۱۳۸۹ اسفند ۱۹, پنجشنبه

وتووێژی گۆڤاری لاوان لەگەل لاوی وەرزشوان ئاگری عەبدوڵڵاپوور



ئاگری عەبدوڵڵاپوور:
لە هەر قۆناغ و بارودۆخێك دا بم هەموو هەوڵی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانم سەركەوتن بەدەست بێنم

*وتووێژ: چیا کوردستانی                          
لاوان: سەرەتا لە زمانی خۆتەوە خۆت بناسینە؟
ئاگری عەبدوڵڵاپوور: پێش هەموو شتێك سوپاستان بكەم بۆ ئەوەی كە ئەو هەلەو بۆ ڕەخساندم تا لە ڕێگای گۆڤارەكەتان واتە گۆڤاری خۆشەویستی لاوانەوە لە خزمەت لاوەكان دا بم و وەڵامی پرسیارەكانتان بدەمەوەو سڵاو و رێزم بۆ گشت لاوان بە تایبەت لاوانی وەرزشكاری كوردستان.
من ئاگری عەبدوڵڵاپوور لە شاری سەردەشت لە دایك بووم و لە ساڵی١٣٨٨ی هەتاوی هاتوومەتە نێو ریزی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان‌و ئێستاش ئەندامی یەكیەتیی لاوانم‌و لە خزمەتتان دام.
لاوان: ماوەی چەند ساڵە وەرزش دەكەی و یەكەم جار لە كوێ دەستت پێ كرد؟
ئاگری عەبدوڵڵاپوور: من لە سەرەتایی منداڵی‌یەوە زۆرم حەز لە وەرزش بوو بە تایبەتی "كۆنگفۆ"، چونكە ‌زۆرم سەیری فیلمی رەزمی دەكردو حەز و خولیایەكی تایبەتیم پێ‌ پەیدا كرد، ئەوەبوو لە تەمەنی 14 ساڵی ڕا لە ڕێگای كوڕە ‌خاڵەكەم "فریا ئەسپەندار" كە ئێستا لە نێو ریزی تێكۆشەرانی دێموكڕات دایە كە ئەو كات دەچوو بۆ باشگای كاڕاتە و منی هان دا بۆ ئەوەی كە لە گەڵی بچم بۆ باشگا، بەڵام من زۆرم حەز لە كاڕاتە نەبوو بۆیە ماوەیەكی كەم چووم و کاراتەم کردو ئەوە بوو دەسپێکی کاری وەرزشی من .

لاوان: چۆن بوو كە كیک بۆكسینگت هەڵبژارد؟
ئاگری عەبدوڵڵاپوور: دوای ئەوەی كە لە باشگای كاڕاتە هاتمەدەر، ساڵێك دواتر چووم بۆ تاران بۆ ماڵی پوورم كە چەند برادەرێكی هاوشاریم لە تاران بوون كە دەچوون بۆ باشگای كیک بۆكسینگ كە منیشان هاندا لەگەڵیان بچم بۆ باشگا و كاتیك دەستم بە راهێنان كرد حەز و هۆگری‌یەكی تایبەتم پێ پەیدا كرد كە بەداخەوە ماوەیەكی زۆر كەم لەوێ مامەوە و دوایی چوومەوە بۆ سەردەشت‌و لەوێ بەردەوام درێژەم بە كارەكەم دا.
لاوان: تاكوو ئێستا هیچ پلەیەكت لەو وەرزشەدا بەدەست هیناوە؟
ئاگری عەبدوڵڵاپوور: بەڵی من پێم خۆشە پێش هەموو شتیك ماندوونەبوونی و دەست خۆشانە لە مامۆستاكم كاك شۆڕش مەلایی بكەم كە یارمەتی زۆر كردووم بۆ ئەوەی كە من بگەم بەو ئاستەی كە ئێستا تێیدام سوپاسی دەكەم و هیوادارم هەر بەردەوام بێ لە خزمەت كردن بە لاوان و منداڵانی  وڵاتەكەم. من لە شاری سەردەشت بۆ یەكەم جار كێ‌بەركێ‌دا بەشداریم كرد كە پلەی سێیەمم بەدەست هینا و دواتریش كێ‌بەڕكێی كیشوەری لە تاران كە توانیم لەوێش پلەی سێیەم بە دەست بێنم و دواتریش بووم بە ئەندامی هەڵبژاردەی كیک بۆكسینگی لاوان لە ئێران كە بۆ دواجار تیكەڵ بووم بە ریزی تیكۆشەرانی دێموكرات لە باشووری كوردستان كە لێرەش وازم نەهێناوە هەر بەردەوامم کە لێرەش لە گەڵ تیمی کۆیە بەشداریم لە كێ‌بەركێی دا کرد لە پاریزگای هەولیر، کە لە کێشی خۆمدا یەکەمم هێنایەوە .
لاوان: لەو كاتانەدا كە لە یاری‌یەكەدا سەركەوتنت وەدەست دینا هەستت بە چی دەكرد؟
ئاگری عەبدوڵڵاپوور: بێ گومان هەموو مرۆڤیك كاتیك كە سەركەوتن بە دەست دێنێ هەست بە خۆشی‌یەكی یەك جار زۆر دەكا. من زۆرم گرینگی بە كارەكەم دەدا و هەمیشە وتوومە لە هەر قۆناغ و بارودۆخێكی‌دا بم هەموو هەوڵی خۆم دەخەمە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانم سەركەوتن بەدەست بێنم، چونكە كاتێك كە ئیرادەی بكردایە لە سەركەوتن نزیك دەبوومەوە. بۆیە كاتیك كە سەركەوتنم وەدەست دەهینا هەستم بە گرنگی و بەردەوامی و باشتر بوونی خۆم دەكرد لەو بوارەدا .
لاوان: وەرزشوانێك بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێ دەبێ ج بكا؟ بەرێزت هۆكاری سەركاوتنی خۆت بۆچی دەگەرێنیەوە؟
ئاگری عەبدوڵڵاپوور: هەر وەرزشوانێك بۆ ئەوەی كە سەركەوتن بە دەست بێنێ‌ یەكەم دەبێ ئیرادەی بەهێز و لە سەر كارەكەی سوور بێ و بەردەوام پەرەی پێ بدا، وەرزشەكەی نەگۆرێ‌و شكستەكانی بكات بە ئەزموون بۆ سەركەوتنی. من زیاتر هۆكاری سەركەوتنی خۆم بە هەوڵ و ماندوو نەبوونی خۆم‌و مامۆستایەكەم دەزانم كە یاریدەدەرم بووە.
لاوان: کاک ئاگری چ پەیامێکت بۆ لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە؟
ئاگری عەبدوڵڵاپوور: پەیامم بۆ لاوانی وڵاتەکەم ئەوەیە کە خۆیان بەکەم نەگرن‌و چونکە ئەگەر لە لاوانی نەتەوەکانی تر لەسەرتر نەبن ئەوا بێگومان کەمتر نین، هەروەها داوایان لێدەکەم کە دوور بکەونەوە لە مادە هۆشبەرەکان و روو لە وەرزش بکەن‌و هەوڵ بدەن کە پەرە بە تواناکانیان بدەن‌.
*ئەم وتووێژە لە گۆڤاری ''لاوان'' ژمارە ٤١ دا بڵاوبۆتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر