۱۳۹۰ اسفند ۳, چهارشنبه

رۆژی‌ زمانی‌ زگماكی‌ و ئه‌ركی‌ لاوان

چیا
21 فێوریه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 2ی‌ ره‌شه‌مه‌ یازده‌هه‌مین ساڵرۆژی‌ زمانی‌ زكماكی‌ بوو، به‌ پێشنیاری‌ به‌نگلادیش یازده‌ ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر یونێسكۆ رۆژی‌ 21ی‌ فێوریه‌ی‌ به‌ رۆژی‌ زمانی‌ زكماكی‌ ناساند و ئه‌و ناو لێنان ‌و ناساندنه‌ له‌ رووداوێك دا كه‌ له‌ 21ی‌ فێوریه‌ی‌ ساڵی‌ 1952 رووی‌ داوه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ له‌وه‌ها رۆژێك دا پێنج خوێندكاری‌ به‌نگلادیشی‌ له‌ خه‌بات له‌ پێناوی‌ به‌ فه‌رمی‌ ناساندنی‌ زمانی‌ زكماكی‌ واته‌ زمانی‌ به‌نگالی‌ له‌ وڵاتی‌ "پاكستانی‌ رۆژهه‌ڵات"ی‌ ئه‌و كات‌و بێنگلادشی‌ ئێستا گیانیان له‌ده‌ست دا.



ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌ی‌ بایه‌خ دان به‌ زمانی‌ زكماكی‌ یه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ زۆری‌ وڵاتانی‌ جیهان تێی‌ دا ئه‌ندامن. زۆربه‌ی‌ زۆری‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌م رێكخراوه‌شدا كه‌ دانیشتوانه‌كانیان به‌ زمانی‌ جۆراوجۆر ده‌دوێن هه‌موو ئه‌و زمانانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندی‌ ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ به‌ فه‌رمی‌ ناسراون و گرینگیان به‌ زمانی‌ زكماكی‌ داوه‌. ئێستاش له‌ وڵاتی‌ ئێران كه‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی‌ جۆراوجۆری‌ به‌ زمانی‌ جیاوازه‌وه‌ تێدا ده‌ژی‌ ته‌نیا زمانی‌ فارسی‌ به‌ زمانی‌ فه‌رمی‌ ئه‌م وڵاته‌ ناسراوه‌ و زمانه‌كانی‌ دیكه‌ به‌ فه‌رمی‌ نه‌ناسراون و پشت گوێ‌ خراون. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دا كه‌ كورد بۆ به‌ده‌ست هێنانی‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ له‌ ئێراندا هه‌میشه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشاندا بووه‌ هه‌زاران كه‌سی‌ له‌م پێناوه‌دا گیانیان به‌خت كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ لانی‌ كه‌می‌ ئه‌و مافانه‌ بگات. لاوانی‌ كورد له‌ خوێندنگه‌ و زانكۆكاندا ده‌بێ‌ به‌ زمانی‌ فارسی‌ بخوێنن و ئه‌وه‌ له‌ كاتێك دایه‌ كه‌ خوێندن به‌ زمانی‌ زكماكی‌ مافێكی‌ سه‌ره‌تایی هه‌ر مرۆڤێكه‌ به‌ڵام له‌ وڵاتی‌ ئێران كه‌ رێژیمێكی‌ دژ به‌ مافه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانی‌ مرۆڤ له‌سه‌ركاره‌ كه‌ ئه‌و مافه‌و زۆربه‌ی‌ زۆری‌ مافه‌كانی‌ كوردی‌ پێشێل كردووه‌ له‌ كاتێك دا كه‌ لێكۆلینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه‌ كه‌ خوێندن به‌ زمانی‌ زكماكی‌ راده‌ی‌ زووتر تێگه‌یشتن و فێر بوون ئاسانتر ده‌كات، هه‌رچه‌ند فێر بوونی‌ زمانه‌كانی‌ دیكه‌ش پێویسته‌، به‌ڵام مرۆڤ سه‌ره‌تا ده‌بێ‌ زمانی‌ زگماكی‌ خۆی‌ فێر بێ‌ و پێی‌ بخوێنی‌ دواتر فێری‌ زمانه‌كانی‌ تر بێ‌.


به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی‌ ئه‌و راستی یه‌ی‌ كه‌ هه‌نووكه‌ حیزبه‌ كوردیه‌كان پرسێكی‌ جیددی‌ نین بۆ رژیمی‌ زاڵ‌ به‌سه‌ر ئێراندا و به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ كه‌ ناكرێ‌ ئێمه‌ی‌ لاو چاوه‌ڕێ‌ بكه‌ین تاكوو حیزبه‌ كوردیه‌كان ده‌بنه‌ پرسێكی‌ جیددی‌ بۆ رژیم چونكه‌ ئه‌وه‌ شتیكه‌ كه‌ روون و دیار نیه‌، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ركی‌ ئێمه‌ی‌ لاو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێ‌ هه‌ر چاو له‌ ده‌ستی‌ حیزبه‌ كوردیه‌كان بین تاكوو ئه‌و مافانه‌مان بۆ بێننه‌ دی‌ و ده‌بێ‌ لاوان هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بچنه‌ پێش ‌و داوای‌ مافه‌كانیان بكه‌ن به‌ شێوه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ وێنه‌ به‌ نیسبه‌ت پرسی‌ به‌ فه‌رمی‌ ناسینی‌ زمانی‌ كوردی‌ یان خوێندن و نوسین به‌ زمانی‌ كوردی‌ ده‌بێ‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ بێ‌ جیاوازی‌ وشیار بكه‌نه‌وه‌ و له‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی‌ (بۆ وێنه‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ سه‌وز و....)كه‌ دێنه‌ پێش به‌ باشترین شێوه‌ كه‌ڵك وه‌رگرین و چاو نه‌ترسانه‌ داوای‌ به‌ فه‌رمی‌ ناسینی‌ زمانی‌ كوردی‌ بكه‌ین.


لاوان ده‌بێ‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ پته‌و توكمه‌ رێوره‌سمی‌ تایبه‌تی‌ له‌ رۆژی‌ جیهانی‌ زمانی‌ دایك له‌ هه‌موو شاره‌كانی‌ كوردستان پێك بێنن و گشتگیری‌ بكه‌ن نه‌ك ته‌نیا له‌ چه‌ند شاری‌ كوردستان دا كورتی‌ بكه‌نه‌وه‌، له‌ رێگای‌ نوسین و بڵاو كراوه‌وه‌ خه‌ڵك له‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ وه‌كوو هه‌موو مافه‌ پێشێل كراوه‌كانی‌ دیكه‌ وشیار بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ناوشیاری‌ خه‌ڵك له‌ مافه‌كانیان هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ بێده‌نگ بوونیانه‌ له‌ ئاست به‌رده‌وام بوونی‌ پێشێل كرانی‌ مافه‌كانیان، بۆیه‌ ده‌بێ‌ گرنگی‌ یه‌كی‌ به‌رچاو به‌ وشیار كردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك بدرێ‌ بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ به‌ رێگایه‌كی‌ مه‌ده‌نیانه‌ بچنه‌ پێش و گرتن و سزادان چۆكیان پێدانه‌داو له‌م رێگایه‌دا به‌رده‌وام بن و متمانه‌یان به‌ ئیراده‌ی‌ خۆیان هه‌بێ‌ و ده‌بێ‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ هێز و ئیراده‌ی‌ خۆیان هه‌ورازو نشێوه‌كان ببڕن تاكوو چی‌ دیكه‌ زمانمان له‌ ئێراندا كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ زمانه‌كانی‌ دیكه‌ به‌هێزتر نه‌بێ‌ كه‌متر نیه‌ پشت گوێ‌ نه‌خرێ‌.


به‌و هیوایه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان زمانی‌ كوردی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان دا به‌ فرمی‌ بناسرێ‌

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر