۱۳۹۲ فروردین ۱۶, جمعه

یاسای بنەڕەتی چیە؟

یاسای بنەڕەتی پێک هاتووە لە کۆمەڵیک ڕێسا، یاسا و بنەمای گشتی کە شێوەی حکومەت، رێکخراوی هەر سێ دەسەڵاتە بەرزەکەی وڵات و پێوەندی ئەوان لەگەڵ یەکتر و ماف  و ئازادیەکانی تاکەکانی وڵات لە هەمبەر دەوڵەت دا دیاری دەکات. ئەمەیکە شێوەی حکومەت کۆماری بێت یان مەلەکی، ئەمەیکە پارڵمان لە یەک ئەنجومەن پێک بێت یان لە دوو ئەنجومەن و دانانی یاسا بە چ شێوەیەک دەکرێت ئەمەیکە لە کۆماری دا سەرۆک کۆمار لە سەر بنەمای دەنگی ڕاستەوخۆی گەڵ هەڵدەبژێردرێت یان بە دەنگی نوێنەرانی ئەو خەڵکە و بە شێوەی ناراستەخۆ و چ بەرپرسایەتیەکی هەیە، ئەمەیکە لێک جیا کردنەوەی دەسەڵاتەکان ڕێژەیی‌یە یان ڕەها و پرسگەڵێک لەم جۆرە لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتیدا ئاماژەیان پێ دەکرێت.

دروست ئەوەیە کە یاسای بنەڕەتیی هەر وڵاتێک تەوەری سەرەکی سیستمی سیاسی وڵات و ڕێکخەری هەموو کاروبارەکانی حکومەت و دیاریکەری پێوەندی سەرەکی سێ دەسەڵاتە باڵاکەی گشت کۆمەڵگا بێت و بەوردی جێبەجێکردنی ئەو یاسای بنەڕەتیە هەموو ڕێگاکانی سەرەڕۆیی ودیکتاتۆڕی بەربەست بکات. ئازادی، کەرامەتی مرۆیی و مافی تاکەکان بەکردەوە مسۆگەر بکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی بێنێتە کایەوە. یاسای بنەڕەتی لە ڕاستی دا ئامرازێکە کە روخساری یاسایی وڵات دەناسێنیت. بە لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکی کورتی هەر یاسای بنەڕەتیێک دەتوانین وڵاتی خاوەن ئەو یاسای بنەڕەتیە بناسین. لە زۆربەی یاسای بنەڕەتیەکان دا مافەکانی گەل بە شێوەیەکی تەواوەتی ئاماژەی پێکراوە و ئازادی تاکەکان بە روونی دیاری کراوە، بەڵام ناوەندەکانی جێبەجێ کردنی کاروبارەکان لە سیستەمی بەڕێوەبردندا گوێی پێنادەن. پێویستە لە یاسای بنەڕەتیی هەر وڵاتێک دا ماف و ئازادیەکان بە تێرو تەسەلی باس بکرێت و  لە جێ بەجێ کردن و لەکردەوەدا، بەرپرسەکان و دەسەڵاتدارانیشدا بە وردی جێ بەجێی بکەن، هەڵبەت لێهاتوویی و شیاوی و متمانە و ئامادەیی خەڵکیش مەرجێکی زۆر گرینگە کە مافەکانی خۆیان داوا بکەن، لە رووی سیاسی و فیکریە بە پێی پێویست پێگەیشتبن کە بۆخۆیان هۆکاری بێ بەشی و بێ مافی نەبن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر