۱۳۹۱ آذر ۲, پنجشنبه

کێ لە بەردەوامی کوشتنی کاسبکارانی کورد بەرپرسیارە؟


چیا عەبدوڵلاپوور
رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچیوەی نەخشەی ئێراندا کەوتۆتە سنورەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتەوە و لە لایەن ناوەندەوەو بەتایبەتی لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئسیلامیەوە هەمیشە تێبینی توندی ئاسایشی لەسەر بووە و ئەوەش وەک بیانویەک لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەکار هاتووە کە لە کوردستان دا سەرمایە گوزاری بگاتە کەمترین ئاستی خۆی و تەنانە رێگری لە سەرمایەدارە خۆجێیەکانیش دەکەرێ کە سەرمایەگوزاری لەم ناوچانە بکەن.

 ئەوەش  بۆتە هۆی ئەوە کە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاو لە هەموو بوارەکاندا بەخۆیەوە نەبینێت و بێکاری بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی و ئەوە لە ئاکام دا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵیک دیاردەی نەخوازراو و کاری ناچاری وەک ''کۆڵبەری'' کە لە راستی دا ئەوە لە ئاکامی سیاسەتی هەڵاواردنی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی کە بە دژی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچاوی دەکات، هاتۆتە کایەوە.
بۆیە لێرە دا دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامی خۆیان هۆکاری سەرەکین لە سەر هەڵدانی دیاردەیەک بە ناوی کۆڵبەری و دەیان دیاردەی دیکە لە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و رۆژهەلاتی کوردستان بەتایبەتی کە ئەوەی لێرەدا جیگای سەرنجە پرسی کۆلبەریە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دوژمنکارانە دەستیان داوەتە کوشتوبری ئەو کەسانەی کە بە ناچاری و بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو کارە.
ئەگەر لێرەدا پێناسەیەی بۆ کۆلبەری بکەین دەتوانین بڵیین کە "کۆلبەری کارێکی ناچاری و پڕمەترسیە کە کەسی کۆلبەر بە هەڵگرتنی بار و گواستنەوەی بۆ شوێنێک بژوێوی خۆی دابین دەکات." لەم پێناسەیەدا کە دامانە دەستەوە ئەوە جێگای تێبینیە کە کاتێک دەگوترێ کارێکی ناچاری و پر مەترسیە مەبەست ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە ئەو کارە دەکەن ئەگەر هەلی کاری دیکەیان هەبێت ئەوا کۆلبەری ناکەن، بەڵام ئەوان بە ناچاری و بۆ دەرباز بوون لە بێکاری و دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەستیان داوەتە ئەم کارە، هەروەها بۆیە پڕ مەترسیشە چوونکە ئەوان لە سەر سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم کارەدەکەن و ئەو سنوورانەش هەموو بە مین چێندراون و هەلومەرجی ئاو هەوایی وای کردووە ئەو مینانە لە شوێنی خۆیان نەمێنن و زۆرجار بێنە سەر رێگای هاتوچۆی خەڵکی ئاسایی و کاسبکارانیش  هەروەها لە گەڵ مەترسی سەرما بردویی و لە کۆتاییدا کوژرانیان لە لایەن هیزەکانی سەر سنوور و چەکدارانی کۆماری ئیسلامی بەڕو روون کە لەم ساڵانەی دوایی دا کوشتنی ئەو کاسبکارانە گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی.
سزای کەلوپی قاچاخ بە پێی یاسای بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاخی کەلوپەڵ و دراو
لەم بەشەدا ئاماژە بەو سزایانە دەکەین کە لە یاسای بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاخی کەلوپەڵ دا هاتووە کە ئەم یاسایە کە ساڵی پار دوای هەشتا ساڵ گۆڕانکاری بەسەر داهات لە بەشی سزای قاچاخی کەلوپەل لە بەندی ١٩ی ئەم یاسایەدا ئاواهاتووە:
بەندی ١٩ـ هەرکەس کاری قاچاخی کەلوپەڵی یاساخ بکات یان کەلوپەلی یاساخ راگرێت یان هەڵگرێت یان بفرۆشێت لەگەڵ ئەوەیدا کە دەست بەسەر کەلوپەلەکەی دا دەگیردرێت بە شەش مانگ تاکوو دوو ساڵ بەند کردن، سزای نەختینەیی بە بڕی دە بەرابەری بایەخی کەلوپەلەکە و تاکوو هەفتاو چوار زەربە قامچی سزا دەدرێت. لە کاتێک دا کە بایەخی کەلوپەلی قاچاخی زیاتر لە یەک میلیۆن (١٠٠،٠٠٠،٠٠٠) ریال بێت ئەو ئامرازەی کە کەڵکی لێوەرگیردراوە دەستی بەسەردا دەگێردرێت.
تیبینی ١ـ بڕیاری مادەی (٧٠٢) ی یاسای سزادانی ئیسلامی تەنیا ئەو خواردنەوەی ئەلکەهۆلیانە دەگرێتەوە کە لە ناوخۆی وڵات بەرهەم هاتوون.
تێبینی ٢ـ هەر کات بڕی ئەو خواردنەوە ئەلکەهۆلیانەی کە دەستیان بە سەرداگیراوە زیاتر لە بیست لیتر بێت، لە کاتێک دا کە بە گەڕانەوە بۆ بەڵگەگەلێک بۆ نموونە پێشینەی تاوانبار دەربکەوێت کە ئامرازی گواستنەوە بە ئاگاداری و لەسەر ویستی خاوەنەکەی بۆ کاری قاچاخەکە پێی دراوە ئەم ئامرازەش دەستی بەسەردا دەگیردرێت و جیا لەمە، ئامرازی گواستنەوەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکە و هاوتای بایەخەکەی بە جەریمەی نەختینەیی ئەو تاوانبارە زیاد دەکرێت.
تێبینی ٣ـ لە کاتێک دا کە ئەو ئامرازەی کە بۆ گواستنەوە بەکار هاتووە لە کاری قاچاخ و هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ ئەوەی کە لەم بەندە دا باس کراوە، خاوەنەکەی کەسێکی دیکە جیا لە تاوانبارەکانی تاوانەکانی سەرەوە بێت و بە گەرانەوە بۆ بەڵگەگەلێک بۆ نمونە پێشینەی تاوانکاری تۆمەتبار بسەلمێندرێت کە بە ئاگاداری و لەسەر ویستی خاوەنەکەی بۆ کاری قاچاخ دراوە بە ئەو ئامرازی گواستنەوەکە دەستی بەسەر دا دەگێردرێت و جیا لەمە، ئامرازی گواستنەوەکە دەگەڕیندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی و هاوتای بایەخەکەی بە جەریمەی نەختینەیی ئەو تاوانبارە زیاد دەکرێت.
تێبینی ٤ـ ئەو کەلوپەلانەی کە بۆ دروست کردن یان ئاسانکاری کاری قاچاخی کەلوپەلی یاساخ بەکار دەبردرێت و ئەو شتەی کە لە ئەنجامی مامەلەکە لێی دەکەویتەوە، دەستی بەسەر دادەگیردرێت.
تێبینی ٥ـ خواردنەوەی ئەلکەهۆلیەکان، کەلوپەلی مێژوویی ـ فەرهەنگی، ئەو ئامرازی بەرنامە وەرگرتن لە ماهوارە بە شێوەی نایاسایی، ئامراز و کەلوپەلی قومار و بەرهەمە دەنگی و رەنگیە نەشیاو و ناپەسەندەکان لە نمونەکانی کەلوپەلی یاساخن.
تێبینی ٦ـ شوێنی پاراستنی کەلوپەلی قاچاخی لە کاتێک دا کە بایەخەکەی زیاتر لە یەک میلیار (١،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠)ریال بێت و لە لایەن خاوەنەکەی یان بە ئاگادار ئەو کەڵکی لێ وەرگیرابێت دەستی بەسەر دا دەگیردرێت و لە کاتێک دا کە بایەخی کەلوپەلەکە کەمتر بێت لەو بڕەی کە باس کرا و لانیکەم دووجار بەم مەبەستە کەڵکی لێوەرگیردرێت و بە شێوەی یەکلاکەرەوە دەرکەوێت ئەوا لە جاری سێهەمدا دەستی بەسەر دادەگیردرێت. لە کاتێک دا کە تۆمەتبارەکە بە بێ ئاگاداری خاوەنەکەی کەڵکی لێ وەرگرێت، هاوتای بایەخەکەی بە سزای نەختینەیەکە زیاد دەکرێت.
تێبینی ٧ـ شوێنی پاراستنی کەلوپەلی قاچاخی یاساخ کە خاوەنی شوێنەکە ئاگاداری ئەوە بێت، لە کاتێک دا کە بڕیاری هاتوو لە تێبینی (٦) دا نەیگرێتەوە، ئەوا شوێنەکە دەستی بەسەر دادەگیردرێت و پلۆمپ دەکرێت و لە کاتێک دا کە تاوانبار لە ماوەی دوو مانگ لە رێکەوتی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی، جەریمەکە نەدات، شوێنەکە دەفرۆشرێت و بڕی جەریمەکەی لێ هەڵدەگیردرێت‌و ئەوەی ماشەوە دەگەرێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی.(١)
هەر وەک و بە پێی بەندی ١٩ی یاسای بەربەرەکانی لەگەڵ هەلگرتنی کەلوپەلی قاچاخ  و تێبینیەکانی ئەم بەندە سەبارەت بە سزادانی تاوانباران بۆمان دەرکەوت لە هیچ شوێنێکی ئەم یاسایەدا باس لەوە نەکراوە کە تاوانباران بدرێنە بەر دەسرێژی راستەوخۆی گولە و گیانیان لێ بستێندرێت. بەڵام هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگی بە یاساکانی خۆشیان نادەن و بێ بەزەییانە کاسبکاران و بە تایبەت کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەسرێژی گولە و گیانیان لێ دەستێنن و کەسیش لێیان ناپرسێتەوە. ئەوەش تەنیا لە هەڵسوکەوتی و بیرو هزری دوژمنکارانەی ئەوانەوە بە نیسبەت هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەدەگرێت و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
ئەرکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد
تاکوو هەنووکە لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان نارەزایەتیەکی جیددی و گشتگیر سەبارەت بە کوشتنی کاسبکاران و کۆلبەرانی کورد رووی نەداوە و زۆربەی زۆری خەڵکی ناخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم پێوەندیەدا بێ دەنگی هەڵبژاردوە  و هەر کەسە دەستی بە کڵاوی خۆی گرتووە تاکوو با نەیبات، و ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە کە لەم نووسینەدا جیگای سەرنج نیە، بەڵام هەندێ جار لە لایەن کەس و کاری کەسی کوژراو نارەزایەتی دەربڕدراوەو سکاڵا بەرز کراوەتەوەو ئەوەش ئاکامێکی نەبووە و نەبۆتە هۆی ئەوەی کە کۆتایی بە کوشتنی کاسبکاران بێنێت و لە هەندێ نمونە زۆر کەم دا تەنیا بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو کەس یان کەسانەی کە دەستیان لە کوشتنی کاسبکاران یان کۆڵبەران دا هەبووە لە جیاتی ئەوەی کە سزا بدرێن تەنیا لە ناوچەی خزمەتیان دورخراونەوەو بگرە گواستراونەتەوە بۆ شوێنی باشتریش. بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش بە هەموو لایەنەکانەوە کە خۆیان بە نوێنەری ڕاستە قینە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن دەبێ هەنگاوی جیدی هەڵێننەوە لە ئاگادار کردنەوەی ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها وشیار کردنەوەی زیاتری خەڵکی کوردستان تاکوو نەهێلن هێزە ئینتیزامیەکان دەست بۆ کوشتنی کاسبکاران بەرن چوونکە بەراسی خەڵکی کوردستان لەم پێوەندیەدا وشیاریان زۆر کەمە و تەنانەت ناتوانن بە پێی یاسای کۆماری ئیسلامیش لەم پێوەندیەدا بەرگری لە خۆیان بکەن و رێگری لە کوشتنی رۆڵەکانیان بکەن. بۆیە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ زیاتر لە جاران هەست بە بەرپرسایەتی بکەن لە هەمبەر تاکەکانی گەلەکەیان و خاوەنداریەتیان لێ بکەن، لەگەڵ ئەوەیدا کوشتنی هەر کەس جا بە بە هەر بیانوویەک بێت مەحکومە بەڵام لەم ناوەشدا فەرق و جیاوازی دەکرێت لە لایەن راگەیەن گشتیەکان لە بەینی ئەو کەسانەی کە بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکوژرێن بۆ نمونە کاسبکارێکی بێتاوان لە گەڵ رۆژنامەنووسێک. کوشتنی مرۆڤ لە هەر شێوەیەک دا بێت تاوانە و نابی پیشە کوژراوەکان ببیتە هۆی ئەوەی کە یەکیان زیاتر گرینگی پێ بدرێت و ئەوەیدیکەیان وەک روداوێکی ئاسایی چاوی لێ بکرێت و تەنانەت هەواڵەکەشی بڵاو نەکرێتەوە.
کێ تاوانبارە؟
هیچ شک و گومان لەوە دا نیە  کە بکەری ئەو تاوانانە تاوانباری سەرەکین و لەم ناوەشدا ئەگەر چەکدارێک ئەمری بەرپرسەکەی پێ نەبێت و بەرپرسەکەشی ئەمری کەسی سەروتر لە خۆی نەبێ بەو شێوەیە تاکوو دەگاتە بەرپرسە پایە بەرزەکانی کۆماری ئیسلامی ئەوە لە جێگای گرتن و دادگایی کردنی ئەوە کەسانەی کە بە پێی قانوونی خۆیان کاری قاچاخ دەکەن ئاوا بێ بەزەییانە و دوژمنکارانە و دوور لە بەها مرۆیەکان تەقە لە تاکی کاسبکارو کۆڵبەری کورد ناکەن و گیانیان لێ ناستێنن، بۆیە تاوانباری سەرەکی لێرەدا کۆماری ئیسلامیە لە هەموو ئاستەکانی دا  چوونکە ئەگەر بۆ جارێکیش ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانیان یان گرووپێک لەم هێزانەی کە دەستیان بە خوێنی کاسبکارانی کورد سوور بووە بە توندی سزا بدات ئەوا کوشتنی کاسبکاران دووبارە نابنەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە بێدەنگی خۆیان لە ئاست کوشتنی کاسبکاران دەبنە هۆی ئەوەی کە کوشتنی کاسبکاران بەردەوام بێت. لێرەدا لە گەڵ ئەوەی کە هیچ شک و گومان لە سیاسەتی دوژمنکارانەی کوماری ئیسلامی بە نیسبەت تاکەکانی کورد نیە و ئەوەش بۆ هەموو لایەک روون  و ئاشکرایە، بەڵام بێدەنگی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەمبەر تاوانی کوشتنی کاسبکارانی کورد و هەموو تاوانەکان و پێشێلکاریەکانی دیکە لەدژی گەلی کورد لە  رۆژهەڵاتی کوردستان دا بە شیوەیەک لە شێوەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەوان بەردەوام بن لە تاوانەکان و پێشێلکاریەکانیان و ئەگەرچی بۆ ماوەیەک بەشێک لە کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دوور بن لە ئاسەوارەکانی ئەم تاوان و پێشێلکاریانە، بەڵام درانگ یا زوو دوکەڵی ئەو تاوانانە دەکەوێتە چاوی ئەوانیشەوەو بۆیە پێویستە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان یەک دەنگ دەبن لە پێناو رێگری کردن لە کوشتنی رۆڵەکانیان و کوشتنی هەر تاکێکی کورد لە هەر ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کوشتنی هەموو خەڵکی کوردستان بزانن و لە رۆڵەکانی خۆیان بە خاوەن دەرکەوەن. چوونکە لە هەلومەرجی هەنووکە دا تەنیا ئەوانن دەتوانن بە نارەزایەتی خۆیان رێگری لە بەردەوامی کوشتنی تاکەکانی کورد بکەن.
سەرچاوەو پەراوێزەکان:
١ـ یاسای بەربەرەکانی لە گەڵ هەلگرتن و گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ بەندی ١٩



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر