۱۳۹۱ آبان ۲, سه‌شنبه

سێهەمین ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید و هەڵوێستی ئێران


ئەحمەد شەهید راپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان
 بۆ رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێراندا
ئەگەر ئاوڕێکی کورت لە پێشینەی دیاری کردنی راپۆرتێری تایبەت لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدەینەوە سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئەوە سێ هەمین جارە کە لەم پێویەندیەدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان راپۆرتێری تایبەت سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دیاری دەکات. کە یەکێک لەو راپۆرتێرانە  ''موریس کاپیتۆرن'' بوو کە  لە ساڵی ١٩٩٥ تاکوو ساڵی ٢٠٠٢ ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ بوو ناوبراو لەو ماوەیەدا یەکجار لە پێوەندی لەگەڵ کارەکەی دا سەردانی ئێرانی کرد، بەڵام رێگری لێدەکرا کە بە ئازادانە لە گەڵ خەڵک بدویت و سەردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران بکات.
هەنووکەش ئەحمەد شەهید کاری راپۆرتێری لەئەستۆیە کە ساڵی پار دیاری کراو تاکوو هەنوو کە سێ راپۆڕتی لە پێوەندی لە گەڵ مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئامادە کردوە و پێشکەشی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردوە و لەو پێوەندیەدا هەرچەند ئەحمەد شەهید داوای لە کاربەدەستانی ئێرانی کردوە کە هاوکاری بکەن ورێگەی پێ بدەن کە سەردانی ئێران بکات، بەڵام داواکەی لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانیەوە رەد کراوەتەوە.

سێهەمین ڕاپۆرتی ئەحمەد شەهید سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێراندا
ئەم ڕاپۆرتە کە لە ٢٣ لاپەرە پێک هاتووە تێدا ئاماژەی بە ١٢٤ پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوی شەش مانگی رابردوودا کردووە. ناو براو بە دورو دریژی ئاماژەی بە پێشێل کرانی ئازادیە مەدەنیەکان لە ئێران دا کردووە کە ئازادی ڕادەڕبرین و ئازادی پێک هێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە و ئازادی دەست راگەیشتن بە زانیاری و ئازادی ئایینی و جیبەجێ کردنی دادپەروەری لە خۆ دەگریت. و لەو پێوەندیە دا ئاوڕی لە کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی ناوخۆی ئیران داوەتەوە و هەروەها رخنەی لە یاسای نوێی سزادان کۆماری ئیسلامی گرتووە و بە پێچەوانەی ئەو پرۆتۆکۆلانەی داناوە کە کۆماری ئیسلامی واژۆی کردوون. ئەحمەد شەهید بە بەلگە و ئەرگۆمێنتی ورد سێهەمین ڕاپۆرتی خۆی ئامادە کردوە و داوای لە ئیران کردووە کە کۆتایی بە سزادانی لەسێدارەدان بێنێت و هەروەها ئاماژەی  بەوە کردووە کە مافی مرۆڤ لە ئیراندا بەشێوەیەکی سیستماتیک پێشێل دەکرێت.

هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە سێهەمین راپۆڕتی ئەحمەد شەهید
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە و بە داگیر کردنی سەفارەتی ئەمریکا لە لایەن خوێندکارانی لایەنگری ئیمام ئەو پەیامەی دا بە جیهان کە رێز لە پەیماننامە و پەسەندکراوە نیودەوڵەتیەکان تەنانەت ئەوانەی کە واژۆشی کردوون ناگرێت و لە ماوەی دەسەڵاتی زیاتر لە سێ دەیەی خۆیدا ئەوەی بە کردەوە سەڵماندووە لە بەرچاوترینیان تیرۆری دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات بە کەڵک وەرگرتن لە سەفارەتەکەی لەو وڵاتانەدا و دیپلۆماتەکایشی وەک تیرۆریست لە ڕاپەراندنی پلانی تیرۆرەکاندا رۆڵی بەرچاویان هەبووە.
کۆماری ئیسلامی ئەمجارە جیا لە جارەکانی دیکە کە کەسایەتی ئەحمەد شەهیدی بردۆتە ژێر پرسیار و راپۆرتی یەکەم و دووهەمی راپۆرتێری تایبەتی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکانی بێ وڵام هێشبۆوە ئەمجار بە فەرمی وڵامی بە نوسراو وڵامی ڕاپۆری ئەحمەد شەهیدی دایەوە و لە وڵامەکەیدا ئاماژە بەوە کردوە کە ئەم ڕاپۆرتە پشتی بە سەرچاوەی نادروست بەستوە و راپۆرتێکی کۆپی کراوە و کەڵکی لە ئاماری نادروستی لایەنەکانی دژی کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە. بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە خۆدی ئەم وڵامە نشان لەوە دەدات کە دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەم راپۆرتەوە و وای لێ کردوون کە جیا لە راپرتەکانی دیکە وەدەنگ بێتن و قسەی لەسەر بکەن.

ـ کاریگەریەکانی دیاری کردنی راپۆرتێری تایبەت لە سەرباشتر بوونی رەوشی مافی مرۆڤ
لە گەڵ ئەوەدا کە زەخت و فشاری نێودەوڵەتی لە سەر ئێران و دواتر بایکۆتی ئێران لە سەر پرسی ناوەکی لەم ساڵ دا گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی کە تاکوو هەنووکە وێنەی نەبووە و بە خۆشیەوە ئەمجارە جیا لە جارەکانی دیکە پرسی پێشێل کرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بە تایبەت پێشێل کرانی مافی کەمینە نەتەوە و ئایینەکانی ناو خۆی ئێران زیاتر کەوتۆتە بەر سەرنج و دیاری کردنی راپۆرتێری تایبەت بە ئێران سەبارەت بە مافی مرۆڤ لەم وڵاتەدا لە لایەن شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لەو پێوەێندیەدایە و کە بێ گومان ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕەوشی کەمینە نەتەوەیی و ئایینەکانی ئێران لە لایەن چالاکانی مافی مرۆڤ و ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی دەورێکی بەرچاوی لەو پێوەندیە دا بینیوە بە گشتی دەتوانی بڵێن کە هەم پرۆتستۆکردنی ئابووری ئێران  و هەم فشار و زەخت لەسەر ئێران سەبارەت بە پێشێل کرانی مافی مرۆڤ ئەوا یەکتر تەواو دەکەن و لە ئاکامدا دەبێ هۆی ئەوەی کە یان ئەوەی کە کۆماری  ئیسلامی ژەهر نۆش کات و کۆتایی بە پرۆسەی دەست راگەیشتن بە چەکی ناوەکی بێنێت و تاڕادەیەک رێز لە مافی مرۆڤ بگرێت کە ئەوە بە دوور نازاندرێت و یان ئەوەی کە هێرشی چەکداری بۆسەر ئێران بکرێت  و لەم رێگایەوە ریگری لەبەردەم دەست راگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوەکی بگریردرێت یان ئەوەی کە کۆمەڵانی خەڵكی ئێران ڕاپەڕن و بۆخۆیان کۆتایی بەدەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دا بێنن.
ـ تێبینی:
ئەم بابەتە لە رۆژنامەی ''کوردستان'' ژمارە ٥٩٤ دا بڵاو بۆتەوە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر