۱۳۹۲ خرداد ۲۵, شنبه

سەرچاوەکانی مافە بنەڕەتیەکان

بەشی دووهەم
٥ـ یاسای بنەڕەتی لە پێوەندی لە گەڵ ئایین دا
بەشێک لە یاسای بنەڕەتیەکانی جیهان گوێ نادەن بە ئایین ومەزهەب. پێدانی پێگەی تایبەت بە ئایین و باوەڕە ئایینیەکان وەکوو جیاوک بۆ نەژاد و زمان پەسەند ناکەن و لە هەمانکاتدا تاکەکان دەتوانن لە روووی کەسەکیەوە باوەڕی ئایینی تایبەت بە خۆیان هەبێت و ڕێوشوێنی ئایینی بەڕێوەبەرن. بەشێکی دیکە لە یاسای بنەڕەتیەکان ئایین ومەزهەبی زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگاکە وەک ئایینی فەرمی دەناسن و ئەرک دەخەنە سەرشانی رێکخراوە فەرمیەکانی وڵات بە بڵاوکردنەوەی ئەو ئایینە. یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بنەماكانی دینی ئیسلام گرێدراوەو و لێی جیا ناكرێتەوە وەک یەکێک لە دیارترینی ئەو یاسای بنەڕەتیانەی کە پشت بە ئایین دەبەستن و ئایین وەک سەرچاوە بەکار دێنن بە ئەژمار دێت.
لە مادەی دووهەمدا باوەڕو ئیمان بە خودای تاك و تەنیا، ئیمان بە نبوت، ئیمان بە زیندوبونەوە، ئیمان بە دادپەروەری خودا، بڕوا بە ئیمامەت و لە كۆتایی دا باوەڕو ئیمان بە كەرامەت و ئازادی لەگەڵ بەرپرسایەتی مرۆڤی بە كۆڵەكەكانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی راگەیاندووەو بەبێ دودڵی تەنیا یاسای بنەڕەتیێكە کە بەشێوەیەكی بەربڵاو ئاماژەی بە پێویستی جێبەجێ كردنی بنەما درووستەكانی ئیسلام کردووە[1]، لە مادەی چوارەمدا باسی كردووە كە هەموو یاساكان لە هەر جۆرێك كە پارڵمان پەسەندیان دەكات لە ئاستی بەراوردكاریدا نابێ لەگەڵ پێوەرە ئیسلامییەكان ناتەبا بن و دیاری كردنی ئەوەشی بە شۆڕای چاوەدێری سپاردووە. یاسای بنەڕەتیی ئەندەنۆزیا کە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین وڵاتی ئیسلامیە لە بەشی یازدەیەم دا لە ژێر ناوی ئایین بنەمای بیست و نۆهەمی هەیە کە پێکهاتوە لە دوو دەڕبرینی گشتی. ١ـ بنەمای دەوڵەت باوەڕ بە خودای تاک و تەنیایە. ٢ـ دەوڵەت گەرەنتی ئازادی هەموو کەس بە لایەنگری لە ئایین و ڕاپەڕاندنی بۆنەو ئەرکی ئایینی دەدات.

٦ـ یاسای بنەڕەتی لە شێوەی یاسای ئاسایی
بەشێک لە یاسای بنەڕەتیەکان تەنیا لە رووی ناوەرۆکەوە ناوی یاسای بنەڕەتییان لەسەرە واتە لە پێوەندی لەگەڵ سیستمی وڵات و دەسەڵاتە باڵاکاندایە، بەڵام لە رووی بەهێزی بنەماکانی و ئەگەری گۆڕان و چاکسازی وەکوو یاسا ئاساییەکانن و لە رووی پلەبەندی بەرزتر نین لە یاسا ئاساییەکان. ئەم جۆرە یاسای بنەڕەتیانە زۆربەی جار لە یاسای بنەڕەتیە عورفی و نە نووسراوەکان خۆی دەبێنێتەوە. دەتوانین یاسای بنەڕەتیی  ئیسرائیل و یاسای بنەڕەتیی بەریتانیا لە ریزی ئەم جۆرە یاسای بنەڕەتیانە هەژمار بکەین. لە بەرامبەر دا زۆربەی یاسای بنەڕەتیەکانی جیهان لە جۆری نەگۆڕن. لە رووی پلەبەندی لە سەروو هەموو یاساکانەوەن و بە شێوەیەک پەسەند کراون کە بە سانایی ناگۆڕدرێن هەر کاتێک بگۆڕدرێن سەقامگیری سیاسی وڵات تووشی قەیران دەکەن. یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرانسا، بەلژیکا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆرێکی دیکە لە وڵاتان لەو جۆرەن.

٧ـ شێوازەکانی پەسەند کردنی یاسای بنەڕەتی
بۆ پەسەند کردنی یاسای بنەڕەتی شێوازێکی دیار، روون و تاقی کراوە کە لەلایەن هەموولایەک پەسەند کرابێت بوونی نیە، بەڵام هەموویان بنەمایەکیان پەسەند کردووە کە یاسای بنەڕەتی دەبێ هێماو دەرخەری ئاوات و ئارەزووی ڕای گشتی بێت. ئەو یاسای بنەڕەتیەی کە لە لایەن کەمینەیەکەوە ئامادە کرابێت و بەسەر کۆمەڵگادا سەپێندرابێت ناتوانێ بەردەوام بێ و بە خێرایی متمانەی خۆی لە دەست دەدات. لەم رووەوە هەوڵ دەدرێت بە شێوەی ڕاستەوخۆو یان ناڕاستەوخۆ زۆرتر خەڵک لە پەسەند کرانی یاسای بنەڕەتی دا بەشدار بن. شێوازەکانی خوارەوە تاکوو ئێستا بۆ پەسەند کرانی یاسای بنەڕەتیی بەکار هاتوون:
ئا) ئەنجومەنی دامەزرێنەران ـ بەربڵاوترین ڕێگا بۆ ئامادەکردن و پەسەند کرانی یاسای بنەڕەری پێک هێنانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەرانە. ئەنجومەنی دامەزرێنەران واتە کۆمەڵێک لە نوێنەرانی گەڵ بۆ دامەزراندنی بنەماکانی یاسای بنەڕەتی، و ئەمە کە ئەنجومەنی دامەزرێنەران لە چەند کەس پێک بێت، هەڵبژاردنی ئەندامەکانی چۆنەو لە چ ماوەیەکدا یاسای بنەڕەتی تاوتوێی بکرێت، شێوازی جۆراوجۆر پێشنیار کراون و کاریان پێکراوە هەندێک جار ئەندامانی ئەنجومەنی دامەزرێنەران بۆ نموونە بە نیسبەت هەر سەد هەزار کەس یان پێنسەد هەزار کەس یەک نوێنەر لەبەرچاو دەگیردرێت. هەندێک جار بە پێی ژمارەی نوێنەرانی هەر دوو پاڕلمانی سێنا و شۆڕای نەتەوەیی (هەر کاتێک ئەو وڵاتە دوو پارڵمانی هەبێ) پێک دێت. لەوانەیە بە پێی دابەش بوونی ویلایەتی یان پارێزگا بۆ نموونە هەر پارێزگایەک پێنج نوێنەری هەبێت لە گەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی دامەزرێنەران کاتیە و لە دوای کۆتایی کارەکەی هەڵوەشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت. لە ئێران دا لە ساڵی ١٣٠٤، ١٣٢٨ و ١٣٤٦ بۆ گۆرینی هەندێ بنەما لە یاسای بنەڕەتیی مەشروتە ئەنجومەنی دامەزرێنەران پێک هات. لە ساڵی ١٣٥٨ ئەنجوومەنی شارەزایان پێک هات، کە ناوی ئەنجوومەنی پێراگەیشتن و لێکدانەوەی کۆتایی یاسای بنەڕەتی بوو.
ب) ئەنجوومەنی شارەزایان: رخنەیەک کە لە ئەنجوومەنی دامەزرێنەران گیراوە ئەوەیە کە لەوانەیە نوێنەرەکانی شارەزاییان نەبێت، دەڵێن لە هەڵبژاردن دا خەڵک کەسی جێگای باوەڕ هەڵدەبژێرن لە کاتێک دا بۆ رێکخستنی یاسا دەبێ کەسی یاساناس و پسپۆڕبەشدار بن ئامادەکردنی یاسای بنەڕەتی کارێکی قورسە و پێویستی بە زانیاری بەربڵاوی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە بەم پاساوە پێشنیار کراوە لە بڕی ئەنجوومەنی دامەزرێنەران، کۆمەڵێک لە شارەزایان ئەو ئەرکە بە ئەستۆ بگرن. هەڵبژاردن و دانانی بە شێوەی جۆراوجۆر بووە و هەندێ کات لە ڕێگای هەڵبژاردنی گشتی کراوە و سەردەمێک لە گەڵ ئەنجوومەنی دامەزرێنەران لە کۆمیسیۆن یان کۆمیتەیەک لە شارەزایانیش کەڵک وەرگیراوە.
ج) پەسەند کردن لە لایەن گەڵەوە یان ڕاپرسی: بۆ راکێشانی دڵنیایی و باوەڕو بەشداری گشتی لە زۆربەی بوارەکان دا هەڵ دەدرێ کە داوا لەگەڵ بکەن بۆ پەسەند کردنی کۆتایی و بەم پێیە و لە ڕێگای ریفراندۆم و وەرگرتنی ڕای زۆرینەی خەڵک هێزو متمانەی نەتەوەی دەدەنە ئەو یاسای بنەڕەتیە کە ئامادەکراوە. لەوانەیە ئامادەکردنی و رێکخستن و پەسەند کرانی سەرەتایی لەدەست ئەنجوومەنی شارەزایان یان ئەنجوومەنێکی ئاسایی یان کۆمۆسیۆنێکی تایبەتی بێت، بەڵام پەسەند کرانی کۆتایی لە لایەن خەڵکی وڵاتەوە دەبێت لە ڕێگای ریفراندۆم. لە ڕاپرسی دا گەڵ دەتوانێ تەنیا وڵامی ئەرێنی یان نەرێنی بداتەوەو ناتوانێ هەندێ لە بنەماکان پەسەند نەکات و هەندێکی دیکەش پەسەند بکات لە زۆربەی بابەتەکاندا لایەنی فەخری ریفراندۆم زۆرترە لە لایەنی ڕاستینی بابەتەکە.

...درێژەی هەیە

سەرچاوە: کلیات حقوق اساسی

سید جلال الدین حسینی
و. چیا عەبدوڵڵاپوور







[1] . ئەوە روانگەی نووسەری کتێبەکەیە و ناوبراو هەوڵی داوە کە وەک خۆی ئاماژە بە دەستووری کۆماری ئیسلامی بکات لەم کتێبەدا و هەڵی بسەنگێنێ لەگەڵ ئەم بابەتانەی کە لێرەدا دێنە بەرباس. ''وەرگێر''

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر