۱۳۹۳ فروردین ۷, پنجشنبه

ماڵئاوا ئەبوبەکری شەریعەت پەنا

درانگانی شەو لە رێگای فەیس بووکەوە زانیم ئەبوبەکر شەریعەت پەنا هاوڕێی دەورانی قوتابخانەم و دڵسۆزێکی نیشتمان و چالاکێکی کلتوری شارەکەمان کۆچی دوایی کردوە، زۆر دڵگرام بووم بۆ ئەو کۆچە ناوەختەی ئەویش بۆ کەسێکی وا دڵسۆز و چالاک کە داهاتوویەکی زۆر روونی هەبوو.

''بەکرە''١ی کۆچکردوم لە دەورانی منداڵی و زیاتر لە سەردەمی قوتابخانەدا ناسی کەسێکی ئارام و لەسەرەخۆ بوو هەروەها گیانێکی یارمەتیدەرانەی زۆر باشی هەبوو هەمیشە ئامادەی یارمەتی دان و هاریکاری کردن بوو. هەرکات داوای یارمەتیت بۆ کارێک لێکردبا ئەوا بە روخۆشانەو ئارامیەکی تایبەت بەخۆی یارمەتی دەدای و بە ئارامی و دۆستانە  بۆت دەدوا.  ئێستا کە ئەو دێڕانە دەنوسم شێوەی پێکەنینەکانی وەک فیلمێکی بێدەنگ دەبینمەوە و لەو دەورانەدا جەولە دەدەم و یادو بیرەوەری ئەو دەورانە دەمبەنەوە زێدەکەم و هەڵبەز دابەز و هارو هاجیەکانی منداڵیم دەخەنەوە بیر کە جارو بار بۆ چۆلەکە کوشتن و بازی تۆپێن رێم دەکەوتە گەرەکەکەی ماڵی بەکرە و ئەو براکەی "وەهاب"م دەدیت.
لەو کاتەوەی کە زیدەکەم جێ هێشبوو هیچ هەواڵێکم لێی نەبوو تاکوو ٦ ساڵ لەمەوبەر رۆژێک بابەتێکی کۆچکردوم لە وێبلاگی ''تیرۆژ'' دا چاو پێکەوت بەراستی دڵخۆش بووم و ئەوە زیاتر دڵخۆشی کردم کە دوایی زانیم ماستەری کۆمەڵناسی هەیە. و زۆر چالاکانە خەریکی خەباتی کلتوریە لە سەردەشت.
لەو کاتەوە بەدواداچونم بۆ کارو چالاکیەکانی ناوبراو هاورێکانی کردووە لەوانەش پیرۆز کردنی رۆژی جیهانی منداڵان و چالاکی ژینگە پارێزی و هەورەها چالاکی بە بۆنەی ٧ی پوشپەرو دەیان چالاکی دیکە کە هەنوکەش بەردەوامن، زۆر شانازیم پێوە کردوون کە لاوانی شارەکەمان خەمیان خەمی نیشتمانە و بۆ نەمانی خەم و کەموو کوڕیەکانی نیشتمان ماندوو نەناسانە هەوڵ دەدەن بە بێ ئەوەی کە کەمترین چاوەروانیان هەبێت.

هەر چالاکیەکانی بەکرە و هاورێکانی بوو و بووە کە زۆر جار گڕو تین دەداتە من بۆ خەبات و تێکۆشان لە پێناوی نەهێشتنی کەموکورتیەکان و کۆمەڵگایەکی دادپەروەرو ئەوڕۆیی کە تاکەکان بە هەموو جیاوازیەکانەوە ژیانی تێدا بکەن.
لە کۆتایی دا وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆم بۆ لەدەستدانی ئەو لاوە چالاک و تێکۆشەرە، سەرەخۆشی خۆشم لە خەڵکی سەردەشت  بەگشتی و هاورێیان و چالاکانی مەدەنی شاری سەردەشت و بنەماڵەی بەرێزیان دەکەم و هیوادارم کە روهی ناوبراو و کوچکردوانی دیکە شاد بێت و داواشم ئەوەیەکە چالاکان و هاورێیانی کۆچکردوو بە بۆنەی کۆچی ناوەختی ئەو لاوە تێکۆشەرەی نیشتمانەکەمان چالاکیەکی کولتوری بەڕێوە بەرن و بەو بۆنەوە رێز لە کۆچکردو بگرن.
١. ئەوکات لە سەردەمی قوتابخانەدا بە ناوبراومان دەگوت "بەکرە"

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر