۱۳۹۴ اردیبهشت ۳, پنجشنبه

سیسته‌می حوکمڕانی و فه‌رمانڕه‌وایی له‌ کوردستان ئه‌بێت له‌ ئاینده‌دا هاوشێوه‌ی وڵاتی فینله‌ندای لێبێت!

سیسته‌م له‌ فینله‌ندا بریتیه‌ له‌ وڵاتێکی کۆماری و په‌رله‌مانی..
فینله‌ندا حکومه‌تێکی ناوه‌ندی هه‌یه‌ وبنکه‌ی سه‌ره‌کی له‌ شاری هێلسینکی پایته‌خته‌، ڕێژه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی نزیکه‌ی 5.4 ملیۆن که‌س ده‌بێت، به‌ گه‌وره‌یی ڕووبه‌ر هه‌شته‌مین وڵاتی ئه‌وروپایه‌و هه‌روه‌ها بچوکترین وڵاتی ئه‌وروپایه‌ له‌ ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانهکەی، فینله‌ندا یه‌کێکه ‌له‌و وڵاته ‌ئه‌وروپیه‌‌ ئیسکه‌نده‌نافیانه‌ی که‌ ده‌که‌وێته‌ باکوری کیشوه‌ری ئه‌وروپاوه‌. ئه‌م وڵاته‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕوسیا هاوسنووره‌ وله‌باکور له‌گه‌ڵ نه‌رویج و له‌ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ وڵاتی سوید هاوسنووره‌. له‌ساڵی 1905 فینله‌ندا یه‌که‌می ئه‌و وڵاتانه‌ بو که‌ یه‌کسانی و مافی ده‌نگدانی تیادا به‌ر قه‌رار کرا.
سه‌باح عه‌باس


له‌ فینله‌ندا سیسته‌می حوکومڕانی چۆن ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌؟
بێگومان له‌ فینله‌ندا ده‌ستور سیسته‌می سیاسی وڵاته‌که‌ دیاری ده‌کات .
فینله‌ندا ناسراوه‌ به‌ وڵاتێکی دیموکراتی ونوێنه‌رایه‌تی کردن به‌ سیسته‌مێکی په‌رله‌مانی ونیو سه‌رۆکایه‌تی وفره‌حیزبیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت...
به‌پێی ده‌ستور سه‌رۆک کۆماری فینله‌ندا پایه‌ بڵنده‌ و هه‌روه‌ها به‌رپرسیاریشه‌ له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ (جگه‌ له ‌کاروباره‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا) که‌ ئه‌م به‌رپرسیاره‌تیه‌ به‌ هاوکاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌و هێزو ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی سه‌رۆك کۆمار ئه‌ویش ئه‌مانه‌یه‌:
(
سه‌رۆك کۆمار سه‌رکردایه‌تی گشتی هێزه‌چه‌کداره‌کان ده‌کات) و بۆ( ده‌رکردنی مه‌رسومه‌کان و له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی به‌رپرسه‌ باڵاکانی حکومه‌ت و دادوه‌رانی دادگاکانی باڵا سه‌رۆک کۆمار به‌رپرسه‌ وده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌.
سه‌رۆك کۆماری فینله‌ندا بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ جارێك ڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌ڵبژاردنی تایبه‌تیدا له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت.
ئیش و کاری سه‌رۆک وه‌زیران ...
سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رۆکایه‌تی کاروباری حکومه‌ت ده‌کات و به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، سه‌رۆک وه‌زیران ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنی واته‌ (ته‌نفیزی) به‌کار ئه‌هێنێت.
حکومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیران له‌ نێوان پارت ولایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌ڵده‌بژردرێت، له‌ کاتی گفتوگۆی دامه‌زراندنی حکومه‌ت، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ڵده‌بژێردرێت که‌ ژماره‌ی وه‌زیره‌کان بریتین له‌ 16 وه‌زیر.
سه‌رۆک وه‌زیر پلان دائه‌نات بۆ ڕێکخستنی بودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت و ئاماده‌کاری بۆ پێشنیاز و یاساکانی تر ده‌کات که‌ ئه‌ویش له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌کانی تره‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی به‌ڕێوه‌ئه‌چێت . جگه‌ له‌ هه‌ندێک بڕیاری تر که‌ له‌لایه‌ن خواره‌وه‌ی وه‌زیره‌کانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌کرێت‌.
کاری په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران...
له‌کاتی پشت نه‌به‌ستن و متمانه‌ نه‌کردنیان به‌ کار و ئه‌دای حکومه‌ت، له‌دانیشتنێکی په‌رله‌مانیدا به‌ زۆرینه‌ی ئه‌ندامان په‌رله‌مان ده‌توانن حکومه‌ته‌که‌ بگۆڕن متمانه‌ی لێ بسه‌ننه‌وه‌ وه‌ یان به‌ بڕیارێك حکومه‌ته‌که‌یان ده‌توانن هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه‌.
له‌ فینله‌ندا په‌رله‌مان چاودێری کاره‌کانی حکومه‌ت ده‌کات. په‌رله‌مان به‌شداری ده‌کات له ‌دروست کردنی بڕیاره‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا.
بودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت و ڕێکخستنی یاساکان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌درێت.
له فینله‌ندا دادگای ده‌ستوری نیه‌، به‌ڵام لیژنه‌ی ده‌ستوری په‌رله‌مان چاودێری یاسا ئاماده‌کراوه‌کان ده‌کات وه‌به‌پێی سه‌رچاوه‌ ده‌ستوریه‌کان یاساکان جێ به‌جێ ده‌کرێت و کاره‌کان به‌ڕێوه‌ ده‌بچێت.
دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران که‌ له‌ لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت، پاش ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا په‌رله‌مان له‌ یه‌که‌م دانیشتنیدا داوه‌ له‌ لایه‌نی براوه‌ی یه‌که‌م ده‌کات که ‌گفتوگۆی بپێکهێنانی حکومه‌ت له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی تر بکات، پارت ولایه‌نه‌کانی تر ئه‌وانه‌ی که ‌به‌شداری له‌ پێکهێنانی حکومه‌ت ناکه‌ن و یان وه‌زاره‌ت به‌ ده‌ست ناهێنن ئه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن پێکده‌هێنن.
کاری ئۆپۆزسیۆن چیه‌...
بۆ چاره‌سه‌رکردنی گیروگرفته‌کان ئۆپۆزسیۆن ڕێگای ترو چاره‌ی و گونجاوتر ده‌گرێته‌به‌ر.
بۆ نمونه‌ له‌ گه‌ڵ دروست بونی هه‌ر قه‌یرانێک به‌ فشاری ئۆپۆزسیۆن په‌رله‌مان هه‌ڵدوه‌شێننه‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌درێت. له‌ساڵی 1970 په‌رله‌مانی فینله‌ندا بۆ یه‌که‌م جار هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ڕویدا.
بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ لایه‌ن سه‌رۆك کۆمارو سه‌رۆکی حکومه‌ت و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و فراکسیۆنه‌کانی ناو په‌رله‌مان ده‌درێت. له‌ ڕێگای گفتوگۆ کردن و وتووێژ کردندا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌درێت وه‌ دواتر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ڕاده‌گه‌ێنرێت. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌مه‌ بچه‌سپێ له ‌ساڵی 1991 ئه‌م بڕگه‌یاساییه‌ له‌ده‌ستور زیاد کرا و ئه‌وه‌بو وڵاتی فینله‌ندا گۆڕانکاریه‌کی تری ده‌ستوری به‌خۆوه‌بینی.
جۆری ده‌سه‌ڵاته‌کان ....
پاش ئه‌وه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی فینله‌ندا ساڵی 1917 به‌فه‌رمی ڕاگه‌یه‌ندرا، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان به‌شێک بوه‌ له‌په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌.
له‌ وڵاتی فینله‌ندا سه‌رۆك کۆمار و ئه‌نجومه‌نی حکومڕانی ویاخود وه‌زاره‌ته‌کان له‌ په‌رله‌مان مافی یاسادانانیان هه‌یه‌.
پێش داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستوری نوێ فینله‌ندا که‌ له‌ساڵی 1999 ئاماده‌کراوه‌و دواتر له‌ ساڵی 2000 که‌وته‌ بواری جێبه‌جێکردن و کارپێکردنه‌وه‌، به‌ر له‌و واده‌یه‌ ده‌ستوره‌ نوێیه‌ سه‌رۆك کۆمار مافی ده‌سه‌ڵاتی به‌کارهێنای زیاتر‌بوه‌، له‌وانه‌ مافی به‌کارهێنانی (ڤیتۆ) ، به‌ڵام دوای ئه‌مه‌ په‌رله‌مان توانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌شی سه‌رۆک کۆمار تێپه‌ڕێنێت.
سیاسه‌تی فینله‌ندا له‌ گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت؟
له‌فینله‌ندا سه‌رۆك کۆمار که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌ته‌ و سه‌رکردایه‌تی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ده‌کات ، ئه‌ویش به‌هاوکاری کردنی له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌کداره‌کان.
سه‌رۆك وه‌زیران سیاسه‌تی ناوخۆی فینله‌ندا به‌ڕێوه‌ده‌بات وهاوکات هاوده‌نگی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وروپا ڕه‌چاو ئه‌کات، گه‌ر بێت وکارێك په‌یوه‌ست بێت به‌سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا.
پاش هه‌موار کردنه‌وه‌ی ده‌ستور واته‌ له‌ساڵی 2000 ، جێ وشوێن وپێگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران زیاتر له‌ جاران به‌ هێزتر کرا.
بڕیاره‌ ده‌ستوریه‌کان و ده‌سه‌ڵاته‌کانی سیاسه‌تی ناوخۆی سه‌رۆك کۆمار دواتر که‌متر کرایه‌وه‌ و که‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رۆلی سه‌رۆك وه‌زیران و نوێنه‌رایتی کردنی سه‌رۆک وه‌زیران به‌هێزتر کرا.
له‌ کۆتایدا
به‌ درێژایی مێژوی دروستبوننی ده‌وڵه‌تی فینله‌ندا، ئه‌م وڵاته‌ توانیویه‌تی له‌ گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌دا واته‌ چ له‌ گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵات وه‌ چ له‌ گه‌ڵ ڕۆژئاوا و ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و ڕوسیا و سه‌نگی خۆی هه‌بوه‌ و توانیویه‌تی سیاسه‌تی ئابوری خۆی له‌گه‌ڵ جیهاندا ڕاگرێت. فینله‌ندا بۆ ئه‌دای باش و کرداری نیشتیمانی باش به‌ درێژایی ماوه‌ی حوکومڕانی خۆی توانیویه‌تی له‌ پله‌ یه‌که‌مه‌کاندا له‌ گه‌ڵ جیهاندا کێبڕکێ نێو ده‌وڵه‌تی بکات .
به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌رکه‌وتوه‌که فینله‌ندا باشترین وڵاتی جیهانه‌ له‌بواره‌کانی خزمه‌تگوزاری باش وته‌ندروستی باش وئه‌م وڵاته‌ داینه‌مۆی ئابوری وپه‌روه‌ده‌ و فێربونه‌ و هه‌روه‌ها پێی ده‌وترێت ژینگه‌ی سیاسی و شێوازی ژیانه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ فینله‌ندا دووه‌مین وڵاتی جیهانه‌ بۆ زۆری ئارامی وسه‌قامگیری.
سه‌باح عه‌باس
هێلسینکی / فینله‌ندا
21.4.2015

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر