۱۳۸۹ دی ۱۷, جمعه

نا بۆ بێدەنگی لەهەمبەر لەسێدارەدانی لاوانی کوردستان


ماوەیەک لەمەوبەرخۆپێشاندان و نارەزایەتی دەڕبرین بە دژی بڕیاری جێبەجێ کردنی سزای لە سێدارەدانی حەبیبوڵڵای لەتیفی لە زۆریک لە وڵاتانی ئەوروپاو هەروەها لە هەریمی کوردستان، لە شاری سلێمانی و هەولێر بەرێوەچوو و هەروەها لە هەموویان گرینگتر هەڵویستی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی سنە بوو کە نارەزایەتیان دەربڕی و بەردەرگای زیندانی ناوەندی سنەیان بەرنەدا، و لە ئاکامدا ئەو هەڵوێستانە بوونە هۆی ئەوەی کە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت بڕیاری جێبەجێ کردنی حوکمەکە راوەستێ و جێبەجێ نەکرێ.




ئەوەی کە دەمهەوێ زیاتر هەڵوەستەی لەسەر بکەم ئەوەیە کە بەداخەوە بەشێکی زۆر کەم لە خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ بە دژی ئەو بڕیارەو زۆر بڕیاری نادادپەروەرانەو کردەوەی دژە مرۆیی‌یانەی دیکەی کۆماری ئیسلامی هەڵوێست دەگرن و بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بێ دەنگی هەڵدەبژێرن و هیچ هەڵویستێک ناگرن. ئەو بەشەش کە نارەزایەتی دەردەبڕن بەس لە لایەن کەسانی نزیکی کەسەکە یان بەشێکی کەمی هاوشاریەکانیەوە وەبەر چاو دەکەوێ و خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان بێدەنگ دەبن و هیچ دژکردەوەیەکی مەدەنیانە لە خۆیان نیشان نادەن. کە ئەوەش وادەکات کە ریژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ ترسێکی لە کوشتنی لاوانی کوردستان نەبێت، بۆیە دەبینین کە کەم رۆژ هەیە لە ساڵدا لاوێکی کوردی بێتاوانی تێدا نەکوژرابێ یا خود بریندار نەکرابێ یان راپێچی زیندان نەکرابێت یان توشی گیروگرفتێک نەبووبێتەوە، چی بکرێک کە نەهێڵین کە کۆماری ئیسلامی جاریکی دیکە نەتوانێ لاوانی بێتاوانی کورد تەنیا لەسەر ئەوەی کە داوای ئازادی و مافی مرۆیی خۆیان دەکەن تووشی لێپرسینەوە ئازار ئەشکەنجەو لەسێدارەدان نەبنەوە.
پێویستە بەر لە هەموو شتێک خەڵکی کوردستان مافە گشتیەکانیان بناسن و ئەوەیان بۆ شی بکریتەوە کە داوا کردنی مافی مرۆییان تاوان نیە و ئەگەریش کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی رواڵەتی مافێکیان بۆ بەرەسمی بناسێ ئەوە خێر پێ کردن نیە و مافی زەوتکراوی خۆیانە، چونکە بە داخەوە نەناسینی ئەو مافانەیە کە وا دەکات کە لەهەمبەر پێشێلکرانیشیاندا بێ هەڵویست بین. لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر خەڵکی کوردستان وشار بێت و مافەکانی خۆی بناسێ پێموانیە وا بە ئاسانی لە هەمبەر پێشێلکرانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی یان هەر سیستم و لایەنێکی دیکەدا بی هەڵوێست بن و نارەزایەتی دەرنەبڕن.
هەنووکە ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی ئازادی خوازی وڵاتەکەمان تەنیا و تەنیا بە هۆی داواکردنی مافە مرۆیی‌یاکانیان لە چاڵە رەشەکانی کۆماری ئیسلامیدان و هەرەشەی لەسیدارەدانیان لەسەرو ئەگەری ئەوە هەیە کە لە هەنگاویکی کتوپر دا لە سێدارە بدرێن. لە سەر ئێمەی لاوان و کچانی کورد بەتایبەت لە ناوخۆی  کوردستان  پێویستە کە لە ئیرادەو ویستی خۆمان و لە لاوانمان بە خاوەن دەرکەوین هەموو هەوڵی خۆمان وەگەر بخەیین و دەنگی خۆمان بەرز بکەینەوە و لەوە نەترسین کە توشی راوەدونان و بەند کردن بینەوە و بە هەرشیوەیەکی کە گونجاوە دەنگی خۆمان بە گوێی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و هەموو جیهان بگەیەنین، چونکە بێدەنگی و نەبوونی هەڵوێست لەهەمبەر ئەو رووداوانە و رووداو جینایەتەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی دەرهەق نەتەوەو نیشتمانەکەمان تاوانەو رەوایی بەخشێنە بە کردەوە دژە مرۆیی و سەدە ناوەراستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، و ئەگەر ئێمە هەنوکە دەنگی خۆمان نەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەو کەسانەو کەس‌و کاری حەبیب‌و حەبیبەکانی دیکە ئەوا بێگومان کۆماری ئیسلامی لەسێدارەیان دەدات و بوار خۆشتر دەبی بۆ کۆماری ئیسلامی تاکوو چاونەترسانە لاوەکانی وڵاتەکەمان لە سێدارە بدات. چونکە رۆژێکیش دێت کە بۆخۆمان یان کەسێکی ئێمە یان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە تووشی راوەدونان و گرتن دەبینەوەو ئەو جار بۆمان دەر دەکەوی کە بەراستی چەندە پێویستە کە گرتنی لاوێک بە گرتنی خۆمان یان کەسێکی نزیکی خۆمان و هەموو لاوانی کوردستان بزانین‌و لە سێدارەدانی لاوێک بە لە سێدارەدانی خۆمان یان کەسێکی نزیکی خۆمان و هەموو لاوانی کوردستان بزانین و ئیزن بە خۆمان نەدەین کە لەهەمبەر ئەو تاوانانەدا بێ دەنگ بین، چونکە بەراستی بێ‌دەنگی‌، بێ‌هەڵوێستی‌و نارەزایەتی دەڕنەبڕین تاوانە.
سەرنووسەر
ئەم بابەتە لە بەشی سەروتاری گۆڤاری لاوان ژمارە ٤٠ بڵاو بۆتەوە کە سەرنووسەری ئەم گۆڤارە بووم

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر