شه‌ونم هه‌مزه‌یی
توندوتیژی دژی ژنان بابه‌تێکه که هه‌ر ساڵه
له به‌ره‌به‌ری 25 نوڤه‌مبر ( رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ توندوتیژی
به‌رانبه‌ر به ژنان) ده‌بێته رۆژه‌ڤی میدیاکان و هه‌ر که‌س به جۆریک باس له‌و
توندوتیژییانه ده‌کا که له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه، کۆمه‌ڵگه و قانوون به‌رانبه‌ر به ژنان
ده‌کرێت . له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردو ودا که تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییەکان تا راده‌یه‌ک
گشتگیر بوون، ده‌بینین که لاپه‌ڕه‌کانی فه‌یسبووک و تویتر و .... له به‌ره‌به‌ری
25 نوڤه‌مبر پڕ ده‌بن له وێنه‌ی ئەو ژنانه‌ی که به‌هۆی توندوتیژییه‌وه جه‌سته‌یان
بریندار بووه و کۆمه‌ڵێک دروشمی بریقه‌داریش ده‌خنه پاڵی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و
توندوتیژییانه نه‌مێنێ، هه‌رچه‌ند بابه‌تی توندوتیژی دژی ژنان بابه‌تێکی نوێ نییه
و له‌مێژه چالاکانی بواری مافی ژنان له دونیا کار ده‌که‌ن، بۆ بنبڕ کردنی به‌ڵام
له راستیدا له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به گشتی و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان به تایبه‌تی،
که‌متر له دوو ده‌یه‌یه که بووه‌ته رۆژه‌ڤ، ئه‌ویش زۆرتر به هۆی ئه‌و کرانه‌وه
سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تییه بوو که له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ریفۆرمخوازی خاته‌می هاته
ئاراوه. له‌و کاته‌وه تا ئیستا ژنان توانیویانه به‌شیکی زۆر له ره‌هەنده
دیاره‌کانی توندوتیژی دژی ژنان بهینە بەرباس و ده‌نگی یه‌کسانیخوازی خۆیان
به‌رز بکه‌نه‌وه.
ژنان له ماوه‌ی دوو ده‌یه به هه‌وڵ و
تێکوشانی خۆێان توانیان دیارده‌ی توندوتیژی دژی ژنان بیناسێنن و بیکه‌ن به بابه‌تێکی
کۆمه‌ڵایه‌تی، له یه‌کەم هه‌نگاوی ئه‌م سه‌لماندن و ناساندنه ته‌نیا ره‌هەنده
دیاره‌کانی توندوتیژی دژی ژنانی گرتوته‌وه و باسی لێ کراوه، ئه‌م هه‌وڵانه زۆرتر
جه‌خت له‌سەر رخنه‌گرتن له یاسا‌و رێسایه‌ک ده‌کا که بووه‌ته هۆی په‌ڕه‌گرتنی
توندوتیژی دژی ژنان له بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگه که بریتین له: نه‌بوونی مافی ته‌ڵاق
بۆ ژن، نه‌بوونی مافی سه‌رپه‌رشتی له منداڵان، نه‌بوونی مافی سه‌فه‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌ی
وڵات به بێ ئیزنی مێرد، نه‌بوونی ده‌رفه‌تی کارکردن بۆ ژنان به بێ ئیزنی هاوسه‌ر،
قبوڵ کردنی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای خواسته جنسییه‌کانی مێرد، به‌زۆر به مێرد دان، خه‌ته‌نه
کردنی کچان، خۆسوتاندن، قه‌تڵی نامووسی، سزای سه‌نگسار، به‌ربه‌سته وه‌رزشی، فه‌رهه‌نگی
وکۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وهتد ...
ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ئاماژه‌ی پێ کرا ره‌هه‌ندگه‌لی
دیاری توندوتیژی دژی ژنانه که چالاکانی بواری ژنان هه‌وڵیان داوه به کۆمه‌ڵگه‌ی
بناسێنن. له سه‌رده‌می ئێستادا هیچ گومانیک له‌وه‌دا نیه که پیکهێنانی رێفۆرم
له پێکهاته‌ی سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر وڵاتێک کاتێک ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ
که له رێفۆرم له بنه‌ماڵه‌وه ده‌ست پێ بکا، ته‌نیا کاتێک ده‌توانین هیوامان به
داهاتوویه‌کی گه‌ش بۆ کۆمه‌ڵگه بێ که پێوه‌ندی ژن و مێرد له‌بنه‌ماڵه‌دا به پێی
پێوه‌ری مافی به‌رابه‌ر و وه‌ک یه‌ک بێ. ره‌هەنده دیاره‌کانی توندوتیژی دژی ژنان
له سه‌رده‌می ئێستادا تا راده‌یه‌کی به‌رچاو بۆ کۆمه‌ڵگه ناسراون و ره‌نگه له
هێندیک بواریشدا کاری بۆ کرابێ بۆ سڕینه‌وه یان که‌م ره‌نگ کردنه‌وه‌یان، به‌ڵام
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه ئاگادارنه‌بوونی زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه به تایبه‌ت ژنان خۆیان،
له لایه‌نه نادیاره‌کانی توندوتیژی دژی ژنانه. توندوتیژییه‌ک که که‌متر به
چاو دێن به‌ڵام ئاسه‌واره‌کانی ته‌واوی کومه‌ڵگه ده‌خاته ژێر باندۆری خۆیه‌وه،
بۆ ناسینی ئه‌م چه‌شنه توندوتیژییانه ده‌بێ ده‌ردی دڵی ژنانی کۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی
ببیسی تا به‌ره‌به‌ره لایه‌نه شاراوه‌کانی بۆت ده‌ر بکه‌وێ.
یه‌کێک له چالاکانی مافه‌کانی ژنان له
ئێران، توندوتیژی نادیار دژی ژنان به« زه‌وییه‌کی سه‌خت دهشوپهێن که ده‌بێ لایه‌کانی
سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵ قهنێ تا لایه‌کانی ژێره‌وه‌ی بۆت ده‌رکه‌وێ» بینینی لایه‌کانی
خواره‌وه ته‌نیا به لابردنی لایه‌کانی سه‌ره‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێ ئه‌ولایه‌نانه
له منداڵیه‌وه له ناخی ژن دا دروست ده‌بێ وهه‌تا کۆتایی ژیانی له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت».
له‌راستیدا توندوتیژی دژی ژنان بووه‌ته نه‌خۆشییه‌کی
کۆمه‌ڵایه‌تی- فه‌رهه‌نگی که ئه‌گه‌ر ده‌ست بده‌ینه پاتۆلوژی ئه‌و نه‌خوشییه‌وه
ده‌بینین که به‌رۆکی ته‌واوی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی گرتۆته‌وه، ئه‌م نه‌خۆشییه بێ
ئه‌وه‌ی خۆمان بزانین بووه‌ته به‌شیک له ژیانمان، له‌گه‌ڵی راهاتووین و گۆشه
گۆشه‌ی بیروهۆشمانی گرتووته به‌ر و فه‌رمانمان پێ ده‌کا.
ره‌نگه ئێستا کاتی ئه‌وه هاتبێت که ژنانی
وشیار و بە ئاگا بێنه ده‌نگ و، باس له لایه‌نه نادیارەکانی بکه‌ن که به هۆی
توندوتیژی دژی ئه‌وان ژیانیانی خستۆته مه‌ترسییه‌وه، له رابردوودا زۆرتر خه‌ڵک
پێیان وابوو که توندوتیژی دژی ژنان زۆرتر له‌لایه‌ن پیاوانی نه‌خوێنده‌وار و که‌م
داهات به‌رانبه‌ر به ژنان رووده‌دا و توندوتیژی دژی ژنانی چینی ناوه‌نجی و سه‌ره‌وه‌ی
کۆمه‌ڵگه ئه‌وه‌نده له به‌ر چاو نه‌ده‌گیرا، ئه‌وه‌نده‌ی که بایەخ به
توندوتیژی فیزیکی به‌رانبه‌ر به ژنان دراوه به توندوتیژی نادیار و ده‌رونی به‌رانبه‌ر
به ژنان بایەخ نه‌دراوه. زۆربه‌ی خه‌ڵک توندوتیژی ئابووری به‌رانبه‌ر به ژنان
تایبه‌ت به بنه‌ماڵه ده‌ست کورت وفهقیر ده‌زانن به‌ڵام له راستیدا له بنه‌ماڵه
ده‌وڵه‌مه‌ندیش ئابووری ژن به پیاو به‌سراوه‌ته‌وه و پیاو له چه‌کی ئابووری بۆ
سه‌رکووتی ژن که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و ژن تا کاتێ که فه‌رمانبه‌ری بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای
خواسته‌کانی پیاو بێت ده‌توانێت چێژ له خوشی (رواڵەتی) ژیان وه‌ربگرێ.
زۆربه‌ی ئێمه پێمان وایه که توندوتیژی
جنسی به‌رانبه‌ر به ژنان تایبه‌ت به پیاوانی ده‌ستکورت، نه‌خوێنده‌وار نائاگای
کۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام له راستیدا زورن ئه‌و پیاوانه‌ی که له باری
ئابوورییه‌وه ده‌ست رۆیشتوون، خۆیان به خوێندەوار و ره‌نگه رووناکبیریش ده‌زانن
به‌ڵام به خراپترین شێوه به‌ره‌وڕوی ژنه‌کانیان ده‌بنه‌وه و ده‌ست ده‌ده‌نه
ئازاری رۆحی و جنسی ژنه‌کانیان و له‌م به‌ینه‌شدا ژنه‌کانیان له ژێر ناوی دیارده‌ی»
پاراستنی ئابڕوو» ده‌نگ ههڵناهێنن و وه‌کوو مۆم له ناخی خویان دا ده‌توێنه‌وه.
توندوتیژی له یه‌که‌م قوناغدا له زه‌ینی
مرۆڤه‌کان دروست ده‌بێ و له گوتار و هه‌ڵسوکه‌وتی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه جێ ده‌گرێ
. بۆ ناسینی ره‌هەنده جۆراوجۆره‌کانی توندوتیژی ده‌بێ لێکۆلێنه‌وه له کلتور و
مێژووی کۆمه‌ڵگه بکرێ هه‌رچه‌ند توندوتیژی ره‌گه‌ز ناناسێت و ده‌توانێ ته‌واوی
تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه بگرێته‌وه به‌ڵام له راستیدا ژنان و منداڵان دو چینی کۆمه‌ڵگه‌ن
که زۆرتر ده‌که‌ونه‌وه به‌ر توندوتیژی، ره‌نگه بتوانین توندوتیژی به‌رانبه‌ر به
منداڵان له خانه‌ی جیاوازی و توانایی جه‌سته‌ی و فیکری لێک بده‌ینه‌وه، به‌ڵام
نواندنی توندوتیژی به‌رانبه‌ر به ژنان ده‌چێته خانه‌ی مرۆیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه
که سه‌رچاویه‌کی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، میژووی ره‌گه‌زی نێرا له‌ناخی
خوی‌دا په‌ڕه‌ی به توندوتیژی دژی ژنانی داوه و ژنی کردوته کۆیله‌ی ده‌ستی پیاو و
له‌م نێوانه‌دا لێدان بووته‌وه ئامرازیک بۆ گوێڕایەڵی و ته‌ربیه‌تی ژن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ
په‌ره‌گرتنی کلتوروشارستانییهت به‌ره به‌ره توندوتیژی رووت و دیار که‌م ره‌نگ
ده‌بێته‌وه و جێی خوی ده‌دا به توندوتیژی نادیار‌و شاراوه، په‌سند کردنی یاسا‌و
رێسا بۆ کۆنترۆلی توندوتیژی فیزیکی بۆته هۆی پەڕهگرتنی توندوتیژی زمانی و ره‌وانی
دژی ژنان، توندوتیژییه‌ک که کرامه‌تی ئینسانی ژن ده‌خاته ژێر پێ و هه‌زاران
جار کاریگه‌ری خراپتری هه‌یه له سه‌ر ده‌روونی ژنان، هه‌روه‌ک پێشینیان وتویانه
برینی خه‌نجه‌ر چاک ده‌بێته‌وه به‌ڵام برینی زمان نا. ئه‌م چه‌شنه توندوتیژییه
له واقێعدا نه‌خۆشییه‌که که نیشانه‌کانی نادیاره ، که‌وا بوو درنگتر ده‌ناسرێ
و چارهسهرپێکهێنانی ژیانی هاوبش کردنه‌که‌ی کاتیکی زۆرتری ده‌وێ و به‌شیکی زۆرتر
له ژنان ده‌گرێته‌وه.
ئاکامی لیکۆلێنه‌وه له نێو ژنانی ئێران
نیشانێ داوه که به‌شیکی زۆر له ژنان پاش به‌ره‌وڕوی توندوتیژی له چه‌شنی قسه‌ی
ناخۆش ، ده‌مه‌قاڵه، رێگری له درێژه‌دان به خوێندن و کار کردن، ئازاری جنسی (
به شێوه‌ی چاولێکردنی زۆری به وێنه و فیلم سیکسی و سیکس کردن به شێوازگه‌لی نه‌گونجاو{غیر
متعارف})، رێگری کردن له گه‌شه‌کردنی فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تی (به‌شێوه‌ی کۆنترۆلی
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سوکار و نه‌هێشتنی به‌شداری کردن له کار و چالاکی مه‌دنی و
کۆمه‌ڵایه‌تی) و... بوونه‌وه و ئه‌و توندوتیژییه زه‌برێکی سه‌ختی له ژیان و به‌خته‌وه‌ری
ئه‌وان داوه و ته‌نانه‌ت له په‌روه‌رده‌کردنی منداڵهکانیانیشدا ره‌نگدانه‌وه‌ی
هه‌بووه.
ئه‌وی که جێ داخه ئه‌وه‌یه که پیاوانی
خوێنده‌وار و به ناو رووناک‌بیر زۆرتر روو دەکەنە توندوتیژی نادیار دژی ژنان،
چونکه پرستیژی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان رێگه نادا ئه‌و توندوتیژییه‌ی له ناخیاندا
هه‌یه به شێوه‌ی فیزیکی ده‌ری ببڕن، له‌م نێوانه‌شدا ژنانی ئاگا‌و خوێنده‌وار
زیاتر له ژنانی دیکه له‌م چه‌شنه توندوتیژییه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و خه‌می
پێوه ده‌خون، چونکه ئه‌وان وردتر له ژنانی دیکه چاو له هه‌ڵسوکه‌وت و زمانی
پیاوان ده‌که‌ن. ره‌نگه هۆی ئه‌وه بێ که دایکانی ئێمه له‌گه‌ڵ کلتوری پیاو
سالار و توندوتیژییه‌ک که له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه به‌رانبه‌ریان ده‌کرێ راهاتبن.
به هیوای ئه‌وه‌ی که رۆژێک بێ که کلتوری
توندوتیژی له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش نه‌مێنێ و ئه‌م نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تییه به
تەواوی بنبڕ بکرێ.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر