۱۳۹۱ شهریور ۱۷, جمعه

روانینێک لە ناسیۆنالیزمی سەربەخۆییخوازی کورد


ن. فەروخ نیعمەتپوور      و. چیا کوردستانی
بە دوای رووخانی رێژیمی سەدام حوسێن و بەشداری کوردەکانی ئێراق وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی لە حکومەتی ناوەندی دا، ناسیۆنالیزمی کورد جموجۆڵیکی زۆرتری لە چاو پێشوو لە ناوچەکە دا بەخۆوە گرتووەو، رەهەندەکانی ئەو ناسیۆنالیزمە تاکوو ئێستاش لە رووبەرێکی بەرفراوانتردا پەرەی گرتووە.
بە دڵنیایەوە دەتوانین بڵێن کە بەشداری کوردەکانی ئێراق لە حکومەتی ناوەندی ئەم وڵاتەدا، خاڵێکی وەرچەرخانە لە پەرەگرتنی ناسیۆنالیزمی کوردی دا، و لە راستی دا برگەیەکی زۆر گرنگە لە ناسیۆنالیزم دا و ناسیۆنالیزمی پێش لە خۆی لە بواری چەندی و چۆنی لە یەک جیا دەکاتەوە. لە راستی دا ئەم برگەیە خاڵیکی دەسپێکی دیکەیە لە دەربڕینێکی دیکە لە چەند و چۆنی ناسیۆنالیزمێکی دیکەدا.

ئەگەر بمانهەوێ تایبەتمەندیەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی دوای رووخانی رێژیمی بەعس ریز بکەین، دەتوانین بڵێین ئەم ناسیۆنالیزمە لەچاو پێش خۆی تایبەتمەندیگەلێکی سەربەخۆ خوازانەی زۆرتری لە خۆی پێشان داوە، کە ئەم کارەش هەم لە جۆری وشە سیاسیەکانی ئەودا رەنگدانەوەی هەبووەو هەم لە پێکهاتنی حیزب و رێکخستنی سەربەخۆ خوازییخوازدا. لە بواری وشەگەلی سیاسی دا هەنوکە ئێمە دەگەڵ وشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان، باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بەڕەوڕووین، کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کوردستان لە راستی دا یەک وڵات بووە کە بە ناحەق دابەش کراوەو لە سەر ئەم بنەمایە مافی یەکگرتنەوەی دووبارەی بۆ پارێزراوە (دیارە کوردستان هیچ کات لە واتای سیاسی نوێ دا، وڵاتێکی یەکگرتوو نەبووە، لەبەر ئەوە کە هیچ کات خاوەنی دەوڵەت‌ـ نەتەوە نەبووە. ئەوەی کە ئەم وڵاتە بەخۆیەوە دیتووە بریتی بووە لە هێزە ناوچەییەکانی سەر بە ئیمپراتۆڕییە جۆراوجۆرەکان لە درێژایی مێژوودا، کە تەنانەت لەگەڵ یەکتریش بەشەڕ هاتوون. کەواتە ناتوانین باس لە دابەش بوونی کوردستان بکەین.
دابەش بوونی کوردستان وشەیەکی دروستکراوی ناسیۆنالیستەکانە بۆ پێکهێنانی بیرێکی ناسیۆنالیستی). دیارە ئەم وشانە لە لایەن ''پ ک ک'' وە بە فەرهەنگی وشەکانی ناسیۆنالیزمی کوردیەوە زیاد کران، بەڵام لەو سەردەمەدا زۆربەی خەڵک زۆر بە لایانەوە پەسەند نەبووو لە راستی دا دوای رووخانی سەدام بوو کە ئەو وشانە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر کەڵکیان لێ وەرگیرا. لە نێو حیزبە سیاسیەکانیشدا دەبینین کە حیزب و رێکخراوگەڵیکی تازە بە ناوی تازوەوە هاتوونەتە کایەوە کە بەشێک لە م رێکخراوانە لە دڵی حیزبە کۆنترەکاندا هاتوونەتە دەرێ، هەندێکی دیکەش تازە دامەزراون. هەروەها لە چاخی پۆست مۆدێرنیزمی و بە جیهانی بوون دا کە لەودا ئامرازی پێوەندی و زانیاری بە فراوانی دەست دەکەون، و تا رادەیەک هەموو کەس دەستی پێیان رادەگا، ئامرازەکانی پێویست بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم ناسیۆنالیزمە سەربەخۆیی خوازە لە باشترین حالەتی خۆیدا رەخساوە، و لەم بارەوە ئەم گوتارە دەگەڵ گوتاری پێشووی خۆی کە زۆرتر خودموختاری خواز بووو پشتی بە کۆمەڵیک ئامرازی دیکە بەستبوو، خۆی جیا دەکاتەوە.
دیارە دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی سەربەخۆییوازی کورد بە واتای ئەوە نیە کە رێکخستنی هەڵگری ئەو هەنووکەش لە توانا و هێزی رێکخستنە کۆنەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی کەڵک وەردەگرێ، بەڵام توانای گوتارە ڕادیکاڵەکەی، کاریگەری لەسەر حیزبە کۆنەکانیش داناوە، بە شێوەیەک کە ئەم حیزبانە هەنووکە لە ویستی خودموختاریخوازانە هاتونەتە دەرێ (یەکێک لە هۆکارەکان)و رێگای فیدرالیزمیان هەڵبژاردوە. لە لایەکی دیکەوە ئەوانی ناچار کردووە کە لە رێزمانی سیاسی باوی خۆیاندا هێندێک جار و تەنانەت زۆرتر، لە وشە گەلی ناسیۆنالیزمی سەربەخۆییخواز پەیرەوی بکەن و بەکاری بێنن. لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی سەربەخۆییخواز خۆی لە پارادۆکسێک کە حیزبە کۆنترەکان گیرۆدەی بوون دەرباز کردووە، و ئەوە لە کاتێک دایە کە حیزبە کونەکان گیرۆدەی جۆرێک گوتاری پارادۆکسیکاڵن. ئەوان لە لایەک لە وشە گەلی ناسیۆنالیزمی سەربەخۆییخواز کەڵک وەردەگرن، و لە لایەکی دیکەشەوە لە کردەوەی سیاسی خۆیان دەروەستی بەرنامە باوەکانی خۆیانن. دیارە ئەم ناتەبایی لە دنیایی سیاسەت دا شیاوی پاساوە، بەڵام لەوەدا کە قسە لە سەر ناسنامە خوازی کوردیی رەسەنە ئەم حیزبە کۆنانە بە تەواوی ناتوانن وەڵامدەر بن و لە ڕاستی دا پراگماتیستی سیاسیە کە توانای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو ناسیۆنالیزمە ڕادیکاڵەی بە ئەوان داوە. بەو واتایە کە هێزی وڵاتانێک کە کوردەکانی تێدان، و هەروەها نەبوونی ئامادەیی کومەڵگای جیهانی بۆ وەرگرتنی ناسیۆنالیزمی سەربەخۆیی خوازی کوردی، بەردەوام ئەوانی خستۆتە سەر بنەمای ڕاستییەکان.
هەروەها مێژووی خەباتی ئەم حیزبانەو هەبوونی پێگەیەکی بەهێزو بنچینەیی ئەوان لە کۆمەگای کوردی دا شتێک نیە کە بە سانایی بتوانرێ لە لایەن ڕادیکالیزمی ناسیۆنالیزمی کوردیەوە بسڕێتەوە، و لە ڕاستیدا ئەم حیزبانە وەک هەبوویەکی سەربەخۆو بەهێزی فاکتۆڕگەڵیکی هەنووکەیی چارەنوسازن لە دۆخی هەنووکەیی دا.
بەڵام ئەمە کە ناسیۆنالیزمی رادیکاڵ و سەربەخۆییخوازی کوردی تاکوو چەندە بنەمای دروشمی سەربەخۆیی کوردستانی (جا کوردستان وەک وڵاتێکی سەربەخۆو یەکگرتوو، و یان هەر بەشێکی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ) شی کردۆتەوە، قسەی زۆر هەڵدەگرێت. بە رووانینێکی کورت لە بارودۆخەکە وا دێتە بەر چاو کە ئەم ناسیۆنالیزمە نە لە سەر بنەمای شیکردنەوەی هەڵومەرجی ئەرایی و ڕاستینە، بەڵکوو زۆرتر لە سەر بنەمای خواست و ویستێکی دەروونی و رۆمانتیکی هەڵسوکەوت دەکات، و لە بنەڕەت دا زۆرتر لە سەر دوو پرس پێداگری کردووە: یەکەم لە سەر بەرنامەکانی ئەمریکا بۆ گۆرانکاری پێکهێنان لە ناوچەدا و دووهەم لە سەر خواستێک کە لە نێو بەشێک لە کۆمەڵگا دا لەم بارەیەوە بوونی هەیە. ئەگینا دیار نیە کە میکانیزمەکانی پێکهێنان و بە کردەیی کردنی سەربەخۆیی کوردستان چۆنن و دەبێ لە چ رێگا گەلێکی کردەییەوە تێپەڕن.
سەربەخۆیی کوردستان بەر لە هەموو شتێک دەبێ بە واتای بوونی سنوورگەڵێکی دیاری کراو بێ کە بۆ جاردانی سەربەخۆیی پێویستن و ئەوە لە کاتێک دایە کە بە کردەوەو بە یاسایی ئەم سنوورانە بوونیان نیە (لە زۆربەی بەشەکان)و لانی کەم دیاری کردنی ئەم سنوورانەش (دیارە لەم بوارەش دا جیاوازی زۆر لە نێوان ناسیۆنالیستەکانی کورد دا هەیە) خۆی لە خۆیدا بە واتای جاردانی شەڕو پێکدادانی خوێناویە، چوونکە لە لایەن ناسیۆنالیستەکانی نەتەوەکانی بەرامبەریش سنوورگەڵێکی خەیاڵی دێنە کایەوە کە بە تەواوی ناتەباییان لەگەڵ سنوورەکانی جێی پەسەندی ناسیۆنالیستەکانی کورد هەیە. ئەم بابەتە بە تایبەت سەبارەت بە ئێران و کوردستانی ئێران ڕاستە. لەبەر ئەوە کە لەم ناوچەیە هەزاران ساڵە کە نەتەوەو قەومەکانی ئەم نیشتمانە دەگەڵ یەکتر دەژین و تێکەڵاویەکی ئیتنیکی توندیان هەیە، هەر چەشنە کارێک بۆ جیاکردنەوەی سنوورەکان لانیکەم لە دەسپێکدا بە واتای هەڵگیرسانی شەڕگەلێک دەبێ کە لەوانەیە کۆتایی ئەم شەڕانە پێش بینی نەکرێت. ئەگەر ناسیۆنالیستەکان لەسەر کاری جیا کردنەوەی سنوورەکان پێداگری دەکەن لانیکەم ئەم پرۆژەیە پێش لە دەست پێکردنی پێویستی بە پێکهێنانی هەڵومەرجی دێموكڕاتیک هەیە کە لەودا خەڵک گەیشبێتە ئەو رێژەیە لە کلتووری سیاسی کە بتوانن لە قۆناخەکانی دواییدا لە رێگای سندووقی دەنگەوە دوور لە شەڕو خوێنرێژی ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە. هەروەها دیار نیە کە لە هەڵومەرجێک دا کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی هەر جار نا جارێک لە نێوخۆی دا تووشی لەتبوونی زیاتر دەبێ و هەنووکە ئێرادەیەکی سیاسی یەکگرتوو لە دەوری پرۆژەیەکی سیاسی تایبەت نەهاتۆتە کایەوە، چۆن دەتوانرێ لەوەها کەشێکی پەڕشوبڵاودا بچین بەرەو پیلی هاتنە کایەی خواستی ناسیۆنالیستە رادیکاڵەکان. لە هەڵومەرجێکدا کە بیری نەتەوەیی خاوەنی یەکگرتوویی رێکخراوەیی ـ سیاسی نیە و ویستێکی یەکگرتوو دروست نەبووە چۆن دەتوانین دەست بەرین بۆ پراکتیزە کردنی بابەتی سەربەخۆیی؟ وەها دێتە بەرچاو کە ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵی کوردی نەتەنیا بڕوای بەم بابەتە نیە، بەڵکوو ئێستا لە رێی بەرەپێش بردنی کەشێکی ناسیۆناڵ ـ رۆمانتیکی بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات، لە هەوڵی داگیر کردنی تەواوی کەشی ئێستا و دواتر کردەیی کردنی بەرەپێش چوونەکانی دواترە، بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە کە لە نێوان ڕەوتە جیاوازەکانی ئەم ناسیۆنالیزمەش هاوئاراستەیی و پێکەوە گونجاویی کردەیی بوونی نیە و ئەم بابەتە گومانی زۆرتر دەخاتە سەر هاتنەدی بەرنامەکانی ئەوان. لە لایەکی دیکەشەوە دەتوانین بڵێین کە وشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای.... کە وشە گەڵێکی دڵخوازی ئەم ناسیۆنالیزمەن، نیشان دەری ویستێکی بەهێزی پان ـ کوردیستین کە لە هەمان چەشنە لە ناسیۆنالیزمی ئاڵمانی سەرچاوەیان گرتووە کە لە کاری روونکردنەوە و شیتاڵ کردنی ناسیۆنالیزم دا، لایەنی کولتوور و زمانیان زەق کردۆتەوەو ئەمە لە هەمبەر ناسیۆنالیزمی جۆری فەرانساییدا بوو کە لەودا لایەنی هاوڵاتی بوون بایەخی هەبوو. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمەی کە خزمایەتی نزیکی لەگەڵ فکری شۆڤینیستی هەیە مرۆڤ دەخاتەوە بیر پان عەرەب و پان تورک گەڵێک کە هەموو عەرەبەکان و تورکەکان بە یەک نەتەوە دەزانن، و ئەمە هەر ئەو ویستانەن کە خواستەکانی مافخوازانەی کوردەکان و زۆربەی نەتەوەکانی ژێر چەپۆکی خۆیان سەرکوت کرد و سەرکوت دەکەن و هەڵیان فریواندن و لە بنەڕەتدا شوناسێکی تایبەت بۆ خۆیان دادەنێن.
ئەگەر لە سەر بنەمای ئەم جۆرە تێگەیشتنە ناسیۆنالیزمی کوردی (جۆرە ڕادیکاڵەکەی) خەریکی پێناسە کردنەوەی بەرینتری نەتەوەکان و دەوڵەتەکان بین دەتوانین بڵێین و دەبێ قبوڵی بکەین کە گۆی زەوی دیبێ لە سەر بنەمای هاوزمانی لە نوێوە داڕیژرێتەوەو بۆ نمونە هەموو عەرەبەکان یەک وڵات دروست بکەن، هەموو تورکەکان وڵاتێک، هەموو فارسەکان وڵاتێک و هتد! و ئەمە لە کاتێک دایە کە پرۆژەکانی پێکهێنانی دەوڵەت، ئەگەر بە پێی داتا مێژووییەکان پاساوی بۆ بێنینەوە، تەنیا لە سەر بنەمای فاکتۆڕی زمان بەرەپێش نەچوون لەگەڵ ئەمەش دا ئاخۆ ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە ئەگەر رۆژێک یەکێک لە کەمایەتیەکانی نێوخۆی خوازیاری سەربەخۆیی بێ، مڵێ بۆ ڕادەکێشێت؟
هەر ئێستا زۆربەی بیردۆزەکان قسە لەسەر بە جیهانی بوون، کۆسمۆپۆلیتیسم (جیهان نیشتمانی) و سەردەمی پۆست مۆدێرنیزم دەکەن، و ئەم ڕووکارانە وەک تایبەتمەندی سەردەمی ئێمە دێنە بەرچاو. لەوەها هەڵومەرجێکدا بە پێی پێناسەی ئەوان لە دەوڵەت ـ نەتەوەکانی ئێستا رووبەڕووی کێشە گەڵێکی زۆر بوونەتەوەو لە ڕاستیدا ئەم دەوڵەت ـ نەتەوانە زۆر لە تواناییەکان و بیاڤی ئەرایی و کلاسیکیەکانی خۆیان لە دەست داوە یان لەدەست دەدەن (ئۆلریچ یەکەێک لەم بیردۆزانەیە). بە بڕوای ئەوان لەوەها هەڵومەرجێک دا شوناسە ناوچەییەکان زەق دەبنەوە، بەڵام هەر لەو کاتەدا ئەوە بە واتای ئەوە نیە کە هێزی ئەو دەوڵەت ـ نەتەوانەی ئێستا بۆ هەمیشە بسردرێتەوەو پەرشوبڵاوبن. بە پێچەوانەوە، تەنانەت ڕەوتی بەجیهانی بوون بە جۆرێک ئەم دەوڵەتانە لە هەندێک بواردا بەهێزتریش دەکات. بەڵام ئەوەی کە دەبێ ئەم دەوڵەت ـ نەتەوانە مڵی بۆ ڕاکێشن بێجگە لە قبوڵ کردنی ژمارەیەک دامەزراوە بان نەتەوەییەکان، قبوڵ کردنی جۆرێک پلۆرالیسمی فەرهەنگی و کولتوریە بۆ رووبەڕووبونەوە لەگەڵ سەپاندنی یەک لایەنەی فەرهەنگ و کوڵتوورێک کە پێشتر دەبوو جێبەجی بێت.
لە بەستێنێکی ئەوتۆدا، کەواتە گۆرانکاریەکان نە لە رێگای پێکهێنانی بەردەوامی دەوڵەت ـ نەتەوە نوێیەکان، بەڵکوو لە بنەڕەتدا (لە سەر ئەم وشەیە پێداگری دەکەم) لە سەر بنەمای پێکهێنانی فرەچەشنی و پلۆرالیزم لە پێکهاتەی دەوڵەت ـ نەتەوەکانی ئێستا دا بەروپێش دەچن. تایبەتمەندی سەرەکی گلۆبالیزاسیۆن تێکەڵاو بوونی زۆرترو پەیوەست بوونی زۆرتری ناوچەکانە لەگەڵ یەکترو ئەمە لە کاتێک دایە کە پێکهێنانی بەردەوامی دەوڵەت ـ نەتەوە نوێیەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان دژی وەها رەوتێکە. کەوایە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین و دیارە وا دێتە بەرچاو کە چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی لە وڵاتەکاندا لە بنەڕەت دا لە رێگای پێکهێنانی پلۆڕالیزم لە دەسەڵات دا رێگەی بۆ دەکرێتەوە. پلۆڕالیزمێک کە مڵ کەچ بێ بۆ فرەچەشنیی فەرهەنگی و زمانی و دەسەڵات دیسانترالیزە بکات. کەواتە ناسیۆنالیزمی ڕادیکاڵ لە زۆربەی رووکارەکانی دا دژی وەها ڕەوتێکە و لە بنەڕەتدا لە رووکارەکانی دا ناتوانێ هیچ داهاتوویەکی هەبێت.

تێبینی:
ئەم بابەتە لە بەشی ''ڵاپەڕە ئازاد"ی "رۆژنامەی ''کوردستان'' ژمارە ٤٨٢ دا بڵاو بۆتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر