۱۳۹۱ تیر ۳, شنبه

مافی پەنابەران لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکان دا


عبد محمد احمدی
و: چیا عەبدوڵڵاپوور
سەرەتا
یەکێک لە بابەتە گرینگ و پربایەخەکان لە یاسای نێودەوڵەتی دا مافی پەنابەرانە، کە لە سەردەمی ئێستادا سەرەڕای پێشکەوتنەکانی پیشە سازی، پاراستنی ئاکار و مافە مرۆییەکان بە نیسبەت یەکترەوە لاوازەو زوڵم و دەستدرێژی بۆسەر مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەت بە نیسبەت کەسانی بێ دەسەڵات و لاواز، زۆرتر بووە، بە شێوەیەک کە هەندێ کات دەبێتە هۆی هەڵاتن و کۆڕەوی ژمارەیەک لە تاکەکانی وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە. لەم روەوە مافی پەنابەران لەگەڵ زۆربەی باسە یاسایی‌یەکانی تر، لە یاسای نێودەوڵەتی هاتۆتە بەر باس و لە کۆنفرانسە جیهانیەکانیش دا بەڵێنامەگەڵێک لەو پێوەندی‌یەدا پەسەند کراون.
ئەم نوسینە بە گرینگی دان بە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکانی پێوەندی دار بە مافەکانی پەنابەران، مافەکان و ئەرکەکانی پەناخوازان دەخاتە بەر باس و تاوتوێ و هەڵسەنگاندن. لەو رووەوە کە پرسی پەنابەر  رۆژ بەرۆژ بەربڵاوتر دەبێت، ناسران و ناسینی مافەکان لە لایەن پەنابەرانەوە، بابەتێکی پێویست دێتە ئەژمار. ئاگادار بوونێکی رێژەیی لە مافەکانی پەنابەر، دەبێتە هۆی بەرگریەکی ئاگایانەی پەنابەران لە مافەکانیان و هەروەها ئەوانیش بە ئەرکە یاساییەکانیان ئاشنا دەکات تاکوو نەکا بە کردنی هەندێک کار، ببێتە هۆی نارەزامەندی وڵاتی خانەخوێ.
کێشەی پەنابەریەتی هەر لە کۆنەوە لە نێو کۆمەڵگای مرۆیی دا بوونی هەبوە و لە هەر دەورەو سەردەمێک دا، هەر کۆمەڵگایەک بەپێی باوەرو کلتورەکانی خۆی، رێگاچارەیەکیان بۆ دۆزیوەتەوە. ئەم وتارە، سەرەتا چەمکی پەنابەر  لە یاسای نێودەوڵەتی تاوتێ دەکا و دوایی بەشی سەرەکی باسەکە درێژە پێ دەدات.
پێناسەی پەنابەر لە سەرچاوە نێو دەوڵەتیەکاندا
کۆنوانسیۆنی  ساڵی 1951 ژنێڤ پێناسەیەکی گشتی لە پەنابەر هێناوەتە بەر باس و دەڵێ: "پەنابەر کەسێکە کە بە هۆی ترسێکی پەسەندکراوەوە، لەوەی کە بەو هۆیانەی کە پێوەندیان بە رەگەز یان ئایین یان نەتەوە یان ئەندامیەتی لە هەندێک گرووپی کۆمەڵایەتی یان هەبوونی بیرو بۆچوونی سیاسی ئازار بدرێت، لە دەرەوەی وڵاتی شوێنی نیشتەجێ بوونی ئاسایی (وڵاتی فەرمی خۆی) ژیان بەسەر دەبات و ناتوانێت، و یان بە هۆی ئەو ترسەوە، ببێت بە هاوڵاتی ئەو وڵاتە، یان لە کاتێک دا کە ناسنامەی(لێرەدا مەبەس ئەوەیە کە ئەو کەسە هاوڵاتی هیچ شوێنێک) نیە، لە دوای وەها رووداو گەڵێک لە دەرەوەی وڵاتی شوێنی ژیانی سەرەکی خۆی دەژیت، ناتوانێ یان بەهۆی ئەو ترسەی کە ئاماژەی پێ کرا نایهەوێ بگەرێتەوە ئەو وڵاتە."١
 بە پێی ئەم پێناسەیە:
ئا) پەنابەر لە روانگەی سەرچاوە نێودەوڵەتیەکانەوە، بێگانەیەکە لە وڵاتی وەرگر کە بە هۆی ترس لە راوەدوونان و هەروەها پاراستنی گیان، مال و ئازادیەکانی، پەنا بۆ وڵاتێکی دیکە دەبات.
ب) رەگەزی سەرەکی لە هۆکاری پەنابەری "ترسی پەسەندکراو لە راوەدوونان و ئازار"ـە کە زانین و پەسەند کردنی ئەوش بەدەست وڵاتی وەرگرە و ئەو وڵاتە بە لێکدانەوەی هەموو لایەنەکان سەبارەت بە داخوازی پەنابەریەتی، یان ئەم هۆکارانە پەسەند دەکا یان پەسەندیان ناکات.
بنەرەتی مافی پەنابەری لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکان دا
سەبارەت بە پرسی پەنابەری و پەنابەر وەرگرتن، ئەم پرسیارە بە مێشکمان دادێت کە ئاخۆ پەنابەری بۆ تاکەکان، مافێکە کە لە هەلومەرجی تایبەت کەڵکی لێوەردەگرن و بە نیسبەت ئەو دەوڵەتەی کە داوای پەنابەری لێکراوە وەک ئەرکێک چاو لێدەکرێت؟
لە لێکدانەوەی کۆی سەرچاوە باوەرپێکراوە نێودەوڵەتیەکان دەتوانین بڵێن کە تاکەکان لە بارودۆخی تایبەت کە لە بەردەم مەترسی و ترس دان، مافی ئەوەیان هەیە کە پەنا بۆ وڵاتانی دیکە بەرن و ئەو وڵاتانەی کە کەسەکە داوای پەنابەری لێ دەکات، ئەگەر ئەندامی رێکخراوی نێودەوڵەتی بن، لەسەریانە کە ئەو کەسانە وەرگرن.
ـ بەندی ٣١ کۆنوانسیۆنی ١٩٥١ ژنێف سەبارەت بە پەنابەرانێک کە بەشێوەی نایاسایی لە وڵاتانی دیکە دەژین، ئەمر دەکات:
١. وڵاتانی ئەندامی ئەم پەیماننامە ٢، ئەو پەنابەرانەی کە راستەوخۆ لە شوێنێک کە ((لێی دەژیا)) ژیان و ئازادیەکانیان لەبەردەم هەڕشە دابوە و بە بێ ئیزن هاتوونەتە ئەو وڵاتەو یان لەوێ دەژین، لە بەر ئەوەی کە بە پێچەوانەی یاسا هاتوونەتە وڵاتی ئەوان یان لەوێ دەژین، سزا نادەن، بە مەرجێک ((ئەوان)) دەستبەجێ سەردانی لایەنی پێوەندیدار بکەن و هۆکارێکی وا بۆ هاتن یان بوونی نایاساییان بخەنە روو کە ئەو وڵاتانە رازی بکەن.
٢. وڵاتانی ئەندامی ئەم پەیماننامەیە سەبارەت بە هاتووچۆی ئەو جۆرە پەنابەرانە هیچ سنوورێک جیا لەوانەی کە پێویست بن، دانانێ و ئەو سنوورانە تەنیا تاکوو کاتێک دەبن کە بارودۆخی وەها پەنابەرانێک لە وڵاتی وەرگری بەنابەر دیاری نەکرابێت یان ئیزنی چوونە ناو وڵاتێکی دیکەیان بەدەست نەهێناوە.٣
ـ لە بەندی ٣٣ی هەمان کۆنوانسیۆندا دا سەبارەت بە نەهێشتنی دەرکردن یان گەراندنەوەی پەنابەراندا هاتووە:
"هیچ یەک لە دەوڵەتانی ئەندامی پەیماننامەکە بە هیچ شێوەیەک پەنابەرێک ناگەڕێننەوە یان دوور ناخاتەوە بۆ شوێنێک کە ئەگەری هەیە بە هۆکاری پەیوەندی دار بە رەگەز، ئایین، نەتەوە، ئەندام بوون لە گرووپ یان کۆمەڵەیەکی کۆمەلایەتی تایبەت، یان هەبوونی بیروباوەڕی سیاسی، ژیان  و یان ئازادی ئەو لەبەردەم هەرەشە دابێت."٤
بە هەڵوەستە کردن لە سەر کۆی ئەم بەنانە و هەروەها پێشەکی ئەم کۆنوانسیۆنە کە ئاماژە بە ئازادیە تاکە کەسیەکان و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، بۆ نمونە مافی ژیان دەکات وڵامی  وەها پرسیارێک بە باشی روون دەبێتەوە و ئەویش ئەوە کە گیانی زاڵ بەسەر ئەم کۆنوانسۆنە لە بەرچاو گرتنی مافی پەنابەریەتیە بۆ کەسانێک کە لە بەردەم مەترسی  و ترس دان و لە لایەکی دیکەوە، ئەرکێکە خراوەتە ئەستۆی وڵاتانی ئەندامی پەیماننامەکە بە وەرگرتنی ئەم کەسانە.
ـ جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە بەندی ١٤ دا ئاماژەدەکا بەوەی کە:
"هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە بەرامبەر راوەدوونان، ئەشکەنجە وئازار، داوای پەنابەری بکات و پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات."٥
لەم جارنامەیەدا ئاماژە کراوە بە مافی پەنابەریەتی. پێویستی مافی پەناخوازی، ئەرکی ئەو وڵاتەی کە داوای پەنابەریەتی لێ کراوە پەسەند کردنی داوای پەنابەریەتیە، جیا لەمە بایەخ و دڵنیایی ماف بۆ پەنابەر بێ سوودەو هەڵدەوەشێتەوە.
بەندی ١٢ی جارنامەی مافی مرۆڤی ئیسلامی (میسر)یش بە ڕوونی ئاماژە دەکات کە: "هەر مرۆڤێک بە پێی شەریعەت مافی گواستنەوەو هەڵبژاردنی شوێن بۆ نیشتەجێ بوون لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵاتی هەیە و لە کاتی لەژێر زوڵم و زۆر دا بوون دا دەتوانن پەنا بۆ وڵاتێکی دیکە بەرن. و ئەو وڵاتەی کە پەنای داون لەسەریەتی کە دەگەڵی هەڵبکات، تاکوو ئەوەی کە پانابەریەری پێ بدرێت. بەم مەرجە کە هۆکاری پەنابەریەتیەکەی بە هۆی دەست بردن بۆ تاوان بە پێی بۆچوونی شەرع نەبێت.''٦
لانی کەمی مافەکانی پەنابەران لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکان دا
Aـ جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ
ئەگەرچی ئەم جارنامەیە، تەنیا بە مەبەستی پشتیوانی لە پەنابەران نەنووسراوە، بەڵام کۆمەڵە مافێک لەخۆدەگرێ بۆ هەموو مرۆڤەکانی جیهان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هۆگری و لاگری ئەوان بە وڵات یان ئایینێکی تایبەت. لە پێشەکیەکەی دا هاتووە...: "کۆمەڵەی گشتی، جارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بە ئاوات و ئارەزووی هاوبەشی تەواوی خەڵک و هەموو نەتەوەکانی دەزانێت تاکوو گشت تاکەکان و هەموو بنەماکانی کۆمەڵگا  بەردەوام سەرنج بدەنە ئەم جارنامەیە و هەوڵ بدەن کە لە ریگای پەروەردەو فێرکردن، رێزگرتن لەم ماف و ئازادیانە گەشە بکات و فراوان بێت و رێوشوێنێکی هەنگاو بە هەنگاو، نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، ناسین و بەڕێوەبردنی راستین و سەرەکیان، چ لە ناوخۆی وڵاتانی ئەندام و چ لە ناو خەڵکی وڵاتانێک کە لە سنووری ئەواندان، دابین بکرێت"٧
سەرەکیترینی ئەم مافانەی سەبارەت بە پەنابەران لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ دا ئاماژەیان پێ کراوە بریتین لە :
١ـ کەڵک وەرگرتن لە تەواوی ماف و ئازادیەکان (بەندی ٢)
٢ـ مافی ژیان و ئاسایشی کەسەکی (بەندی ٣)
٣ـ نەهێشتنی هەر جۆرە ئەشکەنجە و هەڵسووکەوتی دژ بە  بنەما مرۆییەکان (بەند ٥)
٤ـ یەکسانی هەموو تاکەکانی مرۆڤ لە هەمبەر یاسا دا (بەند ٧)
٥ـ مافی هاتووچۆ و ئازادی هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێ بوون (بەند ١٣)
٦ـ هەبوونی مافی کار و پیشە (بەند ٢٣)
٧ـ مافی دەست راگەیشتن بە پەروەردەو فێر کردن تاکوو قۆناغی بەرزی پەروەردەو فێر کردن (بەند ٢٦)
B) کۆنوانسۆنی ١٩٥١ ز ژنێف، پرۆتۆکۆلی ١٩٧٦ ز
کۆنوانسۆنی ١٩٥١ژنێف یەکێک لە سەرەکی ترین سەرچاوەی مافی پەنابەرانە لە رێسا نێودەوڵاتەکان  ـ گرینگترین بەڵێنەکانی ئەم کۆنوانسیۆنە بریتین لە:
١. نەبوونی هەڵاواردن: "دەوڵەتانی ئەندامی پەیماننامەکە، ئەم کۆنوانسیۆنە بە بێ هەڵاواردن لە رووی رەگەز، ئایین یان نیشتمانی سەرەکی، سەبارەت بە پەنابەران لەبەر چاو دەگرن". بەندی ٣
٢.دین: "دەوڵەتانی ئەندام بە نیسبەت ئازادی پەنابەر لە بەرێوە بردنی رێوشێنی ئایینی و پەروەردە کردنی ئایینی منداڵەکانی خۆی، هەڵسوکەوتێک لانی کەم، بەڕادەی هەڵسوکەوتێک کە بە نیسبەت هاوڵاتیانی خۆی هەیەتی، لە خاکی ئەو وڵاتە لەبەرچاو دەگرن. بەندی ٤
٣. دابین کردنی کار لەگەڵ  هەقدەست: "سەبارەت بە دابین کردنی کارو کارکردن لەگەڵ هەقدەست، هەر وڵاتێکی ئەندام بە نیسبەت پەنابەرانێک کە بە شێوەیەکی رێک و پێک لە وڵاتەکەیدا نیشتەجێن هەڵسوکەوتێکی باش کە لەوەها بوارێک دا بە نیسبەت هاوڵاتیانی وڵاتی بێگانە لەبەر چاو دەگرێ، بە نیسبەت ئەوانیش جێ بەجێی بکات." بەند ٧ (بەندی ١٨و ١٩ش سەبارەت بە رەخساندنی هەلی کار لە بواری پیشە سازی، بازرگانی، وەرزێری و هەر جۆرە چالاکیەکی ئازادی زانستی ڕادەسپێرێ.
٤. سیستەمی دابەش کردنی خۆراک و جلوبەرگ: '' لە کاتێک دا کە سیستەمی دابەش کردنی خۆراک و جلوبەرگ هەبێ و دابەش کردنی بەرهەمە دەگمەنەکان لە  ناو خەڵک دا بە شێوەی بەش بێتە کایەوە، بە نیسبەت پەنابەرانیش هەروەک هاوڵاتیانی رەسەنی ئەو وڵاتە هەڵسوکەوت دەکرێت". بەندی ٢٠
٥. ئازادی هاتووچۆ کردن: "هەر یەک لە ولاتانی ئەندامی پەیماننامەکە ئەو مافە دەدەن بەو پەنابەرانەی کە بە پێی یاسا لە وڵاتی ئەوندا ژیان بەسەر دەبەن، کە شوێنی ژیانی خۆیان هەڵبژێرن و بە ئازادی لە ناو وڵاتەکەدا هاتوو چۆ بکەن. بە مەرجێک کە ئەو رێسایانەی کە بە شێوەی ئاسایی لە وەها بابەتگەڵێک دا سەبارەت بە بێگانەکان بەرێوە دەچێت، لە بەرچاو بگرن" بەندی ٢٦
٦. پەروەردەی ئاینی: "١ـ سەبارەت بە خوێندی سەرەتایی دەوڵەتانی ئەندام بە نیسبەت پەنابەران هەروەک هاوڵاتیانی رەسەنی خۆی هەڵسوکەوت دەکات. ٢ـ سەبارەت بە خوێندی نا سەرەتایی و بەتایبەت  سەبارەت بە مافی درێژەدان بە خوێندن و دیاری کردن و بەراورد کردنی بایەخی بروانامەکانی دیپلم و ئەو زانستنامانەی کە لە لایەن وڵاتانی بێگانە دەرچوون و داشکاندنی پوول و ئاکامی پێوەندی دار بە پێدانی هاریکاری دارایی  بە پەنابەران، هەڵسوکەوتی ئاساییان دەبێت تاکوو ئەو شوێنەی کە بۆیان دەڵوێت یارمەتیدەر دەبن و لە هەر دۆخێک دا لە هەڵسوکەوتێک کە بە نیسبەت بێگانەکان بە شێوەی گشتی رەچاو دەکرێت، نالەبارتر نەبێت.)) بەندی ٢٢
هەروەها پرۆتۆکۆلی پێوەندی دار بە بارودۆخی پەنابەران، پەسەندکراوی ٣١ ژانویەی ١٩٦٧ م تەواوکەر و بەروەپێشخەری بەندکانی کۆنوانسیۆنە.
C. بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان
بە هۆی ئەوەی کە جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ رێوشوێنی بەرێوەبەری و گرەنتی بەریوەچوون و جێ بەجێ بوونی نەبوو، کۆمیسیۆنی  مافی مرۆڤ دەستبەجێ لە دوای رێکخستن و بڵاو کردنەوەی  پێداگری کرد کە لەم بوارەدا، بەڵێننامانەگەلێک بۆ ئەو دەوڵەتانەی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤیان واژۆ کردووە پەسەند بکات کە لە رێگای یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پابەندیان بکا بە جێ بەجێ کردنیەوە. لەم روەوە، لە ١٦ی دێسامبری ١٩٦٦ دوو بەڵێننامەی لە ژێر ناوی "بەڵێننامەی مافە مەدەنیەکان" و ''بەڵێننامەی مافەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتوریەکان" لە لایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پەسەن کرا. جیا لە ناوەرۆکی ئەم دوو بەڵێننامەیە، تەواوی بنەما و رێوشوێنێک کە لە جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دا هاتوە پێویستە جێبەجێ بکرێت.
ئەم دوو بەڵێننامەیە، ناوەرۆکی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤیان بە وردی و روونکردنەوەیەکی زۆرترەوە شی کردۆتەوەو لە هەندێک بواریشدا بە گشتی گۆرانکاریان تێدا کردوە. لەبەرچاو گرتنی مافەکانی ناو بەڵێننامەکان بۆ حکومەتەکان تەکلیفێک و رێسایەکی یاساییە، لە کاتێک دا جارنامەی جیهانی بە ئەرکێکی ئاکاری و راستەقینەی لەقەلەم دەدات.
مافی ئاوارەکانی شەڕ
بەندەکانی کۆنوانسیۆن و زۆربەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکان ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە هۆکاری شۆڕشی ناوخۆیی یان دەستدرێژی وڵاتی بێگانە و هەروەها بە هۆکاری دابین نەبوونی ئاسایشی گیان، ماڵ و ئابرو پەنا بۆ وڵاتانی جیرانی خۆیان دەبەن. پرسیارێک کە لەوانەیە بێتە گۆڕێ ئەوەیە کەواتە چ دامەزراوەگەڵێک بەرپرسیاریەتی هاریکاری گەیاندن بەم پەنابەرو ستەملێکراوانەی لە ئەستۆیە؟
لەم بارەوە دەبێ بڵێین: یەکەم دامەزراوەکانی رێکخراوەکانی نەتەوەکان و هاریکاریە جیهانیهکان بەرپرساریەتیەکی زۆرتریان بە نیسبەت گەیاندنی هاوکاری بە پەنابەران لەسەر شانە و هەروەها ڕای جیهانی لەسەر ئەوە کۆکە کە هاوکاری تەواوی ئەو کەسانە بکرێت کە بە هەر هۆکارێک لە نیشتمانی خۆیان دەرکراون یان وایان لێ کراوە لە نیشتمانی خۆیان نەمێنن. دووەم، هەڵسەنگاندی جارنامەی مافی مرۆڤی ئیسلامی میسر و هەروەها برواو بایەخە ئیسلامیە ئایینیەکان، ئەم خاڵە روون دەکاتەوە کە هەر زۆڵم لێکراوێک کە خوازیاری هاوکاری و پەنابەری بێ، هەر تاکێکی موسڵمان، بە تایبەت دەوڵەتی ئیسلامی لەسەریەتی کە پەنای بدات و هاوکاری بکات.
هەروەک چۆن پێشتر ئاماژە کرا، لە بەندی ١٢ی مافی مرۆڤی ئیسلامی دا هاتووە کە: "هەر مرۆڤێک بە پێی شەریعەت مافی گواستنەوەو هەڵبژاردنی شوێن بۆ نیشتەجێ بوونی لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات هەیە و لە کاتێ زوڵم لێکران دا ئەوا دەتوانن پەنا بۆ وڵاتێکی دیکە بەرن. و ئەو وڵاتەی کە پەنای داون لەسەریەتی کە پەنای بدات، تاکوو ئەوەی کە مافی پانابەری پێ بدرێت." ناوەرۆکی ئەم بەندە هەم بە نیسبەت ئایین و مەزهەبی پەنابەران و هەم بە نیسبەت هۆکاری پەنابەریەتی گشتگیرە. لەبەر ئەوەی کە دەستەواژەی ''هەر مرۆڤێک'' هەم موسڵمان و هەم ناموسڵمان دەگرێتەوە و هەورەهاش دەستەواژەی ''زوڵم لێکران" ئاماژە بەم بابەتە دەکات کەک زوڵم و زۆر دەتوانرێ لە لایەن هەر کەس یان گرووپ و بە هەر شێوەیەک بێت.١٥
لەو بارەوە دەبێ بلێن: یەکەم کە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خێراتی جیهانی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتیان بە نیسبەت گەیاندنی هاریکاری بەم پەنابەرانە زۆرترە و هەوروهاش لاگیری هزری جیهانی، گەیاندنی هاریکاری بە کەسانێکە کە بە هەر هۆیەک لە وڵاتی خۆیان دەرپەرێندراون یان هەڵاتوون. دووهەم، شرۆڤەی جارنامەی جیهانی مافی مرۆڤی ئیسلامی و هەروەها باوەر و بایەخە ئایینیەکان ئەم خاڵە روون دەکەنەوە کە هەر مەزلومێک کە خوازیاری هاوکاری و پەناهەندەیی بیت، تاک دەبێ یارمەتی بدات.
بنەمای نەگەڕاندنەوەی پەنابەران:
یەکێک لە گرینگترین مافەکانی پەنابەران کە پێداگری زۆری لەسەر کراوە، بنەمای نەگەڕاندنەوەی پەنابەرانە بۆ ئەو وڵاتەی کە بە هۆکاری جۆراوجۆر لەو وڵاتە دەرپەرێندراون یاخۆد وایان لێکردوون کە بە ناچار جێی بهیڵن. ئەم بنەمایە بەردەوام لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە پێوەندی دارەکانەوە بە جیددی پشتیوانی لێ کراوە. برگەی یەکەم لە بەندی ٣٣ کۆنوانسیۆنی ١٩٥١ دەڵێ: '' هیچ وڵاتێکی ئەندامی پەیماننامەکە بە هیچ شێوەیەک بۆ یان نیە پەنابەر بگەرێنەوە یان دووریان بخەنەوە  بۆ ئەو شوێنانەی کە ئەگەری ئەوە هەیە بە هۆی پێوەندیدار بە رەگەز، نەتەوەو ... ژیان یان ئازادیان بکەویتە مەترسیەوە''.
کۆنوانسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی بێ رێزی و نا مرۆییانە، ئاوا ئەمر دەکات کە: ''هیچ وڵاتێکی ئەندامی کۆنوانسیۆن، کەسەکە ناگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کە شاهیدی جیدی سەبارەت بە بوونی ئەشکەنجە و مەترسی نیسبەت بە گیانی تاکەکان لەو دا هەیە.'' لە بڕیارنامە و جارنامە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتیەکان و ناوچەییش ئەم بنەمایە پێداگری لەسەر کراوەتەوە.
ئایینامەی پەنابەران لە ئێران: بە پێی پەسەند کراوەکانی لێژنەی وەزیران لە ٢٥.٩.١٣٤٢ لە سەر پێشنیاری وەزیری ناخۆی ئەو کاتی ئێران، کۆمەڵە بەندیەکی چەند لایەنە سەبارەت بە پەنابەران لە ئێران دا پەسەن کرد کە لە بەندی دوازدەی دا هاتووە: "ناتوانری پەنابەر بە زۆری بگەرێنریتەوە وڵاتێک کە لەودا ژیان و ئازادیەکەی لەبەر هۆکاری سیاسی، رەگەزی، مەزهەبی یان ئەندام بوون لە گرووپە کۆمەڵایەتیەکاندا لە ژێر هەرەشە دایە.''١٥
ئەم بنەمایە نێودەوڵەتیە ئیستسنایەکیشی هەیە کە لە برگەی دووهەمی کۆنوانسیۆنی ١٩٥١ دا هاتووە: '' بەڵام ئەگەر پەنابەرێک کە بە پێی هۆکارگەلێکی تەواو موجە، بوونی بۆ ئاسایشی وڵاتی وەرگرە مەترسی دار بێ و یان تاوانێکی گرینگی کردبێ، جیاوکی (امتیاز) ئەم بەندیە نایگرێتەوە.''١٦
بەم پێیە، تاکوو کاتێک کە هەڵومەرجێکی لەبار بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرەکان نەرەخسابێت، گەڕاندنەوەیان، پێچەوانەی بڕیارنامە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بە پەنابەرانە.
ئەرکەکانی پەنابەران بە نیسبەت دەوڵەتی خانەخوێ (ئەو دەوڵەتەی کە وەک پەنابەر لێی دەژین)
دەگەڵ هەموو ئەو پێداگریەی کە بە نیسبەت وەرگرتنی پەنابەران و لەبەرچاوگرتنی مافەکانیان هەیە، هیچ کات وەرگرتنی پەنابەر لە لایەن وڵاتان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بێ سنورو مەرج نەبووە، بەڵکو پەنابەرەکان دەگەڵ پشکدار بوون لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئەو ئەرکەیان لەسەر شانە کە رێسا گەڵیک لە بەرژەوەندی وڵاتی خانەخوێ لەبەرچاو بگرن. بەندی ٢ی کۆنوانسۆنی ١٩٥١ ژنێف ئاماژە دەکات کە هەر پەنابەرێک کە لە هەر وڵاتێک دەژیت ئەرک گەڵێکی لەسەر شانە کە بە پێی ئەو ئەرکانە، دەبێ یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتە لەبەرچاو بگرێ و رێز لەو هەوڵانە بگیردرێ کە بۆ پاراستنی رێکوپێکی گشتی دەرێت.
لە بەندی ٢٦ ئەو کۆنوانسیۆنەدا هاتووە: پەنابەر لە پێوەندی دەگەڵ هاتوچۆ دا دەبێ رێز لەو رێسا گشتیانە بگرێت کە بە نیسبەت بێگانەکان بەکار دەبردرێن و پێیانەوە پابەند بن.
بەندی ٣٢ش دەڵێ: پەنابەرەکان لەسەریانە کە سیستەمی گشتی  و ئاسایشی وڵات بپارێزن و لە کاتی ژێرپێنانی ئەوانە، ئەو دەوڵەتەی کە وەریگرتووە دەتوانێ ئەوان لە وڵات دەربکات.١٧
بەم پێیە، هەر مافێک هاوتەریبە لەگەڵ کۆمەلێک داوا و ئەرک. وەک چۆن پەنابەر مافیان بە نیسبەت دەولەتی وەرگرەوە هەیە، لەسەریەتی رێز بگرن لە رێسا و یاساگەڵیک کە تایبەت بە پەنابەران دادەندرێن. گرینگترینی ئەو رێسایانە، ئەو سنوورداریانەیە کە وڵاتی خانەخوی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و سیستەمی گشتی کۆمەڵگا، سەبارەت بە هاتووچۆی پەنابەران دایدەنێ. وڵاتی وەرگر، مافی دانانی ئەم جۆرە رێسایانەی هەیە کە پەنابەران سنوردار دەکەنەوە و پەنابەرەکان لەسەریانە کە رێز لەو رێسایانە بگرن و پێیانەوە پابەند بن.
ئاکام
مرۆڤ دۆستی و هاوکاری لە نێوان مرۆڤەکان لەو کاتەوە کە ژیانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێک هاتووە، بوونی هەبووە و پرسی پەنابەر ـ یان لە شێوە زاری کۆن، بێگانە غەریبە لە کۆنەوە لە کۆمەڵگا مرۆییەکان دا جێگای باس و خواس بووە. لە سەردەمی ئێستا دا کە ژیانی کۆمەڵایەتی و پێوەندی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان دا بە شیوەیەکی بەرچاو گەشەی کردوە، هزری پشتیوانی و هاوکاری لە نێوان مرۆڤەکان لە سیستەمی یاسایی جیهانی گرینگیەکی زۆری پەیدا کردووە. تجلی و دەرکەوتنی ئەم هزرە لە شێوەی دانانی رێسا یاسایەکان لە بەرگری و هاوکار کردن لە پەنابەران و کۆچەرانی وڵاتانی جۆراوجۆر دیارە، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و کۆمەڵگای وڵاتە جۆراوجۆرەکان بڕیارنامە، میبەڵیننامەی جۆراوجۆریان لە پێناوی بەرگری کرن لە مافەکانی پەنابەران پەسەند کرد کە لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانی جیهان پەسەند کراون. کەسانێک کە بە هۆکارێک وایان لێ کراوە لە خاکی خۆیان هەڵبێن یان ناچار کراون کە ئەوێ بەجێ بهێڵن، لە هزرو بیری جیهانی و سیستەمی یاسای نێودەوڵەتی تایبەتمەندی و مافگەڵێک دەیانگرێتەوە. کەواتە، کۆمەڵگای نێوەدەوڵەتی لە رووی تیۆری و یاساییەوە سەرنجی داوەتە کێشەی ئاوارەکان، بەڵام یاسا و رێساکانی پەنابەران بە هۆی نەبوونی پشتیوانیەکی بەرێوەبردن، لە رووی کردەکی و بەرێوەبەری لەگەڵ کێشەی راستەقینە بەرەو روویە. بە شیوەیەک کە وڵاتان بە سەرنجدان بە قازانج و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی خۆیان لەگەڵ پەنابەران هەڵسوکەوت دەکەن و هەندێ کات پرسە یاساییەکان دەچنە ژێر کاریگەری پرسە سیاسیەکانەوە. لەم رووەوە، پەنابەران لە زۆربەی وڵاتان لەگەڵ کێشە و کوێرەوەری زۆر و جۆراوجۆر بەرەو روون.


سەرچاوەکان:

١ـ هوشەنگ ناسرزادە، جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، بەشی کۆنوانسیۆنەکان، کۆنوانسیۆنی ١٩٥١ ژنێڤ، نەبدی ئا بەندی یەک، هەڵبەت ئەم کۆنوانسیۆنە تەنیا سەبارەت بە کەسانێک کە بەر لە ساڵی ١٩٥١ ز. ئاوارە بوون، مافگەڵێکی وەبیرهێناونەوە، بەڵام لە پرۆتۆلۆلەکەی دا لە ساڵی ١٩٦٧ز. پەسەند کراوە ئەم کۆنوانسیۆنە هەموو ئاوارەکان دەگریتەوە. ر.ک. بە: هەر ئەو بەشەی پرۆتۆکۆلەکان
٢ـ مەبەست لە دەوڵەتانی ئەندامی  پەیماننامەکە (متعاهد)، ئەو وڵاتانەن کە بەندەکانی ئەم کۆنوانسیۆنەیان بەسەند کردوە و واژۆیان کردبێت. ئێرانیش لە پوشپەڕی ١٣٥٥ بەو گرێبەستە پەیوەست بوە
٣و٤ـ هوشەندگ ناسرزادە، سەرچاوەی پێشوو، بەندی ٣١ و ٣٢
٥،٦و ٧ـ هوشەنگ ناسرزادە ، بڵاوکراوەی کۆلێژی یاسا و زانستی سیاسی، تاران، ژمارە ٢٧، رێبەندانی ١٣٧٠، بەشی پاشکۆکان.
٨و٩ـ سەرچاوەی پێشوو، بەشی پرۆتۆکۆلەکان
١٠ـ بۆ زانینی مەتنی پەیماننامەکان، بگەرێوە بەشی پەیماننامەکان
١١ـ رێسای یاسایی لە رووی یاساییەوە  پێویستە جێبەجێ بکرێت.
١٢ـ مەنوچێهر تەباتەبایی مۆئتەمێنی، ئازادی گشتی و مافی مرۆڤ، ل ٢٦٦
١٣ـ شێخ حر عاملی، وسایل الشیعە، ج ١٥، باب ٥٩، ل١٤١
١٤ـ محەمەد ئیبراهیمی، ئیسلام و یاسای نێودەوڵەتی گشتی، دەفتەری هاوکاری حەوزەی زانکۆ، ج٢ ، ل٣٨٠
١٥و ١٦ـ بە پێی قسەی شیرین عیبادی، مافی پەنابەران لە ئێراندا، ل ١٧٢، ئەم پەسەند کراوە لەبەر ئەوەی کە لە لایەن نوێنەرانی پارڵمان ئیسلامی یان شۆرای چاوەدیریەوە پێشێل بەکراوە ورەد نەکراوەتەوە، هێزی یاسایی خۆی هەر ماوە. ل ١٩٠
١٧ـ هوشەندگ ناسر زادە، سەرچاوەی پێشوو، بەشی کۆنوانسیۆنەکان، بەندکانی ٢٦، ٢ و ٣٢


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر