۱۳۹۰ اسفند ۱۳, شنبه

کەریم فەرخەپوور باس لە گرفتەکانی بەردەم یەکبوونی دیموکراتەکان دەکات

کەریم فەرخە پوور چالاکی سیاسی و ئەندامی کەمپەینی ئاشتی کە ساڵانێكی زۆر لە رێزی حیزبی دێموکرات دابووە و ئێستا لە وڵاتی فینلاند دەژی سەبارەت بە کەمپەینی ئاشتی و چالاکیەکانیان بۆ خۆرنیوز دوا.


دیمانە: چیا کوردستانی



خۆرنیوز: با لەوەوە دەست پێ بکەین کە کەمپەینی ئاشتی کەی دامەزرا، و چۆن بوو ئەو کەمپەینەتان دامەزراند و ئامانجی کەمپەین چیە؟
کەریم فەرخەپوور: دوای کۆنگرەی سێزدەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران،رێبەرایەتی حیزبەکەمان تووشی کۆمەڵیک کێشە هات کە بە داخەوە بوو بە هۆی لێکترازانی ریزەکانی و حیزبەکەمان بوو بە دوو بەش ئەسڵی و لە ژێر رێبەرایەتی دوو تەشکیلات دا درێژەیان بە کار و خەباتی خۆیاندا. هەر لە سەرەتای ئەو لەت بوون و لێکدابڕانەدا،بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو وەزعە نەبوونە ئەندامی هیج کام لە دوو بەشی حیزب. ئێمە لە سەرەتاوە لە ژێر ناوی کەمپینی یەکبووندا کارمان نەدەکرد، بەڵکوو هەر کەس بە پێی توانای خۆی هەوڵی لە یەک نزیک کردنەوەی ئەو دەوو لایەنەی حیزبی دەدا. لە مانگی١١ی ٢٠١٠ دا کۆمەڵێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ دەربڕینی نارەزایەتی خۆیان بەو وەزعە راگەیندراوێکیان دەرکرد و داوای ئاسایی کردنەوەی پێوەندی دوو لایەنی دێموکڕاتیان کرد. ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە بە یەکەوە پێوەندی بگرین و داوامان لە یەکبوونخوازانی دێموکڕات کرد کە هاوکار و پشتیوانمان بن بۆ وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکڕات و بە خۆشیەوە لە ماوەی کەمتر لە مانگێک زیاتر لە هەشت سەد کەس بە ناوی خۆیانەوە پشتیوانی خۆیان لە داواکەی ئێمە دەربڕی.

خۆرنیوز: کەمپەین تاکوو چەندە لە ئامانجەکەی خۆی کە لێك نزیک کردنەوەی هەردوو لایەنی دێموکڕات و لە کۆتاییشدا تێکەلبوونەوەیانە نزیک بۆتەوە، دەتوانی ئاماژە بە جاڵاکیەکانتان لەو بارەوە بکەن و پێمان بڵێن کە چەندە لە ئامانجەکانتان نزیک بوونەتەوە؟

کەریم فەرخەپوور: ئەم رێگایەی کە ئێمە گرتوومانەتە بەر رێگایەکی سەخت و پڕ کەند و کۆسپە. زۆر جار وەزعەکە ئارام دەبێتەوە و هیوا بە چارەسەری کێشکان زۆر دەبێت و زۆر جاریش بە هۆی لێدوانی بەرپرسان و وتاری نووسەران گرژی و ئالۆزیەکە زۆر دەبێت. هەر بۆیە ناتوانم بڵێم کە هەوڵ و هەنگاوەکانمان هەر بەرەو پێش دەچن، بەڵکوو زۆر جار بە هۆی لێدوانە توندەکان ناتوانین بەرەو پێش بچین و جار جاریش هەنگاوێک بەرەو داو دەگەرێینەوە. هەر ئەوەی کە نەمانهێشتوە یەکبوونەوەی حیزب بێدەنگەی لێبکرێت و باسی یەکگرتنەوە لە نێو هەر دوو لایەن بە گەرمی هەیە و بۆتە باسی رۆژ، ئەوە بۆخۆی نزیک کەوتنەوەیە لە ئامانجەکانمان.


خۆرنیوز: بە بڕوای بەرێزتان تەگەرەکانی بەردەم لێک نزیکبوونەوەو و لە کۆتایی دا تێکەڵبوونەوەی لایەنەکانی دێموکرات چین؟


کەریم فەرخەپوور: دیارە تەگەرەی بەردەم لە یەک نزیکبوونەوە زۆرن. یەکەم ناوی حیزبی دێموکرات، دووهەم دانپێنەنانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، نەبوونی دیالۆگ و دانێشتن لە نێوان رێبەرایەتی دوو لایەندا بە شێوەی فەرمی، بوغز و غەرەز و عوقدەی چەند ساڵەی پێشووی رێبەرانی حیزب و بەشێک لە ئەندامانی ناو بەدەنە، نەبوونی فشارێکی ئەوتۆ لە لایەن خەڵکی کوردستان یا بەدەنەی حیزب بۆ رێبەرایەتی و کۆمەڵێک کێشەی تر.


خۆرنیوز: وەک دەزانن کە لە هەردوو دێموکڕات دا کەسانی دژی یەکگرتنەوە هەن، ئێوە چەندە هەوڵتان داوە کە لەگەڵ ئەم کەسانە بدوێن و بەقەناحەتیان بگەیەنن؟


کەریم فەرخەپوور: دیارە ئێمە لە گەڵ زۆر کەس قسەمان کردووە و بە بەردەوامیش خەریک قسە کردنین لە گەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە بتوانین پێوەندیان پێوە بگرین.هەوڵی زۆرمان داوە و تا حەددێکی باشیش سەرکەوتوو بووین و زۆر کەس دەستی لە توندڕەوی هەڵگرتوە، بەڵام بە داخەوە کۆمەڵیک کەس هەن کە مەسڵەحەتە شەخسیەکانیان زۆر لە حیزب پێ گرینگترە و نایانهەوێ بە هیج شێوەیەک حیزب ببێتەوە یەک.


خۆرنیوز: وەک ئاگادارن کە ماوەیەک لەمەوبەر فایلێکی دەنگی لەسەر یووتیوب بڵاو بۆوە کە لەو فایلە دەنگیە لە لایەن بەرپرسی ئەمریکای حدک بێرێزی بەشەهید د.قاسملوو کرابوو و کە هەڵایەکی زۆری نایەوە لە ناو فەیسبووک دا و کۆمیتەی دەرەوەی حدک ئەو کەسەی سزادا. ئێوە هەڵوێستان چی بوو لەو بابەتەدا، بە بڕوای ئێوە بڵاوبوونەوەی ئەو فایلانە چەندە کاریگەری نەرێنیان لەسەر نزیک بوونەوەی هەردوو لای دێموکرات هەیە؟


کەریم فەرخەپوور: دیارە ئەو فایلە دەنگیە لە لایەن کەسێکەوە بوو نەک لایەنێک کە ئێمە هەڵوێست بگرین. بێڕیزی بە رێبەرانی شەهید لە ژێر هەر ناو و لە هەر قالبێک دا بێت مەحکوومە و پێویستە رێز لە شانازی و سەروەریەکانمان بگرین، بەڵام پێشگرتن لە بێڕیزی لە ناو هەر کۆمەڵگەیەکدا کارێکی سەخت و ئەستەمە. هەر چەند خاوەنی ئەو فایلە دەنگیە داوای لێبوردنی کرد، بەڵام بە ڕای من ئەو جۆرە بێحورمەتیانە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە کەسانێک بۆ هێرش کردنە سەر لایەنی بەرانبەر، لە پشت شەهید دوکتۆر قاسملووە سەنگەر لە خەڵک دەگرن و ئەوەی کە نەشیاو و ناشایستە بە خەڵکی دەڵێن.هەر بۆیە دەبێ چاوەڕوانی ئەو جۆرە کردەوانەش بین. بە بڕوای من هیج جیاوازیەک نیە لە نێوان ئەو کەسەی کە بێحورمەتی کردووە و ئەو کەسەی کە فایلەکەی بڵاو کردۆتەوە، چونکە بڵاو کردنەوەی لە گەڵ ئەوەی کە بێ هەدەف نەبوو، بێحورمەتیەکی گەورە بوو بە شەهید دوکتۆر قاسملوو. بێگومان بڵاو کردنەوەی ئەو جۆرە بابەتان بۆ ماوەیەک دەبێتە پێخۆری ئاژاوەگێران و دژبەرانی یەکبوون و زەرەر بە حەرەکەتەک دەگەیەنێ.


*تێبینی: ئەو وتووێژە بەر لە بەڕیوە چوونی شەوە ئاهەنگی دێموکڕاتەکانی فینلاند لەگەڵ بەرێز کەریم فەرخە پوور ئەنجام دراوە. کە لەو شەوە ئاهەنگە دا بەشێکی بەرچاو لە هەر دوو لایەنی دێموکڕات بە شدار بوون و پێداگریان لەسەر یەکریزی و نزیکبوونەوە هەر دوو لایەنەکان کردوەوە.



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر