۱۳۹۴ اردیبهشت ۴, جمعه

سیستەمی سەرۆکایەتی‌و سیستەمی پەرلەمانی: کامیان گونجاوە بۆ کوردستان


سەرەتایەک 

لە رۆژی ٢٢/٨/٢٠٠٦ یەکەمین رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان خرایەبەردەستی هاوڵاتیان بۆ سەرنج‌و تێبینی‌ نوسین بەمەبەستی دەوڵەمەنترکردنی. دیارە بێجگە لە سەرنج‌و تێبینی، رەشنوسەکە رەخنەیەکی زۆریشی لەلایەن سیاسەتوانان‌و پارێزەران‌و پسپۆران‌و ئەکادیمییەکان‌و رۆژنامەوانان لێگیرا. رەخنە زۆرەکان مانای ئەوە نەبوون کە دەستورەکە هیچ خاڵی باشی تێدا نییە بەڵام رەشنوکە هەندێک ماددەو بڕگەو چەمک‌و پەیامی لەخۆگرتبوو کە جێگای هەڵوەستەکردن بوون‌و نەدەکرا بەسەریاندا تێپەڕین. سەرەڕای ئەمە، دەستورە رەشنوسەکە بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە لە هاوینی ٢٠٠٩ لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەردراو تێپەڕێندراو بوو بە پڕۆژە دەستور. بەپێی بڕیارو پێکهاتنەکانی پەرلەمان دەبوایە پڕۆژە دەستورکە لەلایەن خەڵکی هەرێمەوە دەنگی لەسەر بدرایە بۆئەوەی ببێت بە دەستورێکی هەمیشەیی. 
 د.شێرکۆ کرمانج


یەکێک لەو ماددە سەرەکییانەی کە مشتومڕێکی زۆری لەسەر کراوەو دەکرێت سیستەمی سیاسی/حوکمڕانی هەرێم بوو وەک ئەوەی لە دەستورەکە پێناسەی بۆ کراوە کە مەبەست لێی ئەوەیە بکرێت بە سیستەمی پەیڕەوکراو لە کوردستان لە دواڕۆژ، ئەمە ئەگەر نەڵێین کە هەر ئێستاکانی پێش دەنگ لەسەردانیش پەیڕەو لە سیستەمی سەرۆکایەتی دەکرێت. بەپێی پرۆژە دەستورییەکە کوردستان هەرێمێکە لەناو دەوڵەتی فیدرالی عێراق کە "سیستەمە سیاسییەکەی پەرلەمانی، کۆماری، دیموکراتییە". دیارە ئەوەی لە واقعدا ئێستا پراکتیز دەکریت یەکناگرێتەوە لەگەڵ پێناسەکە چونکە سیستەمی کۆماری/سەرۆکایەتی نەک پەرلەمانی لە کوردستان پەیڕەودەکرێت. هاوکات ئەوەی کە پێناسەش کراوە هەر هەڵەیە چونکە ئەو سیستەمەی کە مەبەستە لە پێناسەکە سیستەمی پەرلەمانی کۆماری نییە بەڵکو سیستەمی نیمچە-سەرۆکایەتییە/کۆماریییە، وەک لە ماددەکانی دیکەی دەستورەکە دەردەکەوێت.  
وتارو باسی دیکە زۆر نوسراوە لەسەر ئەم بابەتەو زۆربەیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە سیستەمی سه‌رۆكایه‌تی به‌كه‌ڵكی كۆمه‌ڵگای کوردستانیی نایه‌ت‌و پێشنیازی سیستەمی پەرلەمانی دەستوری دەکەن. لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین بە گەڕانەوە بۆ ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانەی لەسەر ئەزموونی گەلان‌و وڵاتانی دیکە ئەنجامدراون پەنجە لەسەر چەند بابەتێک دانێین. لەوانە، یەکەم، ناساندن‌و پێناسەی هەردوو مۆدێلە سیاسییەکە. دووەم، خاڵە بەهێزو لاوازەکانی هەردوو مۆدێلەکە‌. سێیەم، هەر بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکان هەوڵدەدەین کە پێشنیازی ئەو مۆدێلە بکەین کە بە گونجاوتر دەزانرێت بۆ ئەو وڵاتانەی وەک کوردستان کە تازەبوون بە دیموکراسی.

ناساندن‌و پێناسەی سیستەمی پەرلەمانی‌و سەرۆکایەتی
چەندین سیستەمی سیاسی بۆ حوکمڕانی لە جیهاندا هەیە، بەڵام مەبەستی ئەم بابەتە قسەکردنە تەنها لەسەر دوو مۆدێلە: پەرلەمانی (وەک بەریتانیا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا( لەگەڵ سەرۆکایەتی (وەک ئەمریکا). کە باس لە سەرۆکایەتی دەکەین مەبەستمان سیستەمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکانیشە (وەک فەرەنسا)، کە تێیاندا هەم سەرۆکێکی راستەخۆ هەڵبژێردراو هەیەو هەم سەرۆک وەزیرانێکی کاندیدکراو لەلایەن سەرۆک‌و دەنگپێدراو لەلایەن پەرلەمان. باس لە سیستەمی دیموکراسی تەوافیقی‌ ناکەین (وەک سویسرا). سیستەمە نادیموکراسییەکانیش لە باسەکە وەلانراون چونکە خەمی ئێمە ڕزگاربوون‌ یان ڕێگریکردنە لەم ئەزمونانە نەک کۆپیکردن‌و لاسایکردنەویان. 

سیستەمی پەرلەمانتاری مۆدێلێکی دیموکراسی حوکمکردنە کە تێیدا حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر/کابینە) شەرعیەت لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان/تەشریعی) وەردەگرێت‌و بەرپرسیشە لە بەرابەری، واتە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە نوێنەرایەتی گەل دەکات چاودێری‌و لێپێچینەوە لە حکومەت دەکات. لەم حاڵەتە حکومەت‌و پەرلەمان تێکئاڵاون‌و تەواوکەری یەکدین. لە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی سەرۆکی دەوڵەت (head of state) کەسێکی جیایە لە سەرۆکی حکومەت (prime minister). لەم جۆرە سیستەمەدا دەکرێت پاشا/ئیمپراتۆر یان حاکمێک ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت (هەرێم) ‌و رۆڵێکی تەشریفاتی وەربگرێت (وەک مالیزیا، بەریتانیا، سوید، یابان)، یان کەسێکی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە ببێت بە سەرۆک‌و ڕۆڵە تەشریفاتییەکە بگێڕێت (وەک ئێرلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا)، سەرۆک وەزیرانیش دەبێت بە سەرۆکی حکومەت. هەرچۆنێک بێت، لە سیستەمی پەرلەمانیدا حکومەت‌و پەرلەمان پشتبەیەکدی دەبەستن چونکە دەبێت حکومەت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە پشتیوانیلێبکرێت‌و دەشڕوخێت ئەگەر متمانەی لێوەربگرێتەوە، هاوکات حکومەت، زۆرجار بە هاوکاری لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە‌و دەتوانێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.

بەپێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانی، سیستەمی سەرۆکایەتی مۆدێلێکە لە حوکمڕانی کە تێیدا حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر) لەلایەن کەسێکەوە بەڕێوەدەچێت کە پێیدەگوترێت سەرۆک، ئەو کەسە هاوکات هەم سەرۆکی دەوڵەتە (head of state) هەم سەرۆکی حکومەتە (president). سەرۆک بەگشتی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا دەسەڵاتی جێبەجێکەر دەسەڵاتێکی جیایە لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان)‌. لەم سیستەمەدا پەرلەمان توانای چاودێری هەیە بەسەر سەرۆک بەڵام دەسەڵاتی لێپێچینەوەی نییە لە سەرۆک لە حالەتی زۆر دەگمەن نەبێت، وەک ئەوەی لە ئەمریکا پێیدەگوترێت تانەلێدان (impeachment)، وەک لێپێچینەوەکەی کۆنگرێسی ئەمریکی لە بیل کلینتن لەسەر پەیوەندی سێکسی سەرۆک لەگەڵ مۆنیکا لویسکی. لە سیستەمی سەرۆکایەتیدا سەرۆک‌و پەرلەمان هەر دەزگایەی لە ئاستی خۆی سەربەخۆیی خۆی هەیە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەم پەرلەمانتاران هەم سەرۆک راستەوخۆو بە جیا هەڵدەبژێردرێن، بۆیە هەردوولا شەرعیەتی خۆیان لە گەل وەرگرتووەو ئەمەش سەرچاوەی دەسەڵاتی هەردوولایەو هەرلایەنەش بەرنامەو مانداتی (mandate) خۆی هەیە. 

مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەندەی قسەکردنە لەسەر گونجاوی‌و نەگونجاوی ئەم دوو مۆدێلەی حکومڕانییە ئەوەندە قسەکردن نییە لەسەر بەراوردکردنی ئەم دوو سیستەمە بۆیە زیاتر قسە لەسەر جیاوازییەکان ناکەین‌‌و گرنگی بە ئەزمونی گەلانی دنیا دەدەین لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی سیستەمەکەو کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەی دیموکراسی هەم لەو وڵاتانەی ساڵانێکە پەیڕەو لە یەکێک لەو دوو مۆدێلە دەکەن هەم ئەو وڵاتانەش کە تازە چەند ساڵێکە یەکێک لەو سیستەمانەیان هەڵبژاردوە.
یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەم بابەتە توێژینەوەیەکە کە لەلایەن پرۆفیسۆر ئەلفرێد ستێپان (Alfred Stepan) کە پسپۆری بواری دیموکراتیزەکردنە لە زانکۆی کۆلۆمبیاو پرۆفیسۆر سیندی سکاچ (Cindy Skach) کە پسپۆرە لە بواری بەرواردکاریی دەستوریی لە زانکۆی هارڤەرد، ئەنجامدراوەو لە جۆرناڵی (World Politics) بڵاوکراوەتەوە.

دوابەدوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵات‌و رزگاربوونی کۆمەڵێک گەلانی ئەوروپای رۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی سیستەمە تۆتالیتارییەکان‌و دروستبوونی کۆمەڵێک دەوڵەتی نوێ، ئەم دوو پسپۆرە بەبنەما لەسەر ئەزمونی وڵاتانی دنیا بەراوردێکیان لەنێوان سیستەمی پەرلەمانتاریی‌و سەرۆکایەتیی ئەنجامدا. مەبەست لە توێژینەوەکەیان ڕێنمایکردنی ئەو وڵاتە تازەڕزگاربوو و تازەبەدیموکراسیبووانە بوو تاوەکو ئامۆژگاری نوخبەی سیاسی ئەو وڵاتانە بکەن داخۆ پەیڕەوکردنی کامە مۆدێل لەم دوو مۆدێلە زیاتر خزمەت بە گەلانی ئەو وڵاتانە دەکات‌و دەکرێت ببێت بە نمونە‌و مۆدێل بۆ گەلانی دیکە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان. بۆیە نرخی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی‌و نوخبەی سیاسی کوردستان بەتایبەتی، کە ئێستا لەسەروبەندی نوسینی دەستورن‌و لە خەمی هەڵبژرادن‌و دیاریکردنی سیستەمی حکومڕانین، بایەخێکی بێپایانی هەیە. 

ئەزمونی گەلان‌‌و وڵاتان چیمانپێدەڵێن
بە گەڕانەوە بۆ ئەزمونی گەلان‌و توێژینەوە بەراوردکارییەکان قسەوباسێک لەسەر گونجاوی‌و نەگونجاوی سیستەمی پەرلەمانی‌و سیستەمی سەرۆکایەتی دەکەین.

سیستەمی سیاسیی‌و فرەحیزبی
لەنێوان ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٩ تەنیا ٤٣ وڵاتی دیموکراسی لە جیهاندا هەبوون. سویسراو فینلەندی لێدەرچێت کە سیستەمەکانیان تێکەڵەیەکە لە سیستەمە باوەکان، ئەوە لەو ٤٣ وڵاتە ٣٤ وڵاتیان سیستەمی سیاسییان پەرلەمانی دیموکراسی‌و دووانیان نیمچە-سەرۆکایەتی‌ دیموکراسی بوون‌و ٥ وڵاتیشیان تەواو سەرۆکایەتی دیموکراسی بوون. لە ٣٤ وڵاتە پەرلەمانییە دیموکراسییەکەدا ١١ وڵاتیان لەنێوان ٣ تا ١١ حیزبی سیاسیی چالاکانە کاری سیاسییان ئەنجامدەدا. لە دوو وڵاتە نیمچە-سەرۆکایەتییە دیموکراسییەکەدا تەنیا ٣ تا ٤ حیزبی سیاسیی لە کۆمەڵگەکانیاندا چالاکبوون. کەچی لە وڵاتە تەواو سەرۆکایەتییەکاندا تەنیا ٢ یان ٣ حیزبی سیاسی لە پێشبڕکێدابوون لە کایە سیاسییەکان. 
ئەم زانیاریانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستەمی پەرلەمانیی دیموکراسی جێکەوتە زۆر زیاتر لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان‌و، تا ڕادەیەکیش لە سیستەمە نیمچە-سەرۆکایەتیەکان، فرەحیزبی بەرهەمدێنن. هاوکات ئەمە ئەوەشی لێدەکەوێتە کە لە سیستەمە پەرلەمانییەکان شانسی حیزبە بچوکەکان زیاترە لە بەشداریکردن لە پەرلەمان‌و نوێنەرایەتیکردنی گروپە کۆمەڵایەتییە بچوکەکان. بە واتایەکی دیکە، سیستەمە پەرلەمانییەکان چاکتر نوێنەرایەتی گروپە جیاجیاکان دەکات بە زۆرینەو کەمینەوە. لە سیستەمە پەرلەمانییەکان شانسی پێکهێنانی حکومەتی ئیئتیلافی زیاترە چونکە زۆربوونی حیزبەکان بەگشتی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە حیزبێک نەتوانێت زۆرینەی دەنگەکان مسۆگەربکات. 
بۆ کوردستان ئەمە بەو مانایە دێتەوە کە حیزبە بچوک‌و گروپە نەتەوەیی‌و ئایینییە بچوکەکان ناکەونە ژێرپێی هێزە گەورەکان‌. 

بەگشتیش ئەم داتایانە ئەوەمان پێدەڵێن کە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی فرەڕەنگی‌ زیاتر قەبوڵدەکات ئەمەش بۆ کۆمەڵگەیەکی فرەکەلتور‌و فرەنەتەوەو فرەئاراستە گونجاوترە لە سیستەمی سەرۆکایەتی یان نیمچە-سەرۆکایەتی کە زیاتر حیزبە گەورەکان جێگەیان دەبێتەوە. 
لەپاڵئەمانەدا توێژینەوەکانی ستێپان‌و سکاچ ئەوەش دەردەخەن کە شانسی ژێر-کورتهێنانی (underachiever) سیستەمە سەرۆکایەتییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ جار زیاترە لە سیستەمە پەرلەمانییەکان. هاوکات، شانسی بان-سەرکەوتنی (overachiever) سیستەمە پەرلەمانییەکان لە گەیشتن بە دیموکراسی ١.٨ جار زیاترە لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان. 
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر کوردستانیان مۆدێلی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن ئەوا شانسیان لەگەیشتن بە دیموکراسی ٣.٤ کەمدەبێتەوەو ئەگەریش سیستەمی پەرلەمانی هەڵبژێرن ١.٨ شانسیان زیاددەکات. دیارە ئەم ژمارانە نابێت بە رەهایی وەربگیرێن چونکە گۆڕاوەکان (variables) لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێن بەڵام دەکرێت وەک نیشاندەرێک وەربگیردرێن.
سیستەمی سیاسیی‌و بەدیموکراسی مانەوە
ئەوەی لەسەرەوە لە پەیوەند بە پرسی فرەحیزبی‌و سیستەمی حوکم قسەی لەسەر کرا زیاتر ئەو ٢٤ وڵاتە دەگرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ئەندام بوون لە رێکخراوی هاوکاریی‌و گەشەی ئابوری (OECD) کە وڵاتەکانیان ناسراون بە سەقامگیریی سیاسی‌و گەشەی ئابوری‌و تەمەنی دیموکراسیی‌ تێیاندا درێژەو نەریت‌و کەلتوری دیموکراسیش لەوێدا جێکەوتووە. بۆیە بۆئەوەی داتاکان‌و ئەنجامەکان نزیکبن لە بارودۆخی وڵاتانی تازەگەیشتو بە دیموکراسی، ئەوا ستێپان‌و سکاچ هەڵسەنگاندنێکیان بۆ رێژەو رادەی گەشەی ئابوری‌و سەقامگیری سیاسی بۆ ئەو وڵاتانەکرد کە تەمەنی بەدیموکراسیبوونیان کەمترە لە وڵاتانی (OECD). 
لەنێوان ساڵانی ١٩٧٣ تا ١٩٨٩ بەدەر لە وڵاتانی (OECD) ئەوە ٥٣ وڵاتی دیکە بەشێوەیەک لە شێوەکان دیموراسییان ئەزمونکردوە. لەو ٥٣ وڵاتە ٢٨ وڵاتیان سیستەمی پەرلەمانییان هەڵبژاردبوو، ٢٨ وڵاتیشیان سیستەمی سەرۆکایەتیی‌و هیچیان نیمچە-سەرۆکایەتییان هەڵنەبژاردبوو. لەو وڵاتانەی کە سیستەمی سەرۆکایەتییان هەڵبژاردبوو تەنیا ٥ وڵاتیان، واتە ٢٠%، توانیان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەدوای یەک بە دیموکراسی بمێننەوە. مەبەست لەم دە ساڵە لە کاتی پەیڕەوکردنی سیستەمەکەیە تا ساڵی ١٩٨٩ کە ستیپان‌و سکاچ چاودێری وڵاتەکانیان لەم ماوەیەدا کردبوو لە پەیڕەوکردن یان هەڵگەڕانەوە لە دیموکراسی. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە لەو وڵاتانەی سیستەمی پەرلەمانییان وەک مۆدێلێک بۆ خۆبەڕێوەبردن هەڵبژاردبووو ئەوا ٢٨ وڵاتیان، واتە ٦١%، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە دوای یەک بە دیموکراسی مابوونەوە. 
بەپێی ئەم داتایانەش رێژەی بەردەوامبوون‌ لە پەیڕەوکردنی دیموکراسییەت لە سیستەمە پەرلەمانییەکان ٣ جار زیاترە لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان.
سیستەمی سیاسیی‌و دیموکراسییە ساواکان
بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەو وڵاتانە کراوە، کە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥ تا ١٩٧٩ لەژێر نیری کۆڵۆنیالیزم رزگاریانبووە، ئەوا دوای سەربەخۆییان ٤١ وڵاتیان پەیڕەویان لە سیستەمی پەرلەمانیی کردوەو ٣٦ وڵات سیستەمی سەرۆکایەتی‌و ٣ وڵات نیمچە-سەرۆکایەتی‌و ١٣ وڵاتیش وەک پاشایەتی بەڕێوەدەچوون. جێگای سەرنجە تا نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو لەو ٥٢ وڵاتەی کە سیستەمی سەرۆکایەتی یان نیمچە-سەرۆکایەتی یان پاشایەتیان هەڵبژاردبوو تەنانەت یەک وڵاتیشیان دوای سەربەخۆیی نەبوون بە وڵاتی دیموکراسی. کەچی لەبەرابەر ئەمەدا لەو ٤١ وڵاتەی کە سیستەمی پەرلەمانییان هەڵبژارد ئەوا ١٥ وڵاتیان، واتە ٣٦%، لە سەرەتای نەوەتەکانەوە بە فعلی بوون بە وڵاتی دیموکراسی‌و لە دوای ڕزگارییەوە پەیڕەو و پراکتیزی دیموکرسی دەکەن‌. 
لە پەیوەند بە هەمان پرس‌و بارودۆخ خاڵێکی دیکە گرنگ‌و جێگای هەڵوەستەیە. ئەویش ئەوەیە، لەو ٩٣ وڵاتەی کە لە ژێردەستی هێزە کۆڵۆنیالەکان ڕزگاریانبوو ٥٠ وڵاتیان کۆڵۆنی، واتە ژێردەستی، بەریتانیا بوون. لەو ٥٠ وڵاتە، دوای رزگاری، ٣٤ وڵاتیان سیستەمی پەرلەمانیان هەڵبژارد. لەو ٣٤ وڵاتە ١٣ وڵاتیان، واتە ٣٤%، بوون بە وڵاتی دیموکراسی سەقامگیر. هاوکات، لە ٥٠ کۆلۆنییەکەی بەریتانیا دوای سەربەخۆی ٥ وڵاتیان سیستەمی سەرۆکایەتیان هەڵبژاردو ١١ وڵاتیشیان پەیڕەویان لە سیستەمی پاشایەتی کرد، لەم ١٦ وڵاتەی سیستەمی سەرۆکایەتیی یان پاشایەتییان هەڵبژارد تاقە یەک وڵاتیشیان لە نەوەتەکان نەبوون بە وڵاتێکی دیموکراسی!
لەمەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەزموونی وڵاتانی پۆست-کۆلۆنیال بە زەقی‌و بە رونی پێماندەڵێت کە سیستەمی پەرلەمانی مەرج نیە بۆ هەنگاونان یان بوون بە دیموکراسی بەڵام بە بەراورد لەگەڵ سیستەمی سەرۆکایەتی ئەگەرو شانسی گەشەکردنی سیستەمە پەرلەمانییەکان بەرەو دیموکراسی ئێجگار زیاترە لە باقی سیستەمەکانی دیکە بەتایبەتی سیستەمی سەرۆکایەتی.

سیستەمی سیاسیی‌و کودەتای سەربازی
هەر بەپێی توێژینەوەکانی ستیپان‌و سکاچ ئەگەری کودەتای سەربازی لەو وڵاتانەی کە سیستەمی سەرۆکایەتییان هەڵبژاردبوو ٢ بار زیاتر بوو لەو وڵاتانەی سیستەمی پەرلەمانیان پەیڕەودەکرد. 
لە سیستەمە پەرلەمانییەکان کودەتا دەبێت لە دژی پەرلەمان بکرێت چونکە پەرلەمان گەورەترین دەزگایە لەو جۆرە سیستەمانە، ئەمەش ئەگەری سەرکەوتنی کودەتا یان جورئەتی کودەتاکردن کەمدەکاتەوە. بەڵام لە سیستەمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی دەسەڵاتەکان زۆربەی لە سەرۆک کۆکراوەتەوە بۆیە ئەگەرو شانسی سەرکەوتنی کودەتا بە کوشتنی یان ولانانی سەرۆک زۆر زیاترە لە سیستەمی پەرلەمانی ئەمەش جورئەتی کودەتاچییەکان زیاتردەکات. 
هۆیەکی دیکەش هەیە کە ئەگەرەکانی کودەتا لە سیستەمە پەرلەمانییەکان کەمتردەکات ئەویش ئەوەیە لە سیستەمە پەرلەمانییەکان میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر)‌‌ لەگەڵ پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان) چاکترەو پێشئەوەی بگاتە بنبەست دەکرێت یەکلایبکرێنەوە. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ: یەکەم، لە سیستەمی پەرلەمانی حکومەت ناکرێت پێکبهێنرێت تاوەکو پشتیوانی زۆرینە لە پەرلەمان مسۆگەرنەکات؛ دووەم، ئەو حکومەتەی کە متمانەی پەرلەمان لەدەستدەدات دەکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە لە ڕێگەی دەنگدانەوە لە پەرلەمان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان ڕوودەدات لە قەبەکردنی دەزگا ئەمنی‌و سەربازییەکان لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکەیدا لەگەڵ بەرزکردنەوەی مەقامی کەسە سەربازییەکان ترس‌و ئەگەری کودەتای سەربازی لە کوردستانیش زیاددەکات.

سیستەمی سیاسیی‌و پێکدادانی دەسەڵاتەکان
کێشەیەک هەیە زیاتر رووبەرڕووی سیستەمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکان، وەک ئەوەی لە کوردستان خەریکە بچەسپێت، دەبێتەوە، ئەویش کێشەی پێکدادانی دەسەڵاتەکانی سەرۆک‌و سەرۆک وەزیرانە، ئەو کێشەیە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێت (cohabitation)، واتە پێکەوەهەڵکردن. کێشەکە کاتێک دێتەپێش کە لە هەڵبژاردنەکان سەرۆکێک هەڵببژێردرێت‌ لە حیزبێک/لایەنێک بێت کە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنابێت. بۆنمونە، لە هەڵبژاردنێک لە کوردستان کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستی سەرۆکی هەرێم بباتەوەو زۆرینەی پەرلەمانیش گۆڕان یان یەكێتیی بیباتەوە. ئەوکات بە حوکمی ئەوەی گۆڕان، یان یەکێتیی، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بردۆتەوە ئەوە گۆڕان، یان یەکێتیی، مافی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی دەبێت. لەم حالەتەدا سەرۆک هەر بڕیارێک بدات لەوانەیە سەرۆک وەزیران وەک بەرپرسی یەکەم لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئەوا بڕیارەکە جێبەجێنەکات، چونکە لەوانەیە پێچەوانەی سیاسات‌و تێگەیشتنەکانی گۆڕان، یان یەکێتیی، بێت. لە هەمانکاتدا دەکرێت پەرلەمان یاسایەک دەربکات کە لەگەڵ سیاسەتەکانی گۆڕان، یان یەکێتیی، بێتەوە بەڵام سەرۆک ڤیتۆی بکات. ئا ئەم پێکدادانەی دەسەڵاتەکان لە سیستەمە نیمچە-سەرۆکایەتییەکان دێتەپێش تەنگژەئامێزەو پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا زۆرجار بەچەقبەستویی دەگەیەنێت. 

دیارە ئەم دیاردەیە لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکانیش دێتە پێش وەک ئەوەی دوو ساڵ پێش ئێستا لە ئەمریکا هاتەپێش کە سەرۆک لە دیموکراتەکان بوو بەڵام کۆمارییەکان زۆرینە بوون لە کۆنگرێس. ئەم کێشانە لە سیستەمە پەرلەمانییەکان زۆر کەمتر دێنەپێش مەگەر زۆرینەی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی سێنەتەکان جیابێت، واتە لە ئەنجومەنی نوێنەران حیزبێک زۆرینە بێت‌و لە ئەنجومەنی سێنەتیش حیزبێکی دیکە. ئەم حالەتە دەگمەن نییە بەڵام کەمتر دێتەپێش.
بۆیە بۆ وڵاتێکی وەک کوردستان کە تواناکانی دانوسان‌و پێکەوژیانی حزبی لەسەرەتاکانییەتی خۆوەدورگرتن لە سیستەمە کێشەئامێزەکان کارێکی حەکیمانەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە چەند خۆ لە سیستەمی سەرۆکایەتی‌و نیمچە-سەرۆکایەتی وەدوربگرین ئەوەندە کێشەکان‌و پێکدادانی دەسەڵاتەکان کەمتر دەبنەوەو کارەکانی حکومەت ئاسانتر مەیسەردەبن. ئەمەش لە قازانجی هاوڵاتیانە.
شوێنی ئۆپۆزسیۆن‌ و جۆری سیستەمی سیاسیی
پرسێکی دیکەی گرنگ لە پەیوەند بە جۆری سیستەمی سیاسیی‌و کاریگەری لەسەر گەشەی دیموکراسی لە وڵاتە تازە-بەدیموکراسیبووەکان، وەک کوردستان، پرسی جێکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنە لە سیستەمی سیاسیی وڵاتەکە. 
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی سستی گەشەی دیموکراسی لە وڵاتە تازە-بەدیموکراسیبووەکان نەبوونی چوارچێوەیەکی دامودەزگایی-یاسایی‌و دابونەریتی-سیاسییە کە جێگەوڕێگەی کاری ئۆپۆزسیۆن لەناو سیستەمە سیاسییەکە رێکبخات. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە داخۆ کامە جۆر لە سیستەمی سیاسی، پەرلەمانیی یان سەرۆکایەتیی، چاکترو زیاتر رێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆن لەناو سیستەمە سیاسییەکەدا دەدات. 

لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بوونی ئۆپۆزسیۆن بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی گەشەی دیموکراسی‌و لێپرسینەوە لە دەسەڵات دادەنرێت. لەڕاستیدا بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز زامنکەری هەرە سەرەکی راستەڕێکردنی حکومەتە، ئەویش بە ئیلزامکردنی حکومەت بە جێبەجێکردنی ئەو پەیمانانەی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن بە خەڵکیان دەدات‌و لێپێچینەوەش لە بڕیارەکان‌و نیشاندانی لایەنە شاردراوەو نێگەتیڤەکانی بەرنامەو بڕیارەکانی حکومەت. بۆیە ئەو سیستەمەی کە فەزاکانی کاری ئۆپۆزسیۆن واڵاتردەکات چاکتر خزمەت بە گەشەو سەقامگیری دیموکراسی دەکات‌‌. لەبەرئەوە لەکاتی هەڵبژاردنی سیستەمی حکومڕانیدا دەبێت بەهەند وەربگیردرێت. 
بەشی هەرە زۆری توێژەرو ئەکادیمییەکانی جیهان لەو باوەڕەن کە بەڵگەی زۆر لەبەردەستدان پشتیوانی لەو ئارگیومێنتە تیورییە دەکات کە پێیوایە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی فەزاکانی ئازادی بەرفراوانتر دەکات‌و کارئاسانی بۆ وەلانانی ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی‌‌و ئابوریانە دەکات کە بوونەتە کۆسپ لەبەردەم دیموکراسییە تازەپێگەیشتووەکان (وەک کوردستان) ‌.  
لوجە هێلمس (Ludger Helms)، کە  پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی ئینسبروک (Innsbruck) لە نەمسا، لە توێژینەوەیەک کە لە جۆرناڵی (Government and Opposition) لە ٢٠٠٤ بڵاویکردۆتەوە، هاوشێوەی ستێپان‌و سکاچ باس لەوەدەکات کە بەگشتی ئەکادیمی‌و توێژەرەکان لەو باوەڕدان کە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی باشتر لە سیستەمی سەرۆکایەتی جێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆن دەدەن‌. ئەویش پێیوایە ئۆپۆزسیۆن لە سیستەمی پەرلەمانی چاکتر دەتوانێت بەکارەکانی خۆی لە چاودێریکردنی حکومەت‌و جێگیرکردنی دیموکراسییەت‌و شەفافییەت‌و لێپرسینەوە هەڵبستێت. لێرە باس لەوە دەکەین کە بۆ لە سیستەمی پەرلەمانیی، بەبەراورد بە سەرۆکایەتیی، ئۆپۆزسیۆن کاراترو راحەتتر دەتوانێت ئەرک‌و کارەکانی مەیسەر بکات. 
لە سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە لە سیستەمە پەرلەمانییەکان، بەتایبەتی ئەو سیستەمانەی لەسەر بنەمای سیستەمی وێستمینیستەر (Westminster) دامەزراوان (وەک بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، مالیزیا) ئەوا ئۆپۆزسیۆن بەرەسمی دانیپێنراوەو لەناو پەرلەمان‌و لە دەرەوەی پەرلەماندا بە فەرمی ئەرک‌و کارەکانی خۆی ئەنجامدەدات. 
ئەم بە فەرمی ناسینە بۆتە مایەی ئەوەی کە لە زۆربەی سیستەمە پەرلەمانییەکان ئۆپۆزسیۆن حکومەتی سێبەر پێکبهێنێت. حکومەتێک کە وەک جێگرەوەی حکومەتەکەی دەسەڵات دەبینرێت‌. بوونی حکومەتێکی سێبەری دانپێنراو لە زۆر رووەوە گرنگی هەیە بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە حکومەتەکەی دەسەڵات ئینتیباعێکی لادروست دەبێت کە جێگرەوەی هەیە بۆیە ئەوپەڕی هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان. هاوکات خەڵکیش‌/دەنگدەرانیش ئەو هەستەیان لادروستدەبێت کە حکومەتەکەی رۆژ ئەزەلی نییەو ئەوان دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتودا دەنگ بە حکومەتەکەی دیکە بدەن کە خۆی لە سێبەردا وەک بەدیلی حکومەت نیشاندەدات.  

ئامادەیی‌ ئەو هەموو هەلە لەبەردەست هاوڵاتیاندا کە لە سیستەمە پەرلەمانییەکان بوونیان هەیە لە سیستەمی سەرۆکایەتی بوونی نییە. خەڵک/دەنگدەران لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان (بۆ نمونە: ئەمریکا) تەنیا چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان دەزانن کە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆکایەتی کێیە. لەوەش خراپتر تا دوای هەڵبژاردنەکان نازانن داخۆ کابینەی حوکم لە کێ پێکدێت چونکە سەرۆک دوای هەڵبژاردن ئیختیاری ئەندامانی کابینە دەکات، کەچی، وەک گوتمان، لە سیستەمی پەرلەمانی هاوڵاتی بەردەوام دەزانێت کە کێ لە هەڵبژاردنی داهاتو دەبێت بە سەرۆک وەزیران‌. سەرۆک وەزیرانی چاوەڕوانکراو (سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن) دەبێت بەردەوام لەبەرابەر پۆستی هەر وەزیرێک پێش هەڵبژاردنەکان‌و دوای هەڵبژاردنەکان بەردەوام ئەندامانی کابینە چاوەڕوانکراوەکەی لە حکومەتەکەی سێبەردا دەستنیشانکردبێت. 
بێجگە لەمە بوونی حکومەتی سێبەر وەک قوتابخانەیەک وایە بۆ ئەزمون وەرگرتنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن نەک تەنیا وەک سیاستەوان‌و پەرلەمانتارێک بەڵکو وەک دەوڵەتدار (statesman). لەوەش گرنگتر خەڵک حکومەتە بەدیلەکە پێش هەڵبژاردن دەناسن بۆیە دەزانن داخۆ ئەم حکومەتی سێبەرە شایستەی ئەوەیە دەنگی پێبدرێت یان مانەوەو هێشتنەوەی حکومەتی دەسەڵات باشترە. ئەمەش بژاردە/ئیختیار لەبەردەم هاوڵاتیان زیاددەکات. وەزیرەکانی حکومەتی سێبەر کۆمەڵێک تواناو کارامەیی لە قۆناغی لە سێبەربووندا فێردەبن کە زۆر بەكەڵک دەبن  بۆ ئەو کاتانەی کە دێنە دەسەڵات. ئەمەش وادەکات کە حکومەتە نوێیە پێکهاتووەکە بە کۆمەڵێک ئەزموونەوە بچێتە سەرکار نەک وەک ئەوەی لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکاندا پەیڕەودەکرێت چونکە لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان حکومەتی سێبەر بوونی نییە. ئەمەش بۆ ئەو عەقڵییەتە دەگەڕێتەوە کە سەرۆک لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان لە هەموو دەسەڵاتێک باڵاترەو کەس ناتوانێت ببێتە رکابەری یان سێبەری.

لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان‌و نیمچە سەرۆکایەتییەکان بە پێچەوانەی سیستەمە پەرلەمانییەکان پەرلەمان نەبۆتە سەنتەری سیستەمی سیاسی‌و بڕیار‌و گفتۆگۆ بەڵكو ئەوە سەرۆکایەتییە کە هەم چاوی میدیا هەم هاوڵاتیانی لەسەرە. لە دەزگای سەرۆکایەتیش ئۆپۆزسیۆن غایبە چونکە دەزگای سەرۆکایەتی تەنیا لەلایەن حیزب یان ئیئتیلافی دەسەڵاتبەدەستەوە پێکهاتووەو بەڕێوەدەچێت. ئەم حالەتە زۆرجار ئۆپۆزسیۆن توشی بێئومێدی دەکات‌و هەندێکجار وایلێدەکات دەست بۆ ناڕەزایی لەدەرەوەی سیستەمی سیاسی ببات ئەمەش زۆرجار کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە، وەک لێکترازانی نیشتیمانی. 
لە سیستەمە پەرلەمانییەکان سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بێجگە لە موچەی خۆی وەک ئەندام پەرلەمان ئەوا بە حوکمی مەقامی وەک سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بودجەی تایبەتیشی بۆ تەرخاندەکرێت. لە پاڵ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن ئەندامانی حکومەتی سێبەریش بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخاندەکرێت کە بەگشتی خۆی لە بوونی نوسینگەی تایبەتی‌و دابیینکردنی چەند فەرمانبەرێک کە یارمەتی سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن‌و حکومەتی سێبەر دەدەن لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بەتایبەتی کاری بەدواداچوون‌و لێکۆڵینەوەو توێژینەوە.  

لە سیستەمە پەرلەمانییەکان نەریتێک هەیە کە پێیدەگوترێت کاتی پرسیار (question time). راستە ئەم نەریتە بەپێی دەستور لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان رەتنەکراوەتەوە بەڵام ئەزمونی گەلان ئەوەمان پێدەڵێن کە تا ئێستا لە هیچ وڵاتێک سەرۆک بانگهێشتی پەرلەمان نەکراوە بۆ لێپرسینەوە لە کارو ئەرک‌و بڕیارەکانی. ئەزمونی کوردستانیش تا ئێستا هەمان شتمان پێدەڵێت. بەپێچەوانەی ئەمە لە سیستەمە پەرلەمانییەکان هەم سەرۆک وەزیران هەم وەزیرەکان هەموو هەفتەیەک، لەو هەفتانەی کە پەرلەمان تێیاندا دادەنیشێت، چەندین سەعات تەرخانکراوە بۆ کاتی پرسیار. کاتی دیاریکراو بۆ کاتی پرسیار لە سیستەمێکی پەرلەمانی بۆ سیستەمێکی پەرلەمانیی دەگۆڕێت بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەو وڵاتانەی کە پەیڕەوی سیستەمەکە دەکەن هەفتانە، ئەگەر نەڵێین رۆژانە، کاتیان تەرخانکردوە هەم بۆ ئۆپۆزسیۆن هەم بۆ ئەندامانی دیکەی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە سیاسەتەکانی حکومەت، ئەویش بە پرسیارکردن لە سەرۆک وەزیران‌و وەزیرەکان. 

شتێکی دیکە کە لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا بووە بە نەریت ئەویش تەرخانکردنی کاتی یەکسانە لە میدیاکانی دەوڵەت. بۆنمونە بەپێی چارتەری دەزگای بی بی سی، کە میدیایەکی دەوڵەتییە لە بەریتانیا، هەم لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن هەم لەکاتی بانگەشەکردن یان رەخنەگرتن لە سیاسەتێک یان بڕیارێک یان بەرنامەیەکی حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن دەبێت هەردوولایەن یەکسانانەو بێلایەنانە لە بی بی سی کاتیان بۆ تەرخانبکرێت. دیارە بە گشتی یان پارتی کرێکاران یان پارتی پارێزگاران لە بەریتانیا لەسەر حوکمن بۆیە کاتی دیاریکراو بۆ حزبەکانی دیکەی پەرلەمان، وەک پارتی لیبرالەکان، بەپێی سەنگیان لە پەرلەمان لە میدیای حکومی بۆ تەرخانکراوە. 
ئەم نەریتە لەوانەیە لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکانیش تا ڕادەیەک ڕەچاوبکرێت بەڵام لە سیستەمە پەرلەمانییەکان بووە بە نەریتێکی سیاسی‌و بەپێی ڕێنماییەکان ڕێکخراوە کە خزمەتێکی گرنگ بە پرسی گەیشتنی دەنگی لایەنەکان بە هاوڵاتیان بە یەکسانی دەکات. ئەمەش خزمەتێکی گەورە بە دیموکراسی دەکات، چونکە دیموکراسی ناکرێت‌و نابێت تەنیا لە دەنگداندا قەتیسبکرێت.  

سیستەمە پەرلەمانییەکان بە حوکمی ئەوەی کە پەرلەمانیان کردوە بە سەنتەری هەموو جموجۆڵەکانی حکومەت‌و ئۆپۆزسیۆن، هەروەها لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە سیستەمە پەرلەمانییەکان بە فەرمی دانیپێنراوەو لەناو پەرلەماندا مافی زیاتری پێدراوە، بۆیە لەم سیستەمە فەزای ململانێ لەنێوان حیزبەکان کراوەترە. لە راستیدا لە سیستەمە پەرلەمانییەکانی وەک بەریتانیا‌و ئوسترالیا پەرلەمان سەنتەری هەم یاسادانان هەم بڕیاردانە چونکە وەزیرەکان‌و وەزیرەکانی سێبەر هاوکات وەزیر یان وەزیری سێبەرو  ئەندامی پەرلەمانیشن. ئەم خسڵەتەی سیستەمە پەرلەمانییەکان گرنگییەکەی لەوەدایە کە بڕیاری گەلێک ناکەوێتە دەست تاکە سەرۆکێکی هەڵبژێردراو وەک ئەوەی لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان بەدیدەکرێت. ئەمەش خسڵەتی دەستەجەمعی لە بڕیاردان دەبەخشێت بە سیستەمە پەرلەمانییەکان لەبەرابەر بڕیاردانی تاکڕەوانە کە خسڵەتێکی سیستەمە سەرۆکایەتییەکانە. 
راستی ئەمەی سەرەوە لەوەدایە کە کوتلەی پەرلەمانی حیزبی دەسەڵاتدار لە سیستەمە پەرلەمانییەکان دەتوانن سەرۆک وەزیران بگۆڕن‌و یەکێکی دیکەی لە جێگەی دانێن بەڵام سەرۆک لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان لەبەرئەوەی شەرعیەتی راستەوخۆ لە خەڵک وەرگرتوە بۆیە هیچ دەسەڵاتێک نەدەتوانێت لێبپرسینەوەی لەگەڵدا بکات نە هیچ کەس‌و دەزگایەکیش دەتوانێت لایببات. سەرۆکی هەڵبژێردراو مەگەر خیانەت بکات‌و ئاشکراببێت یان توشی نەخۆشی نەفسی بێت دەنا هەرچەند ناکاراو تاکڕەو بێت ئەوا بۆ چوار ساڵ حکومی خۆی دەکات‌و هاوڵاتیان‌و پەرلەمانیش‌ ناچارن تا کاتی هەڵبژاردنی داهاتوو چاوەڕێبکەن ئەگەر بیر لە لابردنی بکەنەوە. 

لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان‌و نیمچە سەرۆکایەتییەکاندا ئۆپۆزسیۆن نە وەک سیستەمە پەرلەمانییەکەی ئەڵمانیا کە ئۆپۆزسیۆن لە دانانی کارنامەی پەرلەمانی (parliamentary agenda) رۆڵی هەیە، نە وەک سیستەمە پەرلەمانییەکەی بەریتانیا، کە ئۆپۆزسیۆن رۆژانی ئۆپۆزسیۆن (opposition days) هەیە، مافی هەیە. غیابی رۆژانی ئۆپۆزسیۆن یان نەبوونی رۆڵ لە دانانی کارنامەی پەرلەمانی بوونی ئۆپۆزسیۆن لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان دەکات بە بوونێکی کارتۆنی‌. ئەمەش دژایەتی دەکات لەگەڵ پرنسیپە دیموکراسییەکان. بۆیە دەبینین لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکان هەندێکجار تەنانەت حیزبە کەمینەکان مافی پێشنیازکردنی پرۆژە یاساشیان نییە. 
لەژێر رۆشنایی ئەم قسەوباسانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە سیستەمی پەرلەمانی باوەشی زۆر ئاواڵاترە لە سیستەمی سەرۆکایەتیی بۆ ئۆپۆزسیۆن ئەمەش هەم سەقامگیری سیاسی زامنتردەکات هەم ئاسانکاری بۆ گەشەی دیموکراسی دەکات.

سیستەمی سیاسیی‌و تەنگژەی سیاسیی
تەواو پێچەوانەی سیستەمە پەرلەمانییەکان، سیستەمە سەرۆکایەتییەکان تەواو تەنگژەئامێزن‌، وەک ئەو کێشە بەردەوامانەی ئۆباما لەگەڵ کۆنگرێس (پەرلەمان)دا هەیەتی. کێشەکانی نێوان سەرۆک لەگەڵ پەرلەماندا سەرچاوەکەی لەوەگرتوە کە هەردوولایان بە جیاو راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن‌. ئەوەی کێشەکان زیاتر قوڵدەکاتەوە ئەوەیە کە هەردوولا، سەرۆک‌و پەرلەمان/کۆنگرێس، بەرنامەو پلان‌و سیاسات‌و مانداتای (mandates) جیاو زۆرجار ناکۆک بەیەکیان پێیە. بۆیە سەرۆک زۆرجار بێئومێدو بێزاردەبێت لە پرۆسەی سیاسی‌. دیسانەوە وەک ئەو کێشانەی کە ئۆباما لە پرسی بیمەی تەندروستی‌و یاساکانی چەکداماڵین هاتە پێشی‌و دێتەپێشی نمونەی پشتڕاستکەرەوەن. ئا لەوکاتانە سەرۆک لەوانەیە بێگوێدانە پەرلەمان بڕیاری وا بدات کە هێزی یاسایان هەبێت، وەک ئەوەی لە ئینگلیزی پێیدەگوترێت (rule by decree-law).

لادانی سەرۆک لە سیستەمی سەرۆکایەتیی نزیک بە نەکردەیە (موستەحیلە)، تەنانەت ئەگەر سەرۆک دوای هەڵبژاردنەکان هیچ پشتیوانییەکی جەماوەری یان پەرلەمانی نەبێت یان ئەوەتا کارێکی نادەستوری ئەنجامبدات، چونکە سەرۆک شەرعیەتی لە خەڵک وەرگرتوە بۆیە پەرلەمان ناتوانێت لەسەر کار لایدات یان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات، وەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد مەگەر لە حالەتی تانەلێدان (impeachment). ئەویش زۆرینەیەکی ڕەهای دەوێت بۆیە تاوانبارکردنی سەرۆک یان متمانە لێسەندنەوەی نزیک بە نەکردەیە، وەک لە کەیسی بیل کلینتن‌و مۆنیکا دیمان کە سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی تەواو بەدەستەوەبوو کە کلینتن لەگەڵ مۆنیکا لەناو کۆشکی سپی کاری سێکسی ئەنجامدابوو کەچی کۆنگرێس نەیتوانی متمانەی لێبستێنێتەوە.

ئەمە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پەرلەمان‌و سەرۆک لە سیستەمە سەرۆکایەتییەکەیاندا ئاوا سەخت بێت دەبێت لە هەرێمێکی وەک کوردستان ئەم کێشەیە چەند ئاستەم بێت. لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکان‌و گەیشتنیان بە ئاستی تەنگژە، وەک ئاماژەی پێکرا، ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە کە هەم سەرۆک یان ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ هێزە سەربازییەکان ببەن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، یان هێزە سەربازییەکان خۆیان لە پرسەکە هەڵقورتێنن‌و سەرۆک لابدەن‌و پەرلەمان هەڵبوەشێننەوەو کودەتا بکەن.
بەبنەما لەسەر ئەو لۆجیکەی کە سیستەمە سەرۆکایەتییەکانی لەسەر دامەزراوە بەگشتی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو بۆ ماوەیەکی دیارکراویان هەیە. بۆیە لۆجیکی سەرۆکایەتی مەیلی بەوەدایە کە سەرۆکێک بەرهەمبێنێت کە بەردەوام لەگەڵ پەرلەمان‌و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەو بەگژیەکداچوونەوە بێت. بەگشتیش هەردولا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان شەرعییەتییان لە خەڵک وەرگرتووە بۆیە ئامادەنین گوێڕایەڵی لە گروپ‌و رێکخراوە بەرگریکەرەکان لە مافەکانی کەمینەکان، چ کەمینەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی بن یان کەمینەی نەتەوەیی‌و ئایینی. ئەم دیاردەیە بە زەقی لە کوردستان لەسەروبەندی ناڕەزاییەکان لەسەر پرۆژەی دەستورو  یاسای خۆپیشاندان بەدیدەکران. 

ئەم کێشانەی لە پەیوەند بە سیستەمی سەرۆکایەتی لەسەرەوە باسیانلێکرا زۆر کەمتر ڕووبەرڕووی سەرۆکی حکومەت‌و پەرلەمان لە سیستەمە پەرلەمانییەکان دەبنەوە. ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سیستەمی پەرلەمانی سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتی ئەو حیزبە یان ئەو ئیئتیلافە دەکات کە زۆرینەی پەرلەمانی پێکدێنن بۆیە بۆ تێپەڕکردنی بڕیارو یاساکان ململانێکان ئەگەر دروستیشبن ناگەن بە بنبەست. 
بەبنەما لەسەر ئەم شیکردنەوانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردنی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵات‌و گەلانەی کە لە سیستەمێکی پاشایەتیی-سوڵتانیی یان تۆتالیتێریی/دکتاتۆریی تازە رزگاریان بووەو دەیانەوێت بەرەو دیموکراسی بچن ئەوا هەڵبژارندن‌و پەیڕەوکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی فەزاکانی ئازادی کەمدەکاتەوەو سیستەمێکی کێشەئامێزەو تەگەرە لەپێش کۆمەڵگەی مەدەنی دروستدەکات‌و تەنگ بە فرەحیزبی هەڵدەچنێت‌و ئەگەری کودەتا زیاددەکات‌ هەڵەیەکی کوشندەیە. جۆرجیاو بولگاریا دوو نمونەی دیارن لەم پەیوەندەدا، جۆرجیا دوای رزگاربوون لە دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت سیستەمی سەرۆکایەتی هەڵبژارد ئەمەش بۆ ئەو دەوڵەتە بوو بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەنەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی‌و رۆیشتنی ئەم وڵاتە بۆ ئاقارەکانی تاکڕەوی. هاوکات بولگاریا دوای رزگاربوونی لە سیستەمە تۆتالیتارییە کۆمۆنیستەکە سیستەمی پەرلەمانی هەڵبژارد ئەمەش گەشەیەی کۆمەڵگای مەدەنی‌و دیموکرسی لێکەوتەوە بەتایبەت ئەگەر بەراوردبکرێت بە جۆرجیا، ئەمە ئەگەر قسە لەسەر ئەو شەڕە ناوخۆیی‌و ئاژاوەو ناسەقامگیریانە نەکەین کە ساڵانێک دوای رزگاربوون جۆرجیا پێیداتێپەڕی. 

هەرێمی کوردستان و سیستەمی پەرلەمانیی و سەرۆکایەتیی 
بەگەڕانەوە بۆ ئەزموونی گەلان‌و وڵاتانی دیکەی دنیا چ ئەوانەی دیموکراسی تێیاندا ساڵانێکە پراکتیزدەکرێت‌و جێکەوتەیە چ ئەوانەی تازە گەیشتون بە دیموکراسی بۆمان رونبۆوە کە خاڵە پۆزەتیڤەکانی سیستەمی پەرلەمانیی ئێجگار زۆرترن لە سیستەمی سەرۆکایەتی. 
لەپاڵ ئەو هەموو خاڵانەی کە لەسەرەوە خستمانە ڕوو لەمەڕ چاکتری‌و باشتری‌و گونجاوتری سیستەمی پەرلەمانیی بۆ کوردستان‌و وڵاتە تازەرزگاربووو تازەگەیشتووەکان بەدیموکراسی چەند خاڵێکی دیکەی گرنگ هەن کە بەهەمانشێوەی ئەو خاڵانەی کە تا ئێستا باسکران جەخت لەسەر کەمگونجاویی سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ هەرێمی کوردستان‌و وڵاتە تازەگەیشتووەکان بە دیموکراسی دەکەنەوە.
روناکبیرو نوسەرو ئەکادیمی کورد د. مەریوان وریا قانیع، لە زانکۆی ئەمستردام، لە چەند نوسینێکیدا کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٣ نوسیویەتی‌و لە هەفتەنامەی ئاوێنە بڵاویکرونەتەوە زۆر بە وردی‌و بە چاکی پەنجەی لەسەر ئەو خاڵانە داناوە کە خراپی‌و نەگونجاوی سیستەمی سەرۆکایەتی لە کوردستان نیشاندەدەن. 

مەریوان ئاماژەبەوەدەکات کە ئەزمونی چەند ساڵەی کوردستان بەتایبەتی لە ٢٠٠٥ ـەوە تا ئێستا سەلماندویەتی کە سیستەمی سه‌رۆكایه‌تی هاوسه‌نگییه‌كی زۆر له‌ق‌و تاكڕه‌وانه‌ له ‌سیستەمی سیاسی كوردستاندا دروستكردووه‌و دروستده‌كات. ئەو باس لەوەدەکات کە سیستەمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی سیستەمێکی سیاسییە کە دەسەڵاتەکانی چەقی لە دەوری سەرۆکێکی ھەڵبژێردراو بەستوەو دەسەڵاتێکی ھێجگار گەورەی بە سەرۆک بەخشیوە بۆیە ئەم جۆرە سیستەمە ھەڕەشەیەکی گەورەیە نەک تەنھا لەسەر پرۆسەی دیموکراسیی لە کوردستان بەڵکو لەسەر ئاسایش‌و ھێمنی کۆمەڵایەتی. سیستەمی سەرۆکایەتی ئەگەر لە وڵاتێکی وەک فەرەنسا یان ئەمریکادا بتوانێت کارەکانی راییبکات، سەرەڕای ئەو هەموو کێشانەی کە ئاماژەمانپێیانکرد، ئەوا لە کوردستان‌و وڵاتانی تازەگەیشتوو بە دیموکراسی زەحمەتە، ئەگەر نەڵێین ئەستەمە، کاربکات. 
ئەم سیستەمە کێشەئامێزە لە فەرەنساو ئەمریکا بۆیە کاردەکات چونکە ئەو وڵاتانە خاوەنی سیستەمی دادوەری‌و خاوەن ئەزمونێکی تۆکمەن‌و دەتوانن بەئاسانی لە سەرۆک‌و وەزیرەکان بپرسنەوە. هاوکات، کۆمەڵگای مەدەنی ئەو وڵاتانە کۆمەڵگایەکی بەھێزەو دەتوانێت لەبەرامبەر سەرۆک‌و ھێزی دەوڵەتدا بەرگری لەخۆی‌و هاوڵاتیان‌ بکات. بەئیزافەی ئەمانە، لە ئەمریکا‌و فەرەنسا سیستەمێکی میدیایی بەھێزو سەربەخۆو، تاڕادەیەکیش بێلایەن، ئامادەیە، کە توانای لەرزاندنی حکومەتەکانیان ھەیە. ئەمە جگە لە باڵادەستی کەلتوری دیموکراسی کە ڕێزگرتنی کەلتورەکە ڕێگرە لەوەی سەرۆکەکان نابەرپەرسانە کاربکەن‌و ببن بە دیکتاتۆر. 

ئەوەی کە وامانلێدەکان کە بەلای سیستەمی پەرلەمانی دابشکێنین ئەوە غیابی ئەو مەرجە گرنگانەیە لە کوردستان‌و وڵاتانی تازەگەیشتو بە دیموکراسی. بۆیە سیستەمی سەرۆکایەتی لە کوردستان جگە لە دروستکردنی دیکتاتۆرییەت‌و تاکڕەویی ھیچی دیکەی لێ بەرهەمنایەت. 
ئەوەی ئێستا لە میسر هاتۆتە پێش دەبێت وا لە کوردستانیان بکات کە ببپرینگێنەوە لە سیستەمی سەرۆکایەتیی چونکە وەک مەریوان گوتەنی گۆڕانی سەرۆکی میسری، محەمەد مورسی، لەماوەی چەند مانگێکدا بۆ فیرعەونێکی نوێ، ڕاستی ئەم بۆچوونە دەردەخات. مورسی لەدوای شەش مانگ حوکمڕانی کۆمەڵێک دەسەڵاتی بەخۆی بەخشیوە بە عەمەلی دەیکات بە فیرعەونێکی نوێ‌و دەسەڵاتەکانی نەک بە پراکتیز بەڵکو بە شەرعی لە دەسەڵاتەکانی حوسنی موبارەک، سەرۆکە دیکتاتۆرەکەی پێشوتری، زیاتردەکات. 
کوردستانیان واچاکە لەم قۆناغەدا کە قۆناغی هەموارکردنەوەی پڕۆژە دەستوریەکەی کوردستان‌و سەرلەونوێ داڕشتنەوەی سیستەمە سیاسییەکەیانە ئەوە بەو سیستەمە سەرۆکایەتییە، کە لە پڕۆژە دەستورییەکە پێشنیازکراوەو خەریکە لە کوردستان بچەسپێنرێت، بچنەوەو هەوڵەکان چڕبکەنەوە بۆ گۆڕینی سیستەمەکە بۆ سیستەمێکی پەرلەمانیی دیموکراسی کە دەکرێت سەرۆکی هەبێت بەڵام دەسەڵاتەکانی لە ئاستی تەشریفاتی تێپەڕنەکات‌و نوێنەرایەتی گەل بکات نەک لایەنێکی سیاسی. ئەم کارەش ئەمڕۆ بەگێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان مەیسەربووەو بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەکەو جێگیرکردنی سیستەمی پەرلەمانی دەکرێت زامنبکرێت. 
وشە سەرەکیەکان:
کوردستان، سیستمی حوکمڕانی، سیستمە سیاسیەکان، سیستمی پارلمانی، سیستمی سەرۆکایەتی، دێموکڕاسی، دەسەڵات.
تێبینی؛ ئەو بابەتە لە فەیسبووکی د.شێرکۆ کرمانج وەگیراوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر