۱۳۹۴ اردیبهشت ۱۴, دوشنبه

دووچەرخە لە ناو کتێبخانەی سەرەکی تۆرکۆ

وێنەی دووچەرخەکانی کتێبخانە
ڕەنگە هەر کەس ئەو سەردێڕە بخوێنێتەوە پێی سەیر بێت و بڵێ ئاخر دووچەرخە چی دەکات لە ناو کتێبخانەدا و بیری لێ بکەیەوە بڵێ دووچەرخە بۆچی بەکار دەبردرێت لە کتێبخانەدا.
کتێبخانە سەرەکی (ناوەند) تۆرکۆ لە دوو بینای تازە و نوێ پێک هاتووە  بینایەکی کۆن و بینایەکی نوێ کە بەیەکەوەن، کە ساڵی ٢٠١٣ کتێبخانە لە تۆرکۆ ١٥٠ ساڵی تێپەراند. لە ماوەی ساڵی ٢٠١١ دا نزیک بە یەک میلیۆن و نۆسەدهەزار کەس سەردانی کتێبخانەیان کردووە و هەر لەو ساڵەدا نزیک بە سێ میلیۆن و سەدهەزار کەس کتێب و کەلوپەلی دیکەیان لە کتێبخانە بە ئەمانەت وەرگرتووە.

دیمەنی بینای نوێی کتێبخانەی سەرەکی تۆرکۆ
ئەوە ئامارێکی زۆر دڵخۆشکەڕە ئەگەر سەرنج بدەینە ژمارەی دانیشتوانی تۆرکۆش کە زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسە. جا ئەگەر خۆشت سەردانی کتێبخانە بکەی ڕاستی و دروستی ئەو ئامارەت (کە گومانیشی تێدانیە) باشتر بۆت دەردەکەوێ،  چوونکە  لەگەڵ ئەوەی کە کتێبخانەکە زۆر گەورەیە و لەگەڵ ئەوەش دا کە هەر ناوچە یان گەڕەکەی کتێبخانەی تایبەت بە خۆی هەیە و کتێبخانەیەکی گەڕۆکیش بەردەوام خەیکی پێشکەش کردنی خزمەت گوزاریە، بەڵام هەمیشە کتێبخانە جمەی دێت لە هاوڵاتیان و زۆرجار شوێنت بۆ خوێندنەوە دەست ناکەوێت.
سەرەڕای ئەوەش بە دانانی بەرنامە و پرۆژەی نوێ هەوڵ دەدەن ژمارەی سەردانی خەڵک لە کتێبخانە ببەنە سەر و هەردەم پێوەندی کتێبخانە بە گشتی و کتێب بەتایبەتی لە گەڵ هاوڵاتیان بە گەرم و گوڕی رابگرن.
کە تازەترین کاریشیان دانانی کۆمەڵێک دووچەرخەیە کە ئەندامان و هاوڵاتیان بە گشتی (ئەندامانی کتێبخانە کە ئەندامەتی بێ بەرامبەرە) دەتوانن بۆ رۆژێک دووچەرخە لە کتێبخانە بە ئەمانەت وەربگرن، بەمەش سێ ئامانج دەپێکن.
یەکەم: هاندەری ئەندامەکانە کە زیاتر سەردانی کتێبخانە بکەن.
دووهەم: هاندەرە بۆ کەڵک وەردگرتنی زیاتری هاوڵاتیان لە دووچەرخە بەو ئامانجە کە هاوڵاتیان جوڵەیان زیاتر بێت و  بەم  پێیەش تەندروست بن.
سێهەم: پاک راگرتنی زیاری ژینگە و سرووشت لە رێگای بەکارهێنانی دووچەرخە کە ئەورۆکانە پرسی ژینگە و پاک راگرتنی پرسێکی گرینگی جیهانیە.
بەشی دووهەم و بینای کۆنی کتێبخانەی سەرەکی تۆرکۆ
دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەو دووچەرخانە دروست کراوی خودی وڵاتی فینلاندن و نیشانی کتێبخانەی سەرەکی تۆرکۆشیان پێوەیە.
بۆیە زۆرجار کە دەچمە کتێبخانە، وەبیر کتێبخانەکانی وڵاتی خۆمان (کتێبخانەی گشتی کۆیە وەک نمونە) دەکەومەوە کە سەڕەڕای گەورەیی، بەڵام لە لایەک بە هۆی نەبوونی سەرچآوەی زۆر و جۆراوجۆری کوردی خەلکێکی زۆر کەم سەردانیان دەکرد کە ژمارەیان رۆژانە لە پەنجەکانی دەست تێپەری نەدەکرد. یان کتێبخانەی زانکۆی کۆیە کە من زۆرتر سەردانم کردووە، زۆر کەم خوێندکاری زۆرت دەدیت کە لەوێ خەریکی خوێندنەوە  بێت.
جا دەمهەوێ بڵێم کە جیاوازیمان زۆرە لەگەڵ ئەوان و یەکێک لەو جیاوازیانە ئەوەیە کە ئەوان سواڵی کتێب دەکەن، بەڵام لای ئێمە کتێبەکان سواڵی خوێندەر دەکەن.



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر