زۆر زۆر پێویستە و ناوەند و رێکخراوگەلێک دەبێ ئەم ماف و ئازادیانە بپارێزن.
ئاـ بیردۆزی لایەنگرانی مافە سروشتیەکان: بە بۆچوونی لایەنگرانی مافە سروشتیەکان، یاسای سرووشتیەکان بەردەوام و گشتین بەم واتایە کە یەکەم لە تەواوی کات و سەردەمەکاندا کاریگەریان هەیە و دووهەم هەموو قەوم و نەتەوەکان دەگرێتەوە. دەڵێن چوونکە ئەو یاسایانە لە لایەن سروشت خۆیەوە داندراون هەموویان دروستن و هاوتەریبن لە گەڵ بەرژەوەندیەکانی مرۆڤ. ناودارترین نوسەر و فەیلەسوفەکانی یونان بەر لە زایین بۆ نموونە سوقرات، ئەفلاتون و ئەرەستوو پیداگریان لە سەر بوونی وەها مافگەڵیک کردۆتەوە و بەتەواو و بێکەموکورتی و دروستیان داناون.
سەین ئەگۆستین(سنت اگوستین)
ئیبن سینا (ابن سینا)
بە پێێ بۆچوونی سوقرات دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی کاروبارەکان دەبێ یاساکانی سروشت بدۆزنەوە و کاروبارەکان لە سەر بنەمای ئەم یاسایانە دامەزرێنن. سوقرات داوای لە خەڵک دەکرد کە کردەوەو هەڵسوکەوتەکانیان لە گەڵ بنچینەکانی مافە بنەڕەتیەکان بگونجێنن. ئەفلاتونیش وەکوو مامۆستاکەی خۆی (سوقرات)، مافە سرووشتیەکانی بە تەواو بێکەموکورتی و لە بەرژەوەندی مرۆڤ دەزانی و حکومەتی خەیالی و ئەو یۆتۆپیایە کە داوای دەکرد بە پێی بنەماکانی یاساکانی سروشت دادەمەزراند. ئەرەستوش بە توندی رخنەی لەو ڕێسا و یاسا داندراوانە دەگرت کە بەرهەمی بیری مرۆڤ بوون و مافە سروشتیەکانی بە تەواو بێکەموکورتی و لە بەرژەوەندی مرۆڤ دەزانی و لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە دەبێ یاساکانی سرووشت جێبەجێ بکرێن.
ب ـ بیردۆزی مافە سرووشتیەکان لە ئیمپڕاتۆڕی رۆمدا ـ ئیمپراتۆڕی رۆم لە رووی پێشکەوتن و گەشە کردندا سەردەمێکی زێڕینە. زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی یاسای خۆیان پشت ئەستوور بە یاسای رۆم دەزانن. مافە سرووشتیەکان واتە بنچینەی مافە بنەڕەتیەکان لە لایەن فەیلەسووف و زاناکانی یاسای رۆم، سەرەنجی تایبەتی پێدراوە و شرۆڤە کراوەو پەرەی پێ دراوە.
ڤۆلتێر(ولتر)
زاناکانی ماف و فەلسەفە وەکوو سیسرۆن (Ciceron)، ئاڵپین (Ulpien)، پاول (Paul)، پلین(Pline)و فلۆرانتن(Floventin) هەر لە پێناو فکری فەلەسوفەکانی یونان هەنگاویان هەڵێناوەتەوەو مافە بنەڕەتیەکانیان بە گشتگیر،تەواو، بێکەموکورتی و لە بەرژەوەندی مرۆڤدا داناوە. ئەوان دەسەڵاتدارانی ئەوکاتیان رێنوێنی دەکرد کە یاسا داندراوەکان لە سەر بنەمای مافە سرووشتیەکان دابنێن.
ج ـ روانگەی بیرمەندانی مەسیحی ـ زانایانی خواناسی مەسیحی سەدەکانی ناوەڕاست بەو باوەڕە ئایینیەی کە هەیانبوو نەیانتوانی ناوەرۆکی  ماف لە قالبی مافە سرووشتیەکاندا پەسەند بکەن. بە شێوەی سرووشتی ویست و خواستەکانی کەنیسە، دوور دەکەوێتەوە لە بیرو بۆچوونە فەلسەفیەکانی فەلەسووفەکانی یونان و رۆم. ئەوان بە جێگای سرووشت بنەماو سەرچاوەی ماف بۆ خوا دەگەڕێننەوەو و رایدەگەیەنن تەنیا یاسای خودایە کە لە لایەن خوداوە نووسراوە و خاوەنی خەسلەتی گشتی وبەردەوامە و هەموو کات و لە هەموو شوێنێک دروستە و لەگەڵ  بەرژەوەندیەکانی مرۆڤ دێتەوە. لە پێشەوایانی بیردۆزی مەسیحی لە یاسای خوادا ''سەنت گۆستێن'' (Saint Augustin)، "سەنت تۆماس"(Saint Thomas d Aquin)و "جان سالیسبۆڕی" (John Salisbury)ن زاناکانی سەدەی ناوەڕاست داوایان لە خەڵک کرد کە خۆبپارێزن لە جێبەجێ کردنی ڕێسا و یاساگەڵیک کە لە گەڵ بنچینەکانی ئایینی مەسیحیەت دژایەتی هەیە.
تۆماس هابز(توماس هابز)
د ـ دەرکەوتنی ئیسلام و گۆڕان لە ڕوانگەی بیردۆزان ـ  هەر لە سەردەمی تاریکی سەدەکانی ناوەڕاست، ئیسلام لە شێوە دوورگەی عەرەبستان دەرکەوت. رێنوێنی زانایانی زانستی خواناسی ئیسلام بە خێرایەکی چاوەروان نەکراو لە دەروونی مرۆڤەکاندا کاریگەری دانا. لە ماوەیەکی کەم دا موسڵمانەکان دەستیان بەسەر ئیمپراتۆریە گەورەکانی ئێران و رۆم داگرت و کتێبی ئاسمانی موسڵمانان واتە قورئان و سووننەتی پەیامبەر و خانەدانەکەی بوو بە تەوەری باسەکان. بزووتنەوەی فەلسەفی موسڵمانان بەرفراوانتر لە یونان و رۆم بڕەوی پەیدا کرد. کەسایەتیە هەڵکەوتەکانی  بواری زانست و فەلسەفە وەکوو ''ئەبو عەلی سینا، فارابی، زەکەریای رازی، ئیبنی رۆشد، ئیبنی باجە'' بەر لەوانیش ''ئەلکەندی'' لە چووارچێوەی هەرێمی دەسەڵاتی ئیسلام سەرەنجیان دایە باس گەڵێکی جۆراجۆر و ئالۆز، بۆ نموونە لە سەر بنەمای باوەڕە ئیسلامیەکان خوایان بە سەرچاوە و سەرەتای ماف دانا و بەردەوامی و گشتگیر بوونیان لە تایبەتمەندیەکانی بڕیار وحوکمە خواییەکان دادەنا. نووسەرانی سەدەکانی ناوەڕاست پێشنیاریان دەکرد بە دەسەڵاتدارانی ئەو کات و رێنوێنیان دەکردن کە ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە دەبێ جێبەجێ بکرێن لە سەر بنچینەی مافی  خودا دابنێن و بە شێوەیەک رێکیان بخەن کە بەتەواوەتی لە گەڵ یاساکانی خودایی بێتەوە.
مۆنتێسکیۆ(منتسکیو)
 ه ـ دووبارە سەرهەڵدانەوەی مافە سرووشتیەکان ـ لە سەدەی ١٧ و هەژدە دا بە پێی ئەو گەشەی کە وڵاتانی ئەورووپایی لە دوای رێنێسانس و لە دەسپێکی شۆڕشی پیشە سازی بەخۆیانەوە بینی بیردۆزی مافە سرووشتیەکان کە لە لایەن فەیلەسووفەکانی یونان بە کورتی هاتبۆ بەرباس و لە لایەن زاناکانی یاسای رۆم شی کرابۆوە، جارێکی دیکە بەوردی لە لایەن هەندێ لە نووسەران و زاناکانی یاسا هاتەوە بەر سەرەنج و لێکدانەوە. ''هۆگۆ گرۆسیوس(Hugo Grociu)، جان لاک(John Locke)، وڵف(Wolf)، پۆندۆرف(Pufendorf)، منتسکیۆ(Montesquieu)، هابز(Hobbes)، میلتن(Milron)، ڤۆلتێر(Voltaire)'' و بەتایبەت ''ژان ژاک رۆسۆ''(John Jacques Rousscau) بە تووندی ڕای گشتیان خستە ژێر کاریگەری خۆیانەوە. جاڕنامەی ١٣ی فیوریەی ١٦٨٩ کە گرەنتی زنجیرەیەک لە مافە بنەڕەتیەکانی لە خۆگرتبوو لە دێپارتمانی بەریتانیا پەسەند کراو لە کاتی تاج لەسەرنانی ڤیلیامی سێهەم بڵاو کرایەوە. لەم کاتەدا بەشێکی گرینگی ئەمریکا ، کۆلۆنی بەریتانیا بوو ئەمریکایەکان بە کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی دوو لایەنەی بەریتانیا کە لەگەڵ خەڵکی کۆلۆنیەکان و مافە بنەڕەتیەکانیان هەڵسووکەوتێکی جیا لە هاوڵاتیانی خۆی هەبوو، شۆڕشیان کرد و لە ئاکامدا لە بانگەوازی سەربەخۆیی ٤ی ژووئیەی ١٧٧٦ و دەستوری ساڵی ١٧٨٧دا مافە گشتیەکانی مرۆڤیان تێدا گونجاند. بە سەرکەوتنی شۆڕشی فەرانسا لە ساڵی ١٧٨٩ جاڕنامەی مافی مرۆڤ بوو بە سەردێر و بنەمای دەستووری ساڵی ١٧٩١.
جان لاک
وـ جارنامەی مافی مرۆڤی ساڵی١٧٨٩ـ  نوێنەرانی پارڵمانی فەرانسا لە لایەنگرانی فەیلەسووفە ناودارەکانی سەدەی هەژدەهەم و لە ژێر کاریگەری بۆچوونە گشتیەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتبوو جاڕنامەی مافی مرۆڤیان لە پێشەکیەک و هەڤدە بەنددا رێکخست کە هەر ئەو یاسا سروشتیانەیە[1] کە باسی لەسەر دەکەین کە لە پێشەکی جارنامەکەدا ئاوا هاتووە ((تاکەکانی کۆمەڵگا خاوەن زنجیرەیەک مافی سرووشتی، پیرۆز، سەڵمێنراون و نەگوازراوەن، ئاگادار نەبوونی دەسەڵاتداران لە بوونی ئەم مافانە یان نەپاراستنیان تەنیا سەرچاوە و هۆکاری چارەرەشی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیە)) لە دەقی جارنامەکەدا زنجیرەیەک جیاوک بە ناوی مافی مرۆڤ هاتوون کە زۆربەی ئەو دەستوورانەی کە لە دوای ئەم رێکەوتە  هاتونەتە کایەوە کاریگەریان لێ وەرگرتووە. جارنامەکە دەڵێت: "تاکەکانی مرۆڤ لە هەلومەرجێکی ئازاد و یەکساندا لە دایک دەبن و دەبێ لە تەواوی ژیانیاندا ئازادی و یەکسانیان هەبێت(بەندی ١) باوەڕ و ئامانجی کۆمەڵگا سیاسیەکان پاراستن و لە بەرچاوگرتنی ماف و ئازادی تاکەکانە ئەم ماف و ئازادیانەش بریتین لە: ئازادی کەسەکی خاوەنداریەتی تاکەکەسی، ئاسایشی گیان و ماڵ، مافی بەرگری لە بەرامبەر زوڵ و دەست درێژی(بەندی ٢) مافی دەسەڵاتداریەتی لە خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ تاکێک لە تاکەکان و هیچ چینێک لە خەڵک ناتوانن دەسەڵاتداری بکەن مەگەر بە نوێنەرایەتی لە لایەن خەڵکی دەسەڵاتدار(بەندی ٣) یاسا ناسێنەرو نوێنەری ویست و خواستی گشتیە و تەواوی خەڵک دەبێ خۆیان یان لە رێگای نوێنەرەکانیان لە دانانی یاساکاندا بەشدار بن(بەندی٦) هیچ کردارێک تاوان نیە مەگەر ئەوەی کە یاسا بە تاوانی دانابێت(بەندی ٨) بیروباوەڕی سیاسی و ئایینی و فەلسەفی و جیا لەمە ئازادە بە مەرجێک دەڕبرینی ئەو بیرو باوەڕانە نەبێتە هۆی تێکدانی سیستەمی گشتی. کەسەکان دەتوانن بیروباوەڕو بۆچوونەکانیان لە ڕێگای بڵاوکراوەکان بڵاو بکەنەوە و لە کۆمەڵەکاندا بیهێننە بەرباس، بەڵام هەر لەو کاتەدا کەڵک ئاژۆیی لەم مافە بە شێوەیەک کە یاسا دیاری دەکات رووبەرووی سزا دەبێتەوە(بەندی١٠) کۆمەڵگا مافی ئەوی هەیە کە لێپرسینەوە بکات لە هەموو دەسەڵاتدارانی دەوڵەت بە نیسبەت ئەو ئەرکەی کە بەڕێوەی دەبەن. کەسەکان مافی خاوەنداریەتی ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەیان هەیە(بەندی١٥) هیچ کەس ناتوانێ دەستدرێژی بکاتە سەر ماڵی خەڵکی دیکە، بەڵام لە هەندێ بابەت دا کە بەرژەوەندی گشتی وابخوازێت ئەگەری هەیە خاوەنداریەتیەک لە دەست خاوەنەکەی دەربێن بە مەرجێک کە نرخی دادپەروەرانەی دیاری بکرێت و بەرلەوەی کە لەبەردەستی دەربهێندرێت، قەرەبوویەکە بدرێت بە خاوەنەکەی(بەندی١٧).
جاڕنامەی سەرێ  بوو بە سەرچاوەی دەستووری ساڵی ١٧٩٣(ساڵی یەکەمی کۆماری) و ١٧٩٥ (ساڵی سێهەمی کۆماری) فەرانسا، بەڵام مافی بەرگری لە بەرامبەر زوڵم و دەست درێژی کە لە دەستووری ساڵی ١٧٩١ بۆ خەڵک ناسرابوو، لابردرا و لەگەڵ ئەوەشدا لە دەستووری ساڵێ ١٧٩٥ جارنامەیەکی دیکە بە ناوی "ئەرکەکانی مرۆڤ"ی لەگەڵ هاوپێچ کرا.
بنچینەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە دەستوورەکانی فەرانسا گواسترایەوە بۆ دەستووری وڵاتان. لە ئێران دوای سەرکەوتنی شۆڕشی مەشروتە ئەو مافانە لە بنەماکانی ٨ تاکوو ٢٥ی تەواوکەری دەستووری مەشروتەی ساڵێ ١٢٨٥ی هەتاوی هاتووە زۆربەی بنەماکانی دەستووری مەشروتە لە دەستووری ساڵی ١٨٣١ی بەلژیکا وەرگیراوە. لە دەستووری کۆماری ئیسلامی کە پشت ئەستوورە بە رێوشوێنە ئیسلامیەکان ئەم ماف و ئازادیانە لە هەموو شوێنێکدا بە زیاد کردنی بنەمای ئیسلامی هاتووە.
سەید جەلالەدینی حوسێنی
و: چیا عەبدوڵڵاپوور

سەرچاوە:
کتێبی کلیات حقوق اساسی




[1] یاسای سروشتی لە سەدەی نۆزدە دا روبەرووی رخنەگەڵێک زۆر توند بۆوە لە لایەن هەندێ لە زانایانی ئاڵمانیا کە لەوان دەتوانین ئاماژە بە "ساوینی (Savugny)، ''هۆگۆ'' (Hogo)و ''پوختا"(Puchta) بکەین. ئەوان بە وردی لە دژی یاسا سروشتیەکان و تایبەتمەندیەکانی باسیان کرد و بەڵگەیان دەهێنایەوە کە مافی هەر قەوم و نەتەوەیەک لەدایکبووی تایبەتمەندیە مێژوویی و ئایینی و شارستانیەت و دابونەریتی ئەو نەتەوەیە کە ناوی یاسای داندراوە.

۱ نظر: