۱۳۹۲ مرداد ۵, شنبه

تایبەتمەندی پێویست بۆ یاسای بنەڕەتی

لە رووی پیشەیی و شێوازی رێکخستن و شێوە و ناوەڕۆک یاسای بنەڕەتی دەبێ مەرج و تایبەتمەندیەکی هەبێت کە یاساناسانی شارەزا پێداگری لەسەر دەکەنەوە لەوانە:
ئا ـ گشتی بوون: یاسای بنەڕەتی نابێ بچێتە ناو وردەکاریەکانەوە، وردەکاری پرسەکان کاری یاسا ئاساییەکانە. بەبەت گەڵێک وەکوو شێوەی دادگایی کردنەکان، رێکخراوی وەزارەتەکان، شێوەی رێکخستنی ئۆرگانەکان، ڕێگاکانی دابین کردنی پێداویستیەکان و چارەسەر کردنی کەموکورتیەکان، ئەرک و دەسەڵاتەکانی بەرپرسانی بەڕێوەبەری وڵات نابێ لە یاسای بنەڕەتی دا بێتە بەر باس. هێنانی وەردەکاریەکان، یاسای بنەڕەتی لە شێوەی بنچینەیی دێنێتە دەرێ و لە تەمەنی کەمدەکاتەوە و هەلی گونجانی یاسای بنەڕەتی نادات لە گەڵ هەلومەرجی تازەدا.

بۆ نموونە بنەمای سێهەمی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وادیتە بەر چاو کە بەو ١٦ رستەیەی کە هەیەتی چۆتە ناو وردەکاریەکانەوە و باسی لە بابەت گەڵیک کردوە کە دەبێ یاسا ئاساییەکان وڵامدەریان بن. ئەگەر ئەم بنەمایە بەم بەرینە پەسەند نەکرابایە لە بنەماکانی دیکەدا وەها ئاکامێک بەدەست دەهات.

ب ـ پشت بەستن بە بنەما یاساییەکان: یاسای بنەڕەتی دەبێ پشت ئەستوور بە بنەماگەڵێکی یاسایی پەسەند کراو بێت و ناوەرۆکەکەی ئاکامی لۆژیکی ئەو بنەمایانە بێت. یاسای بنەڕەتیەک کە دەبێ بە تەوەری هەموو ڕێساکانی وڵات بناسرێت ناتوانێ لە سەر بنەمای خەون و وهم و ئامانجگەڵیکی کە وەدینایەن و هەستی بەتاڵ بێت. بنەما یاسایەکان لە ڕاستی دا هەر ئەو بنەما شیاوو لۆژیکیانەن کە لەگەڵ سروشتی مرۆڤەکان دێنەوە و هیچ کەس ناتوانێ بۆ دژایەتی و رەد کردنەوەیان بەڵگەیەکی دروست بخاتە ڕوو.
ج ـ گوونجان لەگەڵ بنەما باوەڕیەکانی کۆمەڵگا: یاسای بنەڕەتی دەبێ لەگەڵ فکری سیاسی و ئابوری، ئایینی، ئاکاری و رابردووی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و  بە شێوەی گشتی لەگەڵ کولتوور و شارستانیەتی نەتەوە هاوتا بێت و بگونجێت. ئەو یاسای بنەڕەتیەی کە ئەمانە لەبەرچاو نەگرێت، ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ خۆراگرێت. بۆ نموونە کاتێک یاسای بنەڕەتی فەرانسا لە وڵاتی کامێڕۆنی ئەفریقا دادەبەزێنن نە لەگەڵ ئاکاری خەڵک دێتەوە نە لەگەڵ باوەڕو هزر و ئاواتەکانیان دەگونجێت و هاوتایە، و نە لە قۆناخی هەلومەرجی ئابووری ئەواندایە لەئاکامدا لە هەر هەنگاوێک دا لەگەڵ بەربەست و کێشە بەرەوروو دەبێتەوە. زۆرێک لە وڵاتەکان زۆرجار تووشی قەیرانی یاسای بنەڕەتی بوون و هۆکاری زۆریشی ئەوە بووە کە لە یاسای بنەڕەتیەکەیاندا لاسایی وڵاتانی دیکەیان کردۆتەوە. بەشێکی زۆر لە یاسای بنەڕەتی مەشروتە وەرگێردراوی یاسای بنەڕەتی فەرانسا و بەلجیکا بوو کە لەگەڵ ژینگەی ئێران نەدەهاتەوەو لە کردەوەشدا سەرکەوتوو نەبوو. لە ساڵی ١٣٥٨ رەش نووسی یاسای بنەڕەتی کە درا بە ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ یاسای بنەڕەتی کۆماری پێنجەمی فەرانسا هەبوو کە بە خستنە رووی پرۆژە و پێشنیارگەڵێک کە لە لایەن چینە جیاوازەکانی خەڵ، شارەزایانی ئیسلامی ئێران، لە رۆژەکانی دوای شۆڕش، کەلێنێک تەنیا بۆ لاسایی کردنەوەی نەمایەوە.
د ـ شیاویەتی جێ بەجێ بوون: تەواوی بنەماکانی یاسای بنەڕەتی دەبێ شایان و توانای جێ بەجێ کرانیان هەبێت. بایەخی یاسای بنەڕەتی کاتێک تەواوە کە هەموو بنەماکانی شیاویەتی و توانایی جێ بە جێ کرانی هەبێ ئەگەر بەشێک لە یاسای بنەڕەتی پشت گوێ بخرێت و جێ بەجێ کرانی بۆ کاتێک نادیار دوا بخرێت ئەو یاسای بنەڕەتیە لەرزۆک و لاوازە بۆ نموونە بنەمای دووهەمی یاسای بنەڕەتی مەشروتیەت لە دوایی یەک دوو ساڵ پشت گوێ خراو کەڵکی لێ وەرنەگیرا و زۆرێک لە بنەماکانی دیکەش لەبیر کران. بابەتی شۆڕاکان لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دا لە ماوەی ١٨ ساڵی رابردوودا نیشانی داوە کە توانای جێ بەجێ کرانی نیە چەندین جار بەڵێنی جێبەجێ کرانیان داوە، بەڵام نەیانتوانیوە. بنەماکانی بە شێوەیەک داندراوە کە دەڵێی لە سەرەتاوەش باوەڕیان بە جێبەجێ کرانی نەبووە.
هـ ـ ڕوونی و لێبڕاوی: بنەماکانی یاسای بنەڕەتی دەبێ روون، دیار، لێبراو و بەبێ ئالۆزی بێت. یاسای بنەڕەتی کە هەر لە سەرەتاوە ڕێگای شرۆڤە و لێکدانەوەو ئاکامێكی دوو لایەنە بە کراوەیی بێلێتەوە، کەموکوڕی هەیە لەبەر ئەوەی کە هەر گرووپێک هەوڵ دەدات کەڵک لە ناوەرۆکی ئەو بنەمایانە وەرگرێ کە بە قازانجی خۆیەتی یان بنەماکان بە لایەنی فکری خۆیدا شرۆڤە بکات و بەم پێیە ڕێگا بۆ کەموکوڕی و تانە و بەکارهێنانی ئامانج و خواستەکان دەمێنێتەوە ئەمەش خۆی سەرەتایەکە بۆ ناکۆکی، هەڵبەت لە مێژوودا بابەت گەڵیک هەبووە کە رێکخەڕانی یاسای بنەڕەتی بە ئانقەست و بە هۆی هەلومەرجی تایبەت هەندێک خاڵیان بە شاراوەیی هێشتۆتەوە یان بە ناروونی هێشتوویانەتەوە. لەو بابەتانەی کە لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا شاراوەیە و روون نیە بنەمای ١٢٣ـە کە بەو پێیە ((سەرۆک کۆمار لەسەریەتی کە پەسەند کراوەکانی پارڵمان... لەدوای تێپەر کردنی قۆناخە یاساییەکان و پێڕاگەیاندنی واژۆ بکات و بۆ جێ بەجێ کردن بیدات بە بەرپرسان))، بەڵام دیار نیە کە دەسەڵاتی ((ئەرکدار)) تاکوو چ ڕادەیەکە، ئاخۆ سەرۆک کۆمار دەبێ دەست بەجێ پەسەندکراوەکان واژۆ بکات یان دەتوانێ لە دوایی چەند رۆژ یان تەنانەت دوای چەند مانگ واژۆی بکات؟ ئەگەرچی ناوەرۆکی یاسا بریتییە لەوەی کە واژۆی سەرۆک کۆمار لایەنی فەخری هەیە و یەکێک لە رەگەزەکانی پێک هێنەری یاسا نیە، بەڵام بە پێێ ئەو باس کردنە بەم شێوەیە کە دیتمان کێشەی پێک هێنا، ئەگەر لەم بنەمایەدا وشەی ''دەست بەجێ'' بگونجێندرابایە یان واژەی ''لەگەڵ دیتنی'' یان لەماوەی دە رۆژ دا هاتبا لەم خاڵەدا کێشە دروست نەدەبوو.
وـ نەبوونی ناتەبایی: بنەماکانی یاسای بنەڕەتی نابێ ناتەباییان لەگەڵ یەک هەبێت نووسەرانی دەبێ ئەوپەری وردبینی لەبەر چاو بگرن تاکوو بنەما پەسەند کراوەکان تەواوکەری یەک بن و هیچ ناتەباییەکیان نەبێت ئاشکرایە کە ئەگەر دژایەتی و ناتەباییەک لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتی دا ببنیدرێت ئەوا بنەماکانی دوایی شیاوی جێ بەجێ کردنن. زۆر بەکەمی ئەگەری هەیە بنەماکانی یاسای بنەڕەتی بە روونی ناتەباییان تێ دا ببنیبرێت لە زۆربەی بابەتەکاندا بوونی ناروونی دەبێتە هۆی شرۆڤەی جۆراوجۆر.

زـ  دابەش کردنێکی رێک و پێک: دابەش کردنی یاسای بنەڕەتی دەبێ پەشت ئەستور بە رێک و پێکیەکی تایبەت بێت بابەتەکانی یاسای بنەڕەتی نابێ بە شێوەی ئالۆز و پەرش بڵاو ئاماژەیان پێ بکرێت هەموو بابەتەکانی پێوەیدار بە یەک بابەت و یان یەک ئۆرگان دەبێ لە یەک شوێن کۆ بکرێتەوە لەوانەیە بەشی یەکەم تەرخان بکرێت بۆ بابەتە گشتیەکان و بەشەکانی دوایی بە شێوەیەکی لۆژیکی باسە پێویستەکان لە خۆبگرێت. یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو باشیەی تێدایە،١٤ بەشی ئەو یاسایە کە لە سەر بنەمای پرسەکان دابەش کراوە رێکخراوە و لە هەر کامەیاندا چەندین بنەما بە پێی گونجاوی بابەتەکانی تێیدا هاتووە و لە بەشی چاردەیەم کە دوایین بەشیەتی پرسی پێداچوونەوە لە یەک بنەمادا هاتووە.

نوسینی سید جلال الدین حسینی
و. چیا عەبدوڵڵاپوور

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر