د.سەید جەلالەدینی مەدەنی و: چیا
عەبدوڵڵاپوور
١.هێنانە بەرباسی چەمکی ئازادیو مافەکان
تەواوی ئەو دامەزراوە سیاسیانەی کە تاکوو
هەنووکە نێویان هاتووە بە شێوەی جۆراوجۆر لە مافە بنەڕەتیەکانی وڵاتاندا هاتۆتە بەر
باس لە بەرامبەر باسی ماف و ئازادیەکانی تاکەکانی مرۆڤدا لایەنی لاوەکی هەیە. ئەم دامەزراوانە پلانیان بۆ دادەنرێ، فۆڕم دەگرێ، چالاک دەبێت تا
ئازادی و مافی مرۆڤەکان بپاریزرێت. دادپەروەری لە کۆمەڵگادا سەقامگیر بێتو بنچینەی
یەکسانی پتەو بێت.
بەلام ئەو ئازادیە چیە؟ یەکێک لەو وشانەی
کە زۆربەکار دەبڕدرێت، وشەی ئازادیە، کەڵت وەرگرتن لە ئازادی هاوتەریبە لەگەڵ پریستیژو
رێز.
زۆر کەس گیانیان لە پێناوی ئازادی دا بەخت کردووە، خەبات لە پێناوی ئازادیدا هەمیشە جیگای بەخۆنازین بووە، مرۆڤەکان وەکوو ئاوو هەوا پێویستان پێیەتی و بە دریژایی مێژوو زۆرێک لێی بێبەش بوون و نەبوونی بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی زۆری لێهاتوویەکان نەگەنە قۆناغی پێشکەوتن و کامڵ بوون.
زۆر کەس گیانیان لە پێناوی ئازادی دا بەخت کردووە، خەبات لە پێناوی ئازادیدا هەمیشە جیگای بەخۆنازین بووە، مرۆڤەکان وەکوو ئاوو هەوا پێویستان پێیەتی و بە دریژایی مێژوو زۆرێک لێی بێبەش بوون و نەبوونی بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی زۆری لێهاتوویەکان نەگەنە قۆناغی پێشکەوتن و کامڵ بوون.
بۆ پێناسە کردنی ئازادی و سنوور و جۆرەکانی
کتێبگەڵێکی زۆر نووسراون و لە لایەن فیلسوفەکان و نووسەران و مافناسەکانەوە زۆر باسی
تێرو تەسەلی لەبارەوە کراوە. یەکێک دەڵێ: ((ئازادی کامڵبوونی ویستە)) و ئەوی دیکە دەڵێت:
(( ئازادی هێزێکە کە مرۆڤ بۆ کردنی یان گەیشتن بە کارێکی تایبەت هەیەتی)). کانت دەڵێت:
((ئازادی بریتیە لە سەربەخۆیی لە هەرشتێک جیا لە یاسای رەوشت)). واتای مرۆڤی ئازاد
لای ئێسپۆنزا ئەوەیە کە: ((مرۆڤی ئازاد کەسێکە کە تەنیا بە هۆی بڕیاری ئەقڵەوە دەژیت)).
و لە کۆتایی دا دەتوانین بڵێین کە ئازادی
بریتیە لەوەی کە کەسێک دەسەڵاتی کردنی هەموو کارێکی هەبێت بە مەرجێک کە بەو کارە زیان
بە کەسێکی دیکە نەگەیەنێت. ئەم مەرجە، ئازادی هەر کەس لەبەرامبەر کەسانی دیکەدا سنووردار
دەکات لەبەرچاو گرتنی ئەو مەرجە ئەرکی هەر تاکێک و هەر کەسێکە لە بەرامبەر کەسانی دیکەدا.
روونکردنەوەو دیاری کردنی سنووری ئازادی کەسەکان لە بەرامبەر یەکتر دا یاساکانی بابەتین
(قوانین موضوعە) و دەبێ یاسا تەنیا کارێک یاساغ بکات کە پێچەوانەی سیستمی کۆمەڵایەتییە.
مرۆڤەکان مافی خۆیانە کە چارەنووسی و رێکخستنی
ژیانیان لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا بە مەرجی بوونی تاکیەتی خۆیان دروست بکەن و تا کاتێک
کە هەنگاوە چارەنوسازە تاکەکەسیەکان دەگەڵ بەرژەوەندی گشتی نەکەوێتە دژایەتیەوە، بەرەو
پێش بڕۆن. بیردۆزە گەورەکان، بیرمەندە ناودارەکان،
داهێنەرەکان بە بوونی شوێنێکی ئازاد و بەبێ بوونی ترس و دڵەراوکێ لە سنورداریەتیە داسەپاوەکان،
دەتوانن شت بخوڵقێنن. تەنیا ئازادیە کە کەسایەتی مرۆڤ رادەکێشێ بۆ ناسین و ئاگایی لە
ئاسۆ و پانتاییە نوێیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ کەڵوپەڵ و ئامراز و ئیمکاناتێکی یەکسان
لە بەر دەست تاکەکاندا بێت تاکوو بەشێوەیەکی باش کەڵک لە ئازادی وەرگرن. لە مافە بنەرەتیەکاندا
رێژەو بازنەی کردەوەی تاک و سنووری ئازادیەکانی لەگەڵ چوارچێوەی سەروەری و دەسەڵات
دەوڵەت دیاری دەکرێت. لە سەدەکانی دواییدا بزووتنەوەی ئازادیخوازی و روو کردنی خەڵک
لە حکومەتی دێموکراسی، بەرهەمی وشیاری و زانیاری گشتییە لە کارامەیی مرۆڤەکان. تاکوو
ئەو رادەیە ئازادیەکان گرینگیان پەیدا کردوە کە هەندیک باوەڕیان وایە مافە بنەرەتیەکان
دەبێ لە رێگای ئازادیەوە بناسین. میرکێن گێتزێویچ بەرپرسی پێشووی زانکۆی زانستە سیاسیەکانی
نیۆیۆرک لە کتێبی ئاراستە نوێکانی مافە بنەڕەتیەکان)) مافە بنەرەتیەکان وەکوو تێکنیکی
ئازادی وەسف دەکات. ئازادی بارودۆخێکە کە زۆر کردن و سەپاندنی کۆمەڵگا و تاکەکان دەگاتە
کەمترین ئاستی خۆی. شێوەی پێچەوانەی ئەوە کاتێکە کە تاک بە جۆرێک ناچار دەکری کە مڵکەچی
ویستی کەسانی دیکە بێت و ئەپەرەکەی دۆخیکە کە مرۆڤەکان کۆیلەیان هەبوون. لە نەهجولبەلاغەش
دا ئیمام عەلی بە کوڕەکەی دەڵێ: ((کوڕەکەم، کۆیلەی کەسانی دیکە مەبە لەبەر ئەوەی کە
خودا تۆی ئازاد خوڵقاندوە)).
٢. ئازادی
تاکە کەسی
ئازادی تاکە کەسی واتە ئەوەی کە تاک لە
هاتوچۆو مانەوەو جێهێشتنی هەر شوێنێک ـ چ لە
ناو خۆی وڵاتدا و چ لە دەرەوەی وڵاتدا ـ ئازاد بێت و لە دەست بەسەرکردنی بەبێ هۆ پارێزراو بێت. ئاکامی ئەو ئازادیە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی
کۆیلەتی و هەڵوەشاندنەوەی بێگاری و نەهێشتنی دەست بەسەرکردن و بەندکردنی تاکەکان بەبێ
مۆڵەتی یاسایی. لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵێکی زۆر وەگەر خراون و لەگەڵ ئەمەش کە لە یاسای
بنەڕەتی وڵاتان و لە ناو جارنامەکان، راگەیەندراوەکان
و بەڵێننامەکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ جێگیر کراوە هەنووکەش دیاردەی نەبوونی ئازادی
تاکەکەسی لە وڵاتاندا وەبەر چاو دەکەوێ.
بڕگەی ٣٢ لە قانوونی بنەرەتی کۆماری ئیسلامی
ئێران دەڵێ: (( نابێ هیچ کەسێک دەستبەسەر بکرێت مەگین بە بڕیار و بە شێوەیەک کە یاسا
دیاری دەکات. لە کاتی راگرتن دا ئەو تۆمەتەی
کە خراوەتە پاڵ تاوانبار دەسبەجێ بە شێوەی نوسرا بە تاوانبار بگوتری و تێی بگەیەندرێ
و ئەو پەڕەکەی لە ماوەی ٢٤ کاژێردا فایلی سەرەتایی بەرێ بکرێ بۆ لایەنی پێوەندیدارو کاروبارە سەرەتاییەکانی دادگایی کردن، بە زووترین کات ئامادە بکرێت.
سەرپێچی کار لەم بڕگەیە بە پێی یاسا سزا
دەدرێت)).
ئەسڵی ٣٣ دەڵێ: ((نابێ هیچ کەس لە شوینی
ژیانی خۆی دوور بخرێتەوە یان رێگری لێبکرێ لەو شوێنەی کە پێی خۆشە، بمێنێتەوە یان ناچار
بکرێ لە شووێنێک نیشتەجێ بێت، مەگەر لە بابەتێک دا کە یاسا دیاری بکات)).
٣. ئازادی
فێر کردن و پەروەردە
مەبەست لە فێرکردن و پەروەردە ئەوەیە کە
تاکەکان مافی ئەوەیان هەیە، بە دامەزراندنی خوێندنگە، پێکهێنانی شوێنی پەروەردەو ناوەندی
پەروەردەیی، منداڵەکانی خۆیان یان منداڵی خەڵکی دیکە ئەگەر پیان خۆش بێت رایان بێنن
و پەروەردەیان بکەن و دەوڵەتیش هیچ بەربەستێکیان بۆ درووست نەکات. شتێکی روونە کە ئازادی
رەها و بێ سنوور لەو بوارەوە لە هیچ کۆمەڵگایەک دا نایەتە دی، واتە ناگونجێ کە هەر
کەس بە هەر شێوازو بە هەر جۆرە ئامرازێک و کەلوپەڵێک، هەر جۆرە پەروەردەیەک دامەزرێنێ.
زۆر جار یاساکان کۆمەڵێک ریسا بۆ دامەزرێنەرانو بەڕێوەبەرانی لەبەر چاو دەگرن لە بواری
خوێندنەوە، پێشبینی بەرنامەیەک دەکەن. بەجۆریک کە لە سنوورو پێوەرە دیاری کراوەکان
دەربچن، سەنتەرەکانی پەروەردە دادەخرین و ئەو لایەن و کەسانەی سەرپێچیان کردوە یاسا
لێپێچینەوەیان لێدەکات. یاساکانی وڵاتان لەو بارەوە جیاوازیانلە نێواندا زۆرە. لایەنێکی
سنوورداری توندو کۆنتڕۆلی هەمەلایەنە، لایەنێکی دیکە ئازادیەکی رەهاو رێگەدان بە هەر
جۆرە پەروەردەیەک و بە هەر شێوازیک و لەهەر بارودۆخێک دایە.
٤ـ ئازادی ڕادەربڕین
ئازادی تەنیا ئەوە نیە کە تاکەکان لە هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێ بوون یان لە هاتووچۆو
کردن دا ئازاد بن. تاکەکان لە کۆمەڵ دا دەژین و لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەڵسوکەوت دەکەن
و لە پێوەندیدان. دەبێ ئەوەی کە لێی تێدەگەن، هەستی پێدەکەن و ئەوەی کە بڕوایان پێیەتی
بتوانن دەری بڕن یان لە رێگای کتێب و بڵاوکراوەکانەوە بیگەیەنن بە کەسانی دیکەو تاکوو
بە هزرو زانیاریەکانیان بزانن. لێرەدا ئازادی ڕا دەربڕین و ئازادی بڵاوکراوەکانمان
لە ریزێکدا دانا. ئامرازی هەر کامێکیان جیاوازە. ئازادی را دەربڕین پێویستی بە گوێگرە،
مێزی وتاردانی دەوێ، کۆبونەوەی تاکەکانی پێویستە. لە دەربڕیندا، گوێگرتنی بیسەران هەیە
لە کاتێکدا لە بڵاوکارەکاندا پینووس گرینگە و ئامرازی چاپ و بڵاو کردنەوە پێویستە.
٥ـ ئازادی پیشەو کار
ئازادی پیشە، تا رادەیەک گوتارێکی نوێیە.
بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، بە ئاسانی بەو ئەنجامە دەگەین کە لە زۆرێک لە وڵاتان وا باو
نەبووە بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە سیستەمی چینایەتی دەسەڵاتی لەدەست دابووە. هەر چین
و سنفێک دیتوانی پیشەی خۆی هەبێ و زۆرجار کەسێک نەیدەتوانی لە سنووری پیشەی چینەکانی
خۆی زیاتر دەست بداتە پیشەیەکی دیکە. بەم شیوەیە ئازادی پیشەش لە دوای زنجیرەیەک خەبات
و تێکۆشان لەگەڵ ئازادیەکانی دیکە سرنجی درایە و لە جارنامە و یاسا بنەرەتیەکاندا چەسپا.
مادەی ٢٣ی جارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ
لەو بارەوە نوسیویەتی: ((هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کە کار بکات و ئازادانە کاری خۆی
هەڵبژێرێ. خوازیاری مەرجگەلێکی دادپەروەرانەو جێی رەزامەندی بێت و لەبەرامبەر بێ کاری
دا پشتیوانی لێبکرێت. هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کە لە بەرامبەر کاری وەک یەک دا کرێی
و هەقدەستی وەک یەک وەربگرن.
یاساکانی وڵاتان سنورەکانی خوارەوە لە بواری
ئازادی پیشەو کاردا دیاری دەکەن:
ئا. بۆ نیەتی باشی پرۆسەی کاروبارو بەرژەوەندی
نەتەوەیی و قازانجی گشتی، دەوڵەت بەشێک لە کاروبارەکان وەئەستۆ دەگرێ و تاکەکان لە
کاری سەربەخۆ تێیدا بێ بەشن.
لێدانی سکە، چاپی پارە، دامەزراندنی پۆست
و تێلێگراف و بەدالە و نمونەکانی وەک ئەو.
ب. هەندێک لە کارەکان پێویستیان بە پسپۆریە
و بۆ کار کردن تێیاندا دەبێ کەسەکان مەرجەکانیان تێدابێت وەکوو دەرمان سازی، دوکتۆری،
پاریزەرایەتی و نمونەکانی وەک ئەوان.
ج. بۆ پاراستنی تەندروستی و گەشەی منداڵان،
تاکوو تەمەنێکی دیاری کراو رێگری لە کرکردنی منداڵان دەکرێ. هەروەها لە دانی کار بە
ژنان لە کانەکانی خەلوزی بەرد دا و نمونەکانی وەک ئەو و بە گشتی کاری قورس و تاقەت
پروکێن رێگری دەکرێت. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە کە کاژێرەکانی کاری تاکەکان لە سەر بنەمای
زۆرترین و کەمترینێک دیاری بکات و نەهێڵێت کە سەرکارگەرەکان کاژێری کاری زیادی بدەن
بە کرێکارەکان کە کاریگەری لەسەر سەلامەتی کرێکارەکان دەبێت.
٦ـ ئازادی چاپەمەنی
ئازادی چاپەمەنی پێشتر هەر بوونی نەبوو.
لە وڵاتاندا چاپەمەنیەکان لەبەر دەستو پێوەندیەکانی حکوومەتدا بوو. چاپ و بڵاو کردنەوەی
کتێبەکان پێویستی بە کۆنتڕۆڵ و ئیزن وەرگرتنی پێشتر هەبوو و هەروەها کەسانێک کە دەیانهەویست
رۆژنامە یان گۆڤار بڵاو بکەنەوە، ناچار بوون بە لایەنی فکرو ئامانجەکانی دەسەڵاتداران
قەڵەمەکانیان وەکار بخەن دەنا ئیزنی بڵاوکردنەوەیان پێنەدەدرا دەگەڵ ئەوەشدا پێئەسپێردراوانی
دەوڵەت رۆژنامە و گۆڤارەکانیان بەر لە چاپ، سانسۆڕ دەکرد و رێگریان لە چاپی هەواڵ و
بابەتی پێجەوانەی بۆچوونی دەوڵەت دەکرد. ئەڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتاندا ئەسڵی ئازادی چاپەمەنی
لە یاسای بنەرەتیدا ئاماژەی پێکراوە. هەڵبەت ئازادی چاپەمەنیش هەروەکوو ئازادیەکان
ئەسڵێکی رەهاو بێ سنوور نیە بەڵکوو پێویستی بەو بارودۆخانەیە کە لەگەڵ وڵاتان گونجاوە، رێساو رێوشوێنێکیان لەبەر چاو گرتوون. خاوەن چاپخانە،
خاوەنی رۆژنامە، بەڕێوەبەری بەرپرس و بڵاوکەرەوە هەرکامیان ئەرکێکیان هەیە کە دەبێ
ناسراو بن. و دەبێ دەستیان پێیان رابگات. تاکوو ئەگەر لە رێگای چاپەمەنیەکانەوە تاوانێکیان
کرد شوێنیان دیار بێت و بتوانن لێپێچینەوەیان لێبکەن.
لە زۆربەی وڵاتان تاوانگەلێک کە لە رێگای
چاپەمەنیەکانەوە دەکردری بە بەشداری دەستەی بێلایەن (هیأت منصفە) چاوی لێدەکرێت.
لە ئێراندا یەکەمین یاسای جاپەمەنیەکان
دوای شۆرشی مەشروتە لە "محرم ١٣٢٦ قمری" لە لایەن مەجلسەوە پەسەند کراو تاکوو
ئێستا چەند یاسای دیکەش لەم پێوەندیەدا داندراون کە هەرکامەیان جێگای ئەوەی پێش خۆی
گرتۆتەوە. ئەمڕۆ لە هەموو جیهان بە هۆکاری جۆراوجۆر چاپەمەنیەکان نەیانتوانیوە ئەرکی
سەرەکی خۆیان بەجێ بگەیەنن.
٧ـ ئازادی کۆڕو کۆبوونەوە
بەهۆی ئەوەی کە مرۆڤ بە شێوەیەکی سرووشتی
بەرەو ژیان کردن لە کۆمەڵدا رۆیشتوە هەمیشە هۆگری ئەوە بووە کە لەگەڵ هاوشێوەکانی خۆی
کۆبێتەوە، قسە بکات. ئەم کۆڕو کۆبوونەوانە زۆربەی جار ناوەندی بوون، بۆ هێنانە بەر
باسی پرسی فیکری و سیاسی و هێندێک کات ئاکامی ئەو کۆڕو کۆبوونەوانە کێشە گەلێکی بۆ
حکوومەتەکان درووست کردووە و هەندێک کات بۆتە هۆی رووبەڕوو بوونەوەو ناکۆکی و نیگەرانی
سیستەمی دەسەڵاتداری بەدوای خۆیدا هێناوە. کەواتە لە پێشوودا بیرو ڕایەکی باشیان لەسەر
کۆڕو کۆبوونەوە نەبووەو دژایەتیان لەگەڵ کردووە.
لەکۆتایدا ئازادی کۆڕو کۆبوونەوەش وەک ئازادیەکانی
دیکە لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا وەرگیرا بەشیوەیەک کە تاکەکان دەتوانن لە شوێنێکی دیاریکراو
کۆ ببنەوە، سەبارەت بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و ...هتد بیرو ڕا بگۆرنەوە بەڵام
بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لەم ئازادیە پێویستی بە بارودۆخ گەلێکە، بۆ نموونە هەڵبژاردنی
شوێن. لە شەقامە گشتیەکاندا کێشە بۆ خەڵکی دیکە دەخوڵقێنێ. مەرجی دووهەم ئەوەی کە نابێ
بەشداربووان چەکدار بن واتە چەکیان پێبێت و هەروەها رۆژو کاتەکەی دەبێ دیار بێت و
پێشتر رابگەیەندرێت. پێئەسپێردراوانی دەوڵەت دەتوانن چاوەدێریو بەسەر راگەیشتنی پێویستیان
بۆ پاراستنی رێکوپێکی شەقام و ئاسایش هەبێت. ئەگر بێتوو ئەو کەسانەی کە خەڵکیان بانگ
کردوە بۆ کۆبونەوە، خەڵک هان بدەن بۆ شۆڕش و کودێتا و رێکوپێکی شەقام (نظم) تێک بدەن،
شایانی راوەدوونانن.
٨ـ ئازادی پۆستەو
بەدالەکان
مەبەست لە ئازادی پۆستەو بەدالەکان ئەوەیە
کە هەموو کەس دەتوانێ نامە بنووسێ، تێلێگراف بکات، لە تێلیتیکس و فاکس کەڵک وەرگرێ
و لە رێگای تەلەفونەوە قسە لەگەڵ بەرامبەرەکەی بکات. ئەم وتووێژو پۆستە و نووسینانە
دەبێ بە تەواوەتی بەدوور بن لە دەست درێژی. هیچ پێئەسپیردراوێک مافی ئەوەی نیە لە رێگای
گوێ لێگرتن یان کردنەوەی پاکەت و بەستەکانی پۆست ئەم شیوە پێوەندیە سانسۆر بکات و بیپشکنێت،
ئەگەر نا ئازادی تاکەکان لەم بەشەدا بە تەواوەتی پێشێل کراوە.
نهێنی بوونی بەدالەکانی پۆست و تێلێگراف
لە یاسای بنەرەتی وڵاتاندا هاتووە و بۆ لەبەرچاو نەگرتنیان سزا دیاری کراوە. هەندێک
کات یاساکان ئیزنیان داوە کە لایەنەکانی دادوەری
بە لەبەر چاوگرتنی رێ وشوێنێکی یاسای لەبەر ئاشکرا کردنی تاوان یان کۆکردنەوەی هۆکارەکان
یان بۆ نەهێشتنی لەناوچوونی پاشماوەکانی تاوان لە کاتێکی دیداریکراودا بەدالە یان نامە
کەسەکیەکان کۆنترۆڵ بکات. بۆ نموونە کاتێک شەریکەکانی تۆمەتباری دەست بەسەرداگیراو،
دیار نین و هەڵاتوون، لەوانەیە ئەو دادوەری کە بەرپرسی پێراگەیشتنە ئەمر دەربکات گفتوگۆی
تەلەفۆنی تۆمەتباری دەست بەسەر داگیراو لەگەڵ کەسەکان بۆ ماوەی یەک هەوتوو کۆنتڕۆڵ
بکرێ تاکوو لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە کەسە هەڵاتوەکان دەستگیر بکرێن یان گوێ لە
پێوەندیە تەلەفۆنیەکانی دەرەوەی وڵاتی کەسێک رادەگیردرێ کە تاوانی سیخوڕی دراوەتە پاڵ،
کە بەرپرسی دادگای تایبەتمەند بە کێشەکە بە لەدەست دابوونی هۆکارو بەڵگەکان ئەمر بکات
کە پێوەندییە تەلەفۆنیەکانی ئەو لەگەڵ دەرەوە
تۆمار بکرێن و لە پاشکۆی فایلەکەی دا ئاماژەیان پی بکرێت.
٩ـ رێزگرتن لە بنەمای
یەکسانی
ئەمرۆکانە لە ریزی لەبەر چاوگرتنی ئازادی
مرۆڤ، وەئەستۆ گرتن و پەسەند کردنی بنەمای یەکسانی لە لایەن حکوومەتەکانە. دەبێ سرنجی
ئەوە بدەین کە یەکسانیی لە مافەکاندا جیایە لە یەکسانی لە باری کسێتی تاکەکان. تاکەکان
ناتوانن لە باری کەسێتی بەرابەر بن چ لە رووی لێوەشاوەیی و کارامەیی وهێز و چ لە رووی
مادیی، هەر لەو کاتەدا دەبێ لە تەواوی مافە گشتیەکاندا بەرابەر بن. یەکسانی لە بەرامبەر
یاسا، یەکسانی لە بەرامبەر دادگاکان، یەکسانی لە بەرامبەر دانی باج، یەکسانی لە رووی
رەخسانی هەلی کار کردن لە شوێنەکانی دەوڵەت، یەکسانی لە رووی خزمەتی سەربازی، لە گرینگترین
بابەتەکانی بنەمای یەکسانین کە زۆرتر لە یاسای بنەڕەتی وڵاتاندا بە دەستەواژەی جۆراوجۆر
هاوتوون و هەندێک جار بە یاسا ئاساییەکان سپێردراوە.
١٠. یەکسانی
لە بەرمبەر یاسادا
مەبەست لە یەکسانی لەبەرامبەر یاسادا ئەویە
کە تەواوی یاساکان چ قانوونە شارستانی، سزایی، دارایی، رێنوێنی، نیزامی، بانکییەکان
و ... هتد هەموو تاکەکان بگرێتەوەو لە نێوان دارا و نەدار، خوێندەوار و نەخویندەوا،
موچەخۆر و موچەنەخۆر، کەسی ئایینی و کەسی نا ئایینی و ...هتد جیاوازیەک لەبەر چاو نەگیردرێت.
بنەمای یەکسانی لە بەرامبەر یاسا کەم و
زۆر لە تەواوی یاسا بنەرەتییاکاندا هاتووە و گرەنتی کراوە. گەورەترین بەرهەمی ئازادی
یەکسانی تاکەکانە لە بەرامبەر یاسادا. مەبەست لە یەکسانی ئەوە نیە کە تاکەکانی کۆمەڵگا
هەموویان بەرابەرن یان بە پشت بەستن بە ئازادی بەرابەر ببن، بەڵکوو ئامانج ئەوەیە کە
سیستەمی حکوومەت و ئۆرگانەکانی بەڕێوەبەری یاسا هەڵسوکەوتێکی یەکسانیان لەگەڵ هەموو
تاکەکان هەبێت. ئەم ئەرکەی حکوومەت واتاکەی ئەوەیە کە نەبوونی یەکسانی سرووشتی لە نێوان
تاکەکان نابێ ببێتە هۆی هەڵسووکەوتی جیاواز و هەڵاواردنیان.
١١. یەکسانی
لە بەرامبەر دادگاکاندا
لە کاتی سەردان وچوون بۆ دادگاو لە کاتی
بانگهێشت کردن بە مەبەستی ئامادە بوون لە لایەن دادگاوە جیاوازیەک لە نێوان تاکەکاندا
نیە. داواکان بە بێ سرنج دان بە لایەنەکانی بە یەک جۆر بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، لە
کاتێک دا لە پێشوودا وانەبوو. چینەکانی کۆمەڵگا هەرکامەیان بۆخۆیان دادگایەکی تایبەتیان
هەبوو یان لە رێژیمی کاپیتۆلاسیۆن دادگاگەلێکی
تایبەت لە وەزارەتی دەرەوە پێک دێت و بەشداری هەندێک تاک و کەسایەتییەکان لە بەردەم
دادگادا وا دادەنرێت کە پێچەوانەی کەسایەتی (شأن) ئەوان بێت. پێکهێنانی دادگای تایبەت،
دادگای سەراسەری، دادگای تایبەتمەند و جیاوازی کردن لە نێوان تاکەکان لە کاتی سەردان
و چوونیان بۆ دادگاکان پێچەوانەی بنەمای یەکسانییە.
١٢.
یەکسانی لە دانی
باج
یەکسانی لە دانی باج ئەوە نیە کە هەموو
تاکەکان یەک بڕە باج بدەن. ئەمڕۆکانە باجی سەرانە زۆر کەم بوونی هەیەو وەردەگیردرێت.
بنەمای یەکسانی لە دانی باج بەو واتایەیە کە تەواوی تاکەکان بە گوێرەی هێز و توانای
خۆیان یان بە گوێرە و لەسەر بنەمای داهاتێک کە بەدەستی دێنن، باج دەدەن بە دەوڵەت.
لە کۆندا چینی بژاردەکان وەک خانەدان و
دەرەبەگ و پیاوماقوڵان لە دانی باج هەڵدەوێردران. بە پێچەوانە وەرزێرەکان دەبێ باجی
جۆراوجۆر بدەن. ئەوە یاسا ئاسایەکانی باجن کە دەبێ رێو شوێن و رێساکانی دیاری کردنی
باج بە شێوەیەک رێک بخەن کە ئەو کەسانەی کە باج دەدەن وەکوو ئەرکێک و بە تامەزرۆیی
و هۆگریەوە باج بدەن و لەوە نەترسن کە داهات و سامانەکەیان ئاشکرا بێت. هەڵسوکەوتی
پێئەسپێردراوان و تێگەیشتنی باجدەر لەمەی کە بەڕاستی جیاکاریەک لە نێواندا نیە و متمانە
بە بنەمای یەکسانی لە جێگای خۆیدا دەمێنیتەوەو لە کێشەکان کەم دەکاتەوە.
١٣. یەکسانی
لە خزمەتی سەربازی دا
هەر بەو شێوەیەی کە تاکەکان لە جیاوک و
مافەکان بە یەکسانی کەڵک وەردەگرن لە خزمەتگوزاریەکانیشدا دەبێ یەکسان بن. ئەمرۆکانە
لە وڵاتانی پێسکەوتوو خزمەتی سەربازی تەوای تاکە نێرینەکانی نەتەوە دەگرێتەوە. هەڵبەت
ئەو کەسانەی کە پلەی کەسایەتی لەسەرترە، دەگەنە دەرەجەی ئەفسەری.
لە کۆندا دەوڵەمەندەکان بە دانی بڕە پارەیەک،
لە خزمەتی سەربازی دەبواردران. ئەمرۆکانە لە هەموو وڵاتاندا خزمەتی سەربازی، خزمەتێکی
پیرۆزی نیشتمانیە کە ئەرکی گشت خەڵکە کە لە تەمەنێکی دیاریکراودا پێی هەستن. هەر کاتێک
بنەمای یەکسانی لە دانانی یاساکان پارێزرابێ، گەنجەکان پێشوازی لێدەکەن و بە کات بەفیرۆدانی
نازانن.
١٤ـ یەکسانی بە نیسبەت
ئیشە دەوڵەتیەکان
دەوڵەت ناتوانێ ئێشە دەوڵەتیەکان لە پاوانی
کەسانێکی تایبەت باوێت، بەڵام دەتوانێ بە بێ سرنجدان بە خوازیاران، مەرجەکان دیاری
دەکەن تاکوو هەر کەسێک ئەو مەرجانەی تێدابوو دەتوانێ لە کاری دەوڵەت دا بەشدار بێت.
ئەمڕۆکانە لە زۆبەی وڵاتاندا دامەزراندن دەوڵەت لە رێگای کێبڕکێیەو بەڕیوەدەچێت یان
وەها دەنوێنن کە هەموو ئەو کەسانەی کە مەرجەکانیان تێدایە لە دۆخێکی یەکساندا دەبن.
نەوەکوو تەنیا لە ئاستی دامەزراندنی و کارپێدانی دەوڵەت بەڵکوو لە هەموو قۆناغەکانی
راژەو خزمەت دا بنەمای یەکسانی دەبێ لەبەر چاو بگیردرێ. سەروەری و زاڵیەتی لە پێوەندی
لەگەڵ لێهاتووی، کارزانی، خوێندەواریو ئەزمونەکان بنەمای یەکسانی تووشی خەسار ناکات،
بەڵام گرینگی دانی زیاتر بە پەیوەندی و لەسەروتردانانی لە بەرامبەر پێوەرەکان و رێوشوێنە
یاساییەکان نارەزایەتی گشتی بەدوای خۆیدا دێنێ.
١٥. پارێزراوی
ماڵ(خانوو)
ماڵی هەموو کەس پارێزراوە. هیچ کەسێک بۆی
نیە بچێتە ناو ماڵی کەسێکی دیکە تەنیا لە کاتێک دا کە خاوەنی ماڵەکە ئیزنی دابێت، بەڵام
پێئەسپێردراوانی تایبەتی دەوڵەت کە شیاون بۆ ئەم کارە دەتوانن بە مەبەستی گرتنی تۆمەتبار
یان پشکنین بە مەبەستی دیتنەوەی ئامرازەکانی تاوان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی خاوەن ماڵ
بچنە ژوورەوە. هەڵبەت پێئەسپێردراوان ناتوانن هەر کاتێک ویستیان بە پێی ویست وئارەزوو
و بۆچوونی خۆیان دەست بە وەها کارێک هەستن. چوونە
ناو ماڵ بە پێی یاساکان مەرجگەلێکی پێویستەو یەکەم ئەوەی کە دەبێ بە ئیزنی لێپرسراوانی
دادوەری ئەویش لە سەر بنەمای هۆکارو بەڵگەی بەهێز پێویست بێت. زۆربەی جار یاسا ئاساییەکانی
وڵاتان بە وردی پێشبینی بارودۆخ و لایەن و کاتەکانی شیاو بۆ چوونە ژووری پێئەسپێردراوە
شیاوەکانیان کردووە. بە پێجەوانەی ئەو مەسەلانە کارەکە تاوانە و شایانی بەدواداچوونی
سزایییە.
سەچاوە:
کتێبی مافە بنەڕەتیەکان بە گشتی (کلیات حقوق اساسی)
------------------------------------------
مادەی ٣ یاسای بنەڕەتی هۆلەند لە بەشی مافە
بنچینەیەکان لەم پێوەندیەدا دەستەواژەی کورتی بە بێ قەدو بەند بەکار هیناوە ((هەموو
هاوڵاتیان هۆلەند بە شێوەی یەکسان مافی کارکردنیان لە دامەزراوەکانی حکوومەت دا هەیە)).
ئەم رستەیە بەو واتایە نیە کە مەرجگەڵێک بۆ خوازیارانی کار کردن لە ناو دامەزراوەکانی
حکوومەت دا پێویست نیە. دەستەواژەی ((بە شێوەی یەکسان)) مەبەست لێی ئەوەیە کە هەر جۆرە
رێوشوێنیک کە بۆ دامەزراندن پێویستە، لایەنی بەدەری نیە وهەموو بە یەکسانی ئەو رێوشوێن
و مەرجانە دەبێ لەبەر چاو بگرن یان تێیاندا هەبێ.
تێبینی: ئەم بابەتە لە ٢٥ی مانگی یەکی ٢٠١١ لە ماڵپەڕی ''کوردستان و کورد'' دا بڵاو بۆتەوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر