۱۳۹۱ مرداد ۱۷, سه‌شنبه

پەیامی جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی لاوان بۆ شەشەمین کۆنگرەی یەکیەتی لاوان

ئەم وێنەیە لە کۆنگرەی ٥ی لاوان گیراوە
بەرێزانی بەشداری بووی شەشەمین گۆنگرەی یەکیەتی لاوان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتی لاوان!
میوانانی بەشدار لە رێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین کۆنگرەی یەکیەتی لاوان!
بەبۆنەی پێکهێنانی شەشەمین کۆنگرەی یەکیەتی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم کە کۆنگرە بە سەرکەوتنەوە کارەکانی کۆتایی پێ بێنێت و چڕای هیوایەکی نوێ لە ناو دڵی لاوانی کوردستان دا بگەشێنێتەوە.

بە داخەوە من نەمتوانی و ئەو شانازیەم بە نسیب نەبوو کە بتوانم لەم کۆنگرەیەی لاواندا بەشدارم بن و بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە بە دڵ هەر لەگەڵتانم و لە پێناو پێشخستن و بەرەوپێش بردنی یەکیەتی لاوان لە هەوڵ و تێکۆشان ناوەستم.
بەرێزان!
یەکیەتی لاوان رێکخراوێکی سینفی ‌ـ دێموکڕاتیکە کە لە پێناو پەروەردە کردنی لاوان و رێکخستنیان بۆ مسۆگەر کردنی داهاتوویەکی گەش بۆ لاوان و هەروەها رۆڵ بینینی وەک رێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوەو لەو پێناوەشدا کار دەکات، ئەوەی لای هەموومان ئاشکرایە یەکیەتی لاوان بە هۆی داگیرکاری کوردستان و دیکتاتۆڕی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە ناو خۆی رۆژهەڵاتی کوردستان خەبات بکات و ساڵانێکی زۆرە لەپەنا و لە باوەشی پشتیوانی حیزبی دێموکڕات تێکۆشاوە و تارادەیەک توانیویەتی لاوان پەروەردە بکا و هیوای ئەوان بێت، بەڵام ئەوەی لەو چەند ساڵەی دوایی دا هەستمان پێ کردووە و لای هەموو ئەندامانی یەکیەتی لاوانیش روونە ئەوەیە کە لە لایەن حیزبی دێموکڕاتەوە کەمتر گرینگی بە لاوان دراوە و تا رادەیەک پشتگوێی خراوە حیزبی دێموكڕات لە رێگای گرینگی دانی زیاتربەو یادگارەی کۆماری کوردستان لە ئێستاوە وەک ڕابردوو دەبێ بیسەڵمێنێ کە چەندە لە داهاتووی گەشی رۆژهەڵاتی کوردستان دا رێز لەو جۆرە رێکخرانە دەگرێ و گرینگی بە داخوازیەکانیان دەدات. ئەوەش تاقیکاریەکی گرینگە بۆ حیزبی دێموکڕات کە هیوادارم کە حیزب تێیدا سەرکەوتوو بێتە دەرێ. چوونکە لە کەس شاراوە نیە کە گرینگی دانی حیزبی دێموكڕات  پێوەندی ڕاستەوخۆی بە بەهێز بوونی یەکیەتی لاوان هەیە.
هاورێیان!
ئەوەی پێوەندی بە ئێمە لاوانیشەوە هەیە ئەوەیە کە هەوڵ بدەین کە لە ئامرازەکانی پێشکەوتوەکانی ئەم سەردەمە لە پێناو بەرەوپێش بردنی رێکخراوەکەمان بە باشی کەڵك وەربگرین و تواناکانی خۆمان زیاتر وەگەڕ بخەین و لە رێگای بەهێز کردنی فیدراسیۆنی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کار بکەین بۆ کۆکردنەوەی  هەموو حیزب و لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەریەکەکی کوردستانی دا.
سڵاو لە لاوان هیوای دوارۆژی کوردستان
هەر پیرۆز بێت شەشەمین کۆنگرەی یەکیەتی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان
چیا عەبدوڵڵا پوور
جێگری سکرتێری یەکیەتی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان
فینلاند

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر