۱۳۸۹ دی ۹, پنجشنبه

وتووێژ لەگەڵ بەرپرسی گرووپی پاسكیل سوارانی كورد لە فینلاند

کەماڵ ئیزەدخا:
گرووپەكەی ئێمە خاوەن بەرنامەو ئەساسنامەی خۆیەتی و بە پێی ئەو ئەساسنامەیە هەموو كەسێك دەتوانێ ببێ بە ئەندامی گرووپەكەمان بەخۆش ییەوە كەسانی فینلەند یو رووس یو كۆزۆڤۆیی پێوەندیان پێوە گرتووین.

*دیمانە: سەردەشت كوردستانی
لاوان: وەك یەكەم پرسیار دەكرێ‌ بەشێك لە ژیانی خۆتمان بۆ باس بكەی.
كەماڵ یەزدان خا: بەر لە هەمووشتێك سەری رێزو نەوازش دادەنەوێنم بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و هەروەها سپاسی گۆڤاری لاوان دەكەم كە ئەو هەلەیان بۆ رەخساندم و بەسەرتان كردمەوە منیش بە شانازی دەزانم. من ناوم "كەماڵی یەزدان خا"یە و زۆر جار بە چەكۆ ناوم دەبەن، چونكە لە گوندی چەكۆ لە دایك بووم گوندی چەكۆ لە قانوونی كۆماری ئیسلامی سەر بە سەردەشت و لە دابەشكاری حیزبیش دا سەر بە پیرانشارە، بەڵام لە پیرانشار گەورە بووم و شانازی بەوە دەكەم كە لە گوندێكی ئەو ناوچەیە لە دایك بووم.

 دیارە من هەر لە سەرەتای ژیانم دا تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری بووم و ژیانی من زیاتر لە ئاوارەیی¬دا بووەو هەر بەو هۆیەشەوە بە داخەوە نەم توانیوە درێژە بە خویندن بدەم. بەڵام هیچ كات كۆڵم نەداوەو هەمیشە چالاكیم هەبووەو هەر لە سەرەتای منداڵی¬یەوە عەلاقەیەكی زۆرم بە پاسكیل سواری بووە. 
لاوان: كاك كەماڵ ئەگەر دەكرێ بۆمان باس بكەی كە چۆن تۆ رۆژهەڵاتی كوردستانت بەجێ هێشت و چوویتە دەرەوەی وڵات.
كەماڵی یەزدان خا: لە راستی¬دا قەت بە خواستی خۆم نەبوو و من بە ناچاری كوردستانی خۆشەویستم بەجێ هێشت و زۆر هۆكار دەوریان هەبوو، بەڵام یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بوو گیانم لە مەترسی دابوو بە هۆی پرسی سیاسی و هەروەها رێگریم لێ دەكرا كە دریژە بە دووچەرخە سواری بدەم كە هۆگری¬یەكی زۆرم پێ بوو و نەم دەتوانی لە كوردستان دا بمێنمەوە بۆیە بە ناچاری لە ساڵی 2002دا نیشتمانەكەم جێ‌ هێشت و رووم كردە وڵاتانی دەرەوە. دوو ساڵ لە توركیە مامەوەو دواتر لە وڵاتی فینلەند گیرسامەوە و ماوەی 7 ساڵە لە فینلاند دەژیم. 
لاوان: كاك كەماڵ پێمان خۆشە كە وەكوو كەسێك كە چەندین ساڵە لە دەرەوەی و ئاشنای بە ژیانی تاراوگە، لاوێك یان كەسێك كە تازە دێتە دەرەوە لەگەل چ كێشەیەك بەرەوڕوو دەبێ؟
كەماڵی یەزدان خا:‌ دیارە گەنجێك كە دێتە دەرەوە یەكەم جار لەسەر بنەمایەك و خەیاڵێك كە بۆخۆی لە مێشكی خۆیدا لە ئورووپای دروست كردوە دێتە دەرەوەو كە دەگاتە دەرەوە لە یەكەم قۆناغ دا چاو لێ دەكا ئورووپا ئەو جیهانە نیە كە ئەو بیری لێ كردۆتەوە و لە ناكاو بەسەر كۆمەڵێك كێشەدا دەكەوێ كە ناتوانێ خۆی لێ‌ رزگار بكا، هەروەها ئەو كەسە كێشەی زمانی دەبێ، چونكە تاكوو زمانی ئەو وڵاتە فێر نەبێ ناتوانێ ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێ بكا و هەروەها ناتوانێ تێكەلاوی ئەو كۆمەڵگایە بێت كە تێیدا دەژی، لە ئاكامدا تووشی خەمۆكی و پەرتەوازەیی دەبێ.
لاوان: لاوان لە دەرەوە تاكوو چەندە بە شێوەیەكی باش كەڵكیان وەرگرتووەو وەدوای خوێندن وخۆ پێ گەیاندن كەوتوون؟ 
كەماڵ یەزدان خا: بەداخەوە ژمارەی ئەو لاوە كوردانەی كە لە دەرەوە خەریكی خوێندن و خۆ پێ گەیاندنن لە چاو فارسەكان و نەتەوەكانی دیكە زۆر كەمن و لە ئاستی پێویست دا نیە كە ئەوەش بۆخۆی جێگای داخە كە لاوی ئێمە هەست بە بەرپرسایەتی ناكا بە نیسبەت نیشتمانەكەی تاكوو لە رێگای وەدەست هێنانی بڕوانامە و زانكۆكانی دەرەوە ببنە خاوەن پسپۆڕی تاكوو خزمەت بە نیشتمانەكەیان بكەن.
لاوان: باشە كاك كەماڵ تۆ وەكوو كەسێكی سەركەوتوو كە چوویتە دەرەوەو كەڵكت لەو هەل و مەرج و ئیمكاناتە وەرگرتووە لە دەرەوە، وەكوو كەسێكی سەركەوتوو چۆن بوو بیرت لە دامەزراندنی گرووپێكی پاسكیل سواری كردەوە؟
كەماڵی یەزدان خا: لە راستی¬دا من كاتێك هاتمە دەرەوە دیتم لەوێ كە هەلێكی باش هەیە بۆ زۆر شت و ئەگەر بت هەوێ‌ دەتوانی زۆر كاری گەورە بكەی چون تۆ هیچ نەبێ‌ ئازادی و ئاسایشت هەیە و لە رووی ئیمكاناتیشەوە هیچ كێشەیەكت نیە، منیش كەڵكم لەو بارودۆخە وەرگرت و بۆ دریژەدان بە وەرزشەكەی خۆم بیرم كردەوە كە گرووپێك دامەزرینم و لەو رێگایەوە خزمەت بە نیشتمانەكەم بكەم. سەرەتا چەند چالاكیم هەر لەو شارەی كە لێی دەژیام ئەنجام دا كە لە باكووری فینلەند دایە و دواتر بووم بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری گرووپێكی پاسكیل سواری ئورووپی¬یەكان كە من زمانیشم نەدەزانی كە هەر ئەو گرووپە كاتێك بە پاسكیل سەردانی ئۆتریشم كرد هاوكارییەكی باشیان كردم لە رووی پێشاندانی رێگا، دوایی كە هاتم بۆ شاری توركۆ و لەوێ لە گەڵ كەسانی شارەزاو بە ئەزموون قسەم كردو بە وەبەر چاو گرتنی تێ‌¬بینی¬یەكانیان گرووپەكەم دروست كرد كە كوردانی هەموو كوردستانی تێدا ئەندامە بە لەبەر چاو گرتنی جیاوازی بیری سیاسی و حیزبی كە بە یەكەوە بۆ یەك ئامانج و یەك مەبەست تێ دەكۆشین و پێكەوە هەزاران كیلومیتر رێگا دەبڕین بۆ ئەوەی كە بتوانین ئاڵای كوردستان لەسەر دوچەرخەكانمان بشەكێنینەوە.
لاوان: باشە كاك كەماڵ ئێوە تاكوو ئێستا چەند چالاكیتان ئەنجام داوە؟
كەماڵی یەزدان خا: من لە سەرەتا بەر لەوەی كە گرووپەكەش دامەزرێنم بۆ خۆم چەندین جار بە تەنیا چالاكیم ئەنجام داوە، ساڵی 2006 بوو ئەگەر هەڵەم نەكردبێ‌ 1850 كیلومیتر بۆ یادی تیروری پێغەمبەری ئاشتی دوكتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو خۆم گەیاندە ئەو وڵاتە بە ئاڵای كوردستان و ئاڵای فینلەندەوە كە یازدە رۆژ و نیوم پێ چوو و دواییش هەر بەو شێوە 750 كیلومیتر هەر بەو مەبەستەوە بۆ هێلسینكی بۆ باكووری فینلەند پێداڵم لێدا و دوایی كە گرووپەكەمان پێك هێنا و لە سەرەتای ساڵی 2010دا ئێمە بە فەڕمی گروپەكەمان راگەیاند و یەكەم چالاكی گرووپەكەمان لە دوای دامەزراندنی¬یەوە یادی ئەنفال و گەرمیان بوو كە بە هاوكاری یەكیەتیی لاوانی فینلەند و پارتی دێموكڕاتی كوردستان چووین بۆ پاڕلمان و لەگەڵ بەشی مافی مرۆڤ دانیشتین و لەگەڵ نوێنەری سەرۆك كۆماری پێشوو لە فینلەند و دواییش هەر لەم ساڵدا یادی كیمیاباران كرانی شاری سەردەشتمان كردەوە لە شاری تۆركۆ و و نزیكەی هەزار تڕاكت و ئاگاداریمان بڵاو كردەوە بە نێو خەڵك دا و خەڵكی فینلەند پێشوازی¬یەكی باشی لێ كردین. دیارە بە دووچەرخە كە 50 كیلومیتر رێگامان پێوا و ئێوارە لە ناوەندی ئەو شارە تابلۆ و وێنەی كارەساتەكەمان نمایش كرد.
لاوان: باشە كاك كەماڵ باسی ئەوەت كرد كە گرووپەكەتان لە هەموو بەشەكانی كوردستان یانی كوردی هەر چوار پارچە پێك هاتووەو نەتەوەكانی دیكەش دەتوانن بێنە نێو گرووپەكەتان یان هەوڵتان داوە كە نەتەوەكانی دیكەش پێیەوە پەیوەست ببن؟
كەماڵی یەزدان خا: گرووپەكەی ئێمە خاوەن بەرنامە و ئەساسنامەی خۆیەتی و بە پێی ئەو ئەساسنامەیە هەموو كەسێك دەتوانێ ببێ بە ئەندامی گرووپەكەمان. بەخۆشی¬یەوە كەسانی فینلەندی و رووسی وكۆزۆڤۆیی پێوەندیان پێوە گرتووین و تەنانەت چەندین شیركەتیش پیوەندیان پێوە كردوین بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكەن و شیركەتێك لیباسی بۆ دروست كردوین و هێندێك ئیمكاناتی دەرمانی و پڕۆتۆئینی بۆ دابین كردوین لەم چالاكی¬یەی ئەم جارەمان دا.
لاوان: سەردانی ئەو جارەتان بۆ كوردستان بە چ مەبەستێكەوە بوو وەك خۆتان هاتوونەتەوە یان لایەنێكی فەڕمی بانگهێشتی كردوون؟
كەماڵی یەزدان خا: كاتیك لە فینلەند یادی هەڵەبجە و گەرمیانمان كردەوە لەسەر خەرجی خۆمان و ئێمە رامان گەیاند كە دەمان هەوێ‌ بەو مەبەستە سەردانی كوردستانیش بكەین كە یەكیەتیی لاوانی دێموكڕاتی كوردستان/فینلەند دەستی هاوكاریان بۆ دریژ كردین و بە پیر بانگەوازەكەمانەوە هاتن و ئێمەش سپاسیان دەكەین و بەراستی لە جێگای خۆشی دابوو و چالاكی¬یەكی زۆر باش بوو كە لە سەر یەكیەتیی لاوانی دێموكڕاتی كوردستانیش دەعوەتیان كردین و پێیان خۆش بوو كە لە كوردستان بیان بینین و ئێمەش گوتمان كە هەر دەگەڕێینەوە كوردستان با لەوێ‌ چالاكی¬یەكیش ئەنجام بدەین و هاتین بۆ سكرتاریای یەكیەتیی لاوانی دێموكڕاتی كوردستان و لەوێ بە پاسكیل چوین بۆ پاڕلمان و لەوێ پێشوازیی¬یەكی زۆر گەرمیان لێ كردین و زور سپاسیان دەكەین و هەر لە پاڕلمانیشەوە بە پاسكیل بەرەو مەزاری "مستەفای بارزانی نەمر" ئەو كەسەی بە شانازی¬یەوە چوو بەرەوپیری كۆماری كوردستان و خزمەتێكی گەورەی بە كۆماری كوردستان كردو ئێمەش وەكوو رێز لێنان بە پێویستمان زانی بچین بۆ سەر مەزاری پیرۆزی و لەوێشەوە بە پاسكیل چووینە هەڵەبجە و سەردانی مێنۆمێنتی شەهیدانمان كرد كە لەوێش پێشوازی¬یەكی زۆر گەرمیان لێ‌ كردین، كە بەراستی زۆری كار تێ كردین و وەك گرووپەكەمان پاسكیلێكیشمان بە دیاری دانێ. دیارە پڕۆژەمان بۆ چالاكی دیكەش هەیە كە هیوادارم بتوانین بە باشترین شێوە بە ئەنجامیان بگەیەنین.
لاوان: كاك كەماڵ چەند كەستان لە گروپەكەتان هاتوونەتەوە بۆ كوردستان و ئەگەر دەكرێ‌ ناویان بەری؟
كەماڵی یەزدان پەنا: دیارە ئێمە 5 كەس بە نوێنەرایەتی گروپەكەمان هاتووینەتەوە كە بریتین لە كاك رەئوف گوڵبەدەن كە شاعیرێكی ناسراو خۆش ناوەو، شوانە سەردەشتی، كاك قاسم ئەلیاسی عومر ئەلیاسی و خۆشم هاتوینەتەوە.
لاوان: لە كۆتایی¬دا چ پەیامێكت هەیە بۆ لاوان و چ ئاواتێكت هەیە؟
كەماڵی یەزدان خا: من تەنیا ئەوەی دەڵێم كە لە راگەیاندنەكانی دیكەش دا باسم كردوە زۆر كەس هەیە كە رەنگە جۆرێكی دیكە لێك دانەوە بكەن لە سەر ئێمە، بەڵام ئێمە وەكوو گرووپێكی سەربەخۆ شانازی بە هەموو لاوانەوە دەكەین لە هەر حیزبێك دابن‌ یان لە هەر شوێنێك بن بە مەرجێك بۆ بەرژەوەندی نەتەوەكەیان و مرۆڤایەتی تێ بكۆشن. هەر رێكخراوەیەكی لاوان بانگهێشتمان بكا ئێمە پێشوازی لێ دەكەین و بە لاوانیش دەڵێم ئێوە خاوەن ئیرادەی خۆتان بن و لە هەر بوارێكەوە كە بۆتان دەكرێ خزمەتی نیشتمانەكەتان بكەن بە تایبەت ئەو لاوانەی كە وەرزش دەكەن هەوڵ بدەن لەو رێگایەوە خزمەت بە نیشتمانەكەیان بكەن و ئێمە هەموومان بە یەكەوە دەتوانین كاری گەورە بۆ نیشتمانەكەمان بكەین و بە یەكەوە تێ بكۆشین بۆ ئەوەی كە لاوان بەهێزتر و زیندووتر رابگرین و ئاواتە خوازیشم كە رۆژێك لە رۆژان رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئازاد بێ و هیوادارم كە رۆژێك لە رۆژانیش بۆ یادی كارەساتی كیمیا بارانی شاری سەردەشت و هەموو ئەو ناوچانەی كە بە دەستی سەدام حوسین كیمیا باران كران پێداڵ لێ دەم و دەستە گوڵ لەسەر مەزاری یادەوەریان دانێم.
*ئەم وتووێژە لە گۆڤاری لاوان ژمارە ٤٠ بەشی وەرزشی دا بڵاو بۆتەوە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر