۱۳۹۲ تیر ۷, جمعه

''بێ دەنگی لە هەمبەر سەردەشت کیمیابارانی هەڵه‌بجەشی لێکەوەتەوە"

پاش (26) ساڵ له‌ کیمیابارانکردنى دکتۆرێک بۆ چاره‌سه‌رى به‌رکه‌تووان له‌ سه‌رده‌شتدا نیه‌ 

چه‌ترپرێس 


له‌ (26)ه‌مین ساڵیادى کیمیابارانى شارى سه‌رده‌شتى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان که‌ تێدا زیاتر له‌ (١١٠) که‌س گیانی له‌ده‌ستدا و به‌هه‌زاران که‌سیش بریندار بوون. مافناسێکى خه‌ڵکى شاره‌که‌ رایده‌گه‌یه‌نێ تا ئێستا سه‌رده‌شت له‌وپه‌ڕى بێکه‌سى دایه‌ و برینه‌کانى سارێژ نه‌کراونه‌ته‌وه‌ و ته‌نها یه‌ک دکتۆریش بۆ چاره‌سه‌رى به‌رکه‌وتوانى کیمیایی له‌و شاره‌ نیه‌، ئه‌و ماناسه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ بێده‌نگى له‌ ئاست ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌تایبه‌ت له‌ لایه‌ن پارته‌ کوردییه‌کانى رۆهه‌ڵات و باشورى کوردستان وایکرد شارى هه‌ڵه‌بجه‌ش کێمیاباران بکرێ. 
کاتژمێرى (4:30)سه‌ر له‌ئێواره‌ى (28)ى حوزه‌یرانى ساڵى (1987)ى زاینى، به‌رانبه‌ر به‌ (7)ى پووشپه‌رى (1366)ى هه‌تاوى، هێزه‌ ئاسمانیه‌کانى رژێمى به‌عس و فڕۆکه‌وانه‌کانى ئه‌و سوپایه‌، به‌ گازى کیمیاوى شاره‌ خنجیلانه‌که‌ى سه‌رده‌شت و گوندى ره‌شه‌ هه‌رمێیان بۆردومان کرد. به‌پێى ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌کان له‌وکاته‌دا زیاتر له‌ (١١٠) که‌س به‌ غازى کیمیاوى گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ (٨) هه‌زار که‌سیش بریندار و ژه‌هراوى بوون .
له‌وباره‌یه‌وه‌ چیا عه‌بدوڵا پور مافناس و چاودێرى سیاسى خه‌ڵکى شارى سه‌رده‌شتى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌ (چه‌ترپرێس)ى راگه‌یاند: (٢٦) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، شارى سه‌رده‌شت له‌ لایه‌ن رێژیمى به‌عسى عێراقه‌وه‌ به‌ چه‌کى کیمیایى بۆردومان کرا، شارى سه‌رده‌شت یه‌که‌مین شار بووه‌ له‌ جیهاندا که‌ تا ئه‌و کات بۆردومانى کیمیایى کرا و به‌شێک له‌ هۆکاره‌کانیشى کوردبوون بوو، ئه‌وه‌ى شایانى باسه‌ که‌ له‌م رۆژه‌دا ئۆپۆزیسیۆنى کوردى دژى رێژیمى ئه‌وکاتى عێراق له‌ یه‌کێک له‌ هۆتێله‌کانى شارى سه‌رده‌شت به‌ ناوى هۆتێلى پورى له‌ کۆبوونه‌وه‌ دابوون. ده‌کرێ ئه‌وه‌ش وه‌ک هۆکارێکى کیماباران کردنى شار ئاماژه‌ى پێ بکرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ هیچ له‌وه‌ ناگۆڕێ که‌ به‌ کارهێنانى چه‌کى کیمیایى به‌ تایبه‌ت له‌ دژى خه‌ڵکى سڤیل له‌ روى یاساى نێوده‌وڵه‌تى دا رێگه‌ى پێ نه‌دراوه‌. 
چیا عه‌بدوڵا پور ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات: ئه‌وه‌ى جێگاى تێڕامان و سه‌رنجه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارته‌ کوردیه‌کانى باشوور و به‌ تایبه‌ت پارته‌ کوردیه‌کانى رۆژهه‌ڵات، بێده‌نگیان له‌م کاره‌ساته‌ کرد. ته‌نانه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستانیش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کى واى نه‌بوو. ئه‌و مافناسه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌و کات ده‌ست به‌جێ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانیان لێ ئاگادار کردبایه‌وه‌، ئه‌وا به‌ ئه‌گه‌رى زۆر رێژیمى به‌عسى عێراق، نه‌یده‌توانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هید بکات. به‌گشتى بێ ده‌نگى له‌ هه‌مبه‌ر کیمیاباران کردنى شارى سه‌رده‌شت بوو که‌ کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌شى لێکه‌وه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ بێده‌نگى له‌ئاست هه‌ر پێشێلکارى و تاوان و کاره‌ساتێک، بێگومان پێشێلکارى و تاوان و جینایه‌تى دیکه‌ى لێده‌که‌وێته‌وه‌.
هه‌ر له‌ قسه‌کانیدا ناوبراو ده‌ڵێت: سه‌رده‌شت له‌وکاته‌وه‌ تاکو هه‌نووکه‌ له‌و په‌ڕى بێکه‌سى دا هه‌ناسه‌ى سواره‌ و برینه‌کانى سارێژ نه‌کراونه‌ته‌وه‌، به‌رکه‌وتوان له‌و کاته‌وه‌ تا هه‌نووکه‌ له‌ دۆخێکى زۆر ناله‌باردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و حکومه‌تى کۆمارى ئیسلامى زۆر که‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌ دابینکردنى ده‌رمان و ناردنى به‌رکه‌وتوان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، با ئاماژه‌ به‌وه‌ش بکه‌م که‌ له‌ شارى سه‌رده‌شت دکتۆرى تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشیه‌کانى به‌رکه‌وتوانى چه‌کى کیمیایى بوونى نیه‌ و نه‌خۆشخانه‌ى شاریش نزیک به‌ پێنج کیلۆمه‌تر له‌ شار دووره‌، ئه‌وه‌ له‌ حالێک دایه‌ که‌ دکتۆرى تایبه‌ت و پرسى کات بۆ پێڕاگه‌یشتن به‌ به‌رکه‌وتوان پرسى ژیان و مردنه‌.
چیا عه‌بدوڵا پور مافناس و چاودێرى سیاسى له‌ کۆتایی رونیده‌کاته‌وه‌ که‌ ته‌نانه‌ت بۆ یادکردنه‌وه‌ى شه‌هیدان و کاره‌ساتى کیمیابارانکردنى شارى سه‌رده‌شتیش هه‌موو ساڵانه‌، خه‌ڵکى شار له‌ ڕێگاى (ئه‌نجومه‌نى به‌رگرى له‌ به‌رکه‌وتوانى چه‌کى کیمیایی) هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ یادى ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى به‌رز رابگرن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانى کۆمارى ئیسلامى ئیزنیان پێناده‌ن، دڵسۆزان و روناکبیرانى شار له‌ چوارچێوه‌ى پێشانگا و گردبوونه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى نافه‌ڕمى یادى ئه‌و کاره‌ساته‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و ناهێڵن ئه‌و یاده‌ له‌ یاد بکرێت. به‌شێوه‌یه‌ک که‌ له‌ چه‌ندین ساڵى رابردودا کارى زۆر باش بۆ ناساندنى ئه‌و یاده‌ کراوه‌ و به‌شێوه‌یه‌ک له‌ نوێنه‌رى به‌رکه‌وتوانى شارى سه‌رده‌شت چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ دادگاى لاهه‌ له‌ وڵاتى هۆڵه‌ند به‌شدار بوو، که‌ تێدا بازه‌رگانێکى هۆڵه‌ندى به‌ ناوى (فرانت ڤێن ئانرات) که‌ له‌ کاتى شه‌ڕى ئێران و عێراق دا ماده‌ى کیمیاوى به‌ سه‌دام فرۆشتبوو، دادگایى کرا و به‌ تاوانباریش ناسرا.



لە ٢٦ ساڵوەگەڕی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە ماڵپەڕی ''چەتر پرێس'' بڵاوکراوەتەوەhttp://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=12669&LinkID=3

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر