۱۳۹۳ مهر ۲۴, پنجشنبه

ئاورین چوو بۆ باخچەی ساوایان (*Päivä koti)

وردە وردە کاتی ئەوە هاتووە کە ئاورین ببەین بۆ باخچەی ساوایان (Päivä koti) ئاخر کەژەکەم (دایکی) سەرەتای مانگی یازدە دەچێتەوە بۆ کار و پشووری دایکایەتی تەواو دەبێت.
لە لای ڤاریسیۆ (Varisuo) شوێنیان داوە بە ئاورین کە دەبێ ماوەیەی دوو هەفتە بیبەین کە دایکی لەگەڵی بێت و رۆژانە چەند کاتژمێر لە گەڵێ بێت تاکوو رابێت و ناسیاو بێت لەگەڵ پەرستار و منداڵەکان و هەروەها کەشی باخچەی ساوایان (Päivä koti). چونکە ئەوێ دەبێتە ماڵی دووهەمی و بەشێک لە ژیانی لەوێ دەباتە سەر.


رۆژی سێ شەممە من نەچومەوە کۆرسی زمان لە پاسیکیڤی ئۆپیستۆ (Paasikivi Opisto) و لە گەڵ کەژەکەم ئاورینمان برد بۆ باخچەی ساوایان (Päivä koti) تاکوو منیش بەوێ بزانم و پەرستارەکان بناسم، ئاخر زۆر جار دەبێ من بیبەمەوە و هەروەها لەوێشرا بیهێنمەوە.
یەکەم جار بوو دەچوومە باخچەی ساوایان (Päivä koti) لە هەموو ژیانم دا سەردەمی منداڵی ئێمە شتی وا نەبوو دواتریش من منداڵم نەبووە تاکوو رێم بکەوێتە ئەو شوێنانە. کەژەکەم هەموو شتەکانی باخچەی ساوایان (Päivä koti)ی بۆ روون کردمەوە وەک شوێنی شت و مەکی ئاورین دوایی چووینە ژووری گروپی ئاورین کە سێ منداڵی لێ بوون لە گەڵ پەرستارەکەیان کە یەکیان تازە هاتبوو هەر دەهات بۆ لای کەژەکەم وای دەزانی دایکیەتی دوایی لە باوەشی پەرستارەکەدا خەوی لێ کەوت و پەرستارەکە بردی لە تەختی خەوەکەی هاویشت دوایی پەرستارەکە شتەکانی بۆ شی کردینەوە و لێ پرسین کە ئاورین لە ماڵێ چۆنە و کەی دەخەوێ و کەی هەڵدەستێ کە دایکی وڵامی دەدایەوە، ئاورینیش کایە بە کەلو پەلەکانی ئەوێ دەکرد و دەهات و دەچوو دوایی چوو بۆلای کچێک کە ماشێنی پێ بوو ئاورین چەند جاران ماشێنە نەرمەکەی لێ وەرگرت و کچەکەش لێ وەردەگرتەوە زۆر بەوە پێ کەنیم و پێم خۆش بوو کە ئاورین ئازا بوو.

بیرم لەوەش دەکردەوە کە باخچەی ساوایان (Päivä koti)کە ئەرزەکە فەرشی نەبوو زۆر سارد بوو کە دەبوو گۆرەوی تایبەتی بۆ لەبەر بکەین کە لێرە پێیان دەڵێن "Tossu" کە دوایی چووین لە فروشگای HM بۆمان کری.
زۆر جار بیرم لەوە دەکردەوە کە ئاورین لە باخچەی ساوایان (
Päivä koti) ناراحەت بێت یان ... بەڵام هەر ئەوێی باشترە چوونکە لەوێ منداڵی دیکەی لێن و وەک ماڵەوە هەر بەتەنیا نابێت و هەروەها فێری زۆر شت دەبێت و دیسیپلینیش فێر دەبێت، بە خۆشیەوەش پەروەدەو فێرکردنی فینلەندی لە جیهاندا یەکەمە.

* بە کوردی دەبێتە ماڵی رۆژانە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر