۱۳۹۳ بهمن ۲۱, سه‌شنبه

لە (٦٩) هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا

رەنگدانەوەی یاسای نێودەوڵەتی لەڕاگەیاندن‌و فەرمانڕەوای کۆماردا
ئاواره‌ حسێن*‌
کۆماری کوردستان (مهاباد) لەلایەن پێشەوا قازی محەمەد لە٢٢-١-١٩٤٦ لەمەیدانی چوارچرای شاری مهاباد لەخۆرهەڵاتی کوردستان دامەزرا، لە١٧-١٢-١٩٤٦ رووخێندرا، پێشەوا قازی‌و هاوڕێیانیشی لەهەمان شوێنی راگەیاندنی کۆمار(مەیدانی چوارچرا) پاش دادگایکردنێکی نادادوەرانەو ناڕەوا لە٣١-٣-١٩٤٧ لەسێدارەدران.
ئەم کۆمارە لەتەمەنی دە مانگ‌و بیست‌و شەش رۆژ، واتە تەنها٣٣٠ رۆژی تەمەنیدا چەندین دەسکەوتی مەزنی یاسای، رامیاری، مێژوویی، کەلتووری، ئەخلاقی‌و ئابووری. بەدەستهێنا، کە بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەو مرۆڤپەروەرانەو ژینگە دۆستانەی نەتەوەی کورد لەئەوکات‌و بۆ ئێستاو داهاتووش کاریگەریی قوڵی هەبووەو دەمێنێت.
لێرەدا نامانەوێت بەقوڵی باس لەدەستکەوتە گەوهەرییەکانی کۆمار بکەین، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە خستنەڕووی هەندێ راستیی یاساییە کە تاهەنوکە ئاماژەی بۆ نەکراوەو لەڕووی یاساییەوە لێێ نەکۆڵدراوەتەوە.
پێشەوا قازی محەمەد وەک مرۆڤێکی زمانزان‌و رووناکبیرو مرۆڤدۆست‌و سروشتپەروەرو نەتەوەیی، کاتێک کۆمار رادەگەیەنێت رەچاوی یاسای نێودەوڵەتی لەڕاگەیاندنی کۆماردا دەکات‌و رەچاوی پڕەنسیپەکانی مافی چارەی خۆنووسین لەسەر ئاستی دەرەکی دەکات، ئەویش بەپشتبەستن بەخاڵی دوانزەی ناو چواردە خاڵەکەی (وودرو ویڵسون) بیست‌و هەشتەمین سەرۆکی ئەمریکا کە لە٨-١-١٩١٨ پێشکەشی کۆنگرێسی کردبوو، کە لەو خاڵەدا باسی مافی چارەی خۆنوسین دەکات بۆ نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. هەروەها رەچاوکردن‌و سوود وەرگرتن لەبەندەکانی(١-٥٥-٧٣) ی دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان کە باس لەمافی چارەی خۆنووسین‌و حکومەتی خۆبەڕێوەبەری دەکات. مافی چارەی خۆنووسینیش بەدوو شێواز پیادە دەکرێت، ئەوانیش:
١ـ ئاستی ناوخۆیی: کە لەکورتترین پێناسەدا بەمانای ناساندنی تەواوی مافەکانی ئەو کۆمەڵەیە دێت لەچوارچێوەی هەرێمی ئەو وڵاتەی تیایدا دەژین.
٢ـ ئاستی دەرەکی: لەکورتترین پێناسەدا بەمانای راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دێت لەلایەن ئەو کۆمەڵەوە.
قۆناغەکانی مێژووی ئێران ئەوەمان پێدەڵێت کە دەسەڵاتدارانی فارسە ئێرانییەکان بەناوە جیاوازەکانی فەرمانڕەواییانەوە (ئەخمینی، ئەشکانی، ساسانی، سەفەوی، قاجاری‌و پەهلەوی) مێژوویەکی ستەمکارو جینۆسایداوی بووە بۆ نەتەوەی کورد. هەر بۆیە پێشەوا قازی گەشتبووە ئەو بڕوا رەهایەی کە مانەوەیان لەچوارچێوەی ئێرانێکی پەهلەوی-پاشایەتیدا گەرەنتیکردنی ناساندنی مافەکانی نەتەوەی کورد مەحاڵەو مافی چارەی خۆنووسین لەسەر ئاستی ناوخۆی بەرامبەریان وەک نەتەوەیەک جێبەجێ ناکرێت. بۆیە بەهۆشیارییەکی مێژوویی‌و یاسای قوڵەوە بڕیاری راگەیاندنی کۆمار دەدات‌و مافی چارەی خۆنووسین لەسەر ئاستی دەرەکی جێبەجێدەکات.
لەلایەکی ترەوە بەشێوەیەکی رووناک یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی لەماوەی فەرمانڕەوای کۆماردا رەنگدەداتەوە. فەیلەسوف‌و باوکی یاسای نێودەوڵەتی (هۆگۆ گروسیوس١٠-٤-١٥٨٣—٢٨-٨-١٦٤٥) لەپەرتوکە بەناوبانگەکەیدا (یاساکانی شەڕو ئاشتی) کە سێ بەرگەو زیاتر لە٢٠٠٠ لاپەڕەیەو لەساڵی ١٦٢٥ بڵاوکراوەتەوە، بەقوڵی باس لەیاساکانی جەنگ دەکات، هەر ئەم پەرتوکەش دەبێتە هۆی جیابونەوەی لقێک لەیاسای نێودەوڵەتی گشتی بەناوی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی‌و هەروەها هەر ئەم پەرتوکەشە کە ناوبانگێکی نەمری نێودەوڵەتی بۆ هۆگۆ بەدەستدەهێنێت‌و بەباوکی یاسای نێودەوڵەتی دەناسرێت. یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (یاساکانی جەنگ) وەک لقێک لەیاسای نێودەوڵەتی گشتی، لەپێش زایینەوە لەکاتی جەنگەکاندا کەم تا زۆر جێبەجێکراون، بەڵام لەسەدەی نۆزدە بەدواوە ئەم یاسایانە لەچوارچێوەی جاڕنامەو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا جێگیرکران لەوانەش: جاڕنامەی پاریس ساڵی١٨٥٦، رێککەوتننامەکانی ژنێڤ ١٨٦٤، لاهای یەکەم ١٨٩٩، دووەم١٩٠٧، کۆمەڵەی نەتەوەکان ١٩١٩، ژنێڤ١٩٢٩، دەستووری نەتەوەوە یەکگرتووەکان ١٩٤٥. بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەم رێککەوتننامە نێودەوڵەتیانەو پاراستنی یاساکانی جەنگ‌و دانانی سزا بۆ پێشێلکارانی، ئەم سەرچاوانەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار، سامناک‌و نامرۆییانە لەهەردوو جەنگی جیهانیدا پێشێل دەکرێن، بەڵام ئەم سەرچاوانەی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی‌و ئەم پرەنسیپە مرۆییانە لەکۆماری کوردستاندا بەکرداری دەپارێزرێن‌و ئەمەش شانازییەکە بۆ نەتەوەی کورد کە ئەو مافە بەخۆی بدات لەسەر ئاستی ناوخۆی‌و هەرێمی‌و نێودەوڵەتی شانازی بەخۆیەوە بکات‌و ئەو مافە بەڕەوای خۆی بزانێت کە ئەگەر رێگەی پێبدرێت‌و سەربەست بێت‌و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت ئەوا ئەزموونەکەی مەترسی نییە بۆسەر نەتەوەکانی تر، ئایینەکانی تر، رەگەزەکانی تر، نەژادەکانیترو بەڵکو بگرە مافەکانیان دەناسێنێت‌و کەرامەتیان دەپارێزێت.
بۆ سەلماندنی ئەو راستییەش ئاماژە بۆ دیلەکانی جەنگی قاراوە دەکەین. ئەو جەنگە لەنێوان کۆماری کوردستان‌و رژێمی پاشایەتی ئێراندا روویدا، کە لەو جەنگەدا چەندین دیل‌و بریندار لەلایەن هێزەکانی بەرگریی کۆماری کوردستانەوە دەستگیر دەکرێن. پێشەوا قازی محەمەدی سەرۆک کۆمار فەرماندەکات کە ئەو دیل‌و بریندارانە رێزیان لێبگیرێت‌و مامەڵەیەکی مرۆییانەیان لەگەڵدا بکرێت. هەرئەوە بووە، کە پێشەوا فەرماندەکات بەساڕێژکردنی برینی بریندارەکان‌و پێدانی جل‌وبەرگی نوێ پێیان‌و دڵنەوایکردنیان‌و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک باوک. ئەو دیل‌و بریندارانە تەواوی پڕەنسیپە مرۆییەکان‌و یاساکانی جەنگ بەرامبەریان دەپارێزرێت‌و لەسەرووی ئەوەشەوە هەر دیلەی ڕۆژانە دە ریاڵیان پێدەدرێت.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر