۱۳۹۴ فروردین ۴, سه‌شنبه

مافی پەنابەرێتی وەک مافێکی دانپێدانراو لە یاسای نێودەوڵەتیدا، لە نێوان بەخشین و پێشێلکردنیدا

دالای لاما و عەبدوڵڵا ئۆج ئالان، بەنمونە.
ئاوارە حسێن.
لەسەرەتادا مافی پەنابەرێتی وەک مافێکی دانپێدانراوی یاسایی ناسێنراو لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەناسێنین و پاشتریش باس لە بەخشینی مافی پەنابەرێتی و پێشێلکردنی مافی پەنابەرێتی دەکەین بەنمونەوە.
مافی پەنابەرێتی لە جاڕنامەو ڕێککەوتننامە یاساییە نێودەوڵەتیەکاندا:

* جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (١٠/١٢/١٩٤٨)، لە ماددەی (١٤) دا، بەم شێوەیە باس لە مافی پەنابەرێتی دەکات:
بڕگەی (١) دەڵێت: (هەر کەسێک لەبەرامبەر ستەم و چەوساندنەوەدا مافی ئەوەی هەیە بە شوێن پەناگەیەکدا بگەڕێ و پەنا بباتە بەر دەوڵەتێکی تر).

بڕگەی (٢) دەڵێت: (هەر کەسێک سەبارەت بە تاوانی نا سیاسی و کردەوەی نا تەباو نە گونجاو لەگەڵ مەبەست و پرەنسیپی نەتەوە یەکگرتوەکان تۆمەتبار بێت، ناتوانێت لەو مافە سود وەربگرێت).
هەر پەیوەست ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ، جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دانیناوە بەچەندین مافی گەوهەری تردا لەوانە:
ماددەی (٦) دەڵێت: (هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کەسایەتیە یاساییەکەی لە هەمو شوێنێک بە فەرمی بناسرێت).
ماددەی (٧) دەڵێت: (هەمووان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن و مافی ئەوەیان هەیە بێ هیچ جیاوازییەک لەلایەن یاساوە پشتیان بگیرێت، هەموان مافی ئەوەیان هەیە لە بەرامبەر هەر جیاوازی دانانێکدا کە ناوەڕۆکی ئەم جاڕنامەیە پێشیل بکاو لە دژایەتی لەگەڵ هەر هاندانێکدا کە بە مەبەستی ئەو جیاوازیدانانە بەڕێوە بچێ، وەک یەک لە لایەن یاساوە پشتیوانیان لێبکرێت). 
ماددەی (٩) دەڵێت: (هیچ کەسێک نابێت لە خۆوە بگیرێت، زیندانی بکرێت یان دوور بخرێتەوە).
ماددەی (١٠) دەڵێت: (هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە بەو پەڕی یەکسانی لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، بە ویژدان و ئاشکرادا لە بریاردان لە ماف و ئەرکەکانی بۆ هەر تاوانێک پێی تۆمەتبار کراوە بە کێشەو سکاڵاکەی بگەن).

ماددەی (١١) بڕگەی (١) دەڵێت: (هەر کەسێک بەهەر تاوانێک تۆمەتبار کرابێت، هەتا ئەو کاتەی لە دادگایەکی ئاشکرادا کە هەموو دەستەبەرێکی پێویست بۆ داکۆکی لە خۆکردنی بۆ دابین کرابێت، تاوانبار بوونی ئەو بەشێوەیەکی یاسای دەرنەکەوتووە، بەبێ تاوان دەژمێردرێت).
* لە (١٤/١٢/١٩٥٠) کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگترووەکان دامەزرا. کاری سەرەکی ئەو کۆمیسیۆنە لەسەر داوای حکومەت یان نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پاراستن و هاوکاریکردنی پەنابەران و یارمەتیدانیانە بۆ جێگیرکردن و گەڕانەوەیان بۆ دەوڵەتی خۆیان. بە هۆی چالاکیەکانیەوە براوەی دوو خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ بووە بۆ ساڵانی (١٩٥٤-١٩٨١).

* لە (٢٨/٧/١٩٥١) نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆنفرانسێکی تایبەتدا، ڕێککەوتننامەی پەنابەرانی دەرکرد و ئەو ڕێککەوتننامەیەش لە (٢٢/٤/١٩٥٤) وە کاریپێدەکرێت. و (١٤٥) دەوڵەت ئەندامن تێیدا
لە ماددەی (١) ی ڕێککەوتننامەکەدا بەم شێوەیە پێناسەی پەنابەر دەکات: (هەرکەسێک کە چەوسێنرابێتەوە بە هۆکاری نەژادی، ئاینی، نەتەوەی، ئەندام بونی لە گروپێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی یان بیروباوەڕی سیاسی. کە لەدەرەوەی دەوڵەتەکەی خۆی، دەوڵەتی ڕەگەزنامەی و شوێنی مانەوەی. و هەروەها ناتوانن بگەڕێنەوە دەوڵەتەکەی خۆیان و لە دەوڵەتەکەی خۆیاندا پارێزراو نین لە ترس و چەوساندنەوە).
* کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (١٤/١٢/١٩٦٧) بە بڕیاری (٢٣١٢) جاڕنامەی پەنابەری هەرێمی دەرکرد. ئەو جاڕنامەیە لە چوار ماددە پێک هاتووە.
لە ماددەی (١) ی جاڕنامەکەدا هاتووە کە مافی پەنابەرێتی لە لایەن دەوڵەتەوە دەبەخشرێت وەک جێبەجێکردنی سەروەری دەوڵەت بۆ کەسانێک کە:
برگەی (١) دەڵێت: (پشت بەست بە ماددەی ١٤ ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، ئەو مافە دەبەخشرێت بە کەسانێک کە تێدەکۆسن لە دژی داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم و پێویستە لەلایەن هەمو دەوڵەتانەوە ڕێزی لێبگیرێت).
بڕگەی (٢) دەڵێت: (ئەو مافە نابێت بە کەسانێک ببەخشرێت کە هەستاون بە ئەنجامدانی تاوانی دوژمنکاری، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی. کە پیناسە کراون لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکاندا).
لە ماددەی (٤) دا دەڵێت: (ئەو دەوڵەتەی کە مافی پەنابەرێتی دەدات، نابێت ئەو مافە بە کەسانێک ببەخشێت کە تێوە گلاون بە چالاکیەکەوە کە دژ و ناکۆکە لەگەڵ مەبەست و پرەنسیپی نەتەوە یەکگرتووەکان).


بەخشینی مافی پەنابەرێتی. دالای لاما بە نمونە.

دالای لاما: (دالای) وشەیەکی مەنگۆلیە، بە مانای زەریا دێت و (لاما) وشەیەکی تیبتیە، بە مانای مامۆستا یان فێرکار دێت. (دالای لاما) چواردەیەمین دالای لامای تیبتیەکانە و ناوە ئاینیەکەی (تەنزین گیاتسۆ) یە. لە (٦/٧/١٩٣٥) لە گوندی تاکتسەر لە خێزانێکی هەژار لە دایک بووە و لە (١٧/١١/١٩٥٠) و لە تەمەنی پانزە ساڵیدا وەک یەکەمین دانپێدانراوی فەرمی دالای لاما. لە لایەن خەڵکی تیبتەوە هەڵبژێراوە. لاما وەک ڕابەڕی ڕەبەنەکان (مۆنکەکان) ی ئاینی بودی بە بەرگریکارو پارێزەری بەختەوەری تیبتیە بودیەکانی دنیا ناسراوە کە بەردەوام لە گەشتە جیهانیەکانیدا بە شێوازە ئاشتیخوازییەکەی کار دەکات بۆ بەرژەوەندی گشتی و سەرچاوەی ژیانێکی بەختیارەو دەربارەی ژینگە، ئابوری، مافەکانی ژن، ناتوندوتیژی، پێکەوە ژیانی ئاینی و پزیشکی دەدوێت و ئامۆژگاری بودیەکانی دنیا دەکات.
لە ساڵی (١٩٥٦) کاتێک بۆ بەشداری کردن لە جەژنی لەدایک بونی بودا سەردانی هیندستان دەکات، بە سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی هیندستان جەواهیر لال نەهرۆ دەڵێت گەر مافی بەنابەری سیاسیم پێبدەیت ئەوا لە هیندستان دەمێنمەوە. دالای لاما لە دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی تیبتەکان لە خاکی خۆیان لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەری چینەوە، لە (٣٠/٣/١٩٥٩) هەڵدێت بۆ هیندستان پاش بڕینی ڕێگایەکی دورودرێژ بەپێ بە پانزە ڕۆژ لە پایتەختی تیبت (لهاسا) وە دەگاتە هیندستان لەگەڵ گروپێکی سی و هەشت کەسی کە تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی و شەش وەزیری کابینەکەشی لەگەڵدا بوو لە هەرێمی (دهاراماسەلا) نیشتەجێ دەبن لە باکوری هیندستان و ئەوێ دەبێت بە وڵاتی نوێی ئەوان لە مەنفادا. بەگەشتنیان بە هیندستان دەست بەجێ لە لایەن حکومەتی هیندستانەوە مافی پەنابەری سیاسی بە دالای لاما و یاوەرانی دەدرێت. بە دوای ئەوانیش هەشتا هەزار تیبتی تریش دێن و زۆربەیان لە هەمان شوێن دەمێننەوە. چەند ڕۆژێکی کەم پاش گەشتە سەرکەوتووەکەی (جەواهیر لال نەهرۆ) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی هیندستان دەگاتە لای و پێشوازی لێدەکات. بە نیشتە جێبونیان دالای لاما فەرماندەکات بە دامەزراندنی سیستەمی پەروەردەی بۆ فێرکردنی زمان، کەلتور، مێژوو و ئاین بە منداڵانی تیبتی
تیبت تا ساڵی (١٩٥٠) دەوڵەتێکی سەروەر بووە، دواتر لە لایەن سوپای چینەوە داگیر دەکرێت تا ئەمڕۆش ژێر چەپۆکەی دەوڵەتی چینی کۆمۆنیستە. مەزەندە دەکرێت لە ساڵی (١٩٥٩) وە نزیکەی یەک ملوێن و نیو تیبتی کوژرا بێتن لە ئەنجامی هێرشە ڕاستەوخۆکانی چینەوە
دالای لاما لە ساڵی (١٩٨٩) دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە و ئەمڕۆ بووە بە سیمبولی ئاشتی جیهانی.
بەخشینی مافی پەنابەرێتی بە دالای لاما بووە جێگای ڕەخنەی حکومەتی چین. وە هیندستانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستی وەرداوە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی. لە کاتێکدا بیرمەندانی هیندی یاسای نێودەوڵەتی پێدانی ئەو مافە بەوە ناودەبەن کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مافەکانی دەوڵەتی هیندستان و سەپاندنی سەروەریەکەی بووەو لە سەر بنەمای مرۆڤایەتی پێی بەخشراوە و مرۆڤێکیان لە چەوساندنەوە پاراستووە کە پەنای بۆ هێناون و پێویست بووە بە دەمیەوە بچن.

عەبدوڵڵا ئۆج ئالان: لە(٤/٤/١٩٤٩) لە گوندی ئامەرلی سەر بە پارێزگای ئورفە لە باکوری کوردستان لە خێزانێکی جوتیار لە دایک دەبێت و کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی ئەنقەرە تەواو دەکات. لە (٢٧/١١/١٩٧٨) پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) دادەمەزرێنێت و پاش نزیکەی شەش ساڵ لە خەباتی ئاشتیخوازی کەوەڵامێکی ڕاستەقینە وەرناگرن لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد. ناچار لە (١٥/٨/١٩٨٤) خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا ڕادەگەیەنێت. جگە لەوەی ڕێبەری هزری و کرادری شۆڕشی باکوری کوردستانە بیرمەند و نوسەرە نزیکەی چل پەرتوکی بەهاداری نوسیوە.

(ئۆج)ە، بە مانای تۆڵە سێن دێت، زۆر کات بە (ئاپۆ) ش، ناودەهێنرێت کە بە مانای مامە دێت و ئەم نازناوە هەر لە منداڵیەوە هاوڕێیانی پێیان بەخشیوە. کاتێک ئۆج ئالان دەبێتە مامۆستای وشیاری و ئازادییان. لە پەرتوکی (عەشقی کورد) دا، دەڵێت:
،،هەر لە منداڵیەوە بۆ ئەوەی چیاکان لای منداڵانی هاوڕیم خۆشەیست بکەم گەر چۆلەکەیەکم بکوشتایە بە تەنها نەم دەخوارد و پێکەوە لەسەر بەرزاییەکان دەمان خوارد، بەمەش لە خۆشەویستیدا پێیان دەوتم ئاپۆ. بۆ ئەوەی لە ژیانی تەنیای منداڵیم خۆم ڕزگار بکەم دەبو ڕاوی چۆلەکەی ئاسمان بکەم و دەرخواردی منداڵانی بدەم،،.
ئۆج ئالان رۆژی دووشەممە (١٥/٢/١٩٩٩) کاتژمێر (١١:٠٣) یانزەو سێ خولەکی بەیانی لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دا کە چەندین دەزگای سیخوڕی جیهانی بەشدار بوون تێیدا لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیرکراو تەسلیم بە تورکیا کرایەوە.
لە سەرەتادا دادگای تورکیا بە پێی ماددەی (١٢٥) ی یاسای سزادانی تورکیا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند. پاشتر سزاکەی گۆڕی بۆ زیندانی هەمیشەی پاش ئەوەی حکومەتی تورکیا سزای لە سێدارەدانی لە یاساکانیدا هەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی هۆکارێکی هاوکار بێت بۆ وەرگیرانی لە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا.
عەبدوڵڵا ئۆج ئالان له‌ هەردوو بەرگی په‌رتوکی: (لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانی دیموکراسیانە). و بەرگی پێنجەمی پەرتوکی (مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتی- کێشەی کورد و ڕێگە چارەی نەتەوەی دیموکراتیک- لە ناو بەرداشی جینۆسایدی کەلتوریدا بەرگریکردن لە کورد). ڕوناکایی ده‌خاته‌ سه‌ر شێوازی فڕاندن و گرتن و ته‌سلیم کردنه‌وه‌ی. وه‌ به‌ پیلانێکی نێوده‌وڵه‌تی نه‌فره‌تلێکراو و گڵاو دەیناسێنێت و ته‌نانه‌ت خۆی به‌ قوربانیه‌کانی ئاڕانا ده‌چوێنێت. (ئاڕانا: ئه‌و مه‌یدانه‌ بوو له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ند که‌ مرۆڤی تێدا پێشکه‌ش به‌ شێره‌کان ده‌کرا). له‌ ڕاستیشدا دەستگیرکردن و تەسلیمکردنەوەی ئۆج ئالان بە تورکیا، دیارییه‌کی سیسته‌می مۆدێرنیتەی سه‌رمایه‌داری بو بۆ ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێکانی نه‌وه‌کانی سوڵتانه‌ عوسمانیه‌کان و ئه‌تاتورک.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر