۱۳۹۲ اردیبهشت ۱۴, شنبه

سەرچاوەکانی مافە بنەڕەتیەکان


مەبەست لە سەرچاوەکان، ئەو شوێن و کانیاوانەیە کە مافە بنەڕيتیەکان بە سەرەنج دان بەم سەرچاوانە پێک دێت و یان لەو سەڕچاوانەوە تێراو دەبێت. نووسەران، ئامادەکاران و لێکۆڵەڕانی یاسا زنجیرەیەک سەرچاوە بۆ مافە بنەڕەتیەکان دیاری دەکەن هەندێک لەو سەرچاوانە لایەنی گشتیان هەیە مافە بنەڕەتیەکانی زۆربەی وڵاتان پشت ئەستورن بەم سەرچاوە گشتیانەوە و کاڕێگەریان لەو وەرگرتووە. هەندێک لە سەرچاوەکانیش لایەنی تایبەتیان هەیە بۆ نموونە مافە بنەڕەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رووی سەرچاوەی گشتی لەگەڵ وڵاتانی دیەکە هاوبەشە. هەر لەو کاتەشدا هەندێک سەرچاوەی زۆر باوەڕڕپێکراوی تایبەتیشی هەیە. سەرچاوەگەڵێکی وەکوو قورئان باوەڕپێکراوترین و بەهێزترین سەرچاوەی مافە بنەڕەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە قوڵایی بیری ئۆمەتی ئیسلامی دا رەگی داکوتاوە و لایەنی ئیلاهی و رەوایی دەدات بەو یاسایانە. خۆمان لە سەرچاوە تایبەتیەکان لە پەیوەندی لەگەڵ  باسی مافە بنەڕەتیەکانی ئێران دەبوێرین و لێرەدا تەنیا باسی سەرچاوە گشتیەکانی دەکەین.


سەرچاوە گشتیەکانی مافە بنەڕەتیەکان
ئەو سەرچاوانەی کە جێگای سەرەنجی یاساناسانە و لە شی کردنەوە و ڕاڤەی مافە بنەڕەتیەکان باسی لێدەکەن بریتین لە: ١ـ یاسای بنەڕەتی ٢ـ یاسا ئاساییەکان ٣ـ بڕیارەکانی سەرۆکی وڵات ٤ـ داب و نەریت ٥ـ ڕێوشوێنەکانی دادگایی کردن (رویەهای قضایی) ٦ـ بیرو بۆچوونەکانی زانایانی یاسا. لە خوارەوە هەر یەک لەم سەرچاوانە دەناسێنین و دەخەینە بەر سرنج و شیکردنەوە.

یەکەم: یاسای بنەڕەتی یەکەم سەرچاوەی گشتی
یاسای بنەڕەتی پێک هاتووە لە کۆمەڵیک ڕێسا، یاسا و بنەمای گشتی کە شێوەی حکومەت، رێکخراوی هەر سێ دەسەڵاتە بەرزەکەی وڵات و پێوەندی ئەوان لەگەڵ یەکتر و ماف  و ئازادیەکانی تاکەکانی وڵات لە هەمبەر دەوڵەت دا دیاری دەکات. ئەمەیکە شێوەی حکومەت کۆماری بێت یان مەلەکی، ئەمەیکە پارڵمان لە یەک ئەنجومەن پێک بێت یان لە دوو ئەنجومەن و دانانی یاسا بە چ شێوەیەک دەکرێت ئەمەیکە لە کۆماری دا سەرۆک کۆمار لە سەر بنەمای دەنگی ڕاستەوخۆی گەڵ هەڵدەبژێردرێت یان بە دەنگی نوێنەرانی ئەو خەڵکە و بە شێوەی ناراستەخۆ و چ بەرپرسایەتیەکی هەیە، ئەمەیکە لێک جیا کردنەوەی دەسەڵاتەکان ڕێژەیی‌یە یان ڕەها و پرسگەڵێک لەم جۆرە لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتیدا ئاماژەیان پێ دەکرێت.
دروست ئەوەیە کە یاسای بنەڕەتیی هەر وڵاتێک تەوەری سەرەکی سیستمی سیاسی وڵات و ڕێکخەری هەموو کاروبارەکانی حکومەت و دیاریکەری پێوەندی سەرەکی سێ دەسەڵاتە باڵاکەی گشت کۆمەڵگا بێت و بەوردی جێبەجێکردنی ئەو یاسای بنەڕەتیە هەموو ڕێگاکانی سەرەڕۆیی ودیکتاتۆڕی بەربەست بکات. ئازادی، کەرامەتی مرۆیی و مافی تاکەکان بەکردەوە مسۆگەر بکات و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سیاسی بێنێتە کایەوە. یاسای بنەڕەتی لە ڕاستی دا ئامرازێکە کە روخساری یاسایی وڵات دەناسێنیت. بە لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکی کورتی هەر یاسای بنەڕەتیێک دەتوانین وڵاتی خاوەن ئەو یاسای بنەڕەتیە بناسین. لە زۆربەی یاسای بنەڕەتیەکان دا مافەکانی گەل بە شێوەیەکی تەواوەتی ئاماژەی پێکراوە و ئازادی تاکەکان بە روونی دیاری کراوە، بەڵام ناوەندەکانی جێبەجێ کردنی کاروبارەکان لە سیستەمی بەڕێوەبردندا گوێی پێنادەن. پێویستە لە یاسای بنەڕەتیی هەر وڵاتێک دا ماف و ئازادیەکان بە تێرو تەسەلی باس بکرێت و  لە جێ بەجێ کردن و لەکردەوەدا، بەرپرسەکان و دەسەڵاتدارانیشدا بە وردی جێ بەجێی بکەن، هەڵبەت لێهاتوویی و شیاوی و متمانە و ئامادەیی خەڵکیش مەرجێکی زۆر گرینگە کە مافەکانی خۆیان داوا بکەن، لە رووی سیاسی و فیکریە بە پێی پێویست پێگەیشتبن کە بۆخۆیان هۆکاری بێ بەشی و بێ مافی نەبن.

١ـ یاسای بنەڕەتیی نووسراو و  یاسای بنەڕەتیی نەنووسراو
لە رووی شێوە و ئەگەری ئاماژە پێکردن و ناسینی، یاسای بنەڕەتی لەوانەیە، نووسراو یان نەنووسراو بێت. یاسای بنەڕەتیی نووسراو بەو واتایە کە دەقێکی فەرمی بە ڕێوشوێنێکی تایبەت لە لایەن کۆمەڵەیەکی شیاوی دامەزراوەیەوە پەسەند کرابێت و هەروەها وەک یاسایەکی باڵا، بەهێزو پتەو، سیستمی سیاسی و بەرپرسانی دەسەڵاتە باڵاکان لە خۆبگرێت. و لە هەر شوێنێک پێویست بێت بە ئاماژە کردن بە ژمارە، پشت ببەسترێت بە بەند و بنەماکانی. یاسای بنەڕەتیی نەنووسراو بەم واتایە کە دەقی دیارو روون و بەش بەش کراو و پەسەندکراوی کۆمەڵەیەکی دامەزرێنەر بوونی نەبێت و نەتوانین دەق یان ناوەرۆکێک وەک یاسای بنەڕەتی بخەینە روو، لە گەڵ ئەوەشدا نەبوونی دەق و نووسراوەیەک وەک یاسای بنەڕەتی یەکسان نیە لەگەڵ نەبوونی یاسای بنەڕەتی. دەبێ بنەماکانی یاسای بنەڕەتیی نەنووسراو لە ناو یاسا ئاساییەکان و لە پێشینەی بریارەکانی دادگا و بڕیارەکانی دەسەڵاتداران و سەرۆک کۆمارەکان و یان خوخدە و داب و نەریت وەربگرین و بناسین و جێ بەجێ بکەین. یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٩٩٣ فیدراسیۆنی روسیە لە دوای لەبەر یەک هەڵوەشانی یەکیەتی سۆڤیەت، یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٢٨٥ هەتاوی ئێران لەدوای شۆڕشی مەشروتە، یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٩٧٩ی کۆماری ئیسلامی ئێران، یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٩٥٨ی کۆماری پێنجەمی فەرانسا نموونەیەکن لە یاسای بنەڕەتیە نووسراوەکان کە بە پێی ڕێوشوێنی تایبەت ئامادە دەکرێن و رێکدەخرێن و پەسەند کراون زۆربەی زۆری ١٨٧ وڵاتی جیهان خاوەن یاسای بنەڕەتیی نووسراون.
یاسای بنەڕەتیی نەنووسراو بەتایبەت لە سەردەمی ئێستادا باو نیە لێرەدا دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بە یاسای بنەڕەتیی نەنووسراوی ئینگلستان بکەین کە بەهێزی بنەماکانی کەمتر نیە لە بنەماکانی یاسای بنەڕەتیە نووسراوەکان، یاسای بنەڕەتیی نەنووسراوی بریتانیا لەگەڵ پەسەندکراوەکانی پارڵمان واتە یاسا ئاساییەکان شایانی چاکسازی و گۆرانکاریە.

٢ـ یاسای بنەڕەتی بە دەقێکی یەکگرتوو و یاسای بنەڕەتی بە دەقی زۆر
زۆربەی کات یاسای بنەڕەتیی وڵاتان لە دەقێک پێک هاتووە، بەڵام لە هەندێک بابەت دا لە پێشینەی مێژووی دا هەیە کە بە پێی هەندێک هۆکار یاسای بنەڕەتی لە چەند قۆناخ دا رێکخراوە و پەسەند کراوە و بەم پێیە خاوەن دەقی زۆرە. یاسای بنەڕەتیی سەردەمی مەشروتە لە دوو دەق پێک هاتبووو یەکیان یاسای بنەڕەتیی سەرەکی و یەکەم کە لە ٥١ بنەما پێکهاتبوو و لە ساڵی ١٢٨٥هەتاوی لە لایەن موزەفەرەدین شا واژۆ کرا و ئەوی دیکەشیان تەواوکەری یاسای بنەڕەتی کە لە  ١٠٧ بنەما پێک هاتبوو لە ساڵی ١٢٨٦ هەتاوی لە لایەن محەمەد عەلی شا واژۆ کراو بە فەرمی ناسرا. یاسای بنەڕەتیی کۆماری سێهەمی فەرانسا خاوەن سێ دەق بوو. یاسای ٢٤ی فیبریەی ١٨٧٥ سەبارەت بە پێکهاتنی پارڵمانی سێنا، یاسای ٢٥ی فێوریە ١٨٧٥ سەبارەت بە رێکخراوی دەسەڵاتە باڵاکانی وڵات و یاسای ژوئیەی ١٨٧٥ سەبارەت بە پێوەندی دەسەڵاتە باڵاکانی وڵات بوو.
یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن یەک دەقە هەرچەندە لە ساڵی ١٣٦٨ چاوپێداخشاندەوەی پێدا کرا و هەندێک بنەماشی پێوە زیاد کرا، بەڵام گشت چاکسازی و گۆرانکاریەکان هەر لەو دەقە دا پێک هاتن و دەقێکی نوێی جیا لە یاسای بنەڕەتیی یەکەم پێک نەهات.

٣ـ یاسای بنەڕەتی بە بایەخێکی یەکگرتوو و یاسای بنەڕەتی بە بایەخێکی جیاواز
دەقی یاسای بنەڕەتی دەتوانێ لە رووی بایەخەوە یەکێک لەم دوو شێوەی هەبێت تەواوی بەند و بنەماکانی بایەخێکی وەک یەکیان هەبێت. هیچ پرسێک گرینگیەکی زیاتری پێنەدرێت و یان ئەمە کە بەشێک لە بەند و بنەماکانی سەرەنجیان بدریتێ و پێگەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخان کرابێت. بۆ نموونە یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٣٢٤ هەتاوی ئێران خاوەن ٥١ بنەمایە و هیچ کام لە بنەماکانی لەسەرو بنەماکانی دیکە دانەندراوە و هەموویان لە یەک ئاست دان و تەواوی دەقەکە خاوەنی بایەخێکی یەکگرتوویە و وەک یەکە، بەڵام  لە تەواوکەری یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٣٢٥ی مانگی لە ژێر بنەمای دووهەم کە لە پێوەندی لەگەڵ ئامادە بوونی گرووپی زانا ئایینیە ناودارەکان لە پارڵمانی شۆڕای نەتەوەیی بۆ رێگرتن لە پەسەند کرانی ئەو یاسایانەی کە پێچەوانەی شەرعن بەراشکاوی لەوێدا هاتووە کە ئەم بەندە تاکوو دەرکەوتنی ئیمامی نادیار گۆرنکاری بەسەردا نایەت، واتە بایەخێکی زۆری دراوەتێ و جیاوازی بایەخ لە دەقەکەدا هەیە بەم پێیە دەتوانین بڵێین هەندێک لە یاسای بنەڕەتیەکان دوو جۆر ڕێسایان تێدایە ئەو ڕێسایانەی کە لە هەڵومەرجێک دا شایانی چاکسازی و گۆڕانکارین و گرووپکەی دیکەش جێگیرو نەگۆڕن، یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم جۆرەیە لەبەر ئەوەی کە بە دوو شێوە بەشێک لە ڕێساکانی بایەخێکی زۆرتریان پێدراوە یەکەم بە پێی بنەمای چوارەم کە گشت یاساکان دەبێ لە سەر بنەمای ڕێوشوێنە ئیسلامیەکان بێت و ئاشکرا کراوە کە ئەم بنەمایە (واتە بنەمای چوارەم) بەسەر گشت بنەماکانی یاسای بنەڕەتیدا زاڵە و لەسەرووی هەموو بنەماکانی دیکەیە، دووهەم بە پێی بنەمای ١٧٧ کە تێی‌دا هاتووە: "ناوەرۆکی ئەو بنەمایانەی کە پێوەندی بە ئیسلامی بوونی سیستەم و پێکهاتەی گشت یاسا و ڕێساکان لەسەر بنەمای  ڕێوشوێنە ئیسلامیەکان و بنچینەکانی ئیمان و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری بوونی حکومەت و ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی ئۆمەت و هەروەهاش بەرێوەبردنی وڵات بە پشت بەستن بە دەنگی گشتی و ئایین ومەزهەبی فەەرمی وڵات نەگۆڕن". یاسای بنەڕەتیی کاتی ساڵی ١٩٤٨ی کۆماری فیدڕالی ئاڵمانیا کە لە کردەوەدا ڕێساو ناوەرۆکەکەی بەگشتی لایەنی بەردەوام و هەتاهەتایی پەیدا کردوە نموونەیەکە لەو یاسای بنەڕەتیانەی کە بە دەقی زۆرو جیاوازە، بەڵام ئەم جیاوازیە لە بەرژەوەندی ماف و ئازادیە کەسیەکانی تاک پێک هاتووە نەک پتەوبوونی  دەسەڵاتی گرووپی دەسەڵاتدار. بەم شی کردنەوەیە ئاڵمانیا لە کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم لە لایەن چوار دەوڵەتی هاوپەیمانان لە شەڕ دا (یەکیەتی سۆڤیەت، ئامریکا، بەریتانیا و فەرانسا) داگیر کرا، سێ دەوڵەتی رۆژئاوایی بڕیاری بوژاندنەوەی ئاڵمانیایان دا. ئەنجومەنی دامەزرینەران بۆ دابین کردنی پرۆژەی یاسای بنەڕەتی لە ''بۆن'' پێک هات ئاڵمانی رۆژهەڵات کە لە ژێر داگیرکاری یەکیەتی سۆڤیەت(روسیەی ئێستا) دا بوو لە ناردنی نوێنەر بۆ ئەنجومەنی دامەزرێنەران خۆی بوارد و بۆخۆی کۆماری دیمۆكڕاتیکی ئاڵمانیای رۆژهەڵاتی بە پشتیوانی یەکیەتی سۆڤیەت دامەزراند کە وڵاتانی رۆژئاوا هیچکامیان بە فەرمیان نەناسی وتووێژەکانی پارڵمانی دامەزرێنەران بە دانانی یاسای بنەڕەتیی کۆماری فیدڕاڵی ئاڵمانی رۆژئاوا کۆتایی هات. گشت ماف و ئازادیە تاکە کەسیەکان لە بەندەکانی ١ تاکوو ١٨ لەم یاسایەدا بە شێوەیەکی لێبڕاوانە پێداگری لە سەر کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا لە بەندی ١٩ دا هاتووە کە هەر چاکسازی یاخود پێداچوونەوەیەک لە بەندەکانی یاساکەدا کە ببێتە هۆی لە دەست دانی ئازادیە ئاماژە پێکراوەکان کاڕێگەریان نیەو کاری پێ ناکرێت.

٤ـ پێشەکی یاسای بنەڕەتی
زۆرێک لە یاسای بنەڕەتیەکانی جیهان بەبێ پێشەکی و هیچ جۆرە شی کردنەوەیەک بابەتەکانیان لە بنەمای یەکەمرا دەست پێدەکات و بە پێی دابەشکاریەک دەڕواتە پێش. نووسەرانی ئەم جۆرە یاسای بنەڕەتیانە باوەڕیان وایە کە وشەکانی هەر یاسایەک بەتایبەت یاسای بنەڕەتی خاوەن بایەخێکی تایبەتە و بە وردی دەبێ هەر ڕستە و وشەیەک بە پێی ئەو واتایەی کە مەبەستیەتی بەکار ببردرێت و بەم شێوەیە شوێنێک بۆ پێشەکی نووسین نامێنێتەوە. دانانی پێشەکی بۆ یاسای بنەڕەتی دەبێتە هۆی ناڕوونی و جیاوازی بۆچوون. بە پێچەوانەوە هەندێک لە سەر ئەو بڕوایەن کە نەتەنیا پێشەکی لە بایەخی یاسای بنەڕەتی کەم ناکاتەوە و هیچ ناڕوونیەک پێک ناهێنێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی ڕوونبوونەی زیاتری یاسای بنەڕەتی و هەرکەس دەتوانێ بە خوێندنەوەی پێشەکی جۆری یاسای بنەڕەتی و تایبەتمەندیەکانی سیستێمەکە بناسێت لە ڕاستیدا پێشەکی ئاوێنەیەکی باڵا نوێنە کە یارمەتی دەدات بۆ ناسین و تێگەیشتنی زیاتر و باشتری یاسای بنەڕەتی. یاسای بنەڕەتیی مەشروتە و تەواوکەرەکی بێ پێشەکی بوون، بەڵام یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی پێشەكیەكی تا ڕادەیەك درێژی هەیە كە لە ڕاستی دا ڕەوتی شۆڕشی ئیسلامی لەو شوێنەی كە لێی سەرچاوە گرتووە تا ئەو شوێنەی كە سەركەوتنی بەدەست هێناوە نیشان دەدات كە رێبەریە لێبڕاو و لانەدەرەكەی لە بەربەرەكانی و خەبات دژی رێژیمی پاشایەتی بەدەست مەرجەعی شیعەوە بووە و پیاوانی ئایینی لە ڕیزی پێشەوە بوون لە گەڵ ئەوەشدا ئەوە دیاری دەكات كە یاسای بنەڕەتی چ ناوەرۆكێكی هەیە. بۆ گرینگیی پێشەكی لە ئەنجومەنی بژاردەكان (مجلس خبرگان) دەنگی بۆ وەگیراوە، بەڵام هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ئەو پێشەكیەی كە رێكخراوە وەک پێشەکی یاسای بنەڕەتی لە ناو یاسای بنەڕەتیدا بگونجێندرێت.


درێژەی هەیە


سەرچاوە:

کڵیات حقوق اساسی
سید جلال الدین حسینی
و، لە فارسیەوە: چیا عەبدوڵڵاپور

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر