۱۳۹۲ آذر ۲۲, جمعه

رۆژی بەخشینی شت ومەکی زیادی

رۆژی هەینی ڕابردوو  مامۆستای وانەی کوڵتورمان پێی گوتین کە بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو واتە ٩ی مانگی ١٢ ساڵی ٢٠١٣ زایینی، لێرە لە فێرگەکەمان شت و مەکی زیادی دادەندرێت و ئێوەش دەتوانن  هەر شت و مەکێکی زیادیتان هەیە لە ماڵەوە و بەکاری ناهێنن ئەوا بیهێنن بۆ فێرگەکەمان و ئەگەریش شت و مەک ناهێنن ئەوا بۆ خۆتان دەتوانن لێرە بەشداری بکەن لە رۆژی بەخشینی شت و مەکی زیادی و هەر شتێک کە زانیتان بە کاری ئێوە دێت دەتوانن هەڵی بگرن بۆ خۆتان.

منی کورد و خەڵکی وڵاتانی دواکەوتوو یان رۆژهەڵات کە پڕین لە قسەی ئەخلاقی باش، چاکە کردن، راستی دروستی و لە کرداریش دا بەشێوەیەکی بەرچاو بەتاڵین لەوانە، زۆر ئاکار و کولتور و شتی جێگای سەرنج لە وڵاتی فینلاند دەبینم  کە فکر و هزرم بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن  ئەوەش یەکێک لەو دەیان ئاکار و کوڵتور و شتانەیە کە زۆرم بێ سەرنج ڕاکێش بوو، بەڕاستی پێم فکر وکارێکی باش بوو کەوا لێرە ساڵانە رۆژێک یان چەند کاتژمێر بۆ ئەوە تەرخان بکرێت کە خەڵک ئەو شت و مەکەی بەکاری ناهێنێ ئەوا لە شوێنێک بیخاتە بەر چاوی خەڵک و هەر کەسێک کە بیهەوێ و پێویستی بەو شتە یان شتانە هەبێت دەتوانێ هەڵیبگرێت. چونکە دەبینین لە ماڵەوە زۆر جار شت گەڵێک هەن کە بەکاریانا ناهێنین و زیادین، بەڵام فرێ دانیشیان باش نیەو لەوانەیە کەس یان کەسانێک هەبن کە ئەو شتانەیان بەکار بێت جا بەراستی ئەوە زۆر کارێکی باشە کە هەم خاوەن شت لە دەست شتە زیادیەکان خەڵاسی دێت و هەمیش هەستێکی باشی دەبێت کەوا توانیویەتی ئەو شتە یا شتانە بدات بە کەسانێک کە پێویستیان پێ بووە. و لە لایەکی دیکەش زۆر کەس دەست کوڕت هەیە کە لەو ڕێگایەوە دەتوانێ کۆمەڵێک شت و مەکی پێویست بۆ خۆی بە بێ بەرامبەر دابین بکات.
زۆرتری ئەو شتانەش کەوا لە رۆژێکی وادا دادەندرێن پێک دێن لە: جل و بەرگ، چرای کتێب خوێندەوە، کاتژمێر، گوڵدان، کتێب، تابلۆ، لیوان و ئیستکان، قاپ و کەوچک و دەوری و هتد.
ئەوە یەکێک لە کلتورە باشەکانی خەڵکی ئێرەیە کە بە بڕوای من پێویستە ئێمەش لێی فێر بین و لە وڵاتی خۆمان بەکاری بێنین، بەتایبەت کاتێک دەبینین کە لە کوردستان خەڵکی دەست کورت زۆرترە کە بە هۆی دەستکورتیان توانای دابین کردنی هەموو شتێکیان نیە و لەو رێگایەوە دەتوانرێ زۆرێک لەو شتانەی کە پێویستیانن بە بێ بەرامبەر دابین بکەن و هەروەها لە ڕوویەکی دیکەوە قازانجێکی زۆری بۆ ژینگە هەیە و زبڵ و ... کەمتر دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی کە خەڵک لەو رێگایەوە مەجبور نیە شتە زیادیەکانی فڕێ بدات. بەڵکوو دەیدات بە خەڵکی دیکە تاکوو کەڵکی لێوەربگرێت.
بۆ ئەوەش دەتوانرێ لە هەر گەرەکێکی شار ئەوا دانیشتوانی ئەو گەڕەکە لە ساڵ دا رۆژێک بۆ ئەو کارە (دانانی شتە زیادیەکان بۆ بەخشین) لە کات و ساتێکی دیاریکراودا دیاری بکەن و هەموو خەڵکی گەرەکی لێ ئاگادار بکەنەوە، هەروەها دەتوانرێ لە خوێندنگاکان، ئیدارەکان، ناوەندەکانی فێرکردن و شوێنە گشتیەکانیش ئەو کارە بکرێت. چونکە بەو شێوەیە زۆرترین خەڵک ئاگادار دەبن. هەروەها لە گوند و شارۆچکەکانیش بەو شێوەیە کە لەسەرەو ئاماژەم پێ کردن دەتوانرێت ئەو کارە بەڕێوە بچێت.

جیا لەو لایەنە باشانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کردن، بە بڕوای من ئەوەش هەستی بەخشەندەیی و دڵسۆزی و هاودەردی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا پەرە پێ دەدات و بەرچاوتەنگی و هەستی حەسودی کەم دەکاتەوە. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر