۱۳۹۲ تیر ۲۹, شنبه

هەموار کردن یان پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتی

لە بنچینەدا یەکێک لە خەسلەتە باشەکانی یاسای بنەڕەتی بەردەوامیەتی. یاسا نابێ بۆ ماوەیەکی کورت پەسەند بکرێت. خەسڵەتی هەمیشەیی بوون بۆ یاسای بنەڕەتی زۆرتر دەخریتە بەر سەرەنجەوە. لەگەڵ ئەوەشدا چوونکە نووسینی یاسا لە لایەن مرۆڤەوەیە هەرچەندە کە دوارۆژ لەبەرچاو بگرێت،  دوای  ماوەیەک یاسا پێویستی بە چاکسازی و گۆرانکاری دەبێت. تەنیا یاسای ئیلاهیە کە لە رووی دەسەڵاتی خوڵقێنەر لەسەر ژیانی جیهان، هەتا هەتاییە. شێوەی پێداچوونەوە لە یاسای بنەڕەتیدا لەگەڵ یاسای ئاسایی جیاوازی هەیە. بۆ گۆرینی یاسای بنەڕەتی دەبێ مەرج و تەشریفاتێکی زۆر تایبەت هەبێت تاکوو بە سانایی یاسای بنەڕەتی نەخرێتە بەر چاکسازیەوە. چۆنیەتی و شێوەی چاکسازی لە هەندێک لە یاسا بنەڕەتیەکاندا نەهاتووە و بێ دەنگی لێکراوە.





لە سویسڕا بە پێی بنەمای ١٢٢ی یاسای بنەڕەتی دەنگی ئەرێنی زۆرینەی خەڵک و زۆرینەی کانتۆنەکان، بەیەکەوە پێویستە بۆ پێداچوونەوە. لە وڵاتی ئاڵمان زۆرینەی دوو لە سەر سێی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەن (پارڵمان) بۆ چاکسازی لە یاسای بنەڕەتیدا پێویستە. لە کۆماری ئسلامی ئێران دا پێشنیاری ڕێبەر بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی رێژیم لە بابەتی گرینگ دا پێویستە تاکوو ئەو بابەتەکانی چاکسازیان تێدا دەکرێ یان تەواوکەری یاسای بنەڕەتی بە پێی بڕیارێک رادەگەیەندرێ و شۆڕای پێداچوونەوە بە پێی شێوەیەک کە یاسای بنەڕەتی پێشبینی کردووە لە کۆمەڵێکی ٧٠ یان ٨٠ کەسیدا کە زۆرتر بەرپرسانی فەرمین باسی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت.[1] لە یاسای بنەڕەتی کۆماری پێنجەمی فەرانسا دا داهێنانی پێداچوونەوە هەم بە سەرۆک کۆمار (هەروەکوو پێشنیاری سەرۆک وەزیر) دراوە و هەمیش بە پارڵمان. سەرۆک کۆمار لە قالبی گەڵاڵەیە و ئەو نوێنەرانەش کە خوازیاری چاکسازین لە قالبی پرۆژە پێشکەشی پارڵمان دەکرێت ئەگەر پێویستی پێداچوونەوە و بابەتەکانی (لە شێوەی گەڵاڵە یان پرۆژە) لە لایەن هەر دوو ئەنجۆمەنەکەدا پەسەند بکرێت ئەو کاتە گەڵاڵە یان پرۆژەی پەسەند کراو بۆ بڕیاری کۆتایی دەخرێتە بەر ڕاپرسیەوە و ئەگەر زۆرینەی تاکەکانی گەڵ پەسەندیان کرد ئەوا جێ بەجێ دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا مافی ئەوە دراوەتە سەرۆک کۆمار تاکوو لە ڕێگایەکی دیکە بۆ پێداچوونەوەش کەڵکی لێوەرگرێ واتە گەڵاڵەی پێداچوونەوە پێشکەش بکات بە کۆنگرەی پێکهاتوو لە کۆمەڵەی دوو ئەنجومەنی نەتەوەیی و سێنا لەم کاتەدا ئەگەر بێتوو سێ لە سەر پێنجی ئەندامانی کۆنگرە دەنگیان پێدا گەڵاڵەی پێشنیارکراو بەبێ ئەوەی پێویستی بە ریفراندۆم هەبێ دەکەوێتە دۆخی جێ بە جێ کردنەوە. بەم شێوەیە دەبێنین کە بۆ پێداچوونەوە و چاوپێداخشاندەوە بە یاسای بنەڕەتی یەک یان دوو شێوازی تایبەت بوونی نیە یاسای بنەڕەتیەکانی وڵاتان ڕێگای جۆراوجۆریان لەبەرچاو گرتوون.
ئا ـ شێوەی یەک ئەنجومەن یان دوو ئەنجومەن بە زۆرینەیەکی تایبەت: لەم شێوەیەدا کە هەر دەسەڵاتی یاسادانانە، بەڵام بە ڕێوشوێنێکی تایبەت و بە زۆرینەیەکی کە لەسەروو زۆرینەی ڕەهایە کاری چاکسازی یاسای بنەڕەتی رادەپەڕێت. یاسای بنەڕەتی ساڵی ١٩٦٣ی یەکیەتی سۆڤیەت کەڵکی لەم ڕێگایە وەرگرتبوو بەندی ١٤٦ی ئاماژەی دەکرد بەوەی کە یاسای بنەڕەتی یەکیەتی سۆڤیەت لە ڕێگای شۆڕای باڵا و بە زۆرینەی دوو لە سەر سێی دەنگەکانی ئەندامانی دوو شۆڕاکە شایانی پێداچوونەوە، گۆڕانکاری یان هەڵوەشانەوەیە. شۆڕای باڵای یەکیەتی سۆڤیەت ئەو کات پێکهاتبوو لە دوو ئەنجومەن یەکێک شۆڕای یەکیەتی بە ٧٦٧ ئەندام و ئەوەی دیکەیان شۆڕای نەتەوەکان کە ژمارەی ئەندامەکانی نزیک بوو لە شۆڕای باڵا کە لە کۆمارەکانی جۆراوجۆر ئەو وڵاتە بوون.
ب ـ شێوازی گۆرینی یاسای بنەڕەتی وەکوو یاسای ئاسایی: لەگەڵ ئەوەی کە گرینگی یاسای بنەڕەتی وا پێویست دەکات کە بۆ گۆڕین و چاکسازیەکەی مەرج و ڕێوشوێنێکی قورس و گران پێشبینی بکرێت کە بەو پێیە لە مافە بنەڕەتیەکانی وڵاتانێک دا دەبێندرێت کە یاسای بنەڕەتی وەکوو یاسای ئاسایی گۆڕانکارو چاکسازیان تێدا کردووە ئەم شێوازە زۆرتر رووی لە یاسای بنەڕەتی نەنووسراوە کە ئینگلیز نموونەی بەرزی ئەوە. ئەو ڕێزێ و پیرۆزیەی کە وڵاتانی دیکە بۆ یاسای بنەڕەتی لەبەرچاوی دەگرن، مەرجەکانی چاکسازی تێیدا ئاڵۆز و دژوار کردوە.
لە ئینگلستان دا بە هیچ شێوەیەک وەها باڵادەستیەک بوونی نیە کەواتە یاسایەک کە شێوەی میراتگەریەتی، لە بەدەست هێنانی پۆستی سەلتەنەت، دەگۆرێ و یان یاسایەک کە پێگە و دۆخی پارتە سیاسیەکان بەتەواوەتی دەگۆڕێت، بە پێی هەر ئەو مەرج و ئەو شێوازە پەسەند دەکرێ کە یاسای پێوەندیدار بە فرۆشتنی ماڵێ بێ خاوەن پەسەند دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئەم بابەتە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕێسا بنەڕەتیەکانی لە دەقێکی نووسراودا کۆنەکراوەتەوە، بەڵکوو لە داب و نەریت و خوخدە و هەروەها لە یاسا ئاساییەکاندا بەربڵاون و کەواتە چاکسازی و گۆڕینیشی پێویستی بە ڕێوشوێنێکی تایبەت نیە. هەندێک لە ڕێساکانی یاسای بنەڕەتی هیندوستان و یاسای بنەڕەتی پێشووی ئەفریقای باشوور (١٩٦١) وەکوو یاسا ئاساییەکان شیاوی چاکسازی بوون.

[1] بەشی چاردەیەم ـ پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتی ـ بەندی ١٧٧: "پێداچونەوە بە یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پرسی پێویست دا بە شێوەی خوارەوە دەكرێت. رێبەر دوای ڕاوێژ كردن لەگەڵ كۆمەڵەی دیاری كردنی بەرژەوەندییەكانی رێژیم لە حوكمێك دا بۆ سەرۆك كۆمار تا ئەو بابەتانەی كە چاكسازیان تێدا دەكرێ لەگەڵ تەواوكەری یاسای بنەڕەتی  بە شۆڕای پێداچونەوەی یاسای بنەڕەتی بە شێوەی خوارەوە پێشنیار دەكات."  
 ١ـ ئەندامانی شۆرای نیگابان.
٢ـ سەرۆكەكانی سێ دەسەڵاتە باڵاكە.
٣ـ ئەندامانی جێگیری كۆمەڵەی دیاری كردنی بەرژەوەندییەكانی رێژیم.
٤ـ پێنج كەس لە ئەندامانی كۆمەڵەی بژاردەكانی رێبەری (مجلس خبرگان رهبری).
٥ـ دە كەس كە رێبەر هەڵیان دەبژێرێت.
٦ـ سێ كەس لە هەیئەتی وەزیران.
٧ـ سێ كەس لە دەسەڵاتی دادوەری.
٨ـ دە كەس لە نوێنەرانی ئەنجومەنی شۆڕای ئیسلامی.
٩ـ سێ كەس لە خوێندكارانی زانكۆ.
شێوەی كار و چۆنیەتی هەڵبژاردن و بارودۆخەكەی یاسا دیاری دەكات. پەسەندكراوەكانی شۆڕا لە دوای پشت راست كردنەوە و واژۆ كردنی رێبەر دەبێ لە رێگای پەنا بردن بۆ دەنگی گشتی لە لایەن زۆرینەی ڕەهای بەشداربوانەوە لە راپرسی گشتیدا پەسەند بكرێت.)


نوسینی سید جلال الدین حسینی
و. چیا عەبدوڵڵاپوور

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر