۱۳۹۱ آبان ۱۳, شنبه

وتاری مامۆستا ''شێرکۆ بێکەس'' لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی کوردانی باکوور

مامۆستا "شێرکۆ بێکەس" شاعیری ناوداری کورد
 بیرکردنه‌وه‌ی کوردستانیانه‌ یه‌که‌مین به‌ردی بناخه‌ی هه‌ستی هاوبه‌شی نه‌ته‌ویمانه‌ مه‌سه‌له‌ی کوردیش له‌ جه‌وهه‌ردا یه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌ک چوار مه‌سه‌له‌ بۆ ئه‌و کاته‌ی من لێره‌وه‌ له‌ باشوره‌ له‌ سلێمانیه‌وه‌ هاوارێک ده‌که‌م، ئه‌وه‌ به‌ ته‌نها هاواری گه‌روی من نیه‌، به‌ڵکۆ هاواری سنه‌، ئامه‌د و قامیشلۆشه‌، کرانه‌وه‌ی هه‌ر ده‌رگایه‌ک له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کدا کرانه‌وه‌یه‌که‌ ته‌واوی ئه‌م نه‌قشه‌یه‌ ده‌گرێته‌وه‌. هه‌موو ده‌ماره‌کانی ئه‌م جه‌سته‌یه‌ ئه‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ک دڵ که‌ ئه‌ویش دڵی میله‌ته‌که‌مانە.

. ئه‌و بۆ ده‌یان ساڵ ئه‌چێ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می حوکمڕانی مسته‌فا که‌ماله‌وه‌ تا ئه‌مڕۆی حوکمڕانی ئه‌ردۆغان زمانی چه‌ک و کوشتار و زه‌بر و زه‌نگ زمانی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان زمانی یه‌که‌می ئه‌م حکومیانیانه‌ بوون، به‌ڵام وه‌ک سه‌رئه‌نجام ئه‌و زه‌بر و زه‌نگانه‌ هه‌میشه‌ ئاگری شۆڕش و راپه‌ڕینه‌کانی له‌ باکورا خۆشتر کردووه‌، ئه‌وه‌ ده‌یان ساڵه‌ ئه‌وان جاڕی دامرکانه‌وه‌ ئه‌ده‌ن که‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ئاگره‌ زیاتر کڵپه‌ی ساندووه‌ له‌ ئێستاشا حکومه‌ته‌ی ئه‌ردۆغان که‌ ده‌مامکی دیموکراسی هه‌ڵبه‌ستووه‌ له‌ هه‌موو کاتێکیتر زیاتر درۆکانی گه‌وره‌ترو زه‌قتر بوونه‌ته‌وه‌
له‌م لای تریشه‌وه‌ ئه‌وه‌تا میله‌ته‌که‌مان به‌هه‌موو چین و توێژێکی راپه‌ڕیویه‌وه‌ له‌م رۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆدا له‌ ته‌واوی شاروشارۆچکه‌کانی باکورا مانگرتنێکی سه‌رتاسه‌ریان راگه‌یاندووه‌، مانگرتن و هاوارێ که‌ نیشانه‌ی جه‌ختکردنه‌وه‌یه‌تی له‌سه‌ر جه‌غتکردن به‌ مافی چاره‌نووسی خۆی و جێگیرکردنی ئه‌و مافانه‌ له‌ ده‌ستوری تورکیادا خه‌باتی مه‌ده‌نی و شارستانیانه‌ له‌ رێگه‌ی ئاشتییه‌وه‌ له‌ رێی گفتگۆ و دیالۆگه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافی ره‌وای خۆی وه‌ک هه‌ر میله‌تێکی ئازادی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌. میله‌تی ئێمه‌ میله‌تێکی شه‌ڕخواز نیه‌ ئه‌گه‌ر زۆریشی بۆ نه‌هاتبێ په‌نای نه‌بردۆته‌ به‌ر چه‌ک و سه‌نگه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ر حکومه‌تی تورکیا بووه‌ که‌ زمانی ئاگر و ئاسنی زیاتر بووه‌ و هه‌ر ئه‌م زمانه‌شی به‌کار هێناوه‌. ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو رۆژێک زیاتر ئه‌وه‌ بۆ حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌ردۆغان ئاشکرا بووه‌ که‌ ئه‌وان ناتوانن به‌ ئۆپه‌راسیۆن و هێرشی سه‌ربازی گیانی مقاومه‌تی میله‌ته‌که‌مان سه‌رکوت بکه‌ن. ناتوانن به‌ شه‌ڕ و له‌ رێگه‌ی زه‌بر وزه‌نگه‌وه‌ بێده‌گمان بکه‌ن بۆیه‌ رێگاچاره‌یه‌ک دیموکراسی و داننان به‌ مافی کوردا نه‌بێت. ده‌مامکه‌کان که‌وتنه‌ خواره‌وه‌ گه‌مه‌کانی ئه‌ردۆغان له‌ منداڵێکی کوردیش شاراوه‌ نیه‌. میله‌تی ئێمه‌ ئیرهابی نیه‌. ئیرهابی ئه‌و رژێمه‌یه‌ که‌ نایه‌وێ مافی میله‌تێک بسه‌ڵمێنێ و هه‌میشه‌ له‌ رێگه‌ی هێرشی سه‌ربازیه‌وه‌ ویستوویه‌تی مل به‌ خه‌ڵکی کوردستان که‌چ بکات مایه‌ی پێکه‌نین و گاڵته‌جاڕییه‌ ئه‌و کاته‌ی ئه‌ردۆغان باس له‌ ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ ده‌کات که‌چی له‌ ته‌نشت خۆیه‌وه‌ مافی میله‌تێک خه‌ڵتانی خوێن ئه‌کات. ئه‌م مانگرتنه‌ سه‌رتاسه‌ریه‌ی ئه‌ردۆغان به‌ حکومه‌تی کوردستان ده‌ڵێ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین که‌ ئاشتی و دیموکراسیمان ده‌وێ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین که‌ دژی شه‌ڕ و شه‌ڕخوازی زه‌بر وزه‌نگین، ئه‌وه‌ ئێوه‌شن که‌ له‌ ئاشتی و دیالۆگ و دیموکراسی ئه‌ترسن.
له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا ته‌مه‌نی درۆ سیاسییه‌کان کورت و هه‌ر زۆر زوو ئاشکرا ده‌بن رێگای ئاشتی، رێگای دانوسان ته‌نیا رێیه‌که‌ بۆ گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ته‌کان. ئه‌گه‌ر به‌ سێداره‌ و زه‌بر و زه‌نگ و ئۆپه‌راسیۆن و کوشتن و بڕین تانک و تۆپ و گازی ژه‌هراوی بوایه‌ ئه‌بوایه‌ ئه‌م میله‌ته‌ بفه‌وتایه‌ وه‌لی ئه‌م میله‌ته‌ له‌مڕۆدا له‌ هه‌موو رۆژێکیتر زیندوو تره‌، با ده‌رگای زیندانه‌کان بکرێنه‌وه‌، با ئازادیخوازان له‌ چڕینی سروده‌کانیان به‌رده‌وام بن. مانگرتنی باکور مانگرتنی باشور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواشه‌. ئه‌مه‌ مانگرتنی میله‌تێکه‌ نه‌ک مانگرتنی ئایدۆلۆژیایه‌ک ئه‌مه‌ دروشمی حزبێک نیه‌، به‌ڵکو هاواری نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ ئه‌مه‌ بانگه‌وازی ئاشتی و خۆشه‌ویستیه‌.



شێرکۆ بێکه‌س
سلێمانی 1/11/2012
چه‌ترپرێس

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر