۱۳۸۹ اسفند ۲۶, پنجشنبه

رێکخراوە ناحکوومی‌یەکان لە سەردەشت


چالاکی رێکخراوە ناحکوومی‌یەکان بە گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نوێیە و هەمووی ناگاتە دە ساڵ، بەڵام لەم ماوە کورتەش دا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان رێکخراوی ناحکوومی لە لایەن رووناکبیران و خوێندکارانی خەم خۆری نیشتمانەوە دامەزراون و رۆڵێکی زۆر باشیان بینیوە لە وشیار کردنەوەی خەڵک و بەرز کردنەوەو بڕه‌و پێدانی کلتووری کاری بە کۆمەڵ و یەک خستنی تواناکان بۆ بەڕێوەبردنی کاری هەرەوەزی لەو پێناوانەی کە بۆیان دامەزراون.

شاری سەردەشتیش وەک زۆربەی شارەکانی کوردستان ئەگەرچی لە رووی خزمەت گوزاری‌یەوە لە چاو شارەکانی دیکە کەمتر گرینگی پێدراوەو پێدەدرێت و هەروەها هەمیشە روانگەیەکی توندی ئاسایشی لەسەرە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لاوان و رووناکبیران و خوێندکارانی شار دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بە هەوڵ و کۆششی خۆیان بە دامەزراندنی گرووپی شانۆ و رێکخراوی ناحکوومی و دەرکردنی گۆڤار، خزمەتێکی بەرچاویان لە پێناوی وشیار کردنەوەی خەڵک و بەرز کردنەوەی ئاستی کلتووری خەڵکی شاردا هەبووە، بە شێوەیەک کە ئێستا شاری سەردەشت لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دا بە لەبەرچاو گرتنی رێژەی دانیشتووانی زۆرترین ناوەندی زانستی و کلتووری و کتێب فرۆشی هەیە.١
بە گشتی زیاتر لە ساڵێکە رێکخراوە ناحکومی‌یەکان لە سەردەشت بە هۆی کەشی ئەمنیەتی، لاوازی لە بەڕێوەبردن، پێشوازی نەکردنی هاووڵاتیان و کارا نەبوونی دەستەی بەڕێوەبەریەکان چالاکی ناکەن، بە پێچەوانەی سەرەتاکانی ساڵی ٨٤ی هەتاوی کە بۆ ماوەی سێ ساڵی بەردەوام سەردەشت لە ناوچەدا لە رووی چالاکی مەدەنی، لە شارەکانی دەوروبەری خۆی لە پێشتر بوو، بەڵام هەنووکە لە سەردەشت کەشێکی مەنگ و ژەهراوی زاڵە، زۆربەی چالاکانی پێشوو تووشی خۆسانسۆڕی توند و تەوەهومی پیلان بوون، خاڵی بەرامبەری رەوتی بناژۆی ئیسلامی‌ بە شێوەیەکی بەهێز و لە رووی تێئۆری و فیزیکیەوە چالاکیان هەیە، تەنانەت لە کەشی ئەرایی، گۆڕەپانی چۆل و بێ رکابەر کەڵکیان وەرگرتووەو خۆ لە دانە پاڵ هیچ بەرچەسپێک بە دژی رێکخراوە ناحکوومی‌یەکانی دیکە بۆ بەلاڕێ‌دا بردنی ڕای گشتی نابوێرن. بۆ وێنە تۆمەتی پڕۆپاگەندەی مەسیحیەت، پڕۆپاگەندە کردن بۆ هزری سوسیالیستی، پڕۆپاگەندەی بێ دینی، پڕۆپاگەندە کردنی بۆ چەمکە دژە ئاکاریەکان، نێر بازی، و مۆرەی رێکخراوە رۆژئاوای‌یەکان بەرچەسب گەلێکن کە رۆژانە، لە خوێندنگەکان، بازارو دووکان و مزگەوتەکاندا زار بەزار دەگوازرێتەوە.
لە سەردەشت لە دەیەی هەشتا بۆ سەرەوە کۆمەڵێک رێکخراو دامەزران و چالاکیان کردوە بەڵام بەشێک لەم رێکخراوانە موڵەتیان لێ سەندراوەتەوەو بەشێکیشیان هەر خۆیان چالاکی ناکەن، و بەشێکیشیان زۆر کەم چالاکی دەکەن. لێرەدا بە کورتی ئاوڕلە بەشێک لەو رێکخراوانە دەدەنەوە.
١ـ رێکخراوی ناحکوومی لاوانی تیڕۆژ:
یەکێک لە چالاک ترین رێکخراوەکان، رێکخراوی ناحکوومی لاوانی تیرۆژ بوو کە بە داخەوە دوو ساڵ لەمەوبەر ئیزنی لێ وەرگیرایەوەو نەیان هێشت چالاکی بکات ئەم رێکخراوە زۆرێک لە گەنجانی شاری سەردەشتی لە دەوری خۆی کۆ کردبۆوەو بە تایبەت رووناکبیران و خوێندکاران کە لە ماوەی چەند ساڵ تێکۆشانی دا کۆمەڵێک چالاکی بەرچاوی ئەنجام دان کە بێ وێنە بوون. لاوانی تیرۆژ لە وێبلاگەکەیاندا بەم جۆرە ئاماژەیان بەبەشێک لە ئامانجەکانی خۆیان کردووە:
ئێمە دەمان هەوێ ئۆکسیژێنی "ژیانی کلتووری" بە ڕامانی "ناسنامە تەوەری" دابین بکەین و بۆ نوێ کردنەوەی ژیانی کلتووری بە پشت بەستن بە دووبارە دروست کردنەوەی ناسنامەی کوردی بگەین.
 "ئێمە دەمان هەوێ یەک بە یەکی هاووڵاتی‌یەکان لە مافە پێناسەکراوەکانیان وشیار بکەینەوە.
 ئێمە دەمان هەوێ بە وتووێژ، ورەی هاودڵی و یەکگرتوویی پێک بێنین.
 ئێمە دەمان هەوێ کەشی لەبار بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا، وێک هەڵ کردن و لێ بووردەیی پێک بێنین. ئێمە دەمان هەوێ لە هێزی مادی و مەعنەوی رێکخراو ئەوپەڕی کەڵکی زانستی وەرگرین.
 ئێمە دەمان هەوێ پێوەندی خۆویستانە لەسەر بنەمای پێکەوە هەڵ کردن ژیانی ئاشتی خوازانە پێک بێنین.
ئێمە دەمان هەوێ بۆ ناسین، پەروەردە و وشیار کردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پێک هێنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی هەوڵ بدەین.
*چالاکی‌یەکانی رێکخراوی ناحکوومی لاوانی تیرۆژ بریتی بوون لە:
ـ کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی، ئینگلیزی، کامپیوتێر.
ـ بەرز راگرتنی رۆژی ژن.
ـ بەڕێوە بردنی چالاکی وێنەکێشانی یەک کیلۆمیتری بۆ منداڵانی سەردەشت بە بۆنەی رۆژی ٧ی پووشپەر ساڵرۆژی کیمیا بارانی سەردەشت.
ـ پێک هێنانی مەراسیمی یادی یەک ساڵەی بەردباران کردنی "دوعا" .
ـ پێک هێنانی کێبڕکێی وێبلاگ نووسی بە بۆنەی رۆژی ٧ی پووشپەر ساڵرۆژی کیمیا بارانی سەردەشت.
ـ پێک هێنانی مەراسیم بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان لە پارکی لالەی سەردەشت.
ـ پێک هێنانی کۆڕو کۆبوونەوە بۆ وشیار کردنەوەی هاووڵاتیان لە سەر پرسی ژنان.
ـ سەردانی کەم ئەندامانی‌وکەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت مین لە هەموو ناوچەکانی سەردەشت.
ـ کردنەوەی پەرتۆکخانە لە هەندێک لە گوندەکان.
ـ هاندانی لاوان بۆ خوێندن و دورکەوتنەوە لە مادە هۆش بەرەکان وەک(تریاک وعەشیش....هتد).
٢ـ رێکخراوی ناحکوومی ژینگە پارێزی سەوز (ئەنجوومەنی سەوز):
ئەم رێکخراوەش لە لایەن کۆمەڵێک کەسی ژینگە خۆشەویست و خەم خۆرەوە لە سەرەتاکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوی لە سەردەشت دامەزراوە کە ئامانجەکانی رێکخراوی ناحکوونی ژینگە پارێزی ئەنجوومەنی سەوزی سەردەشت بریتین لە :
١ـ بەرز کردنەوەی ئاستی کڵتووری گشتی لە بواری پرسەکانی ژینگە پارێزی.
٢ـ گەشە پێدانی بەشداری گشتی لەڕووی پاراستنی ژینگەوە.
٣ـ پێشکەش کردنی پڕۆژە و وتوێژینەوەی ژینگە پارێزی بە هاوکاری لایەنە پێوەندی دارەکان.
ئەنجومەنی سەوز وەک ریکخراویکی ژینگە پارێز .
چالاکی‌یەکانی 
ـ وشیار کردنەوەی خەڵک لە پرسی ژینگەو ژینگە پارێزی
ـ بەڕێوە بردنی کاری هەرەوەزی بە مەبەستی خاوێن کردنەوەی سەیرانگاکان و شوێنە گشتی‌یەکان
٣ـ ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتووانی شیمیایی سەردەشت: 
ئەو ئەنجوومەنە لە لایەن بەشێک لە بەرکەوتووانی شیمیایی سەردەشت لە ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی لە سەردەشت دامەزراوەو هەنووکەش لە لە حالی چالاکیدایە‌‌و لە پێناو بەرگری کردن لە مافی بەرکەوتوواندا چالاکی دەکا و تاکوو هەنووکە کۆمەڵێک کاری باشی لە پێوەندی دەگەڵ مافەکانی بەرکەوتووانی کیمیایی سەردەشت دا کردوە و ساڵانەش بە هاوکاری رێکخراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بەشکۆ یادی ٧ی پووشپەر ساڵڕۆژی کیمیابارانکرانی سەردەشت دەکاتەوە، جێگای ئاماژەیە کە لە ٧ی پووشپەری ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەیان‌هێشت بەو بۆنەوە چالاکی بەڕێوە بچێت. شایانی باسە ئەم ئەنجوومەنە سایتێکیان هەیە کە ئەوەش ناونیشانەکەیەتی www.odvcw.org.
 ئەنجوومەنی خاوەنی بەرنامەو پێڕەوە کە بەشێک لە ئامانجەکانی بە پێی پێڕەوەکە بریتین لە:
١ـ پشتوانی لە نەخۆشەکان، بەرکەوتووان و بازماندەکانی بۆمبارانی شیمیایی.
٢ـ پێک هێنانی سمیناری زانستی و کۆمەڵایەتی و پێک هێنانی بۆنەکان.
٣ـ کۆکردنەوەی یارمەتی وهاوکاری‌یەکان بە مەبەستی سوکنای ئازارەکان.
٤ـ هەوڵدان بە مەبەستی هێنانە دی مافەکانی بەرکەووتوان.
٥ـ کۆکردنەوەی زانیاری پێوەندیدار بە یاسا نێونەتەوەیی‌یەکان و خوێندنەوەی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکاری‌یەکان بۆ بەرکەوتووان.
٦ـ هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە ئاشتی لە جیهاندا و لە نێوبردنینی چەکە کۆکوژەکان.
ئەم ئەنجوومەنە بە هاوکاری خەڵکی شار ساڵانە یادی کیمابارانی سەردەشت بەرز دەکەنەوە و چەند ساڵ لەمەوبەر هەیئەتێکی ژاپۆنی کە لە هیرۆشیما را هاتبوون بۆ سەردەشت بەم مەبەستە لەسەردەشت یەکێک لە شەقامەکانیان ناو نا هیرۆشیما و لە هیرۆشیماش شەقامێکیان ناو نا سەردەشت.
سەرچاوەکان:
١ـ سایتی سەرچاوە (www.sercawe.com)
٢ـ وێبلاگی رێکخراوی لاوانی تیرۆژ کە ئێستا چالاک نیە
٣ـ سایتی ئەنجوومەنی بەرگری لە مافی قوربانیانی شیمیایی سەردەشت

*ئەم بابەتە لە گۆڤاری ''لاوان'' ژمارە ٤١ دا بڵاو بۆتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر