بە جینۆساید ناساندن و قەرەبوکردنەوە،
ئاوارە حسێن*
لە گۆڤاری ئازاری هەڵەبجە، ماڵپەڕەکانی خەندان، KNNC، کوردۆساید و جینۆساید
کورد دا بڵاو کراوەتەوە.
ڕۆژی چوار شەممەی ١٦-٣-١٩٨٨ کاتژمێر ١١:٣٥ خولەکی بەیانی حکومەتی
بەعسی عێراق بە گازەکانی: خەردەل، تابۆن، سارین و سیانید. گازبارانی هەڵەبجەی کردو
نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی شارەکە خنکان و زیاتر لە دە هەزاری تریش بریندار بون و
تا ئێستاش زۆربەی بریندارەکان سارێژ نەبون و تا هەنوکەش هەندێکیان بە هۆی ساڕیژ
نەبون و کاریگەری برینەکەیانەوە گیان لە دەست دەدەن. ئەمە سەرەڕای خنکانی تەواوی
زیندەوەرەکانی بە ئاژەڵ و باڵندەو ڕووەکەکانیشەوە. هەروەها ڕوخاندنی بیناو تەلاری
دام و دەستگا گشتیەکان و خاپورکردنی ماڵ و موڵک و ئاوارەبونی هاوڵاتیان و
قەدەخەکردنی ژیانکردن لە شارەکەدا.
جینۆسایدی هەڵەبجە لە کاتێکدا بوو سەرەڕای پێشێلکردنی یاسا
سروشتیەکان، هەروەها جینۆساید وەک مەترسیدارترین تاوانی نێودەوڵەتی لە یاسای
نێودەوڵەتیدا بەربەند کرابوو، ئەویش بە پێی ماددەی ٢ ی ڕێککەوتننامەی بەربەندکردنی
جینۆساید و سزا خستنە سەر تاوانکارانی ٩-١٢-١٩٤٨ کە عێراق لە ٢٠-١-١٩٥٩ وە واژوی
پابەند بونی خۆی بەم ڕێککەوتنامەیەوە کردووە. هەروەها پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵی ژنێڤ
بۆ بەربەندکردنی چەکە بایۆلۆژی و کیمیاویەکانی ١٧-٦-١٩٢٥ کە عێراق لە ٨-٩-١٩٣١
واژوی پابەند بونی بەم پرۆتۆکۆڵەوە کردبوو. سەرەڕای پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی
چوارەمی ژنێڤی ١٢-٨-١٩٤٩ بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە کاتی شەڕدا و ماددەی ٣ ی
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە ئاماژەی بەمافی بون ژیان کردووە بۆ هەمو کەسێک
بێ جیاوازیەکانی: نەتەوە، نەژاد، ڕەگەز، ئاین.
ئەوەی برینەکەی قوڵترو ئازارەکەی ناسۆراوی ترو تابلۆی ڕەشبینی لای
هەموو کوردێکی دڵسۆزو ڕاستەقینە و هەموو هەڵەبجەیەکی بریندار نەخشاند، ئەو
بێدەنگیە بێمانایەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو دژی ئەو پەلامارە ژەهراویە، کە
پێشێلکاری تەواوی ئەو ڕێککەوتننامانە بوو کە خۆیان نوسیبوویانەوەو واژوی
پابەندبونیان کردبوو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی یاسای و
ئەخلاقی خۆی هەڵنەستا کە دەبو بە پێی ماددەی (٢٤) بڕگەی (١) ی دەستوری نەتەوە
یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکەگرتووەکان دەستێوەردانی خێراو
هەڵوێستی پرەنسیپی و ماناداری هەبوایاو هەروەها ئەرکی سەرەکی بو کە دادگایەکی
تاوانکاری نێودەوڵەتی پێک بهێنایا بۆ دادگایکردنی تاوانبارانی ڕژێمی سەددام.
پاش ڕوخانی ڕژێمی سەدام، دادگای تاوانکاری باڵای عێراقی بە پێی یاسای
ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ لە ٩-١٠-٢٠٠٥ پێک هات، ئەم دادگایە لە ٤٠ ماددە پێک هاتووە
و لە ماددەی ١١ دا باس لە تاوانی جینۆساید دەکات. کەیسی هەڵەبجەش پاش ٣٤ دانیشتنی
دادگا، لە دانیشتنی ڕۆژی ١٧-١-٢٠١٠ دادگا، کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی بە
تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی یەکلای کردەوە. ئەمەش لە لایەن شەقامی یاسای کورد و بۆچونی
گشتی و چین و توێژەکانی هەڵەبجەوە هەڵوەستەی لەسەر کراو کاردانەوەی زۆری هەبوو،
چونکە ئەوەی لە هەڵەبجە ڕویدا بە پێی هەمو پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکان تاوانی
جینۆساید بو نەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی. هەر بۆیە دادگا تێهەڵچونەوەی لەم بڕیارەی
کردوو، ئەوەبو لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٨-٢-٢٠١٠ دادگا، کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی
بە تاوانی جینۆساید ناساند و یەکلایکردەوە. و سزای یاسایشی سەپاند بەسەر هەریەک
لە: (عەلی حەسەن مەجید بە لەسێدارەدان و جێبەجێکرا لە ٢٥-١-٢٠١٠- سوڵتان هاشم
ئەحمەد پانزە ساڵ زیندانیکردن- سابر عەبدولعەزیز دوری پانزە ساڵ زیندانیکردن-
فەرحان موتڵەگ ساڵح پانزە ساڵ زیندانیکردن). پە ڕلەمانی عێراقیش لە ١٧-٣-٢٠١١ لە
دانیشتنی ژمارە (٤٤) دا کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند. ئەمە
قۆناخێک بو بۆ بە جینۆساید ناسینی کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەسەر ئاستی
ناوخۆی، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بو بە ئاراستەی بە نێودەوڵەتیکردنی، دادگای باڵای
تاوانکارای عێراقی لەگەڵ بڕیاری بە جینۆساید ناساندنەکەدا بریاری قەرەبوکردنەوەی
زیانەکانی دەرکردووە، لەگەڵ ئەو بڕیارەو پشت بەست بە ماددەی ١١٢ ی دەستوری عێراقی
و ماددەی ٢٢ ی دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی حکومەتی ئێستای عێراق ئەرکی یاسای
دەکەوێتە ئەستۆ بۆ قەرەبوی ئەو زیانە مادی، دەرونی، ژینگەییانەی کە دروست بون لە
ئەنجامی جینۆسایدەکەدا و هەروەها هاوڵاتیانی هەڵەبجە بە گوێرەی هەردوو ماددەی
(٢١٩-٢٣١) ی یاسای شارستانی عێراقی ژمارە ٤٠ ساڵی ١٩٥١ مافێکی ڕەواو یاساییان هەیە
کە داوای قەرەبوی شایستە بکەن لە دادگا شارستانیەکاندا.
سەرەڕای قەرەبوکردنەوەی زیانەکان ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی
هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی دادگایکردن و سزادانی تاوانبارانی ئەو
جینۆسایدەیە، ئەویش بە گوێرەی ماددەکانی ٢٤ و ٢٧ ی دادگای باڵای تاوانکارای عێراقی
و هاوکاریکردنی هەمان دادگا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە (س/١٠/٨٣) لە ٢٤-٦-٢٠٠٧
بۆ دەستگیرکردنی ٤٢١ تاوانبار کە ٢٥٨ تاوانباریان کوردن بە داخەوە تا ئێستا
دەستگیر نەکراون و تەسلیم بە دادگا نەکراون، بگرە زۆربەشیان ڕێزیان زیاترە لە
کەسوکاری جینۆساید کراوان.
ئەوەی ئەرکێکی هەنوکەی و گرنگە لە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان،
ئەوەیە کە دڵسۆزانە لە ڕێگای کەسانی پسپۆڕی جینۆسایدو دڵسۆزانەوە کار بکات بۆ بە
نێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی هەڵەبجەو ناوچەکانی تر، ئەویش بە ناساندنی لە
پەڕلەمانەکانی دنیاو کردنی بە یاسایەک کە ئەگەرهاتو هاوڵاتی هەر وڵاتێک نکوڵی لە
ڕودانی جینۆسایدی هەڵەبجەو کورد بکات ڕوبەڕوی سزای دارای و بەندکردن بێتەوە. ئەمەش
دەبێتە کەرەستەو کارتێکی هەرە گرنگی یاسای بۆ بە دەستهێنانەوەی تەواوی مافەکانمان
تا دەگاتە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر